ئافرەتانی ماف خوازو نیشتمان پەروەر
هۆگرانی رێگەی ئازادی
بە بۆنەی 8 ی مارس پیرۆزبایی لە هەموو ئافرەتانی ستەملێکراو دەکەم کە لەلایەن دەسەلات و حکومەتی ستەمگ
ئافرەتانی ماف خوازو نیشتمان پەروەر
هۆگرانی رێگەی ئازادی
بە بۆنەی 8 ی مارس پیرۆزبایی لە هەموو ئافرەتانی ستەملێکراو دەکەم کە لەلایەن دەسەلات و حکومەتی ستەمگەروپیاوانی بێ بەراوردو دواکەوتوو دەچەوسێنەوە. هەروەها جێگەی خۆیەتی پیرۆزبایی لەهەموو ئەو پیاوە خاوەن هەڵویست وبە هەستانە بکەم کە هاوشانی ئافرەتان لە پێناو گەیشتن بە ئازادیی ئافرەتان و ئامانجەکانیان هاوشانی ئافرەتان تێ دەکۆشن ولە هەوڵدان کۆمەڵگای ئینسانی ئارام و ئاسودەبێ و هەموو تاکێک هەست بە بوونی خۆی و مافەکانی دابین بکرێن.
هەر بەبۆنەی 8ی مارس پیرۆزبایی گەرم بەئافرەتانی تێکۆشەر لە ریزەکانی سازمانی خەبات وئافرەتانی ریزی جوڵانەوەی ئازادیخوازی کوردستان و ئێران پێشکەش دەکەم و هومێدوارم لەکاروچالاکیەکانیان لە پێناو گەیشتن بە ئامانجەکانیان بەردەوام بن.
ئاشکرایە سازمانی خەبات هەر لە سەرەتای کاروتێکۆشانیدا گرینگی بە دەوری ئافرەتان لە ریزەکانی داوە، بە تایبەت لە کۆنگرەی سێهەمیدا هەم بە پەسەندکردنی چەندین خاڵ لە پەیرەوپڕۆگرامی سازماندا و هەروەها بە کردەوەو پراکتیک وای کردوە کە ئافرەتان لە ریزەکانی سازمانی خەبات دەوری سەرەکی لە بەرپرسایەتیەکاندا بگێڕن. تەنانەت لە کۆنگرەی شەشەمی سازمانی خەبات داوای ئەوەم کرد کە کومیتەێکی 3 کەسی هەلبژێردرێ بۆ بەڕێوەبەریی و بەرپرسایەتی گشتی سازمان کە دوو کەسیان ئافرەت بن.
سیاسەت و بەرنامەی سازمانی خەبات تەنیا لە چوارچێوەی دروشمدا نیە، ئەگەر چاوێک بە رابردوو وە ئێستایدا بخشێندرێ بە باشی ئەو راستیە دەردەکەوێ کە چەندە گۆرانکاری ئەرێنی تێدا هاتۆتە دیی و دەوری ئافرەتان بایەخی پێدراوە. دیارە من ئەو شانازیەم هەیە کە لە ماوەی بەرپرسایەتیم لە چەندین ساڵی رابردودا هەوڵمداوە ئافرەتان لە سازمانی خەبات لە بە بەرزترین پلەکانی بەرپرسایەتی و تەشکیلاتیدا بن و هەمیشە هانم داون کە دەبێ بۆ بەرەو پێش بردنی جێگەو پێگەو دەوری ئافرەتان لە سازمان و لە جوڵانەوەی مافخوازانەی کوردستان هیچ بەربەستێک رێگریان لێ نەکا.
یەکێک لە ئامانج و ویستەکانم وەک بەرپرسێکی سازمانی خەبات کۆتایی هاتن بە ستەم و بێدادی بەرانبەر ئافرەتان و منداڵانەو هەمووکات هەوڵدەدەم بە پێی توانا بۆ کۆتایی هاتن بە ستەم و بێدادی کاربکەم و لە سازمانی خەباتیشدا ئەو بنەما بنەڕەتیانە پەیڕەو بکرێن ولانی زۆری مافە بنچینەییەکانی مافی بەرانبەرو مافی مرۆڤ کاری پێ بکرێ.
ئافرەتانی رەنج دیتووی کوردستان و ئێران
تێکۆشەرانی رێگەی ئازادیی
لە هەلومەرجێکدا 8 ی مارس بەرز رادەگرین کە ستەم و جینایەتی حکومەتی ئاخوندی بەرانبەر ئافرەتان بە تایبەت و تێکڕای چین و تۆێژەکانی کۆمەڵگا لە زیادبووندایەو، ئەو حکومەتە نەزان و گەندەڵە هاوکات لە گەڵ پەیڕەو کردنی سیاسەتی سەرکوت و چەوسانەوەی ئافرەتان هەلومەرجێکی ئەوتۆی هێناوەتە ئاراوە کە ژیانی ئاسایی بۆ هیچ تاکێک دەستەبەر نابێ، و بە تایبەت ئافرەتان زیانباری سەرەکی ئەو هەلومەرجە نالەبارەن کە لە ئێراندا بوونی هەیە. بۆ کۆتایی هاتنی ئەو دۆخە نالەبارە پێویستە ئافرەتان بە شێوەێکی چالاکانەتر لە پێناو ئازادیی خۆیان و کۆمەڵگا و بە ئامانجی روخانی حکومەتی ئیستبدادی ئاخوندی تێ بکۆشن کە بە روخانی ئەو دەسەڵاتە دیکتاتۆرو دژی ژنەی کە سەرکوت و چەوسانەوەی ئافرەتانی کردۆتە قانوون و یاسا، کۆتایی بە بەشێکی سەرەکی لە سەرکوت و جینایەتەکان بەرانبەر ژنان دێ.
بەو هومێدەی بە خەبات و تێکۆشانی یەکگرتوانەی تێکڕای چین و توێژەکان، ستەم لە سەر تێکرای دانیشتوانی ئێران و ئافرەتان بە تایبەت کۆتایی پێ بێ.
جارێکی دیکە پیرۆز بێ 8ی مارس رۆژی ئافرەتانی جیهان لە تێکرای ئافرەتانی کوردستان، ئێران و جیهان و بە تایبەت ئافرەتانی تێکۆشەر لە ریزەکانی سازمانی خەبات ی کوردستانی ئێران.
سازمانی خەبات ی کوردستانی ئێران
سکرتێری گشتی
بابەشێخ حوسەینی
7ی مارس 2019 زایینی