مەبەست لە تیرۆریزمی دەوڵەتی بە کار هێنانی توندوتیژیە بەبێ پشتیوانی قانوون کە لەلایەن حکومەت یان
عەلی بەهرامی
مەبەست لە تیرۆریزمی دەوڵەتی بە کار هێنانی توندوتیژیە بەبێ پشتیوانی قانوون کە لەلایەن حکومەت یان مۆرە حکومەتیەکانەوە دژ بە کەس یان ژمارەیەک خەڵک بەرێوە دەبرێ. تیرۆریزمی دەوڵەتی بەکارهێنانی کەرەستە و ئامرازەکانی دەوڵەتە بۆ سەپاندنی ویستی پاوانخوازانەی دەسەڵاتێک بەسەر حکومەت و دەسەڵاتەکانی دیکەدا.
رژیمی فاشیزمی مەزهەبی لە ئێران لە دوای بە دەسەڵات گەیشتنی تیرۆری وەکوو کەرەستەیەک بۆ لەناوبردنی نەیار و بەرهەڵستکارانی سیاسی و فکری لە ناوخۆ و دەرەوەی ئێران و زەربەدان لە وەڵاتانی ناوچەکە و بەگشتی جیهان بەرێگەی جۆراوجۆر بەکار هێناوە.
کردەوە تیرۆریستیەکانی رژیم لە نێوخۆی ئێران لە کوشتنی جیابیران، سوتاندنی سینەما رێکسی ئابادان، قەتڵە زنجیرەییەکان، کوشتنی دەیان کەسایەتی سیاسی و مەزهەبیەوە بگرە هەتا جێبەجێ کردنی پیلانی تیرۆری دەیان تێکۆشەری سیاسی کورد و ئێرانی لە وەڵاتانی ئوروپا و کوردستانی عێراق بەرێوەچووە. ئەو رژیمە چەندین کردەوەی تیرۆریستی لە وەڵاتان وەک تەقاندنەوەی بنکەی هێزەکانی ئەمریکا لە ئەلخوبەری عەرەبستان ساڵی 1995، 18ی ژوییەی 1994تەقاندنەوەی ناوەندی هاوکاری یەهودیان (ئامیا) لە ئارژانتین، 23ی ئوکتۆبری 1983تەقاندنەوەی بنکەی سەربازانی ئەمریکایی لە لوبنان، ساڵی 1390ی هەتاوی بەرنامەی هێرش بۆ سەر سەفارەتخانەکانی عەرەبستان و ئیسراییل لە ئەمریکا، ساڵی 2012 تەقاندنەوەی بۆمب لە بانکۆکی تایلەند بە مەبەستی تیرۆری سەفیری ئیسراییل لەو وەڵاتە، ساڵی 2012 تەقاندنەوەی بۆمب بەمەبەستی تیرۆری چەندین دیپلۆماتی ئیسراییلی لە هیند، ساڵی 2015 دەست بە سەرداگرتنی کارخانەی دروست کردنی بۆمب لە بەحرین کە سەر بە سوپای پاسدارانی رژیمی ئێران بوو، کردەوە تیرۆریستیەکانی رژیمی ئێران لە عێراق، دەستبەسەر کردنی دوو کەسی سەر بە سوپای پاسدارانی رژیم بە زیاتر لە 100 کیلۆگرام مەوادی تەقەمەنیەوە لەلایەن پۆلیسی کینیا. هەروەها رژیم لە وەڵاتانی ناوچەکە سەرچاوەی دارایی و پشتیوانی لوجستیکی دەیان گروپی تیرۆریستیە کە لەو رێگەوە ئامانجەکانی خۆی لە وەڵاتان دەپێکێ کە بریتین لە دەستێوەردان و بشێوی و پێشێل کردنی سەروەری ئەو وەڵاتانە کە ئەو تاقمە تیرۆریستیانە بریتین لە: حیزبوڵای لوبنان، حەماس، جیهادی ئیسلامی فەلستین، هێزەکانی بەدری عێراق، هاوکاری ئەلقاعیدە، حوسیەکانی یەمەن، پشتیوانی لە تاقمە چەکدار و توندرەوە شیعەکان لە وەڵاتانی بەحریەن، کوەیت، عەرەبستان، هاوکاری تالیبانی ئەفغانستان و لە رێگەی سوپای تیرۆریستی قودسەوە بەشێک بووە لە شەر و جەنگەکانی سوریە، عێراق و یەمەن و لەو وەڵاتانە لە رێگەی دابین کردنی چەک و تەقەمەنی و هەناردەکردنی هێزە تیرۆریستیەکانی دەوری بەرچاوی بینیوە لە پەرەسەندنی ئاگری شەر و ماڵوێرانی. رژیمی ئێران لەسەر درێژەدان بە کردەوە تیرۆریستیەکانی لەلایەن چەندین رێکخراو و دادگا و ژمارەیەک وەڵاتی وەکوو ئەمریکا، ئاڵمان، ئارژانتین، ئیسراییل، ئینگلیس و عەرەبستانەوە مەحکوم کراوە. وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە راپۆرتی ساڵانەی 2016، 2017 و 2018 دا رژیمی ئێرانی بە پشتیوانی تیرۆریزم و سەرچاوەی نائارامی ناوبردووە.
شەپۆلی کردەوە تیرۆریستیەکانی رژیمی ئێران بەتایبەت لە وەڵاتانی ئوروپایی هەندێ جار ئەوندە بەرچاو بووە کە ئەو وەڵاتانە کاردانەوەکانیان لە دەرکردنی بەیاننامە و مەحکوم کردن تێپەرێوەو نەیانتوانیوە چاو لە جینایەتەکان بپۆشن و مەجبوور بە بەدواداچوون بۆ کەیسی تیرۆرەکانی وەکوو تیرۆری دوکتور قاسملوو لە ویەن و دوکتور شەرەفکەوندی لە برلین، تیرۆری دوکتور کازمی رەجەوی لە سوییس و شاپوری بەختیار لە فەرانسە و چەندین چالاکی سیاسی دیکە، کە لە دوای لێکۆڵینەوەکان ژمارەیەکی بەرچاو لە سەرانی رژیمی ئێران مەحکوم کران و حوکمی گرتنیان لەلایەن دادگای ئەو وەڵاتانەوە بۆ دەرچووە.
لە نوێترین هەنگاودا هاوینی 2018 شەش کەسی ئێرانی لە وەڵاتانی بلژیک، ئاڵمان و فەرانسە دەستبەسەر کران کە یەکێک لەوانەی لە ئاڵمان گیرا دیپلۆمات تیرۆریستێکی رژیم لە ئوتریش بوو کە دوایی هەموویان رادەستی دادگای بلژیک کران، بەپێی بڵاوکراوەی پۆلیسی وەڵاتی بلژیک ئەو تیمە پیلانی کردەوەی تیرۆریستیان لە کۆبوونەوەی ساڵانەی سازمانی موجاهیدین و شۆرای ملی مقاومەتی ئێران لە پاریس بەدەستەوە بووە. لە کاردانەوە بەو هەوڵەی رژیم، فەرانسە چەند کەس لە دیپلۆمات تیرۆریستەکانی ئەو رژیمەی لە وەڵاتەکەی دەرکرد و گومان لێکراوەکانیشی رادەستی دادگای بلژیک کرد بۆ لێکۆڵینەوە.
هەروەها دەزگای هەواڵگری سێ وەڵاتی نۆروێژ، دانمارک و سویید لە کردەیەکی هاوبەشدا سێ تیرۆریستی سەر بە وەزارەتی ئیتلاعاتی رژیمیان دەستگیر کرد. سەرۆکی رێکخراوی زانیاری و ئاسایشی دانمارک رۆژی سێ شەممە 30ی ئوکتۆبری 2018 رایگەیاند ئەو کەسانەی دەستگیرکراون بەرنامەی تیرۆری چالاکێکی سیاسی خەڵکی ئەهوازیان بووە. لە دوای لێکۆڵینەوەکانیش بەرپرسانی هەواڵگری دانمارک رایانگەیاند هێزەکانیان نامیلکەیەکیان دۆزیوەتەوە کە ناوی چەندین چالاکی سیاسی بەرهەڵستکاری رژیمی ئێرانی تێدابووە. رۆژنامەی یلاندس پۆستنی ئەو وەڵاتە بڵاوی کردەوە کە دوو سەرۆکی پێشووی هەواڵگری دانمارک ئەو نامیلکەیە بە جۆرێک لە لیستی تیرۆر دەزانن. وەڵاتی دانمارک وەک کاردانەوە بەو هەوڵە تیرۆریستیانەی رژیم سەفیری خۆی لە تاران بانگکردەوە و داوای لە یەکیەتی ئوروپا کرد لە بەرامبەر ئەو هەوڵانەی رژیمدا هەڵویستی بە بڕشتیان هەبێ.
دیارە لە ماوەی 40 ساڵی رابردوودا لەبەر قازانجە ئابووریەکان کاردانەوەیەکی ئەوتۆ و شیاو لەبەرامبەر کردەوە تیرۆریستیەکانی رژیمی ئێراندا بوونی نەبووە و زۆر جار چاوپۆشیان لێ کراوە، بەڵام لە ئێستادا کەشی سیاسی بە جۆرێکە کە بە ئاشکرا بوونی هەر هەوڵێکی تیرۆریستی رژیم رێکاری توند دەگیرێتەبەر و رای گشتی زیاتر لێ ئاگادار دەکرێتەوە، کە ئەو هەنگاوانە دەزگای دیپلۆماسی رژیمی ئێرانی تووشی شکستی گەورە کردووە و وەڵاتان نەک وەک دەزگایەکی دیپلۆماسی سەیری ناکەن بەڵکوو وەکوو بەشێک لە شەبەکەیەکی بەربڵاوی تیرۆریستی هەڵسووکەوتی لەگەڵ دەکەن و دیپلۆمات تیرۆریستەکانی رژیم لەلایەن دەزگا ئیلاعاتیەکانی وەڵاتانەوە دەستبەسەر و وەدەر دەنرێن. لە دوای فشارە سیاسی و ئابووریەکانی ئەمریکا بۆ سەر رژیم و گەرانەوەی گەمارۆکان، کاردانەوەی وەڵاتانی ئوروپایی و ناوچەکەش بە هەوڵە تیرۆریستیەکانی رژیم توندتر و بەبڕشتتر و لەگەڵ هەر هەوڵێکی جینایەتکارانەی رژیم لەباری سیاسیەوە زیاتر و زیاتر گۆشەگیر و بێزراو دەبێ.