رۆژی هەینی 17ی رەشەممەی 1397، رێکخراوی ئافرەتانی خەبات مەراسمی 8 ی مارسی بەڕێوە برد. رێ و رەسمەکە بە ئامادەبوونی سکرتێری گشتی و بەشێک لە ئەندامانی سەرکردایەتی
رۆژی هەینی 17ی رەشەممەی 1397، رێکخراوی ئافرەتانی خەبات مەراسمی 8 ی مارسی بەڕێوە برد. رێ و رەسمەکە بە ئامادەبوونی سکرتێری گشتی و بەشێک لە ئەندامانی سەرکردایەتی و کادرو پێشمەرگەکان بەرێوە چوو.
سەرەتای رێ و رەسمەکە بە دەقەیەک وێستان بۆ رێزگرتن لە رۆحی پاکی شەهیدان دەستی پێکرد، دواتر بەڕێز کاک بابەشێخ حسێنی سکرتێری گشتی سازمان بەو بۆنەوە پەیامێکی پێشکەش کرد .
بەرێز سکرتێری گشتی لە پەیامەکەی دا تیشکی خستە سەر دەورو نەخش و گرینگی ئافرەتان لەناو ریزەکانی سازمان و هەروەها لە ئۆرگانەکانی بەرێوەبەریدا، و پشتیوانی و هەوڵەکانی سازمان بۆ زیاتر هێنانە مەیدانی ئافرەتان و پاراستنی مافەکانیان. هەروەها لە بەشێکی دیکەی ووتەکانی دا باسی لە پاراستنی مافەکانی ئافرەتان لەناو ریزی شۆڕش بە یەکێک لە ئەرکەکانی شۆڕشگێڕان زانی.
دواتر پەیامی رێکخراوی ئافرەتان لەلایەن خاتوو شیلان محەممەدی ئەندامی دەستەی بەرێوەبەری رێکخراو خوێندرایەوە. لە بەشێکی پەیامەکەدا باسی لە گرنگی 8 ی مارس کرد، ئەو بۆنەیەی بە هەلێک زانی بۆ خەبات دژی هەڵاواردن و کردەوە دژە ئافرەت و نامرۆڤەکان.
پەیامی رێکخراوی لاوانی خەباتیش لەلایەن کاک عەتا بادبەرینەوە خوێندرایەوە.
لەگەڵ پێشکەشکردنی چەندین پارچە شێعر و گۆرانی لەلایەن کۆری هونەریەوە، دوا بڕگەی مەراسیمەکە تەرخان کرا بە نمایشکردنی کەل و پەلی کوردەواری و هێندێک خواردنی کوردەواری کە لەلایەن پۆلێک لە ئەندامانی رێکخراوی ئافرەتانی خەبات ی کوردستانەوە ئامادەکرابوو.