رۆژی پێنج شەممە 11ی رێبەندان ووڵاتانی ئوروپایی بە میوانداری ووڵاتی رۆمانی رێکەوتنی( ئێنستێکس ) بۆ پارێزگاری لە بازرگانی کردن و پارێزگاری کردن لە رێکەوتن
سیامەند
رۆژی پێنج شەممە 11ی رێبەندان ووڵاتانی ئوروپایی بە میوانداری ووڵاتی رۆمانی رێکەوتنی( ئێنستێکس ) بۆ پارێزگاری لە بازرگانی کردن و پارێزگاری کردن لە رێکەوتنی ئەتۆمی و بەرجام یان لەگەڵ رژیمی ئاخوندی راگەیاند. ئێنستێکس کورت کراوەی،رێگەکارەکانی پشتیوانی لە ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە گەڵ رژیمی ئێرانە.
ووڵاتانی ئوروپایی لە هەوڵدان بەو ڕێکەوتنە، بەرەنگاریی ئابڵوقەکانی ئەمریکا بۆ سەر رژیمی ئێران بکەن ولە رێگەی رێکەوتنی ئێنستێکس بازرگانی لەگەڵ رژیم درێژە پێ بدەن و هەروەها کار بە پوڵێک بێجگە لە دولار بکەن بۆ ئاڵوگۆڕە بازرگانیەکانی نێوانیان.
ژمارەیەکی بەرچاو لە شارەزایانی سیاسی و ئابووری ئەو رێکەوتنە بە بێ ئاکام دەزانن و پێ یان وایە ئەو رێکەوتنە ناتوانێ بە شێوەی کاریگەرو جیددی رێگە لە ئابڵوقەکانی ئەمریکا بگرێ و لەلاێکی دیکەوە شەرتەکانی ئوروپا بۆ جێ بە جێ کردنی، بە جۆرێک بێ ئاکام بوونی دەردەخا. جیاواز لە کێشەکان لە پێوەندیەکانی نێوان ئوروپاو رژیم و ئەگەرەکان لە بەر دەم جێ بەجێ نەکردنی رێکەوتنەکان، هەلومەرجی ناوخۆیی ئێرانیش، وەک گرانی،بێکاری، هەڵاوسانی ئابووری، دزی و گەندەڵکاریی لە ڕادەبەدەر، دەبنە هۆی بێ کەڵک بوونی هەر جۆرە ڕێکەوتنێک چ لە ئێستاو چ لە داهاتوودا وهیچ یەک لە کێشەکان لە ئێراندا چارەسەر ناکا.
لەلاێکی دیکەوە سێ ووڵاتی گرینگی ئوروپایی ئاڵمان،فەرانسە وئینگلستان دەست پێ کردنی رێکەوتنەکەیان بەستۆتەوە بە ئیستانداردە نێودەوڵەتیەکان و دژایەتی لەگەڵ گەندەڵی ماڵی و هەروەها کۆتایی هێنان بە دابین کردنی پووڵ بۆ رێکخراوە ترۆریستیەکان. لە بەرانبەر ویستی ئوروپاییەکانیشدا، بەشێک لە دەسەڵاتدارانی رژیم دژایەتی پەیوەست بوون بە رێکەوتنی کونوانسیۆنی دژایەتی لەگەڵ دابین کردنی پووڵ بۆ رێکخراوە ترۆریستیەکان دەکەن.هەر چەند کۆڕی مەجمەعی مەسڵەحەتی رژیم گەڵاڵەی پەیوەست بوو بە،( ئێس تی ئێف) واتە کونوانسیونی بەربەرەکانی لەگەڵ تاوانە رێکخراو و سازماندراوەکان لە دەرەوەی ووڵات (فراملی) و هەروەها پەیوەست بوون بە کونوانسیونی دژایەتی لە گەڵ دابین کردنی پووڵ و داهات بۆ ڕێکخراوە ترۆریستیەکانی پەسەند کردوە، بەڵام ئەو هەلومەرجە نویێەو زۆرهێنانە جیهانیەکان بۆسەر ڕژیمی ئێران بە ڕادەێک بەربڵاون کە ئەگەری زۆرە تێکرای ئورگانەکانی رژیم و تەنانەت خودی خامنەیی و دەوروبەریی رێکەوتنە جیاجیاکان بسەلمێنن کە ئەوەش ژەهر خواردنێکی دیکەیە بۆخامنەیی رێبەری رژیم و تێکرای بەرپرسانی دەسەڵات.
لە گەڵ ئەو گشتە ئەگەرانەو ئاماژەکانیش بە دەرکەوتنی ڕاستیەکان لە بێ ئاکام بوونی رێکەوتنی ووڵاتانی ئوروپای( ئێنستێکس)کە هەر لەسەرەتاوە بێ ئاکام بوونی دەرکەوتوە، بەڵام سەرەڕای ئەوەش دەبێ چاوەڕی بین و ببینین کە سازوکاری ووڵاتانی ئوروپایی چۆن دەبێتە شکستێکی گەورەو داماویەکی دیکە بۆ رژیمی ئاخوندی و بزمارێکی دیکە دەبێ کە لە تابووتی ئەو دەسەڵاتە گەندەڵ و دژی ئینسانیە دەدرێ.