10ی خاکەلێوە لەمێژووی گەلی کورد هێماێکی نەتەوەییە کە هەڵگری پەیامی خۆراگری و مل کچ نەبوون بۆ دژمنی دڵ پڕ لە قین و ئازایەتی و نەبەردی و کۆڵ نەدانە تا دوا هەناسە. ئەو رۆژەی کە پێشەوا قازی محەممەد سەرۆک کۆماری کۆماری کوردستان و حەمە حسین خانی سەیفی قازی و ئەبولقاسمی سەیفی قازی لەدوای مەحکوم بوونیان بە ئێعدام لە دوو دادگای فەرمایشیدا ،بە دەستی دژمنانی کورد لە چوارچرای مەهاباد لە سێدارە دران. دوژمن بە ئێعدامی سەرۆک کۆماری کورد قازی محەممەد،بە خەیاڵی خاوی، کۆتایی بە هەوڵی گەلی کورد بۆ وەدەست هێنانی مافەکانی دەهێنێ، بەڵام لە حەقیقەت دا ئیعدامی ئەو ئازیزانە نەک تەنیا گەلەکەمانی لە هەوڵدان بۆ گەیشتن بە مافە رەوا نەتەوەییەکانی چاوترسین و سارد نەکردەوە، بەڵکو ئەو رووداوە لە قوڵایی زامی لە کیس چوونی پێشەوا و هاورێیانی پەیامێکی گرینگی گەیاندە خەڵکی کوردستان کە سەروەران لە بەرانبەر ستەم و شکەنجە و ئیعدامدا سەریان نەوی نەکرد و هەم ناو و یاد و پەیامی ئەو تێکۆشەرانەی بۆ هەتا هەتاییە بە زیندوویی هێشتەوە و هەروەها وانەی خۆراگرتن و مکۆربوون و نەسرەوتن تا سەرکەوتنی بە گوێی نەتەوەکەماندا دا.
پەیامی قازی پەیامیکی حەق بوو، و حەق بوونی ئەو پەیامە زامنی هەرمانیەتی و هەروەک دەبیندرێ لە پاش چەندها ساڵ بەسەر ئەو رووداوە نەک تەنیا گەلی کورد لە خەبات و تێکۆشان بۆ وەدیهینانی خەونی ئازادی و دیموکراسی نەوێستا بەڵکو رۆژ لەدوای رۆژ لەو پێناوەدا وبۆ پێش خستنی تێکۆشانی نەتەوەیی رێگەی زیاتر و دۆستی زیاتر و هیزی زیاتر لە دەوری خۆی کۆدەکاتەوە.
قازی محەممەد و گووتارەکەی هەرگیز لە چوارچێوەێکی تەسک و بچووکی حیزبایەتی قەتیس نامێنیتەوە و هەر هەولێکییش بۆ ئەوەی تێکۆشان و خەبات و خوێنی قازی نەمر لە چوارچێوەی حیزبێکدا بناسێنێ، بێگومان شکست دێنێ. پەیام و گووتاری قازی بە رێژەیێک گشتگیر و کوردانە بوو کە ئەمرۆ هەموو تاکێکی کورد بە جۆرها بیر و ئەندێشەوە خۆی لەو گووتارەدا دەبینێتەوە و لە کۆمار و بەرێوەبەرانی کۆمار و لە سەروویانەوە پێشەوا قازیی محەممەد وەک دەسکەوت و سەرمایەی نەتەوەکەمان دەروانێ و جێگەی رێزی هەموو تاکێکی کوردە.
لەگەڵ ئەوەی کە قازی محەممەد لە دەورانی کۆمار و لە کاتی سیدارەی بە بەجێهێشتنی وەسیەتنامەکەی کۆمەلێک وانە و راسپاردەی گەلێک بەکەڵک و بە سوودی بۆ بە جێهێشتن و سەرەرای هەموو پێشکەوتن و بەرز بوونەوەی ئاستی وریایی سیاسی تاکی کورد بەڵام مەخابن هەمدیسان بزووتنەوەی شۆڕشگیرانەی نەتەوەکەمان بێ هەڵە و کەم و کووری نییە و وەک بلێی ئەو جۆرەی کە پێویستە و شایانە وانە و ئاموژگارییەکانی پێشەوا وەک خۆی نەهاتوونەتە دی. قازیی محەممەد لە وەسیسەتنامەکەی دا بە زۆری لەسەر یەکبوون و یەکریزیی گەلی کورد پێدادەگرێتەوە و ئەو راستیە بە زامنی سەرکەوتنی گەلەکەمان دەزانێ. پێویستە لەو یادە دا وێرای یادکردنەوە لە کەسایەتی بەرزی پێشەوا قازی محەممەد و هەموو تێکۆشەرانی کۆمار چاوێکیش بەسەر گووتار و راسپاردە و رێنوێنیەکانی ئەو ئازیزانە دا بخشێنین و کردەوەیان پێ بکەین.
سازمانی خەبات ی کوردستانی ئێران لە یادی لە سێدارەدانی قازی محەممەد و هاورێیانی درود دەنێرێ بۆ رۆحی پاکیان و ئومێد دەکات گەلەکەمان بە تەبایی و برایەتی و پێکەوەیی زیاتر هەنگاوەکانی بەرەو سەرکەوتنی یەکجاریی و وەدیهاتنی هیوا و ئاواتە لە مێژینەکانی نەتەوەکەمان خێراتر بکات .
سلاو لە شەهیدانی 10ی خاکەلێوە و سەرجەم شەهیدانی رێگەی رزگاریی کوردستان
ئازاد و ئاوەدان بێ کوردستان
سازمانی خەبات ی کوردستانی ئێران
کومیتەی ناوەندی
10ی خاکەلێوەی 1395