ۆمیتەی نۆروێژی سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران، بەشداری لە کۆریادی شەهیدانی 17 خەرمانان کرد کە لەلایەن ناوەندی هاوکاری هێزەکانی کوردستانی ئێران لە نۆروێژەوە
ۆمیتەی نۆروێژی سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران، بەشداری لە کۆریادی شەهیدانی 17 خەرمانان کرد کە لەلایەن ناوەندی هاوکاری هێزەکانی کوردستانی ئێران لە نۆروێژەوە رێکخرابوو.
بەرێز کاک بابەشێخ بەبۆنەی شەهید کرانی ژمارەیەک لە ئەندامانی رێبەری و کادر و پێشمەرگەی هەر دوو لایەنی حیزبی دیموکرات و ئێعدامی سێ لاوی بەندکراوی کورد کە لەلایەن رژیمی ئێرانەوە ئیعدام کرابوون ووتارێکی پێشکەش کرد و ئیشارەی بە چەند بابەت و پرسێکی ناوخۆیی بزوتنەوەی کوردستان کرد کە بزوتنەوەکە زیانی لێ بینیوەو دژمنانی کوردیش کەڵکیان لەو هەڵانەی خۆمان دژ بە نەتەوەکەمان و بزوتنەوەکەی وەرگرتووە.
کاک بابەشێخ لە وتارەکەیدا فەرمووی: ئێمە تەنیا داری دژمن ناخۆین بەڵکوو داری بێ تەدبیری و بێ تەگبیری خۆمان دەخۆین. ئەمە کارەساتێکە کە خۆمان رێچکەمان بۆ دارشتووەو خۆمان ئیجازەمان داوە دژمن بمانکاتە قیمە و قوربانی پیلانەکانی خۆی. ئەگەر لە دەیەی 60 تەبایی و برایەتیمان بکردایەتە بەردی بناغەی کارەکانمان بێ گومان ئێستا ئەو هەموو کوردە، جێگەی لێرە نەدەبوو، دەزانم بەشێکی زۆری ئێوە ئاوارەی دەستی دووبەرەکین نەک ئاوارەی دەستی دژمن. دووبەرەکی و یەکتر قەبووڵ نەکردن ئێمەی گەیاندە ئێرە.
بەرێز سکرتێری گشتی سازمان لە درێژەی وتارەکەی دا ئیشارەی بە دەرس وەرگرتن لە قوربانی دانی رۆژی 17ی خەرمانان کرد و وتی: با کارەساتی جەرگبری 17ی خەرمانان ببێتە دەرسێک و کۆتایی پێ بێ ئەم هەموو دووبەرەکی و دەردەداریە و ئەم هەمووە ناتەواویە لە جوڵانەی کورد لە کوردستانی ئێران.
ئەو رژیمە بە ئێمەی وت فەرقتان پێ ناکەم، چ لە نێوان ئەو کەسەی لەناوخۆی ئێرانیشدایە دەیکوژم و چ ئەو کەسەی لەدەرەویە.رژیم تازەیی هەرەشەی کردووە کە هەر کەسێک لە ناوخۆی ئێران دەستی هەبووە لە ئێعترازات سەرکوتی دەکەین. کەوایە رژیم فەرق بە ئێمە ناکا. فەرق بەوە ناکا کە کێمان سەر بە چ لایەنێکی سیاسین و ئەسڵەن کێمان چالاکی سیاسی ناکەین موهیم ئەوەیە کوردبین دەمانکوژێ.
بەرێز کاک بابەشێخ لە پێوەند بە ناکۆکی و دووبەرەکی نێوان لایەنەکان و بەرپرسایەتی ئەو جۆرە هەڵسوکەوتانە وتی: من پێم وایە لەو دووبەرەکیانەی دروست دەبن تەنیا رێبەران و بەرپرسانی ئەحزاب بەرپرس نین، من پێم وایە بەشێک لە بەدەنەی ئەحزابیش هۆکارن بۆ ئەوەی کە ئێمە نەتوانین بەراستی رەوتی یەکیەتی و تەبایی بگرینەبەر. با دەست هەڵگرین و هەوڵبدەین هاوپەیوەندیەکی ئەوندە تۆکمە دروست بکەین کە لە داهاتوودا خەڵکەکەمان لە نیشتماندا بە ئاسوودەیی بژی.
بەرێز سکرتێری گشتی سازمانی خەبات بە ئیشارە بە مانگرتنە کەموێنەکەی 21ی خەرمانان وتی: خەڵکی کوردستانی ئێران بە ئێمەی سەلماند کە لە پشتمانن، خەڵکی کوردستان سەلماندی کە پشتگیری شۆرشی ئازادیخوازیە. لە 21ی خەرماناندا سەلماندیان کە شکۆی نەتەوەیی چەندە بەرزە، کە هەستی نەتەوەیی لەو نیشتمانە داگیرکراوەدا چەندە بەرزە. ئێستا کە ناوەندی هاوکاری حیزبەکانی کوردستانی ئێران هەیە دەتوانین بە شێوەیەکی دروستر ئەو بەرنامەیە وەگوازین و هاوکاریەکی تۆکمەمان هەبێ لەگەڵ هێزە سیاسیە شۆرشگێڕەکانی سەرانسەریی ئێران،تا هەموومان بتوانین بە خەباتی نەتەوەیی لە کوردستانی ئێران و هەروەها خەبات بۆ روخاندنی ئەو دەسەڵاتە، ئەو دەسەڵاتەی کە بێجگە لە روخان هیچ رێگایەکی تری نیە.
لەو کۆریادەدا ژمارەیەکی بەرچاو لە کەسایەتی سیاسی و نوێنەری هێز و لایەنە سیاسیەکانی هەر چوارپارچەی کوردستان بەتایبەت کوردستانی ئێران بەشدار بوون و بە چەندین پەیام و پەخشان و شێعر و گۆرانی یادی شەهیدانی 17ی خەرمانان و تێکڕای شەهیدانی رێگەی رژگاری کوردیان لە کوردستانی ئێران بەرز راگرت.