لە دوای ئەوەی دۆناڵد ترامپ جڵەوی دەسەڵاتی ئەمریکای گرتە دەست، فشارەکان بۆ سەر رژیمی ئێران رۆژ لە دوای رۆژ زیاتر و کەیسی ئەو دەسەڵاتە نەحەواوە و شەرئەنگێزە...
لە دوای ئەوەی دۆناڵد ترامپ جڵەوی دەسەڵاتی ئەمریکای گرتە دەست، فشارەکان بۆ سەر رژیمی ئێران رۆژ لە دوای رۆژ زیاتر و کەیسی ئەو دەسەڵاتە نەحەواوە و شەرئەنگێزە تا دێ زیاتر بە نێودەوڵەتی دەکرێ. دۆناڵد ترامپ لە دوای چەند جار وریایی دان بۆ چارەسەری کەموکورتیەکانی رێکەوتنی ناوکەیی وەڵاتانی زلهێز لەگەڵ رژیمی ئێران و پێمل نەبوونی دەسەڵاتدارانی ئێران بە داواکانی ئەمریکا کە دۆناڵد ترامپ وێڕای نارەزایەتی بەو هەموو ئیمتیاز و باجەی وەڵاتەکەی بە رژیمی ئێرانی داوە، جیاکردنەوەی چالاکیە ناوکەییەکانی رژیم لە (پەرەپێدانی بەرنامەی مووشەکی و کردەوە پاوانخوازیەکانی لە خۆرهەڵاتی ناوەراست و دەستێوەردان لە کاروباری وەلاتان)ی بە هەڵەی گەورە ناودەبرد و چەندین جار رایگەیاند کە شەرتی مانەوەی ئەمریکا لە رێکەوتنی ناوکەیی لەگەڵ رژیمی ئاخوندی، و پێوەند دانی پرسەکانی دیکە بە بەرنامەی ناوکەیی رژیمە، وە پێی وابوو کە دەبێ وتووێژ لەگەڵ رژیم بکرێ و سەر لە نوێ تێکڕای باتەکان بە پاکێجێ بەرێتە سەر مێزی وتووێژ لەگەڵ ئەو رژیمە و رێکەوتنی گەشتیان لەسەر بکرێ. لە دوای ئەوەی رژیم پێداگری لەسەر رێکەوتنی ناوکەیی کردەوە و ئامادە نەبوو لەسەر بابەتەکانی دیکە وتووێژ بکات، دۆناڵد ترامپ وەڵاتەکەی لە رێکەوتنی ناوکەیی کشاندەوە و بە دوو قۆناغ فشارە ئابووریەکانی پێشووی بە سەر رژیمدا سەپاندەوە و رایگەیاند کە قورسترین ئابڵوقەی ئابووری و سیاسی بە سەر رژیمی ئاخوندیدا دەسەپێنن. وێڕای ئەوەی ئەمریکا هەتا ئێستا بەردەوام ناوەند و بەرپرس و ئورگانە حەساسەکانی رژیم دەخاتە نێو لیستی گەمارۆکان، هاوکات کار لەسەر پرسە سیاسیەکانی دیکەش بۆ زیاتر گۆشەگیرکردنی رژیمی ئێران و لە پەلوپۆ خستنی ئەو دەسەڵاتە لە ناوچەکە و جیهاندا دەکات. یەکێک لەو هەنگاوە کاریگەرانەی ئەمریکا لەدوای گەمارۆ ئابووریەکان، کونفراسی وۆرشۆی پێتەختی لەهێستان بوو (چوارشەممە و پێنج شەممە 24- 25ی رێبەندان). کونفرانسێکی دوو رۆژە بە سەرۆکایەتی ئەمریکا و لەهێستا، کە نوێنەری زیاتر لە 60 وەڵاتی تێدا بەشدار بوو. کونفرانسێک کە فوکوسی لەسەر مەترسیەکانی سەر رۆژهەلاتی ناوەراست بوو، بەڵام سەر و بنی قسەی بەشداربووەکانی بۆ چارەسەری دۆخی ئەو ناوچە ئاژاوە لێدراوەو بەرەوڕووبوونەوەی دەسەلاتی ئاخوندان لە ئێران و ئەو رژیمەیان بە سەرچاوەی سەرەکی مەترسیەکان بۆ رۆژهەلاتی ناوەراست پێناسە دەکرد.
بەپێی قسەی هەیئەتی ئەمریکایی لە کونفرانسی وۆرشۆ نوێنەری وەڵاتانی بەشدار وێڕای جیاوازی سیاسی لەگەڵ ئەمریکا لەسەر زۆر بابەت، بەڵام هاوڕا بوون لەسەر تێکڕای ئەو قسانەی دژ بە رژیمی ئێران دەهاتە گۆڕێ. کونفراسی وۆرشۆ لە چەند لایەنەوە کاریگەری بۆ سەر رژیمی ئێران هەبوو وە هەر لە دوای راگەیاندنی گرتنی ئەو کونفرانسە رژیم بە شێوەیەکی هێستریک کەوتە دژایەتی و هەرەشە کردن و هەوڵی تەواوی دا کە وەلاتان پێشوازی ئەوتۆ لەو کونفرانسە نەکەن و میتینگ و گردبوونەوەی ئوپزسیۆنی ئێرانیش بە شێوەی جیاجیا تێکبدا.
یەکێک لە تایبەتمەندیەکانی کونفرانسی وۆرشۆ ئەوە بوو کە هاوکات لەگەڵ یادی 40 ساڵەی شۆرشی گەلانی ئێران و دزینی بەری ئەو شۆرشە لایەن ئاخوندە دواکەوتووەکانەوەبەرێوەچوو، یەکەم هەنگاوی گشتگیر و نێونەتەوەیی دژ بە رژیم لە ماوەی چوار دەیەی تەمەنی ئەو دەسەڵاتە بوو کە بەشداربووانی کۆک بوون لەسەر پاراستنی رۆژهەلاتی ناوەراست لە هەڕەشەکانی رژیم و هەوڵەکانی ئەو دەسەڵاتەیان بە سەرچاوەی سەرەکی ئەو هەرەشانە بۆ ئەو ناوچەیە دەزانی. خاڵکێکی دیکەی گرینگی کونفرانسەکە یەک خستن و نزیک کردنەوەی وەڵاتانی عەرەبی و ئیسراییل بوو لەسەر دژایەتی کردنی سیاسەتەکانی رژیمی ئاخوندی. کاریگەری ئەو کونفراسە بە شێوەیەکە کە وەزیری دەرەوەی بەحریەن دەڵێ: بەرەوڕووبوونەوەی رژیمی ئێران لە ناوچەکە لە پرسی فەلستین گرینگترە لە ئێستادا. لەلایەکی دیکە کونفرانسی وۆرشۆ هەلێکی باش بوو بۆ ئوپزسیۆنی رژیم بە تایبەت شۆرای میللی مقاومەتی ئێران و سازمانی موجاهیدینی خەڵکی ئێران کە هاوکات لەگەڵ کۆنفرانسەکە لە دوو هەنگاوی گرینگ و کاریگەر دا لە پاریس و وۆرشۆ، توانیان بە گردبوونەوە و رێپێوانی گەورە و جەماوەری سەرنجی رایگشتی وەڵاتان و ژمارەیەکی بەرچاو لە کەسایەتیە دیارە ئوروپایی و ئەمریکاییەکان بۆ بەرنامەکانیان.
هاوکات ئەوەی رژیمی ئێرانی تووشی پشووسواری و سەرلێشێوان کرد، راگەیەندراوی کۆتایی کونفرانسەکە بوو کە لەلایەن ئەمریکا و لەهێستانەوە دارێژرابوو وە کونفرانسەکەیان بە مێژوویی و پردەستکەوت پێناسە کردبوو، بەڵام رژیم خۆی پێنەگیراو هەر زوو لە رێگەی وەزارەتی دەرەوەی خۆی کاردانەوەی نیشاندا و راگەیەندراوەکەی بە "بەڵگەی شکست" ناوبرد. هەروەها لەگەڵ یادی چل ساڵەی سەرکەوتنی راپەرینی گەلانی ئێران دژ بە دەسەڵاتی حەمە رەزا شای پەهلەوی، و لە بەرەبەریی بەرێوەچوونی کونفرانسی وۆرشۆ دا، خامنەیی وەلی فەقیهی رژیم لە پەیامێکدا چەند خاڵی خستەروو کە جێی تێڕامانن. خامنەیی لەو پەیامەدا باس لە "دەستپێکی وەرزێکی نوێ لە ژیانی کۆماری ئیسلامی" بەناوی "هەنگاوی دووهەم" بۆ بەرەوپێشبردنی "کۆماری ئیسلامی"، دەکات. هەر لەو پەیامەدا خامنەیی ئیشارە بە پێداگری توند لەسەر بنەماکان و سنووربەندیەکان لەگەڵ نەیار و دژمنان دەکاتەوە. ئەگەر سەرنجێکی سەرەپێیی پەیامەکانی پێشووی ئاخوند خامنەیی بدەین و چاوێک لەم پەیامەی بکەین، دەبینین بە پێچەوانەی ئەو پەیامەی کە پێی وایە قۆناغی دووهەمی ژیانی سیاسی رژیمەکەی دەست پێ دەکات و چەندین خاڵ و بەندی بۆ حکومەت و بەتایبەت لاوان خستووەتە روو کە بۆ پاراستنی دەسەڵاتەکەیان کاری لەسەر بکەن.
پێشتر و لە چەندین وتاردا بەروونی ئیشارە بە مەترسیەکان بۆ سەر رژیمەکەی دەکات و دەڵێ کە ساڵی 96 و 97 دژمنان هیچیان بۆ نەکرا بەڵام ساڵی 98 ساڵێکی سەخت لەبەر دەم دەسەڵاتەکەی دەبێ و بە پێی قسەی خامنەیی دژمنانیان لەو ساڵەدا بە هەموو توانا هەوڵ بۆ روخانی رژیمەکەی دەدەن. بەپێی قسەکەی خامنەیی و خوێندنەوە بۆ دۆخی ناوخۆیی دەسەڵاتی ئاخوندی و وەزعی خراپی ئابووری خەڵک و نارەزایەتی و سەرهەڵدانە جەماوەریەکان بێ، رژیمەکەی خامنەیی هەنگاوی دووهەمی نیە و ئەوەی دەبێ چاوەرێی بکەین قۆناغی روخان و کۆتایی دەسەڵاتی ئاخوندی و هاتنەئارای دەسەڵاتێکی خەڵکی لە ئێران و ئاسایش و هێمنی بۆ ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەراست و جیهانە.
ئاخوند خامنەیی لە هەموو کەس باشتر دۆخی خراپی رژیمەکەی و نارەزایەتیە جەماوەریەکان و ئامادەکاری بۆ شۆرشێکی یەکلاکەرەوە لە ئێران دەبینێ، بەڵام جوێ لە دەرکردنی پەیام و دانی وتار هیچێکی ئەوتۆی بۆ نەماوەتەوە، چوونکە رژیمەکەی نە بۆ پێشەوە و بۆ پاشەکشە رێگەی ماوە، و لە ئێستا و داهاتوویەکی نزیکدا خەڵکی ئێران و ئوپزسیۆن و کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی لە هەموو لایەکەوە هەوڵەکانیان بۆ رووخان و کۆتایی هێنان بە دێوەزمەی ئاخوندی چڕ کردووەتەوەو بە زوویی قۆناغێکی نوێ کە قۆناغی ئێرانێکی دیموکراتیک و خەڵکی و دەستەبەرکردنی مافی نەتەوەیی نەتەوە بندەستەکان بە تایبەت نەتەوەی کوردە، دەست پێ دەکات.