رۆژی چوارشەممە رێکەوتی 29ی رەشەممەی 1397 لە بنکەی ناوەندی سازمانی خەبات لە شارۆچکەی رزگاری سەر بە پارێزگای هەوڵێر، رێورەسم و جێژنی نەورۆز بە ئامادەبوونی سکرتیر
رۆژی چوارشەممە رێکەوتی 29ی رەشەممەی 1397 لە بنکەی ناوەندی سازمانی خەبات لە شارۆچکەی رزگاری سەر بە پارێزگای هەوڵێر، رێورەسم و جێژنی نەورۆز بە ئامادەبوونی سکرتیری گشتی و بەشێک لە ئەندامانی رێبەرایەتی و هێزی پێشمەرگەو ژمارەێک لە خانەوادەی پێشمەرگەو ئەندامانی سازمانی خەبات بەرێوە چوو.
سەرەتای رێورەسمەکە بە دەقەیەک بێدەنگی بۆ رێزگرتن لە رۆحی پاکی شەهیدان دەستی پێکرد،پاشان بەڕێز کاک بابەشێخ حسێنی سکرتێری گشتی سازمانی خەبات ی کوردستانی ئێران پەیامی خۆی پێشکەش کرد. بەرێز سکرتێری گشتی لە پەیامەکەیدا وێرای ئاماژە بە یادی نەورۆز وەک هێماێکی نەتەوەیی و کردنی بە رۆژی خۆراگری لە بەرانبەر ستەمگەرییەکانی حکوومەتە دیکتاتۆرییەکان، باسی دۆخی هەستیاری ناوخۆی ئێران و کوردستانی ئێرانی کرد و هەل و مەرجی ئێستای خەباتی گەلەکەمان بە تایبەتی بە گرینگ زانی، کە تێیدا ئەرک و بەرپرسیارەتیەکان لە ئێستادا زۆر زیاتربووە . بەرێز کاک بابەشێخ حسێنی لە درێژەی قسەکانی دا سازمانی خەبات ی کوردستانی وەک تەشکیلاتێکی شەفاف و بەرپرسیار کە لە حەقیقەتدا دەتوانێ پێشەنگایەتی جوڵانەوەی رزگاریخوازانە بکات بەو ئوسول و بنەما سەرەکییە شۆڕشگێرانەی تا هەنووکە پەیرەوی کردووە و باجی قورسی لەسەر پاراستنی ئەو پێوەر و بنەماو بایەخانە داوە، بە حەقیقەت وەک حیزب و رێکخراوێکی پێشەنگ و خاوەن پرەنسیپ دەرکەوتووە کە توانایی وەڵامدانەوەی هەل و مەرجە هەستیارەکانی هەیە. بەرێزیان لەو بۆنە پیرۆزە دا لەسەر پاراستنی ئەو بنەما و ئوسوڵانە لەداهاتوو پێداگری کردەوە.
لەپاش پەیامی بەرێز کاک بابەشێخ حسێنی سکرتێری گشتی سازمانی خەبات، پەیامی هاوبەشی رێکخراوەکانی ئافرەتان و لاوانی خەبات لە لایەن بەرێز کاک فوئاد جەعفەری بەرپرسی یەکەمی رێکخراوی لاوان و ئەندامی کومیتەی ناوەندی سازمانی خەبات پێش کەش کرا. لەدوای ئەو پەیامە گۆرانیەک لە لایەن کۆری هونەریی سازمانی خەبات پێش کەش کرا و دوابەدوای ئەوەش کۆری هەلپەرکێ بەچەندین جۆری هەلپەرکێی کوردەواری بۆنەکەیان رازاندەوە.
دوا بڕگەی رێورەسمەکە کردنەوەی ئاگری نەورۆز لە لایەن منداڵە چاوگەشەکانی سازمانی خەبات کرایەوە، و بە خواردنی شیرینی و حەلوا و هەلپەرکێ بۆنەکە تا درەنگانێکی شەو درێژەی کێشا.