لە فارسیەوە: ئارەزوو بەهرامی
لە روانگەی ئاخوند عەلەملهودا نوێنەری خامنەیی لە مەشەد، ماڵی خەڵک خوارد و دزی و راو روت لە بێ حیجابی و نەپۆشینی سەرپۆش باشترە. ئەو ئاخوندە دواکەوتووە رۆژی هەینی 20ی خاکەلێوەی 1395 لە سەر لاپەرەی ئینستاگرامی خۆی لە وەڵامی ئەو پرسیارەی کە ماڵی خەڵک خواردن باشترە یان بێ حیجابی؟ گوتوویەتی: کەسێک کە ماڵی خەڵک دەخوا یان قسەی خراپ یان نەزەر دەکا گوناهێکی کردوە کە تەنیا خۆی بە لارێدا دەبا، بەڵام بێ حیجابی گوناهێکە کە دەبێتە هۆی ئەوەی شەیتان خەڵکی پێ تووش بکا. ئەو ژن و کچانەی کە خودا و قورئان و میعادیان قەبووڵە بەڵام بێ حیجابن و ئارایش و موەکانی خۆیان پەرێشان دەکەن و لە بەردەم پیاوی نامەحرەم دا دەردەکەون، لەگەڵ ئەوەی خۆیان تووشی گوناە بوون، بوونە هۆی ئەوەی لانی کەم 100 کەسی دیکەش کاری حەرام بکا، لەو بارە ئەو گوناحە گەورەترین گوناحەیە.
ئەوەش لە بۆچوونی ئەو ئاخوندانە کە خۆیان سەرچاوەی گوناح و ناشیرینی و دێزین. وونە کە بۆچی نوێنەری خامنەیی، سەرکوت و حیجابی زۆرە مڵێ بە هەموو شت پێ گرینگترە، یەکەم ئەوەی کە دژایەتی ژن بەرنامەی سیستەمی دواکەوتووی رژێمی ئێرانەو ئەگەر ئەو بەرنامەیان راگرن ئیتر لەو سیستەمەدا بەربەسەر بەردەوە نامێنێ. دووهەم ئەوەی کە دزی و خواردنی ماڵی خەڵک بنەمای کاری دەسەڵاتدارانی ئەو رژێمەیە، ئەگەر قەرار بێ دەسەڵاتدارانی ئەو رژێمە کار بۆ چارەسەری نان و بژێوی خەڵک بکەن و بەربە دزی و فزی و خواردنی ماڵی خەڵک بگیرێ، ئاخوندان کەسیان بەدەورەوە نامێنێ و رژێمەکەیان لەوە زیاتر ناتوانێ خۆی راگرێ.
هەر لەو روانگە سەرکوتگەرانەوەیە کە جیاکاری رەگەزیان گەیاندۆتە نێو قەتار و شوێنە گشتیەکان.
بە پێی هەواڵدەری حکومەتی ئیرنا، واگۆنی تایبەت بە ژنان لە قەتاری نێوان تاران مەشەد وەرێدەخرێ. واگۆنگەلێک کە ئەگەر سەندەڵیەکانیشی بە بەتاڵی بمێنێتەوە رێگە بە پیاوان نادرێ بەکاری بێنن.
کاربەدەستێکی حکومەتی لە ترسی ئەوەی ئەو پرۆژە نەبێتە هۆی تورەبوونی خەڵک ووتی: ئەو بەرنامەیە بۆ تاقیکردنەوە لە قەتارەکانی ناسراو بە (نور) دادەنرێ و مەبەست لێی دابین کردنی فەزایەکی ئارامە بۆ سەفەر کردن.
شایانی باسە کە رژێمی دژە ژنی ئاخوندی پێشتریش بەرنامەی جیاکاری رەگەزی لە شوێنە گشتیەکانی لە مێترۆی تارانەوە دەست پێ کرد و تیایدا چەند واگۆنێکی تایبەت کرد بە ژنان. بەڵام بەم بەرنامە دواکەوتوانە رژێم دەتوانێ دەردێک لە دەردەکانی دەرمان کا؟ وە دەتوانێ توورەیی ژنان و کۆمەڵگە کونترۆڵ بکا؟ وەڵامەکە روونە هەتا ئەو جۆرە بەرنامەی سەرکوتگەرانە و جیاکاریانەی رژێم زیاتر بێ، رق و تورەیی ژنانی ئێرانیش زیاتر دەبێ، وە وزەیەک پێک دێنێ کە هەر ئێستا رێژەیەک لە ژنانی پێشەنگ لە سەنگەری دژایەتی لەگەڵ ئەو رژێمەدان و بوونە داینامۆی جوڵاندنی بزوتنەوەی مافخوازانە و ئازادیخوازانە لە ئێران و کوردستاندا.