شیلان محەممەدی
ژن وەک توێژێکی گرنگی کۆمەڵگا، هەمیشە و بەشێوەیەکی بەرفراوان بۆتە بابەتی قسەو شیکردنەوەکان و بابەتی رۆژ.
ئەم چینە زیاتر لە هەر پێکهاتەیەکی تری کۆم
شیلان محەممەدی
ژن وەک توێژێکی گرنگی کۆمەڵگا، هەمیشە و بەشێوەیەکی بەرفراوان بۆتە بابەتی قسەو شیکردنەوەکان و بابەتی رۆژ.
ئەم چینە زیاتر لە هەر پێکهاتەیەکی تری کۆمەڵگاکان هەم تەوەری باسەکانەو هەمیش زۆرترین و گەورەترین بەشی بەرکەوتووە لە بێ مافیەکان و سەرکووت و جیاوازیی و بێعەداڵەتیەکان.
ژن کە هاوشانی رەگەزی پیاو لەناو هەر کۆمەڵگاو خێزانێکدا دەورو نەخشی هەبووە، هاوتای پیاو توانیویەتی هەڵگری باری قورسی ژیان و گوزەران و نەهامەتیەکان بێ و بگرە زۆرکات زیاتریش لە پیاو، بەڵام بەداخەوە هەمیشە وەک پلە دوو و بگرە وەک کۆیلەو ئامراز و کاڵا سەیری کراوە. بەڵگە مێژووییەکان سەلماندویانە کە ژن وەک پیاو تەنانەت زیاتریش لە پیاو داهێنەرو دەست رەنگین و لێهات و بوون و بەرهەمی دەست رەنگینی ئەوان ئێستا بۆتە جێگەی بارەقەڵڵای پیاوان.
باسکردن لەسەر توانا و کەسایەتی ژن بە چەند دێرێک خۆلاسە ناکرێتەوە و باسێکی زۆر هەڵدەگرێ، مەبەست لێرەدا ئاماژەکردنە بەوەی کە ژن کەمتر نیە لە پیاو بەڵام تا ئێستاش رۆژانە شاهێدی کارەسات و دیاردەی دڵتەزێن دەبین کە لە بەرانبەر ژناندا پێرەو دەکرێ، دەرد و کێشەو گرفتەکانی ژنان نەبڕاوەیەو بەپێی کۆمەڵگاو یاساکانی وڵاتان و بەشێوازی جیاواز ژنان لەگەڵ ئەو نەهامەتیانە دەست و پەنجە نەرم دەکەن.
لە کوردستانی ئێران کە دەسەڵاتی ئاخوندانی تینوو بە خوێنی تاکەکانی ئەو وڵاتە ماوەی چوار دەیەیە حوکمی نا مەشروع و نایاسایی خۆیان بەرێوەدەبەن، هەرچی نەهامەتی و کارەساتە رۆژانە بەرۆکی ژنان دەگرێ و ژیانی ئەو چینە بۆتە دۆزەح و مەرگەسات.
ژن لەو وڵاتەدا بەحوکمی ئەوەی کە نە لە یاساکانی وڵاتدا و نە لە ناو کۆمەڵگا و خێزانەکانی خۆیاندا هیچ دەرەتان و مافێکیان بۆ لەنەزەر نەگیراوە و تەنانەت بۆ گەیشتن بە کەمترین ماف و ئەنجامدانی کارو چالاکیەک، لەبەر ئەوەی حەقیان پێ نادرێ و هیچ شتێکیان بۆ لەنەزەر ناگیرێ، لە ئاکامدا یان دەبێ توانا و ویستەکانیان لەناو خۆیاندا و لەناو چوارچێوەی ئەو زیندانەی تێیدا دەژین کپ کەنەوە و یان پەنا بەرنە بەر خۆکوشتن.
لەئێستادا خۆ کوشتن و کوشتنی ژنان لە کوردستان و ئێران بەگشتی بوونەتە دوو دیاردەی ترسناک و بەرۆکی ژنانی گرتووە و بۆتە مۆتەکە بۆیان، رۆژ نیە کە شاهێد و گوێبیستی هەواڵی خۆکوشتن یان کوشتنی ژنێک یان کچێک لەملاو لەولای ئەو وڵاتە نەبین.
کوشتنی ژنان بەبیانوی ناموس پارێزی لەم دواییانەدا بەشێوەیەکی بەرفراوان تەشەنەی کردووە و رۆژ نیە ژنێک بەو تاوانە لەلایەن خێزانەکەی و باوک یان براو مێردەکەیەوە رووبەرووی مەرگ نەکرێتەوە.
نێوی هێندێک لەو ژنانەی کە لەم ماوەیەدا لەلایەن مێرد یان خانەوادەکانیانەوە کوژراون بریتیە لە:
لەیلا حوسێن پەناهی، کە لەلایەن مێردەکەیەوە بەهۆکارێکی نادیار کوژراوە.
لیدا ئەحمەد زادە، لەلایەن باوکیەوە کوژراوە بەتاوانی هەبوونی پێوەندی خۆشەویستی.
هۆزان خاهشی، لەلایەن باوکیەوە کوژراوە بەتاوانی بوونی پێوەندی خۆشەویستی.
خۆکوژی ژنان: هەروەک باسم کرد ژن لە کوردستان و ئێراندا بە چەندین هۆکار و لە هەموو لایەکەوە دەچەوسێندرێنەوە و لەگەڵ بێ مافی رووبەروون، هاوکات باری دارایی و دۆخی خراپی خێزانەکانیش یەکێکی دیکە لە هۆکارەکانی پەنابردنی ژنانە بۆ خۆکوژی، لەماوەی ئەم چەند مانگەی دوایەدا بەهەمان شێوە شاهێد و گوێبیستی خۆکوژی دەیان ژن بووین کە هەریەکەیان بە هۆکارێک پەنایان بردۆتە بەر خۆکوشتن بە شێوازێک لە شێوازەکان.
ئەمانەو چەندەها نەهامەتی دیکە لەلایەن دەسەڵات و کۆمەڵگەی پیاوسالاری کراونەتە دیاری بۆ ژنان لەو وڵاتەدا و نەبوونی یاسایەک یان چارەسەرێکیش بۆ ئەو دۆخە تەماویەی ژنان هێندەی تر دۆخەکەی دووچاری وێرانی کردۆتەوە.
بۆیە ئەمەش پێویستی بە هەوڵ و خەبات و ماندووبوونێکی زۆر زیاترە و پێویستە بەشێوەیەکی گشتگیرانەتر و بەرفراوانتر، لەلایەن کەسانی چالاک و دامەزراوە مەدەنیەکانی بواری ژنان کار بکرێ بۆ بنەبرکردن و کەمکردنەوەی نەهامەتیەکانی ژن.
رۆژی 8ی مارس کە ئەویش دەسکەوتی قوربانیدانی ژنە و بە هەوڵ و تێکۆشانی ژنان خۆیان تۆماریان کردووە، بەتەنیا وەڵامدەری ماف و ویستەکان و کەمکردنەوەی نەهامەتیەکانی ژنان نیە، دۆخی تەماوی ژنان بەتایبەتی لە ئێران و کوردستان پێویستی بە دەیان و سەدانی وەک کلارا زتکین و خوشکانی میراباڵ و فەریناز و ..... هەیە.
سەرکەوێ خەباتی ماف خوازانەی ژنان لە کوردستان و ئێران و باقی وڵاتانی دیکە.