عەلی بەهرامی
دیموکراسی وەک سیستەمێک بۆ بەرێوەبەری وەڵات، لە گەلێ وەڵاتی جیهان کاری پێ دەکرێ و لەو دیموکراسیانەشدا جیاوازی زۆر دەبیندرێ. ئەوەی ئێمە تا ئێستا لە
عەلی بەهرامی
دیموکراسی وەک سیستەمێک بۆ بەرێوەبەری وەڵات، لە گەلێ وەڵاتی جیهان کاری پێ دەکرێ و لەو دیموکراسیانەشدا جیاوازی زۆر دەبیندرێ. ئەوەی ئێمە تا ئێستا لە دیموکراسی حاڵی بووین ئەوەیە کە کەمینە مل کەچی بریاری زۆرینە بێ، لە راستیدا لەم جۆرەی دیموکراسی دا ئیشکال و کێشەی زۆر دێتە ئاراوە بەتایبەت لەو وەڵات و شوێنانەی یەک دەست نین و خەڵکەکەی پێک دێن لە پێکهاتەی نەتەوەیی و مەزهەبی جۆراوجۆر. فورمولێکی دیکەی دیموکراسی کە تا ئێستا لە زۆربەی وەڵاتان کاری پێکراوە و تا رادەیەکی باش سەرکەوتوو بووە دیموکراسی تەوافوقیە. لەو شێوە دیموکراسیەدا ئیتر زۆرینە ناتوانێ حیساب بۆ کەمینە نەکات و پەسەند کردنی بەرنامە و پلانە گرینگەکان پێویست بە رێکەوتن لەگەڵ پێکهاتە جۆراوجۆرەکانە.
لە کۆمەڵگەیەکی فرەپێکهاتە و متەنەوع دا، دیموکراسی تەوافوقی دابەش کردنی دەسەڵاتەکان تەزمین دەکات و رێگە لە خۆسەپێنی و قۆرغکردنی قودرەت و دەسەڵات دەگرێ لەلایەن پێکهاتە، تەیف یان پارتێکی تایبەتەوەو رێگە نادا مافی کەمینەکان پێشێل بکرێ. بەتایبەت ئەم شێوە پرەنسیپ و کارکردنە لە دوای ئاڵوگۆڕی بنەرەتی، خزمەت دەکات بە رێکخستن و پێشخستنی وەڵات.
ئێمەی کورد لە کوردستانی ئێران بەتایبەت لە ماوەی زیاتر لە 40 ساڵ کاری ئەحزاب، شاهێدی کۆمەڵێک کێشە و بگرەو بەردەی وەک شەڕی براکوژی، هەوڵ بۆ حەزفی ئەحزاب و دروست کردنی تەفرەقە و خزمەت بە لەیەکترازان لە ئەحزابی بەرامبەر، دروست کردنی شایەعات و سەمپاشی لەدژی یەک و... کە ئەمانە جۆرێک لە بێ متمانەیی و بەدبینی بەرامبەر بە یەکتری لا دروست کردوین. لە وەها کاتێکدا باشترین رێکار بۆ رەوینەوەو کەمکردنەوەی بەدبینیەکان و دروست کردنی متمانە لە پێوەندی و کارکردنی هاوبەشی ئەحزاب دا پێویستە بگەڕێینەوە بۆ رێکەوتنی گشتی و تەوافوق. هەر بۆیە سازمانی خەبات لە دروست بوونی ناوەنددا هەوڵی ئەوە بوو تەوافوقی گشتی لەسەر بابەتەکان ببێتە بنەمای کاری ناوەندی هاوکاری حیزبەکانی کوردستانی ئێران. ئەو پرەنسیپەش رەزامەندی گشتی و رێکەوتنی لەسەر کرا هەتا ئەوەی کە وتووێژەکان (لەدوای پێداگری ئەو لایەنانەی دیکە لەسەر چەند خاڵێک و رازی نەبوون بە پێشنیارەکانی سازمان) بە بن بەست گەیشت. ئەو بەرێزانە لە تەوافوق پەشیمان بوونەوەو پەنایان بۆ بابەتی زۆرینە و کەمینە برد و تەوافوقی گشتیان کە پێشتر لەسەری ساخ ببوونەوە، پێشێل کرد. ژێر پێ نانی تەوافوق و رێکەوتنی گشتی کە لە بنەماکانی کاری ناوەندی هاوکاری بوو، هیچ دەرەتانێکی بۆ سازمانی خەبات نەهێشتەوە جوێ لە کشانەوە لە کاری هاوبەش لەگەڵ ئەو لایەنانە و هەڵوەشانەوەی ناوەندی هاوکاری.
لە لایەکی دیکە ئەو پێنج لایەنەی کە پێکهێنەری ناوەندی هاوکاری بوون مەبەستیان لە پێکهێنانی ناوەندی هاوکاری بۆ کاری هاوبەش و هاوکاری و تەفاهوم و لێکحاڵی بوون بوو لەسەر بنەما و خاڵە هاوبەشەکان، نەک تەمرین کردنی زۆرینە و کەمینە و سەپاندنی دروشمەکان بەسەر یەکتردا. بێگومان هیچ سازمان و حیزبێکی سیاسی بە بەرنامە و ئوسول ناچێتە نێو یاریەکی لەو شێوەیە کە بەناوی زۆرینەو کەمینەوە ئیبتیکاری عەمەل و ئیرادەی لێ زەوت بکرێ.
لە دوای ئەوەش بەپێی رێنوێنی بەرێز کاک بابەشێخی حسێنی سکرتێری گشتی سازمانی خەبات کە لە پلینۆمی سێهەمی سازماندا پێشکەشی کردو پەسەند کرا، سازمانی خەبات ئامادەیە بۆ هەر جۆرە کارێکی هاوبەشی گشتگیری هێزە کوردستانیەکان لە پێناو قازانجە نەتەوەییەکان و بەدوور لە هەر جۆرە خۆسەپاندن و خۆفەرز کردنێک.
سازمانی خەبات تەوافوق بە یەکێک لە بنەماکانی چەسپاندنی دیموکراسی بۆ داهاتووی کوردستان دەزانێ و لە کاتێکدا تێکڕای پێکهاتەو چین و توێژەکان خۆ لە سیستەمی بەرێوەبەریدا بە شەریک و هاوبەش دەزانن کە بە کردەوە بەشداریان پێ بکرێ لە پرس و بابەتەکاندا. هەر بۆیە پرەنسیپی زۆرینە و کەمینە بۆ ئێستا و داهاتووی کاری ئێمە نەک سەرکەوتوو نابێ بەڵکوو زیانیشی بۆ کۆی کارەکانمان دەبێ و ئەگەری دووبارە کردنەوەی ئەزموونی شوێنی دیکە لە کوردستانی ئێران زیاد دەکات. ئەو لایەنانەی ئەگەر باوەریان بە دیموکراسی هەبێ هەوڵ دەدەن هەزمی هێز و لایەنە سیاسیەکانی گۆڕەپانی شۆرشی کوردستان بکەن نەک بە زۆرینە و کەمینە دروشمە تایبەتەکانی خۆیان بسەپێنن، کە هەنگاوی لەو شێوە نە لە رابردوودا هیچی لێ شین بووە نە لە داهاتووشدا هیچی لێ شین دەبێ.