پێنچ شه‌مه‌ 

1 سه‌رماوه‌ز2724
سازمانی خه‌بات ی
کوردستانی
ئێران
sazmanixebat

هەواڵەکانی کوردستان، ئێران و جیهان 11ی خاکەلێوەی 1395

هەواڵەکانی کوردستان، ئێران و جیهان 11ی خاکەلێوەی 1395
سازمانی خەبات


دەستبەسەر کردنی کۆمەڵێک لە هاووڵاتیانی شاری مەریوان

کۆمەڵێک لە شارۆمەندانی مەریوانی لە دوای بەرێوەبردنی رێورەسمی ساڵی نوێ و ئاوری نەورۆز لە لایەن هێزە ئەمنییەتیەکانەوە دەستبەسەر کران. بە پێی راپۆرتی هەواڵدەرییەکان، رۆژی شەممە 7ی خاکەلێوەی 1395، هێزە ئەمنییەتیەکانی رژێمی ئاخوندی لە شاری مەریوان، بە رۆیشتن بۆ ماڵ کۆمەڵێک لە بەشداربووانی رێورەسمی نەورۆز لە مەریوان، ئەو شارۆمەندانەیان دەستبەسەر کردووە و کەل وم پەلە شەخسیەکانیانم لەگەڵ خۆیان بردووە. بە پێی ئەم راپۆرتە، کۆمەڵێکیتر لەو کەسانەی لە مەراسمی نەورۆزدا بەشدار بوون لە رۆژی یەکشەممە بانگهێشتی ئیتلاعات کراون و دوای لێکۆڵینەوە بە شێوەی کاتی ئازاد کراون. جێگەی باسە کە تا کاتی بڵاوکردنەوەی ئەم هەواڵە هیچ زانیاریێک لەمەر کەسانی دەستبەسەر کراو رانەگەێندراوە.


زیاتر لە ٨٠  هاووڵاتی لە کرماشان حوکمی ئێعدامیان هەیە

بەرپرسانی دادوەری ـ ئەمنی لە زیندانی دیزڵ ئابادی کرماشان، بەتامای جێبەجێ کردنی حوکمی ئێعدامی هاووڵاتییەکی کوردن. بەپێی هەواڵی هەواڵدەریی کوردپا، لە ئێستادا زیاتر لە ٨٠  زیندانیی کورد لە گرتووخانەی ناوەندیی شاری کرماشان چاوەڕێی جێبەجێ بوونی حوکمی ئێعدامەکەیانن کە ناسنامەی ١٣ کەسیان بڵاو کراوەتەوە. سەرچاوەیەکی باوەڕپێکراو لە دۆخی نێوخۆیی گرتووخانەی دیزڵ ئابادی کرماشان،رایگەیاندووە کە لە کۆی ٢٧٠ ٠  زیندانی، حوکمی کۆتایی لەسێدارەدانی ٨٦ کەس دەرچووە و لە چاوەڕوانیی ڕۆتینانی یاسایی دان. یەکێک لەو کەسانەی کە شیمانە دەکرێت بەم زووانە حوکمی لەسێدارەدانی جێبەجێ بکرێت، "مەسعوود داستان"ـە کە ١٤ ساڵە لە گرتووخانەدایە. ناوبراو خەڵکی گوندی "نێ"ی سەر بە شاری مەریوانە و بە کوشتنی کەسێک تاوانبارە. ناسنامەی ١٢ هاووڵاتی کوردی دیکەی پارێزگای کرماشان کە لەو گرتووخانەیەدا حوکمی ئێعدامییان هەیە بریتین لەØ›

١ـ مێهران ئەشرەفی(کەنگاوەر)

٢ـ مێهرداد کەرەمی( کرماشان)

٣ـ ئیلاهی ئەحمەدیان( کرماشان)

٤ـ سیرووس کەریمی(کرماشان)

٥ـ فەریبۆرز عەبدۆڵڵاهی(کرماشان)

٦ـ خەیام قوبادی( کرماشان)

٧ـ یەزدان فرووشانی(کرماشان)

٨ـ عەبدولڕەحمان موزەفەری(قوروە)

٩ـ مەسعوود وەکیلی( جوانڕۆ)

١٠ ـ محەممەد بازانی(جوانڕۆ)

١١ـ بەهمەن فەتحی(جوانڕۆ)

١٢ـ کەیوان فوادفەڕ(پاوە)

هەر بەپێی هەواڵی گەیشتوو، زۆربەی زۆری ئەو کەسانەی کە حوکمی ئێعدامییان لەسەرە، تاوانی "کوشتن و کڕین و فرۆشتنی مادەی هۆشبەر"یان ئەنجام داوە. هەندێ سەرچاوەی خەبەری، ڕێژەی حوکمی ئیعدامەکان بە زیاتر لە ٥٠ ٠  کەسیش مەزندە دەکەن. زیندانی دیزڵ ئاباد یەکێک لەو گرتووخانانەیە کە بە هۆکاری ئەمنی، کەمترین هەواڵ و زانیاری سەبارەت بە دۆخی زیندان و دەستبەسەرکراوەکان لەو زیندانە، بڵاو دەبێتەوە. دەزگای دادوەریی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران، وەک بەرپرس و بەڕێوەبەری گرتووخانەکان، هیچ کاتێ ئامار و وردەکاریی ڕێژەی زیندانییان و دۆخی ناوەوەی زیندانەکانی بڵاو ناکاتەوە و لێداونی بەرپرسانی دەوڵەتیش سەبارەت بە زیندانییەکان زیاتر پڕوپاگەندە بۆ دەسەڵاتی ناسەربەخۆی دادوەرییە.


قوتابییەکی کورد بۆ کێبڕکێ جیهانییەکانی کرۆواسی هەڵبژێردرا

قوتابییەکی کوردی خەڵکی شاری سنه بە ناوی "مەتین محەممەدی" بۆ کێبڕکێ جیهانییەکانی کرۆواسی ڕەوانە کرا. بە پێی راپۆرتی هەواڵدەرییەکان، دوای ڕاهێنان و تێپەڕکردنی ٥ قۆناغی ئۆردووی تیمی، مەتین محەممەدی، قوتابیی کوردی خەڵکی شاری سنه، بۆ وڵاتی کرۆواسی ڕەوانە کرا. متین محمدی کێبڕکێکانی پاڵەوانییەتی فووتسالی قوتابیانی جیهان، لە ڕێکەوتی ١٦ هەتا ٢٠ ی خاکەلێوە لە شاری پورکی وڵاتی کرۆواسی بەڕێوە دەچێت. مەتین محەممەدی وەرزشوانی کورد، ساڵی ١٣٧٨ی هەتاوی لە شاری سنە لە دایک بووە و ماوەی ٦ ساڵە بە شێوەی تایبەتی وەرزشی فووتسال ئەنجام دەدەات. محەممەدی لەژێر ڕاهێنەریی ڕەزا ڕەحمانی‏دا کاری فووتساڵی دەست پێ‏کردووە. وەرزشوانانی کورد لە کوردستانی ئێران سەرەڕای دابین نەکردنی ئیمکاناتی پێویست لە لایەن ناوەندە پێوەندیدارەکانی حکوومەتەوە، توانیویانە لە کێبڕکێ نێودەوڵەتییەکاندا سەرکەوتن بەدەست بێنن.

 
تەقینەوەی گاز لە قەڵاتکە‏ڕەشکە کوژراوێک و چەند برینداری لێ‏کەوتەوە

بەهۆی تەقینەوەی کەپسوولێکی گازەوە لە گوندی قەڵاتکەڕەشکە، هەڵکەوتوو لە٧٠  کیلۆمیتریی شاری سنە، ژنێکی تەمەن ٥٠  ساڵ گیانی لەدەست داوە و ٥ کەسی دیکەش برینی قورسیان هەڵگرتووە. بە پێی راپۆرتی هەواڵدەرییەکان، نیوەڕۆی ڕۆژی سێ‏شەممە١٠ ی خاکەلێوە، لە گوندی قەڵاتکە‏ڕەشکە، لە نزیکەی ئاوایی حەسەن‏ئاوای سەر بە شاری سنە، بەهۆی تەقینەوەی کەپسوولێکی گازی پیکنیکی، ژمارەیەک لە ئەندامانی بنەماڵەیەک بە توندی بریندار بوون و ژنێکی تەمەن ٥٠  ساڵەش لەو بنەماڵەیە بە نێوی "بەهیە مەولایی" گیانی لەدەست داوە. حەمید ئەحمەدی یەکێک لە کەسوکاری قوربانیانی ئەو کارەساتە بە هەواڵدەریی ئیرنای ڕاگەیاندووە کەØ› ئەم تەقینەوە بە هۆی دزە کردنی گاز لە کەپسوولێکی گازی پیکنیکەوە ڕووی داوە. ناوبراو قیرتاو نەبوون و دژواریی جادەوبانی ئەو گوندەی بە هۆکاری درەنگ بەدەنگەوەهاتنی یەکە یەرمەتیدەرەکانی فریاکەوتن زانیوە، کە بەو هۆیەوە هەنووکە باری تەندرووستیی هەندێ لە بریندارەکان لە نەخۆشخانەی شاری سنە ناجێگرە.

 
مەحکووم کردنی منداڵێکی کورد بە ئێعدام لە زیندانی سنە

کەیۆمەرس نەسیری، مێرمنداڵی کوردی راگیراو لە زیندانی سنە بە تۆمەتی کوشتن لە تەمەنی 17 ساڵیدا بە ئێعدام مەحکووم کراوە. بە پێی راپۆرتی هەواڵدەرییەکان، کەیۆمەرس نەسیری لە لایەن لقی یەکی دادگای سزادانی سنەوە بە سەرۆکایەتی حامد سۆڵتان بەخش بە ئێعدام مەحکووم کراوە. بە پێی ئەم راپۆرتە، تۆمەتی ناوبراوو ئەوەیە کە لە ساڵی 1393، لە شەرێکی بە کۆمەڵدا کەسێکی کوشتووە. کەیۆمەرس لە بانەمەری 1376 لە دایکبووە و لە کاتی تاوانەکەیدا تەمەنی 17 ساڵان بووە. جێگەی باسە کە چوار منداڵیتر لە زیندانی سنە راگیراون کە لە کاتی تێوەگلان بە تاواندا تەمەنیان لە خوار 18 ساڵ بووە. سازمانی دیدەبانی مافی مرۆڤ پێشتر لە راپۆرتێکدا رایگەیاندبوو کە تەنیا 5 وڵات تییایاندا منداڵ بە ئێعدام سزا دەدرێت کە ئێران لە پلەی یەکەمی ئەو پێنج وڵاتەدایە.

 
نامەی ئەمریکاو هاوپەیمانە ئوروپاییەکانی بۆ ئەنجومەنی ئاسایش: موشەکەکانی رژیمی ئێران توانای هەڵگرتنی کڵاوەی ئەتۆمیان هەیە

 
بە پێی راپۆرتێکی رۆژنامەی رۆیتێرز، ئەمریکا، فەرانسە، ئینگلیس و ئاڵمان لە نامەیەکی هاوبەشدا بۆ سکرتێری رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان، تاقیکاریە موشەکیەکانی ئەم دواییەی رژێمی ئێرانیان بە پێشێلکردنی بڕیارنامەی ئەنجومەنی ئاسایش داناوەو وریایی ئەوەیان داوە کە ئەو موشەکانی توانای هەڵگرتنی کڵاوەی ئەتۆمیان هەیە.

هەواڵدەری رۆیتێرز لە راپۆرتێکی تایبەتدا نووسی: لەو نامەدا هاتووە کە تاقیکردنەوەی موشەکی ئەم دواییەی رژێمی ئێران، ئەو موشەکانەی لە خۆ گرتوە کە توانای هەڵگرتنی کلاوەی ئەتۆمین، کە ئەوە پێشێل کردنی بڕیارنامەی 2231ی ئەنجومەنی ئاسایشە.

لەو نامەدا داوا لە ئەنجومەنی ئاسایش کراوە کە بەمەبەستی وەڵام نەدانەوەی پێویست بە پێبەند نەبوونی رژێمی ئێران بە بەڵێنەکانی، کۆبوونەوەیەک بگرێ.

جوێ لە بانکی مون سکرتێری گشتی رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان، رووی نامەکەی ئەو وەڵاتانە لە (رومان ئویارزون مارکزی) نوێنەری ئیسپانیا لەو رێکخراوەیە، بە هۆی ئەوەی ناوبراو لەلایەن ئەنجومەنی ئاسایشەوە بۆ وەگەر خستن و ئاسانکاری بۆ بەرێوەبەری بڕیارنامەی 2231 دیاری کرا کە لە زوئیەی ساڵی رابردوودا بڕیاری لە سەر درا.

رۆژی 19ی رەشەمەی رابردوو، سوپاس پاسداران رایگەیاند لە کاتی مامنۆرێکی خۆیدا دوو مووشەکی تەقاندوە. هەنگاوێک کاردانەوەی نێودەوڵەتی لێکەوتەوە. بە ووتەی گوتەبێژی کۆشکی سپی ئەمریکا هەر چەند رێکەوتنی ئەتۆمی پێشێل ناکا بەڵام دەتوانێ‌ بڕیارنامەی ئەنجومەنی ئاسایشی پێشێل کردبێ.

پیشتریش و لە ناوەراستی مانگی رەزبەری رابردوو وەزیری دیفاعی رژێمی ئێران، هەواڵی تاقی کردنەوەی سەرکەوتووانەی موشەکێکی دورهاوێژی بەناوی (عیماد) بڵاوکردەوە، کە ئەویش لەگەڵ کاردانەوەی نێودەوڵەتی بەرەوروو بوو و ئابڵوقەی نوێی دژ بە بەرنامەی موشەکی رژێمی بەدوای خۆیدا هێنا. ئەمریکا لەو کاتەدا 11 کەس  لە پێوەند بەو بەرنامانەی رژێمی خستە لیستی ئابڵوقەکانی خۆیەوە.


هەوڵی کۆنگرەی ئەمریکا بۆ رێگری لە سوپای پاسداران بە بازارەکانی ئەمریکا 

 

ئەندامانی پلەبەرزی کونگرەی ئەمریکا دەڵێن نابێ رێگە بدرێ رژێمی ئێران لە ژێر ناوی هەڵگرتنی ئابڵوقەکان مافی بەکارهێنانی دوڵار و بازاری ماڵی ئەمریکای هەبێ.

هەواڵدەری ئاسوشیتدپرێس لە نیگەرانی هەندێ لە ئەندامانی کۆنگرەی ئەمریکا سەبارەت بە دەست راگەیشتنی رژێمی ئێران بە بازاری ماڵی ئەمریکا هەواڵی دا.

ئەد رویس، سەرۆکی کۆمیتەی دەرەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا لە نامەیەکدا بۆ باراک ئوباما سەبارەت بە دەستراگەیشتنی شیرکەتەکانی سەربە رژێمی ئێران بە بازارەکانی ماڵی ئەمریکا وریایی دا.

کوین مەک کارتی، رێبەری زۆرینەی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکایش ووتی کە لە وەها رەوداوێک زۆر دەترسێ.

(واشینگتۆن فری بیکن) لە زمانی ئەندامانی پلەبەرزی کۆنگرەوە نووسی: ئەندامانی کۆنگرەی ئەمریکا خەریکی دیاری کردنی بەرنامەیەکن بۆ رێگری کردن لە رۆژێمی ئێرانن بۆ بازارەکانی ماڵی ئەمریکا. ئەوان پێیان وایە گەیشتنی رژێمی ئێران بە بازارەکانی ماڵی ئەمریکا، پێکهاتەی ماڵی و ئابووری جیهان دەخاتە مەترسیەوە. 

سیناتۆر مارک کرێک دەڵێ: ئەگەر دەوڵەتی ئوباما رێگە بە ساتو سەودای تجاری بە دولار بدا بە رژێمی ئێران کە پشتیوانی ترۆریزمە، یاساکانی ئەمریکا پێشێل دەکا.

ناوبراو کە هاوکات بەدوای ئابڵوقەدانی زیاتری بەرنامە موشەکیەکانی رژێمی ئێرانە، دەڵێ: دانی مافی ساتوسەودا بە دولار بە رژێمی ئێران، دەبێتە خۆی لاواز کردنی خەبات دژ بە ترۆریزم.

(مارک پومپئو) یەکێکی دیکە لە نوێنەرانی پلەبەرزی کۆنگرەی ئەمریکا دەڵێ: دانی وەها ئیمتیازێک بە رژێمی ئێران، ئەو هەلە بۆ سوپاس پاسداران دەرەخسێنێ کە بێتە نێو سیستەمی ماڵی ئەمریکاوە.

ناوبراو دەڵێ: شیرکەتەکانی ئەمریکایی و نێودەوڵەتی ناتوانن ئەو کاریگەریە بەربڵاوەی سوپاس پاسداران لە ئیقتیسادی ئێران و ئەو مەترسیانەی بانکەکانی ئەو رژێمە بۆ سیستەمی ماڵی نێونەتەوەیی دروست دەکەن لە بەرچاو نەگرن.

پومپئو هەروەها دەڵێ: بەپێچەوانەی سیاسەتە نادروستەکانی ئوباما، من هاوکارەکانی لە کۆنگرە بۆ پارێزگاری لە قازانجەکانی ئەمنیەتی نەتەوەیی ئەمریکا هەوڵ دەدەین. دروست وەک ئەوەی لە وەڵامی تاقی کردنەوە موشەکیەکانی ئەم دواییەی رژێمدا کردمان.


8 ساڵ و 7 مانگ و 22 ڕۆژ و 1 کاتژمێر و 45 خوله‌ک له‌مه‌وپێش‌

هەواڵەکانی کوردستان، ئێران و جیهان 11ی خاکەلێوەی 1395

هەواڵەکانی کوردستان، ئێران و جیهان 11ی خاکەلێوەی 1395

په‌ڕه‌ تایبه‌تیه‌کانی ماڵپه‌ڕ

په‌یوه‌ندی گرتن


ژماره‌ی ته‌له‌فۆن کوردستان : 07506206655 (00964)
ژماره‌ی ته‌له‌فۆن کوردستان : 07504687209 (00964)
ژماره‌ی ته‌له‌فۆن کوردستان : 07504497138 (00964)
ژماره‌ی ته‌له‌فۆن ئوروپا     : 0767676746   (0046)
ژماره‌ی ته‌له‌فۆن ئوروپا       : 040331264   (0047)



په‌یوه‌ندی ئه‌له‌کترۆنی:



[email protected] 
[email protected]
xebatmedia@sazmanixebat.net
[email protected]om

ئۆرگانه‌کانی سازمانی خه‌بات


ڕێکخراوی ئافره‌تانی خه‌باتی کوردستانی ئێران 

ڕێکخراوی لاوانی خه‌باتی کوردستانی ئێران