دیاری کردنی ڕۆژی بەرهنگاربونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان ، واتا و سەلمێنەری ئەو ڕاستیەیە کە ژنان لەگەڵ کارەسات و نەهامەتی بەرەووڕوون و پێشێل کردنی
دیاری کردنی ڕۆژی بەرهنگاربونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان ، واتا و سەلمێنەری ئەو ڕاستیەیە کە ژنان لەگەڵ کارەسات و نەهامەتی بەرەووڕوون و پێشێل کردنی مافەکانیان سیستماتیک وکولتوریە. بۆ بەڕەنگار بوونەوەی ڕەفتارە وەحشیگەریەکان و دڕندەیی سەبارەت بە ئافرەت ،کۆمەڵێک مرۆڤی گیان فیدا وخۆبەختگەری ڕێگەی مرۆڤایەتی لەپێناو دەست نیشان کردن و گەیاندنی هاواری ئافرەتانی چەوساوە، خۆیان کردە سپەر وسەرقافڵە وبە تێپەڕاندنی چەند قۆناغ، توانیان ڕۆژێک لەساڵدا تایبەت بکەن بۆ باس لەئازار ودژبەری وەحشیگەری وتوندوتیژی.
هەموو ساڵێک لەم ڕۆژەدا ئەو یادە دەکرێتەوەو دوو حەوتو بەردەوام کێشەو گرفتەکانی ئافرەتان دێتە بەرباس. ڕێکخراو وکۆمەڵگا مەدەنیەکان و چالاکانی بواری مافپارێزی، هەوڵ و تێکۆشانەکانیان کە لە ماوەی ساڵێکدا ئەنجامیان داوە ، وەک ڕاپۆرتی چالاکی، بۆ جیهانیانی دەگوازنەوە و لەم پێوەندیەدا خەسارناسی و لێکۆڵینەوەی زۆر دەخەنە بەردەست. لەوەها ڕۆژێکدا کە خوشکانی میراباڵ لە پێناو ئازادی و بەرەنگاری یاسای دژە مرۆڤ، گیانیان بەخت کردوو بونە سیمبولی ئەو ڕۆژە، دەبنە سەرتۆپ وبە بەرز ڕاگرتنی نێو ویادیان ،هەنگاو بۆ داهاتوو هەڵدەگرین و بە باس لە ئافرەتانی دیکەی ئەم ڕێگەیه، کۆمەڵگا بۆ لای خواست وکێشەکان ڕادەکێشین و، نگەرانی وبێ مافیەکان دەکەینە تەوەرو مژاری ڕۆژ.
ئەگەرچی کاری زۆر دەکرێ وسەدان چالاکی لەسەرانسەری جیهان ئەنجام ئەدرێت ،بەڵام بەداخەوە نە دیاریکردن و نە ڕۆژەکە نەبۆتە هۆی کەم کردنەوەو بنبڕکردنی ناسۆریەکانی ئافرەتان لە سەرتاسەری جیهان. لەهێندێک وەڵات مافی مرۆڤ بەڕێژە چەسپاوە وهەوڵی بەرفراوان کردنی دەدەن ، بەڵام بەداخەوە لە ئێرانی بن دەستی ئاخوندان ئافرەتان لە چینی چەوساوەی هەرەپێشەوەن و لەژێر ناوی جۆراوجۆر مافەکانیان پێشێل دەکرێ، کە دەکرێت بڵێین بەهاتنەسەر کاری ئەو دەسەڵاتە ، دۆخی مافی مرۆڤ بەتایبەت ئافرەت لەڕابردوو خراپتر بووە. کولتور ولەنێو بردن یان لاواز کردنی هێندێک دیاردە، کە دەسەڵات هیدایەتی دەکات بەباری پەرەدان یان لاواز کردن ، دوو کێشەی هاووتەریبن و هەردوو پێکەوە لەڕاستای بێبەش کردن وفەرهەنگی باڵادەست وکۆیلەکردنی چینێک جێدەگرن. ڕژیمی ئێران کە قازانجی لە دواکەوتویی وتێکەڵ وپێکەڵی خەڵکدایە ،بە شێوەێیکی پلان بۆ داڕێژراو نەریت وفەرهەنگی نابەرابەریی وبێ مافی پەرە پێدەدات و ئاخوندان لە میتینگ وبۆنەکاندا زۆر بێ شەرمانە ئافرەت بە ئاژەڵ دەشوبهێنن وهەرجۆرە توندوتیژی وسەرکوتێک بۆ ڕام کردن وترساندن بە ڕەوا دەزانن. بێگومان بازدان بەسەر ئەم دۆخە بەرەو ژیانێکی مرۆڤانە، پێویستی بە ڕژیم وسیستمێکی مودێڕن وسەردەمیانە هەیە. بۆ ئەم مەبەستەش ئێمە وەک ڕێکخراوی ئافرەتان کە نزیک بە دوو دەیەیە لەبواری مافەکانی ئافرەتان کار دەکەین ،هەوڵمان داوە خۆمان بە ڕێکخستن بکەین و وەک هێزێکی ووشیارگەر، دەمانهەوێ ئەم پەیامە بە ئافرەتانی وەڵاتەکەمان بگەیەنین کە مافی ئەوان لەچوارچێوەی نیزامی ئاخوندی مسۆگەر نابێ وپێویستە بۆ ئەوەی بچنە قۆناغ وژیانێکی بێ هەڵاواردن وتوندوتیژی ، دژی ئەو دەسەڵاتە کار بکەن وببنە پێشەنگی سەرهەڵدان لەپێناوو ژیانێکی باشتر. هەوڵدان توانینە وپێویستە ئافرەتانی کوردستان بەبێ لەبەرچاو گرتنی هەڕەشەی ماڵبات ودەسەڵات ، ڕۆژی 25ی نوامبر بکەنە دەرفەت بە ئامانجی پێشخستنی دۆزی خۆیان و، بە وەڕێخستنی چالاکی وسمینار وبۆنەی تایبەت ، ڕەنگی زیاتر بەم بۆنە و ڕۆژە ببەخشن ولەهەموو قوژبنێکی نیشتمان چالاکی بنوێنن. لەیادی ئەم ڕۆژە وپێزانینمان بۆ ئافرەتانی شۆڕشگێڕ وپیاوانی مرۆڤ دۆست ، دەڵێین ئێمە وەک ڕێکخراوی ئافرەتانی خەبات ،پاڵپشتی هەرجۆرە کارێکین دژی توندوتیژی و داوا دەکەین لەخەبات نەوەستن وبەهەرشێوەێیکی بۆ کراو دژ بە دیاردەی توندوتیژی بوەستنەوە.