ئێستا دەتوانین بە روونی ئەوە بڵەین کە رژێم دەیهەوێ هێزی موشەکی بکاتە جێگرەوەی هێزی ناوکەیی کە بە ناچاری لە دەستی دا. بەڵام کێشەی موشەکی بە جێی کێشەی ناوکەیی بە قسمەت بووە. لە دوای ئەوەی رۆژی سێ شەممە 10ی خاکەلێوە ئەمریکاو هاوپەیمانە ئوروپاییەکانی فەرانسە، ئینگلیس و ئالمان لە نامەیەکدا داوای کۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشیان کرد کە بەدواداچوون بۆ بەرنامە موشەکیەکانی رژێمی ئێران بکا، قەیرانی موشەکی ئەو رژێمە چووە قۆناغێکی نوێوە، لەبەر ئەوەی ئەوان تاقیکردنەوەی موشەکی رژێم بە پێشێلکردنی 2231ی ئەنجومەنی ئاسایش دەزانن.
ئەو وەڵاتانە هەروەها داوایان لە سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان کرد راپۆرتێکی تێرو تەسەل لە سەر چالاکیە موشەکی بالستیکی رژێمی ئێران پێشکەش بکا. بانکی مون لە جێدا وەلامی ئەرێنی بەو داوایە دایەوە و رۆژی هەینی رابردوو 13ی خاکەلێوە ئەنجومەنی ئاسایش کۆبویەوەو بەرنامەی موشەکی رژێمی خستە بەر باس.
بە پێی راپۆرتی تەلەفزیونی رژێم 14ی خاکەلێوە بڵاوی کردەوە کە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایش ماوەیەکی زۆر لە پشت دەرگە داخراوەکان لە بارەی تاقیکردنەوەی موشەکی ئێران بەرێوەچوو کە تەنیا نوێنەری چین کە لە 13ی خاکەلێوەوە بۆتە سەرۆکی دەورەیی ئەنجومەنی ئاسایش، لەو بارەوە هەندێ زانیاری داوە. ئەو دەڵێ: مەسەلەی موشەکی ئێران لە ئەنجومەنی ئاسایش باس کرا، بەڵام بۆچوونی جۆراوجۆر لەو بارەوە هەیە. چین لەو باوەرەدایە هەر شتێک رێکەوتن لەگەڵ ئێران و بەرجام بخاتە مەترسیەوە دەبێ وەلا بنرێ. ئەوە یانی بۆچوونی جیاواز لە نێوان ئەندامانی ئەنجومەنی ئاسایش بەتایبەت چین و روسیە کە بە تەواوی پێچەوانەی ئەمریکا، ئینگلیس، فەرانسە و ئاڵمان هەنگاو دەنێن.
بەڵام ئەو دڵخۆش کردنانە، وێدەچێ ئەوە وەبیر هێزە دابراوەکانی سەربە رژێم بێنێتەوە کە لە پێش زەهرخواردنەکەی پێشوودا دەیانگووت. بەڵام راستیەکان هەندێ جار بەرنامە تەلەفزیونیەکانی خۆیانەوە دێتە بەرباس، تەلەفزیونی رژێم لە 14ی خاکەلێوەدا لە راپۆرتێکی دیکەدا گوتی: ئوباما گوتی بە توندی و زۆر بەجیددی کار بە ئابڵوقە غەیرە ناوکەییەکانی وەک ئابڵوقەی موشەکی، مافی مرۆڤ و ترۆریزم دەکەین و ئێران بۆ ئەوەی قازانجی تەجارەتی دەست کەوێ دەبێ فەزای سیاسی بگۆرێ و دەست لە خراپکاری هەڵگرێ. ناوبراو هەندێ قسەی سەبارەت بە رێگەدان بە ساتوسەودای رژێم بە دولاری رەدکرد و گوتی: ئێران دەتوانێ بۆ سلت و سەودا غەیری دولار بەکار بێنێ.
لەلایەکی دیکەوە ئەوباما لە کۆبوونەوەی ئاسایشی ئەتۆمی کە لە واشینگتۆن بەرێوەچوو و دوو رۆژی پێ چوو کە جوێ لە روسیە و کورەی باکور و رژێمی ئێران نوێنەری 50 وەڵات بەشداریان تێدا کردبوو وتی: بەرجام دەتوانێ نمونەیەکی باش بێ بۆ ناچارکردنی رژێمی ئێران بۆ پاشەکشێ.
تەلەفزیونی رژێم 14ی خاکەلێوەی 95، لە بارەی ئەو کۆبوونەوە راپۆرتێکی بڵاوکردەوە و گوتی:
ئوباما لە نوێترین قسەی کە لەگەڵ نوێنەری وەڵاتانی 1+5 ئیشارەی بەوە کردوە کە، ئێران بەڵێنەکانی بەرجامی جێبەجێ کردوە. ئێران دوو لە سەر سێی سانتریفوژەکانی خۆی کۆکردۆتەوە و 98 لەسەدی ئورانیومی کۆکراوەی ناردۆتە دەۆەوەی وەڵات. هەروەها ئێران ناوکەی ناوەندی رئاکتۆری ئەراکی دەرهێناوە. ئێران دەبوو ئەو بەڵێنانەی دەبوو لە رۆژی یەکەمی جێبەجێ کردنی بەرجام یانی 76 رۆژ لەوە پێش ئەنجامی بدایە وە راپۆرتەکانی ئاژانس دەڵێن ئێران یەک بە یەک ئەو کارانەی ئەنجام داوە وە بە پێی بەڵێنەکان لە 27ی بەفرانباری 94 وەڵاتانی رۆژئاواش دەبوو ئابڵوقەکانیان هەڵگرتایە. زەریف لەو بارەوە گوتی: ئەمرۆ ئابڵوقەی دارایی و ئابووری نەتەوەیی و چەند لایەنەی تایبەت بە بەرنامەی ناوکەیی ئێران، هەڵگیراوە. بەڵام تەلەفزیونی رژێم زیادی کرد: ئەو روداوە لە سەر کاغەزە و بەڵگەکان ئەوە دەڵێن کە هەڵگرتنی ئابڵوقەکان پێویستی بە ئیجازەی ئەمریکا هەیە.
لە هەنکاتدا (وندی شرمن) یەکێک لە نوێنەرانی پلەبەرزی ئەمریکا بۆ وتووێژی ناوکەیی لەگەڵ رژێم، لە بابەتێکدا لە رۆژنامەی (یوئێس ئەی تودەی) بەبۆنەی دانیشتنی ئاسایشی ناوکەیی لە واشینگتۆن، تەکیدی کردۆتەوە کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەبێ سزای رژێمی ئێران بدەن لەبەر پشتیوانی ئەو رژیمە لە ترۆریزم و پێشێلکاری مافی مرۆڤ و پەرەپێدانی بەرنامەی موشەکی بالستیک و هەڵگری کڵاوەی ئەتۆمی و یان موشەکگەلێک دەبنە هەڕەشە بۆ سەر ناوچەکە.
ئێستا لەوە تێدەگەین کە بۆچی خامنەیی لە رۆژی یەکی خاکەلێوەدا ئەوندە لە بەردەوامی ئابڵوقەکان نیگەران و نارەحەت بوو. هەروەها دەتوانین لەوە حاڵی بین کە هاشوهوشی پاڵەوانپەمبەکانی سوپای پاسداران تەنیا دەبنەهۆی هێشتنەوەی ئاسەواری زەربەکانە بە جەستەی رژێمەوە.
لە کۆتاییدا وریایی یەکێک لە مۆرەکانی وەزارەتی درەوە بە ناوی عەلی خورەم زۆر بەمانایە و جێی سەرنجە. ناوبراو لە بابەتێکدا کە لە ماڵپەڕێکی حکومەتی بەناوی عەسری ئێران بڵاوکراوەتەوە نووسیویەتی: لە بەرنامەی مووشەکیدا مەترسی هەیە. هەر وەک چۆن لە بەرنامەی ناوکەیی دا رۆژئاوا پەروەندەی ناوکەیی ئێرانی بردە ئەنجومەنی ئاسایش و ئابڵوقەگەلێکی جۆراوجۆر دژ بە ئێران پەسەند کرد، لە بارەی بەرنامەی موشەکیش دەکرێ هەر ئەو کارە بکەن و سەرۆک کۆماریی داهاتووی ئەمریکا دەتوانی ئەو خاڵە دژ بە ئێران بوکار بێنێ.