سەرلەبەیانی رۆژی هەینی 2ی خاکەلێوەی 98، لەدانیشتنی شۆرای مافی مرۆڤی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان لەپێوەند بە پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە ئێراندا و نوێکردنەوەی مەئمو
سەرلەبەیانی رۆژی هەینی 2ی خاکەلێوەی 98، لەدانیشتنی شۆرای مافی مرۆڤی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان لەپێوەند بە پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە ئێراندا و نوێکردنەوەی مەئموریەتی یەک ساڵەی راپۆرتدەری تایبەتی بە 22 دەنگی ئەرێنی پەسەند کرا.
لەو بریارنامەیەدا بەتایبەتی باس لەوە کراوە کە ئەم شۆرایە بریاردەدات کە مەئموریەتی راپۆرتدەری تایبەتی بۆماوەی یەک ساڵ نوێ دەکاتەوەو داوا دەکات کە ئەو راپۆرتدەرە لەو ماوەیەدا راپۆرتێک ئامادە بکات و تەحویلی شۆرای مافی مرۆڤ و کۆمەڵەی گشتی بدات.
شۆرا لە رەشنووسی بریارنامەکەدا خوازیاری نوێ کردنەوەی ماوەی کاری راپۆرتدەری تایبەت و بارۆدۆخی مافی مرۆڤ لە ئێراندا بوو.
لەو رەشنووسەدا کە لەلایەن وڵاتانی: ئالبانی، ئوستراڵیا، ئوتریش، بلژیک، بولغارستان، کانادا، کرواسی، قوبرس، چیک، دانمارک، ئەستۆنی، فنلاند، فەرانسە، ئاڵمان، ئایسلەند، ئێرلەندا، ئیسرایل، ئیتاڵیا، لیتونی، لیختن، ئیشتاین، لتوانی، لوگزامبۆرگ، مالتا، موناکو، مونتە نگرو، هولەند، مەقدونیەی باشوری، نۆروێژ، لەهستان، پورتوگاڵ، کۆماری ملداوی، رۆمانی، ئیسلۆواکی، ئیسلووانی، ئیسپانیا، سوئێد، ئینگلستان، ئیرلەندای باشور، ەوە نوسراوە تێیدا هاتووە: بە پێشوازی کردن لە راپۆرت و راسپاردەکانی راپۆرتدەری تایبەتی، بارودۆخی مافی مرۆڤ لەپێوەند بە کاروباری ئێران دراوە بە شۆرای مافی مرۆڤ و بە دەربرینی نیگەرانی جیددی لەپێوەند بە گۆرانکارییەکان ئاماژەی پێکراوەو هەروەها رێگە نەدان بە راپۆرتدەری تایبەتی بۆ سەفەرکردن بۆ ئێران، ئەم شۆرایە بریار دەدات.
هەروەها شۆرا هۆشداری داوەتە رژیم کە هاوکاری تەواوەتی راپۆرتدەری تایبەتی بکات و رێگەی دەست راگەیشتنی تەواوەتی و سەردانیکردنی هەموو بەشەکانی ئەو وڵاتە بکات و هەموو زانیارییە گرینگەکان بۆ تەواوکردنی مەئموریەتەکەی بدات بە راپۆرتدەرە تایبەتەکە.
جێی بیرهێنانەوەیە جاوید رەحمان، راپۆرتدەری تایبەتی مافی مرۆڤی ئێران، رۆژی دووشەممە 20ی رەشەممەی 97، لە دانیشتنی شۆرای مافی مرۆڤ لە ژنو لەپێوەند بە بارودۆخی مافی مرۆڤ لە ئێراندا گووتی: لەئێستادا خەڵکی ئێران لەگەڵ کێشەی جۆرا و جۆر رووبەروون، زۆربەی خەڵکی نیگەرانیەکانیان لەرێگەی نارەزایەتی دەربرین، خۆپیشاندان، مانگرتنەکانەوە دەردەبرن.
هەروەها ناوبراو بە ئاماژەدان بە کێشەو گرفتەکانی چین و توێژەکانی ژێر ستەمی ئاخوندان گووتی: زۆربەی نیگەرانیەکانی ئەوان پێوەندیدارە بە زیادکردنی هەڵاوسان، هەل و مەرجی کار، مافی نەدراو ، ئیستانداردەکانی ژیان، دەست راگەیشتن بەکار، خۆراک و پێراگەیشتنی دەرمانی و ئاو. هەموو تاکەکانی کۆمەڵگا لە شۆفێری کامیۆنەوە بگرە تا مامۆستاو کرێکار لە سەرتاسەری وڵات دەستیان داوەتە نارەزایەتی دەربرین.....
بەهۆی زیادبوونی کێشەکان، نیگەرانیەکان لەپێوەند بە مافی مرۆڤ روو لە زیادبوونە بەتایبەت مافی ئازادی گردبونەوەو خۆپیشاندانی ئاشتیانە لە ئێراندا.
ناوبراو هەروەها لەپێوەند بە توندی سەرکووت و ترس و گرتنی چالاکانی مافی مرۆڤ لە ئێران گووتی: نمونەگەلێکی نیگەرانکەری ترس، گرتن، پێوشوێنی یاسایی و بەد رەفتاری لەگەڵ پارێزەرانی مافی مرۆڤ، وەکیلەکان، چالاکانی مافی کرێکاری، نیشاندەری دژکردەوەیەکی رووبەسەرەوەی تووندترە.
من داوا لە رژیم دەکەم کە ئەو کەسانەی بەهۆی بەکارهێنانی ئازادی بەیان، گردبونەوەی ئاشتیانە گیراون ئازاد بکرێن.
ناوبراو وتی: لەساڵی 2013 وە و لەکاتی گۆرینی مادەی 91 بۆ قانون، لانی کەم 21 منداڵ حوکمی ئێعدامیان بۆ دەرچووە، و لانی کەم 33 منداڵ ئێعدام کراون. بەپێی زانیاریە دەسکەوتووەکان 85 منداڵ لەئێستادا لەچاوەروانی ئێعدام کردندان. ساڵی رابردووش شەش منداڵ ئێعدام کران.
بەنەزەری من ئەم ئامارە نیشاندەری پەیامێکی روونە کە ناوەرۆکی مادەی 91ی یاسایی جەزایی بەس نیەو بەرێوەبردنی ئەو قانونە تەواو کاریگەر نەبووە. مەحکومکردنی منداڵان بە ئێعدام وشیارکەرەوەترینە.