لە دوای کشانەوەی ئەمریکا لە بەرجام، لە مانگی پووشپەری رابردوودا قۆناغی یەکەمی گەمارۆکانی ئەمریکا بۆ سەر رژیمی ئێران چووە باری جێبەجێ کردنەوەو قۆناغی دووهەمی ئەو
عەلی بەهرامی
لە دوای کشانەوەی ئەمریکا لە بەرجام، لە مانگی پووشپەری رابردوودا قۆناغی یەکەمی گەمارۆکانی ئەمریکا بۆ سەر رژیمی ئێران چووە باری جێبەجێ کردنەوەو قۆناغی دووهەمی ئەو گەمارۆیانە کە زۆر گشتگیرەو بەشێکی زۆری چالاکیە ئابووریەکانی رژیم بەتایبەت هەناردەکردنی نەوت دەکاتە ئامانج، لە 13ی خەزەڵوەردا دەچێتە باری جێبەجێ کردنەوە.
ئەمریکا دەیەوێ رژیم پێ ملی ئەو پاکێجە 12 خاڵیە بکات کە لەلایەن وەزیری دەرەوەی ئەو وەڵاتە راگەیەندرا. بەپێی قسەی بەرپرسانی ئەمریکا بەتایبەت سەرۆک کۆماری ئەو وەڵاتە، هەوڵی تەواو دەدرێ کە هەناردەکردنی نەوتی ئێران راگیرێ و کەم بکرێتەوە بۆ سیفر. هاوکات دۆناڵد ترامپ هەڕەشەی ئەوە دەکات کە حکومەتەکەی بەوەوە ناوەستێ و لە دوای 13ی خەزەڵوەریش کۆمەڵێک گەمارۆی دیکە دژ بە رژیمی ئێران واژۆ دەکات. هەروەها جۆن بۆڵتۆن راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا رایگەیاند بەهێزترین فشارەکان دەخەینە سەر رژیمی ئێران بە مەبەستی گەیشتن بە رێکەوتنێکی ئەوتۆ کە رژیمی ئێران لە هەموو چالاکیە خراپکاریەکان پاشەکشە پێ بکات.
لە دوای ئەو هەنگاوانەی ئەمریکا، وەڵاتانی ئوروپا هەوڵیان دا بە بەڵێنی دەوردانەوەی گەمارۆکانی ئەمریکا، رژیم لە رێکەوتنی ناوکەیی دا بهێڵنەوە. هەروەها رژیم وێڕای مانەوە و بەدەمەوەچوونی داواکانی ئوروپا دڵی بە چین و روسیە خۆش بوو کە لەم دۆخەدا بە تەنیایان جێ ناهێڵن و گەمارۆکانی ئەمریکا کاریگەری راستەوخۆ ناکاتە سەریان. بەڵام هەر لە دوای جێبەجێ کردنی قۆناغی یەکەمی گەمارۆکانی ئەمریکا و جیددیەتی ئەو وەڵاتە بۆ فشار خستنەسەر رژیمی ئێران، بەشێکی زۆر لە چالاکیە ئابووریەکانی وەڵاتانی ئوروپایی و وەڵاتانی ئاسیایی دەستی بە وەستان و دابەزین کرد کە ئەوەش کاریگەری راستەوخۆی کردە سەر ئابووری رژیم و نرخی پووڵی ئێران تووشی ناجێگیری و داشکانی بێ وێنە بووەوە.
ئەگەرچی ئەوروپا هەوڵ دەدا لە دوای 13ی خەزەڵوەر رژیمی ئێران لە سیستەمی بانکی نێونەتەوەیی دانەبڕێ و لە رێگەی سوئیفت "SWIFT"ەوە گەمارۆکانی ئەمریکا بۆ سەر رژیمی ئێران دەوردەنەوەو بەوشێوەیە بەرپەرچی فشارەکانی ئەمریکا بدەنەوە، بەڵام بەپێی قسەی ستیوێن منوچێن وەزیری خەزێنەداری ئەمریکا وەزارەتی خەزێنەداری ئەو وەڵاتە لە هەوڵی تەحریم و ئابڵوقەدانی "سوئیفت"ە و بەو کارەش هەوڵەکانی ئوروپا نەک هەر کاریگەریان نابێ بەڵکوو بۆ خۆیشیان تووشی کێشە و سەرئێشەی زۆر دەبن.
ئەوەی هەتا ئێستا رژیمی ئێران دڵی پێی خۆش بوو پێچەوانە بووەتەوە، چین پشتی رژیمی چۆڵ کردووە و رایگەیاندووە کە لە مانگی نوامبرەوە داواکاری نەوتیان لە ئێران نابێ، روسیە هەناردەکردنی نەوتی زیاتر کردووە و ئوروپاش نەیتوانیوە پێش بە کشانەوەی کۆمپانیاکان لە ئێران بگرێ.
لە نێو باند و باڵەکانی دەسەڵاتیش دا دوو بۆچوون هەیە بەشێک پێیان وایە لەگەڵ ئەمریکا دانیشن و وتووێژ بکەن چوونکە دۆخی دەسەڵاتەکەیان لەوەی هەیە خراپتر دەبێ و رۆژ لە دوای رۆژ نارەزایەتیە جەماوەریەکان زیاتر پەرە دەستێنێ و بەشێکی دیکەی دەسەڵاتداران پێیان وایە خۆراگری بکەن و بەپشت بەستن بە هێز و سەرکوت رێگە لە پەرەسەندنی نارەزایەتیەکان بگرن.
لە ماوەی چەند مانگی داهاتوودا دۆخی ئابووری رژیمی ئێران زۆر خراپتر دەبێ لە ساڵی 2012 بۆ 2015 کە ئەوکات بە هۆی فشارە ئابووریەکانی ئەمریکاوە "نەرمشی قارەمانانە"ی نواند و پێ ملی رێکەوتنی ناوکەیی بوو. لە ئێستادا کە ئەمریکا بەردەوامە لە سەپاندنی گەمارۆکان و چەندین پێشمەرجی بۆ رژیمی ئێران هەیە هەتا بگەرێتەوە سەر مێزی وتووێژ و رێکەوتنی لەگەڵ بکات، رێکەوتنێک کە بەپێی ویستی رژیم نابێ بەڵکوو لە ژێر فشاردا و بەو جۆرەی ئەمریکا دەیەوێ دەکرێ. رژیم ئەم هەوڵانەی ئەمریکا بۆ روخانی خۆی تەرجەمە دەکات و پێی وایە ئەمریکا مەبەستی رێکەوتن نیە بەڵکوو روخانی دەسەڵاتەکەیانە.
خوێندنەوەکەی رژیمی ئێران بۆ هەنگاوەکانی ئەمریکا لەجێی خۆی دایە چوونکە بە رازی نەبوونی رژیمی ئێران بە شەرتەکانی ئەمریکا، توانای خۆراگری لەبەرامبەر فشارەکاندا زۆر نابێ و زۆری پێناچێ فشارەکان و نارەزایەتیە ناوخۆییەکان رژیم لەبەر یەک هەڵدەتەکێنێ، لەلایەکی دیکەشەوە ئەگەر رژیم بە داواو شەرتەکانی ئە رازی بێ دەسەڵاتی ئاخوندی کۆت و بەند دەکرێ و توانای سەرکوت و بەکارهێنانی هێزی بەوشێوەیە نامێنێ و هەر زوو بە دەستی خەڵکی ئێران کۆتایی پێ دێ کە 40 ساڵە بە هێز و ئاگر و ئاسن سەرکوت دەکرێ.