گەلی کورد و نیشتمانەکەی "کوردستان" ، زۆر لەمێژە لە ژێر دەسەڵاتی رژیمەداگیرکەر و دیکتاتۆرەکاندا چەوساونەوە ..
گەلی کورد و نیشتمانەکەی "کوردستان" ، زۆر لەمێژە لە ژێر دەسەڵاتی رژیمەداگیرکەر و دیکتاتۆرەکاندا چەوساونەوە و داگیر کراون. نەتەوەی کورد بە درێژایی زیاتر لە دوو سەدەیە کە باری گرانی بێ بەشی و چارەرەشی و ئاوارە بوون و ماڵوێرانی لەسەر شانە و لە لایەن داگیرکەران و دژمنانی ماف و ئازادیەکانی، بە دڕندانەترین شێوەو لە هەموو بارێکەوە مامەڵەی لەگەڵ کراوە. بەهۆی ئەو بێ بەشی و دابەشکاری و ئاوارە بوونانەوە، گەلی کورد لە سەدەکانی نۆزدە و بیستی زایینی دا بۆ ڕزگار بوون لەو بێ بەشی و نیشتمان داگیرکراویە و گەیشتن بە کاروانی بەختەوەری مرۆڤایەتی، لە هەموو پارچە داگیرکراوەکانی نیشتمانی دا بەپێی تواناو دەرفەت، گەلێک بزوتنەوەی رزگاریخوازانەی وەرێخستوون. سەرەڕای ئەوەی کە ئەو بزووتنەوە و ڕاپەڕینانە لە شێوە و ناو و رێڕەوی خۆیاندا جیاواز بوون بەڵام لە ناوەرۆک و ئامانجدا هەموویان بە مەبەستی ڕزگاری گەل و گەیشتن بە ماف و ئازادکان دروست بوون، کە بەداخەوە هەموو جاران بە هۆی پیلانی داگیرکەران و پاوانخوازانی بێ بەزەوە بەشێوازی جۆراوجۆری دوور لە عورف و یاسای مرۆڤایەتی سەرکوت کراون و سەرکردە و رێبەرانی ئەو بزووتنەوە ڕەوایە لە داوخراون و لە ناوبراون .
دوابە دوای شەڕی یەکەمی جیهانی بەهۆی یەکگرتنی دژمنانی کورد و کوردستان، وێرانکاری و زەبرو زەنگ و کوشت و کوشتار لە هەمبەر گەلەکەمان بەشێوەیێک بوو کە دژمنان و بەکرێگراوانیان لە هیچ چەشنە هەڵسوکەوتێکی وەحشیانە خۆیان نەپاراستوە و کوردستان بە ڕۆژگارێکی ڕەشی دواکەوتوویی ئابووری، کۆمەڵایەتی و بەتایبەت سیاسی دا تێپەڕیوە. لە وەها سەردەم و ڕۆژگارێک دا مرۆڤە دڵسۆز و خەباتگێڕەکانی کورد لە کوردستانی ئێران دا، بەتایبەت پیاوانی ئایینی و رووناکبیرانی نیشتمانپەروەر و لە خۆ بووردوو "کە هەستی نەتەوایەتی و رۆحی شۆڕشگێڕیان لە ناو جەماوەردا بڵاوکردۆتەوە و نەیان هێشتوە دێوەزمەی داگیرکەر و دژمنی کورد و کوردستان تارمایی سامی خۆی بەسەر خەلک دا بکێشێ. لەو سەردەم و لە وەها هەلومەرجێک دا بوو شەڕی دووهەمی جیهانی دەستی پێکرد و پڕیشکی ئاگری ئەو شەڕە وڵاتی ئێرانیشی گرتەوە و لە ئاکام دا بوو بەهۆی کزی و لاوازی حکومەت و دەسەڵاتی رەزا خانی دژمنی گەلانی ئێران و نۆکەری بێگانەی پاوانخواز و بە دەسەڵاتە مەزنی خوازەکان. ئاکامی ئەم شەڕە قازانج و دەرفەتێکی باشی بۆ کوردستانی ئێران هەبوو و هەلی بۆ بووژاندنەوەی هەموو گەلانی ئیران رەخساند. گەلی کورد لە کوردستانی ئێران توانی بە هۆی چەندین کەسایەتی ئایینی نیشتمانپەروەر و نەتەوەیی و رووناکبیرانی شۆڕشگێڕ، لە ۲٥ ی گەلاوێژی ساڵی ۱۳۲۱ کۆچی خۆری دا کۆمەڵەی ژیانەوەی کورد (ژ.ک) ی لە شکڵ و قەوارەی سازێکی سیاسی دا دامەزرێنێ. ئەم کۆمەڵە بە هۆی خوێندنەوەی بۆ هەلومەرجی گەلی کورد و بایەخ دانان بۆ تێکڕای چین و توێژەکانی کورد لەباری ئایینی، کۆمەڵایەتی، ئەخلاقی و فەرهەنگیەوە، توانی بە زوویی لەناو دڵی کۆمەڵانی خەڵکی کورد لە کوردستانی ئێراندا ببێتە جێی ڕێز و متمانەی خەڵک و ببێتە تاقانەو خۆشەویستی خوازیارانی. بەڵی لە درێژەی کارو چالاکی چەندین ساڵی تێکۆشەرانی کوردو لە ۲ی ڕێبەندانی 1324دا بۆ هەوەڵین جار لە گۆڕەپانی چوارچرای مهاباد لە لایەن ڕەوانشاد پێشەوا قازی موحەممەدەوە، کۆماری کوردستان بە بەشداری کەسایەتی و شۆڕشگێڕ و سەرۆک عەشیرەتی بەشەکانی تری کوردستان ڕاگەێندرا و شەهید قازی موحەممەدی نەمر وەک سەرۆک کۆمار دیاری کراو مەلا مستەفا بارزانی و هەواڵانی بەشداری ئەو کەرنەفاڵەمێژووییەی نەتەوەی کورد، کۆماری مهاباد بوون.
رۆژی ۲ی رێبەندان، ڕۆژی لە دایکبوونی کۆرپەی ئاواتی نەتەوەی بندەست و بەلەنگازی کورد و بیرەوەری سەرکەوتن و شادمانی گەلێکی چەوساوە و بن دەستە بەسەر دژمنانی مرۆڤی کورد و مافەڕەواکانی و بەرهەمی ڕەنج و خوێنی ڕۆڵە گیانباز و خەباتکارەکانی ئەم نەتەوەیە لە پێناو گەیشتن بە پێشکەوتن و ئازادی و گەشەی کۆمەڵایەتی و گەیشتن بە لوتکەی بەختەوری و یەکسانی. یادی ۲ی رێبەندان لە بیرەوەری هەرکوردێکی خەباتگێڕ و نیشتمانپەروەردا بۆتە تیرێژی خۆری تێکۆشان لە رێی ڕزگاری و هەموو دەمێک جەستەی نەتەوەی کوردی پێ گەرم دەکرێتەوە. کۆماری کوردستان وەک ناوەندێکی دژە ئێستعماری و دام و دەزگای دیکتاتۆری کۆنەپەرەستی لەو سەردەم و قۆناغەی مێژوودا خۆی نواد، هەر بۆیە رژیمی خوێنڕێژی پەهلەوی و چەوسێنەران، چاویان بەو تیشک و تینە هەڵ نەهات و لە دژی کەوتنە پیلانگێڕان .لە ۲٥ی سەرماوەزی ساڵی ۱۳۲٥ کۆچی خۆری، لە لایەن رژیمی دیکتاتۆری پەهلەوی بەشێوەیێکی وەحشیانە و بەربڵاو هێرش کرایە سەر کۆماری ئازەربایجان و پاشان کوردستان و هەردوو کۆمارە کەیان، نوقمی خوێن کرد و بەو کارە یان مۆری نەنگیی و شورەیی خوێنڕێژیان بۆ هەتاهەتایە بە تەوێڵی پیسی خۆیانەوە نا. کۆماری کوردستان ئەگەرچی بە تەمەن و مەودای زەمەنی ساڵێکی نەخایاند بەڵام لەو ماوەکەمەدا بووە نمونەی دەسەڵاتێکی خەڵکی و دیموکرات و پێشکەوتنخواز کە لە هەموو ڕەهەندەکانی ژیانی کۆمەڵانی خەڵک لەو سەردەمەدا خۆی نواند و بەکردەوە هەنگاوی هەڵگرت. بەشێوەیێک کە ئێستا دوای تێپەڕبوونی ·۳ ساڵ بەسەری دا دۆست و دژمن ددان بەوەدا دەنێن کە ئەو کۆمارە و سەرۆک کۆمارەکەی جوانترین نمونەی بەڕێوەبەری و سەرۆکایەتی بوون و شوێنەواریان بەسەر مێژووی بەرێوەبەری هەموو گەلانی ناوچەکەو بگرە زۆر لە گەلان و وڵاتانی جیهانیشەوە هەیە.
لە یادی ·۳ ساڵەی ۲ رێبەندان دا سڵاو دەنێرین بۆ گیانی پاکی پێشەوای نەمر و هەموو شەهیدانی رێی ڕزگاری نەتەوەو نیشتمانمان. بەرز و پیرۆزبێ یادی ·۳ ساڵەی ۲ی رێبەندان، مردن و نەمان بۆ دژمنانی کورد و کوردستان، بڕۆخێ رژیمی ئاخوندی ئێران.
سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران کومیتەی ناوەندی
۲ی رێبەندانی ۱۳۹· کۆچی خۆری