خاتوونە بەڕێزەکانی کوردستان!
دۆستان ویەکسانی خوازانی جیهان !
خاتوونە بەڕێزەکانی کوردستان!
دۆستان ویەکسانی خوازانی جیهان !
پیرۆزبێ 8ی مارس لە ئافرەتان و کچانی ماف ویست و تێکۆشەر..
رۆژی 8ی مارس، رۆژی بەرخودان و تێکۆشانی ژنانی ئازادی خوازە لەبەرانبەر هەموو بێ مافی و ناعەداڵەتیەکانی سیستەمە دیکتاتۆری و یاسا و کلتوورە دژە ژن و نامرۆڤانەکان.
رۆژی هەوڵدانە بۆ سڕینەوەی ناعەداڵەتی و هەڵاواردنە رەگەزایەتیەکانی چینی ئافرەتان.
ئەم رۆژە بەرهەمی خەبات و قوربانیدانی ژنانی ئازاو چاونەترسی کارگەی رستن و چنینی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکایە کە ئەمڕۆکە بۆتە هێمایەک بۆ خەباتی ژنان و ساڵانەو لەم ڕۆژەدا، چالاکان و داکۆکی کارانی بوارەکانی ژنان و دامەزراوەو رێکخراوە مەدەنیەکانی پێوەندیدار بە بوارەکانی ژنان بە شێوازی جۆراو جۆر تەعبیر لە نەهامەتی و بێ مافیەکانی ژنان دەکەن.
بەڵام لەگەڵ هەموو هەوڵ و چالاکیەکانی ژنان و تێکۆشەرانی ئەو بوارە، تا ئێستاش ژنان لەزۆربەی کۆمەڵگاکاندا لەگەڵ بێ مافی و چەوساندنەوە دەست و پەنجە نەرم دەکەن.
لەکوردستانی ژێر دەسەڵاتی ئاخوندان، ژنان بە چەندین قات زیاتر لەژنانی دیکە لەگەڵ نەهامەتی و چەوساندنەوە بەرەوڕوون. بەگشتی و بەتایبەتییش لە کوردستاندا لەهەموو رەهەندەکانی ژیان و گوزەران و بەرێوەبەریدا خراپترین یاساو بەرنامەیان لەڕاست پەیرەو دەکرێ و بوونی دوو فاکتی دەسەڵاتی دیکتاتۆرو یاساکانی دژە ژن لە وڵاتدا و هەروەها بوونی کلتووری پیاوسالاری لەناو کۆمەڵگا و خێزانەکاندا تەنگی بە ژنانی کورد هەڵچنیوە.
بوونی ئەو دۆخە خەماوەییە وایکردووە کە رۆژانە شاهێدی دیاردە و رووداوی دڵتەزێن ببین . کارەساتی دڵ هەژێن بەرۆکی ئەم چینەی گرتووە، بەداخەوە رۆژانە گوێبیستی رووداوی کوشتن و خۆکوژی ژنان دەبین لە کوردستان و ئێران بەگشتی.
هیچ یاساو بەرنامەیەک بۆ رێگری کردن لە خولانەوە لەو بازنە ناعادیلانەیە بوونی نیە و بە کردەوە نیزام و یاسا و کۆمەڵگا لەڕاستای رێگەخۆشکردن بۆ بەردەوامی ئەو رەوتە هەنگاو دەنێن..
ئافرەتانی تێکۆشەر!
بێگومان لەگەڵ بەرەوپێشچوونی شارستانیەت و مرۆڤایەتی، و کاریگەری و شوێندانانی هەوڵ و تێکۆشانەکانی ژنان و هەروەها پیاوانی بەرابەری خواز لە زۆرێک لە وڵاتان و کۆمەڵگاکاندا، شاراوە نییە هەوڵ و ماندووبونی زیاتر پێویستە تا بتوانرێ چینی گرینگی ژن بەتەواوی لەژێر هەیمەنەی نیزامی سەقەتی پیاوسالار و دەسەڵاتی رژیمە دیکتاتۆرەکان رزگار کرێ وهاووکات کاری زۆری دەوێ بۆ ئەوەی کە رۆژانە لەجیاتی گوێبیست و شاهێدی کوشتنی ژنان بە بەهانەی ناموس پارێزی، رێزیان لێ بگیرێ و بکرێنە سومبوڵی ئاشتی و پێکەوە ژیان و رەمزی جوانی...
ئەمەش پێویستی بە هیممەت و خەباتێکی گشتگیرترە لە ناو خێزانەکانەوە هەتا ناوەند و کۆمەڵگاکان، لەپێناو هەرچی زیاتر کەمکردنەوەی ستەم و ناعەداڵەتی و بێمافیەکان کە بەرانبەر ژنان پێرەو دەکرێ.
بەدروشمی بەڵێ بۆ کۆمەڵگایەکی مرۆڤ سالار، درێژە بە خەباتمان ئەدەین.
رێکخراوی ئافرەتانی خەباتی کوردستانی ئێران
6ی مارسی 2019