کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکی کوردستان! ڕێکخراوه مافخواز و مرۆڤدۆسته‌کان!
پشتیوانانی ئازادی و مافی مرۆڤ!
زمان ئه‌و فاکته‌ره گرنگه‌یه که له‌ڕێگه‌یه‌وه ڕاوبۆچوونه‌کان،دهردەبرین وداخوازی وئارەزوەکان نێوان که‌سانی هه‌ر کۆمه‌ڵگه‌یه‌کداو هەروەها په‌یوه‌ندی کۆمه‌ڵایه‌تی به‌یه‌که‌وه ده‌به‌ستێته‌وه و ده‌بێته سه‌رچاوه‌یه‌کی گرنگ و جه‌وهه‌ری بۆ رۆشنبیری و به‌ره‌وپێشچوونی شارستانی نه‌ته‌وه‌کان. مرۆڤ ده‌توانێت له‌ڕێگه‌ی زمانه‌وه ئاخاوتن له‌سەر خۆشی و ناخۆشییه‌کانی بدات و په‌یوه‌ندییه کۆمه‌ڵایه‌تی و شارستانێتی و ئایینی و کلتوورییه‌کانی تێدا ده‌سته‌به‌ربکات. هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌ک بۆ ئه‌وه‌ی ریشەو بنەمای نەتەوەیی بپارێزێت پێویسته په‌ره به‌زمانی زگماکی بدا و خه‌بات له‌پێناویدا بکا.
جێگەی داخە دوژمنانی کورد له هه‌رشوێنێک که بۆیان گونجابێ هه‌وڵی له‌ناوبردن و سڕینه‌وه‌ی پێناسه‌و به‌ها نه‌ته‌وایه‌تیه‌کانی کوردیان داوه. گه‌لی کورد به‌درێژایی مێژوو له‌خه‌بات و تێکۆشان دابوه،به‌مه‌به‌ستی پاراستنی زمان و ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌یی و ڕۆڵه تێکۆشه‌ره‌کانی به‌ڕاشکاویی و بوێریه‌وه له به‌رامبه‌ر ته‌وژمی نه‌یاران و ناحه‌زان وه‌ستاونه‌وه و نه‌یانهێشتوه سیاسه‌تی نه‌هی کردن و قه‌ده‌غه‌کردنی زمانی کوردی ئاسه‌واری کاریگه‌ر و قوڵ دابنێ له نێو نه‌ته‌وه‌که‌ماندا.
ئاشکرایە له کوردستانی ئێران گه‌لی ئێمه به‌به‌رده‌وامی ڕوبه‌ڕوی سیاسه‌تی نه‌هی کردن و گرنگی نه‌دان به زمانی کوردی ده‌بێته‌وه‌و ڕێژیمی ئاخوندی له‌ڕێگه‌ی درێژه پێدانی سیاسه‌تی جیاوازی‌دانان و ڕه‌گه‌زپه‌رستانه‌ی هەوڵ بۆ سهپاندندنی زمانی تایبەت بە نەتەوەی باڵاده‌ست دهدهداو به‌رپه‌رچی به‌هاو مافه‌کانی زمانی دایکی باقی نه‌ته‌وه‌کانی ناو جوغرافیایی ئێران دەکات و هه‌موو چه‌شنه پلان و سیاسه‌تێک بۆ لاوازکردن و ئاسیمیله‌کردنی زمانی ئه‌و نه‌ته‌وانه به‌کاردێنێ. ڕێگه نه‌دان به خوێندن به‌زمانی زگماکی له خوێندنگا‌و زانستگاکان،ڕێگەگرتن له چاپ‌و بڵاوکردنه‌وه‌ی گۆڤار‌و ڕۆژنامه‌کان به زمانی دایکی له ناوچه کورد‌و تورک‌و به‌لووچ و عه‌ره‌ب و تورکه‌مه‌ن نشینه‌کان، دروستکردنی کۆسپ‌و ته‌گه‌ره له‌سه‌ر ناوه‌نده فێرکارییه‌کانی تایبه‌تی زمانی دایکیی نه‌ته‌وه‌کان، بێ حورمه‌تی و په‌ره‌پێدانی قسه‌وقسه‌ڵۆک بۆ سووککردنی زمانی نه‌ته‌وه‌کانی ئێران و ده‌یان سیاسه‌تی دزێوی دیکه،بەشێکن له‌و پلانانە که ڕێژیمی دەسەلاتدار بۆ نه‌هێشتنی زمانی نه‌ته‌وه‌کانی ئێران ڕه‌چاوی ده‌کات. وشیاری و دڵسۆزی گه‌لی ئێمه له‌هه‌مبه‌ر پاراستن وگرینگی دان به زمان و زاراوه‌کان، ڕۆژ به‌ڕۆژ پلانی دوژمنان لاواز ده‌کا و ناهێڵێ قەدەغەکردنی زمان و کلتورو هەوڵەکان بۆ لەباربردنی مافه نهتهواتهتیهکانمان سه‌رکه‌وتن به‌ده‌ست بێنێ.بێگومان ڕۆژ له‌دوای ڕۆژ ئه‌رکه نیشتمنیەکان له‌سه‌ر شانمان زیاتر ده‌بێ و پێویسته جەماوەری کوردستان به‌وشیاریه‌وه له به‌رامبه‌ر پلانی دوژمنان دا ڕاوه‌ستن و درێژە بە تێکۆشان تا گەیشتن بە ئامانجەکان بدەن.
لە هەلومەرجێکدا کە خۆێندن بە زمانی کوردی لە قوتابخانەو ناوەندەکانی خۆێندن رێگەی پێنەدراوە، بەلام مامۆستایانی کوردستان به‌رده‌وام له‌خه‌بات دابوون بۆ پاراستن و گه‌شه‌کردن و فێربوونی زمانی کوردیی و شۆڕشگێڕانه تێکۆشاون و ئه‌رکی نیشتمانیی خۆیان به جێ گه‌یاندوه.هەر بۆیە مامۆستایان جێگه‌ی ڕێز و ته‌قدیرن و خه‌بات و تێکۆشانیان به‌رز ده‌نرخێنین. لەم هەلومەرجەدا داواکارین مامۆستایان له‌م خه‌باته‌یاندا زیاتر به‌رده‌وام بن و ناوه‌ند و قوتابخانه‌کان بکه‌نه کانگایی فکری نه‌ته‌وه‌یی و زامنکردنی زمان و کلتور و به‌هاکانی تری نه‌ته‌وه‌یمان. ئه‌وه‌ش باشترین و پڕ به‌هاترین به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی پلانه چه‌په‌ڵه‌کانی ڕێژیمی ئاخوندیه له‌هه‌مبه‌ر سیاسه‌تی نه‌هی کردن و سڕینه‌وه‌ی زمان و کلتوره جیاوازه‌کانی تر له ئێران‌دا. لە وەها هەلومەرجێکدا کە هەرەشە لە سەر زمان و نوسینی کوردیی لە پەرەستاندندایە،هه‌ر تاکێکی ئێمه له کۆمه‌ڵگادا به‌رپرسیاری ده‌که‌وێته سه‌ر شان و پێویسته له پاراستن و گه‌شه‌کردنی زمانی دیاکی دا ڕۆڵی هه‌بێ. گه‌لی کورد‌و بزوتنه‌وه سیاسیه‌که‌ی به‌شێوه‌یه‌کی وشیار و ژیرانه خه‌بات دەکا له پێناو به‌رزڕاگرتنی زمانی کوردی وه‌ک یه‌کێک له پایه گرنگه‌کانی پێناسه‌ی نه‌ته‌وه‌یی و دژی ئه‌و دوژمنه ڕه‌گه‌زپه‌رست و داگیرکارانه ده‌وه‌ستنه‌وه که به‌رده‌وامی به سیاسه‌تی نه‌هی کردن و له‌ناوبردن و سڕینه‌وه‌ی ناسنامه‌ی نه‌ته‌وایه‌تی کورد‌و زمانه‌که‌ی ده‌ده‌ن. به‌خۆشحاڵیه‌وه جیهان و کۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی و په‌یمانامه نێونه‌ته‌وه‌ییه‌کان، له‌سه‌ر پرسی زمان و به‌گرینگی ناسینی زمانی دایک هه‌وڵی کارا ده‌ده‌ن و چیدی وه‌کو جاران له‌سه‌ر سه‌رکوتکردن و هه‌وڵی سڕینه و یاخود له‌ناوبردنی زمانی زگماکی گه‌لان بێده‌نگی هه‌ڵنابژێرن. سازمانی خه‌باتی کوردستانی ئێران ڕۆژی ٢١ی فێبریه، ڕۆژی زمانی دایک به‌رز ڕاده‌گرێ و پشتیوانی ته‌واوی خۆی له خه‌بات و تێکۆشانی سیاسی و مه‌ده‌نیانه‌ی چالاکان و هه‌ڵسوڕاوانی نێوخۆ ده‌کا و خوازیاری ته‌بایی و خه‌باتی هاوبه‌شه له نێوان هه‌موو گه‌لانی ئێران و ناوچه‌که‌دا. سازمانی خه‌بات هه‌ر وه‌ک هه‌میشه داکۆیکاری ماف و ئازادیه‌کانی کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکی کوردستانه و پارێزه‌ی به‌هاو بنه‌ما سه‌ره‌کیه‌کانی نه‌ته‌وه‌یی و شۆرشی ڕەوا بۆ ڕوخانی رژیمی ئاخوندی لە ئێرانە. سه‌رکه‌وێ خه‌باتی حه‌قخوازانه‌ی گه‌لی کورد.
بڕوخی ڕژیمی ئاخوندی پێشکه‌وێ زمانی ڕه‌سه‌نی کوردیی
کومیته‌ی ناوه‌ندی سازمانی خه‌باتی کوردستانی ئێران.
20ی فێوریەی 2019 زایینی