حەفتاو سێهەمین کۆبوونەوەی ساڵانەی کۆڕی گشتی رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان رۆژی سێ شەممە 3ی رەزبەر، بە وتاری ئانتۆنیۆ گوتێرزی سکرتێری گشتی ئەو رێکخراوە دەستی
حەفتاو سێهەمین کۆبوونەوەی ساڵانەی کۆڕی گشتی رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان رۆژی سێ شەممە 3ی رەزبەر، بە وتاری ئانتۆنیۆ گوتێرزی سکرتێری گشتی ئەو رێکخراوە دەستی بە کارەکانی خۆی کرد. کۆبوونەوەی ساڵانەی کۆڕی گشتی رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان ئەم ساڵ لە کاتێکدا دەستی بە کارەکانی کرد کە هەر وەک ئانتۆنیۆ گوتێرز وتی ئەو رێکخراوە بە دەست چەندین قەیرانی وەک شەری یەمەن و سوریەوە دەناڵێ، پێشبڕکێی ناوکەیی لە جیهاندا دەستی پێ کردووەو ئەنجومەنی ئاسایش بەسەر دوو بەرەدا دابەش بووە.
دۆناڵد ترامپ سەرۆک کۆماری ئەمریکا لە وتاری ئەو ساڵی خۆیدا پێداگری لەسەر سیاسەتی حکومەتەکەی لە حاست رژیمی ئێران کردەوە، بەتایبەت لە کشانەوەی ئەمریکا لە رێکەوتنی ناوکەیی و کاراکردنەوەی گەمارۆکانی سەر رژیمی ئێران و بەڵێنی دا کە درێژە بەو سیاسەتە بدات هەتا ئەوەی کە رژیمی ئێران دەچێتە سەر مێزی وتووێژ بۆ رێکەوتنێکی گشتگیر لەسەر کۆی پرسەکانی پێوەندیدار بەو رژیم لە جیهان و ناوچەکە. ناوبراو هەروەها لە قسەکانیدا بەشێوەیەکی زۆر توند هێرشی کردە سەر دەسەڵاتدارانی ئێران و بە گەندەڵ و دز کە داهاتی خەڵکی ئێران بۆ خۆیان دەبەن و خەرجی تاقم و دەستە تیرۆریستیەکانی دەکەن و رژیمی ئێرانی بە گەورەترین پشتیوانی تیرۆریزم لە جیهان پێناسە کرد.
هەر ئەو رۆژە ئاخوند رۆحانی سەرۆک کۆماری رژیمی ئێران نەک هەر خۆی لە وەڵامدانەوەی دۆناڵد ترامپ بوارد وەڵامی هێرشەکانی نەدایەوە بەڵکوو کەوتە پارانەوە بۆ ئەوەی ئەمریکا بگەرێتەوە بۆ بریارنامەی 2231ی ئەنجومەنی ئاسایش و رێکەوتنی ناوکەیی. ناوبراو بۆ راکێشانی سەرنجی نوێنەری ئەو چەند وەڵاتەی لە کاتی وتارەکەیدا لە هۆڵەکەدا مابوونەوە رژیمەکەی بە لاگری ئاشتی و وتووێژ و نیشانەی خێر بۆ خۆرهەڵاتی ناوەراست لە قەڵەم دا! و هەوڵە جیهانیەکان بۆ سنووردار کردنی رژیمی ئێران لە ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەراست و وەدەرنانی هێزە نیابەتیەکانی و کۆتایی هێنان بە شەرئەنگێزی و دەستێوەردانی رژیمەکەی لە وەڵاتان بە بیانووی ئەمریکا و ئیسراییل بۆ روخانی دەسەڵاتەکەی ناوبرد.
رۆحانی هەروەها رێکەوتنی ناوکەیی بە هۆی پاراستنی ئاشتی لە قەڵەم دا و دەرچوونی ئەمریکا لەو رێکەوتنەی بە بیانوویەک بۆ نانەوەی شەڕ لە دژی رژیمەکەی هێنایەگۆڕێ. هاوکات سەرۆک کۆماری رژیم پێداگری لەسەر سیاسەتەکانی لە یەمەن و فەلستین و سوریە کردەوە.
ئەگەرچی دڵی بەوە خۆشە کە هەندێ لە وەڵاتانی رۆژئاوایی و روسیە و چین لەسەر رێکەوتنی ناوکەیی لەگەڵ ئەمریکا لەبەر قازانجی تایبەتی ناکۆکن، بەڵام سەرۆکی ئەو وەڵاتانە نایشارنەوە کە لەگەڵ سیاسەتی پەرەپێدانی بەرنامەی مووشەکی رژیم و دەستێوەردانەکانی ئەو حکومەتە لە کاروباری وەڵاتان و پشتیوانی تیرۆریزم لە ناوچەکە و جیهان نین و لەگەڵ ئەو بۆچوونەن کە دەبێ لە ناوچەکە دەرکرێ و چالاکیەکانی سنووردار بکرێ.
سەرۆک کۆماری رژیم هەوڵێکی زۆری دا بۆ شاردنەوە و رەدکردنەوەی کردەوە خراپەکانی رژیمەکەی لە ناوچەکە، بەڵام رۆحانی بەهێنانە گۆڕێی کێشەکانی یەمەن، سوریە و فەلستین و پێداگری لەسەر درێژەدان بەو قەیرانانە، نەیتوانی ئەو راستیە بشارێتەوە کە ئەوەی لە خۆرهەڵاتی ناوەراست لە ئارادایە بە پووڵی خەڵکی ئێران و بە هەوڵ و هێزی ئاخوندان و تاقم و گروپە نیابەتیەکانیان بەرێوەدەچێ.
کۆتا قسە ئەوەیە کە بەرپرسانی بێزراوی رژیمی ئێران ناتوانن بە هەندێ قسەی سەرنج راکێش کردەوەی شەرخوازانەیان لە ناوچەکە بشارنەوە و رای گشتی جیهانی باش لە نەهج و بەرنامە شەر ئەنگێزیەکانی ئەو دەسەڵاتە حاڵیە و بەو جۆرە ژێستانە رژیم لای کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی و رای گشتی جیهانی لە تاوانەکانی رابردوو و ئێستای کە لە ئاست خەڵکی ئێران و ناوچەکە بەرێوەی دەبات بەریی نابێ.
بەڵێ رژیمی دواکەوتووی ئاخوندی ئێران هیچ کات سەری سازانی لەگەڵ ئاشتی دا نیە و ئەو دەسەڵاتە ماکەو سەرچاوەی شەر و ماڵوێرانیە، وە هەتا رژیمی ئاخوندان مابێ واز لە خوو خەدەی شەرخوازانەی ناهێنێ و تاکە چارەسەر پشتیوانی کردنە لە خەڵکی بێزار لە شەڕ، ئاخوند و ماڵوێرانی ئێرانە، بۆ ئەوەی بەشێوەی یەکگرتووانە بێنە مەیدان و کۆتایی بەو سیستەمە دواکەوتووە بێنن و ئاشتی و ئارامی باڵ بەسەر ئێران و ناوچەکەدا بکێشێ.