لە فارسیەوە: ئارەزوو بەهرامی
لە دوای چەندین ساڵ بێنەو بەردە لەسەر بەرنامەی ناوکەیی رژێم، سەپاندنی چەندین بریارنامەی نێودەوڵەتی دژ بە چالاکی ئەتۆمی و ئابڵۆقەکانی ئەمریکا و ئوروپا تەنگیان بە رژێم هەڵچنی. ئەگەر چی لە پێشدا زۆریان پێداگری لە سەر ئەو بەرنامانە و دانانی خەت و نیشانی جۆراوجۆر دەکرد بۆ نەچوونە ژێر باری سیاسەتەکانی رۆژئاوا و ئەمریکا. بەڵام فشارە ئابووریەکان هەموو رێگەکانی لە دەسەڵاتداران بەتایبەت وەلی فەقیە گرت و ناچار بە هەڵدانی جامی ژەهر، و پێملی سیاسەت و ویستەکانی ئەمریکا بوو.
رێکەوتن لە سەر بەرنامەی ناوکەیی ئەگەر چی لەلایەن رژێمەوە زۆری هەرا نایەوە و کەوتنە وەعد و بەڵێن دان بە خەڵک کە بە ئازادبوونی پارە راگیراوەکان هەلومەرج گۆڕانی بەسەردا دێ، بەڵام نەک ئەو بەڵێنانە نەبوونە کردار، بەڵکوو وەک زۆرێک لە چاودێران پێشبینیان دەکرد بە ئازادبوونی ئەو پووڵانە رژێم باشتر هەوڵی دەستێوەردان لە ناوچەکە و هەوڵی پەرەپێدانی کێشە لە وەڵاتانی جیران، وە بەگشتی ناوچەکە دەدات.
ئەو خەت و نیشان کێشانەی سەرانی رژێم لەبارەی چارەسەری وەزعی خراپ و ئاڵۆزی خەڵک زۆری نەبرد، کە رژێم لە 18ی رەشەممەی 1394، دەستی دایە تاقیکردنەوەی چەندین مووشەکی بالستیک کە لە سەر راگرتن و کارنەکردن لە سەر ئەو بەرنامەیە پێشتر بەڵێنی بە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دابوو. بۆیە بە تاقیکردنەوەی ئەو مووشەکانە، ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی هاتنەسەر خەت و ئەو هەنگاوەی رژێمیان بە پێشێلکردنی بریارنامەی 2231ی ئەنجومەنی ئاسایش لە قەڵەم دا.
وەڵاتی ئەمریکا، فەرانسە، ئینگلیس و ئاڵمان لەنامەیەکدا بۆ ئەنجومەنی ئاسایش داوایان کرد کە ئەو ئەنجومەنە سەبارەت بە تاقیکردنەوەی موشەکی 18ی رەشەممەی رژێمی ئێران کۆبێتەوەو لێکۆڵینەوەی لە بارەوە بکات. ئەو چوار لە نامەکەیاندا ئیشارەیان بەوە کردوە کە مووشەکە تاقیکراوەکان توانای هەڵگرتنی کڵاوەی ئەتۆمیان هەیە و ئەو هەنگاوەش پێشێلکردنی بڕیارنامەی ئەنجومەنی ئاسایشە.
چەند رۆژ دوای ئەو داوایە ئەنجومەنی ئاسایش کۆبوویەوە، بەرنامە و تاقیکردنەوەی مووشەکی ئەو رژێمەی خستەبەر باس و لێکۆڵینەوە. هاوکات ژمارەیەک لە ئەندامانی کۆنگرەی ئەمریکا، داوایەکیان خستە بەردەم کۆنگرە بۆ ئەوەی وەک سزادانێک ئابڵوقەی توند بە سەر رژێمدا بسەپێنن. ئەم هەنگاوانە بوونە سەرەتایەک بۆ بەرەوروو بوونەوەی رژێم لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیەوە.
هاوکات لەگەڵ ئەو هەنگاوانە بۆ رووبەروو بوونەوەی رژێم باراک ئوباماش ئابڵوقەکانی ئەمریکا دژ بە رژێمی بۆ ساڵێکی دیکە نوێ کردەوەو ووتی: لەگەڵ ئەوەی کە رژێمی ئێران لەگەڵ وەڵاتانی 5+1 رێکەوتووە بەڵام ئابڵوقەکانی ئەمریکا دژ بە بەرنامەی مووشەکی ئەو رژێمە وەکوو خۆی دەمێنێتەوە.
ئەگەر چیی بە رێکەوتنی ناوکەیی ئاخوند رۆحانی و حکومەتەکەی کەوتنە بەر هێرشی راگەیاندنەکانی سوپای پاسداران و هەر کام لە باڵی توندئاژۆی نزیک لە خامنەیی بە جۆرێک قامکی تۆمەتیان بۆ رۆحانی رادەکێشا. بەڵام لە دوای هەندێ قسەی رۆحانی وەک پشتبەستن بە وتووێژ بۆ چارەسەری کێشە ناوخۆیی و ناوچەیەکانی رژێم لەگەڵ کۆمەڵی نێودەوڵەتی. هەروەها پشتیوانی رەفسەنجانی لە رۆحانی بە ووتنی ئەوەی کە دونیای ئێستا دونیای مووشەک نیە و دونیای وتووێژە، کێشەی نێو باڵەکانی رژێم چووە قۆناغێکی نوێ.
ئاخوند خامنەیی بەشێوەیەکی کەم وێنە رەفەسنجانی لە سەر ئەو بۆچوونەی بە خائین تاوانبار کردو بەو قسانەی بەنزینی بە ئاگردا کرد. دوابەدوای خامنەییش موحسینی رەزایی ووتی ئەوانەی دەڵێن نابێ ئێران مووشەکی هەبێ ئیدعای دڵسۆزی بۆ خەڵک دەکەن، ئەوانە خەیانەتی ئاشکرا بە وەڵات دەکەن.
رەفسەنجانیش لە وەلامی ئەو قسانەدا 15ی خاکەلێوەی 95 ووتی: دەبێ قەدری ئەو خەڵکە بزانین. لە ماوەی چەند ساڵی رابردوو خەڵک دوو جار نیشانیان داوە کە چیان دەوێ.
هەرچەند رۆژی چوارشەممە 18ی خاکەلێوەی 95 خامنەیی بۆ دڵدانەوەی رۆحانی کەوتە تاریف و بەسەردا هەڵدانی حکومەتەکەی رۆحانی و چەندین جار داوای هاودڵی و یەکگوتاری و یەکیەتی بەرپرسانی رژێمی کرد. بەڵام حەسەنی رۆحانی هاتەپێش و هێرشی کردە سەر تاقمی خامنەیی و دانیە بەر تانەو تەشەر و لە قسەکانیدا پەردەی لەسەر رێکەوتنەکە لاداو ئەوەی روون کردەوە کە رێکەوتنی ناوکەیی هەرچیە کە هەمووی بە پرسی خامنەیی کراوە.
ناوبراو هەروەها گووتی: ئەو دەرفەتەی بەرجام بۆ ئێمەی خولقاندووە هەمیشەیی نیەو ئەگەر خودای نەکەردە، خودای نەکەردە ژمارەیەکی کەم سەرکەوتوو بن و رێگە نەدەن کەڵکی تەواو لەو دەرفەتە وەرگرین، هەلی وامان دەست ناکەوێتەوە.
یەکێکی دیکە لە نیشانەکانی دروست بوونی درز و فاسڵە لە نێوان باندەکانی دەسەڵاتداری رژێمی ئێران، قەرار وابوو رۆژی چوارشەممە 18ی خاکەلێوە خامنەیی دیدارێکی نەورۆزانە لەگەڵ سەرانی هەر سێ دەزگا (بەرێوەبەری، یاسادانان، دادوەری) ئەویش بە تێپەڕینی 18 رۆژە بەسەر جەژنی نەورۆزدا، بەڵام سەرانی ئەو سێ دەزگایە ئامادەی دیدارەکەی خامنەیی نەبوون. بە تەواوی روونە کە رۆحانی لە داخی قسەکانی پێشووتری خامنەیی تۆراوەو ئامادە نەبووە چاوپێکەوتن لەگەڵ ناوبراودا بکا. بەشداری نەکردنی بەرێوەرانی دوو دەزگاکەی دیکە بۆ پەردەپۆش کردنی توورەییەکەی رۆحانی بووە.
رژێمی ئێران بەو وەزعەی تێی کەوتووە، وەک خۆیان ئیشارەی پێ دەکەن یان دەبێ لە بەرامبەر کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا بوەستنەوە و درێژە بە بەرنامەکانیان بدەن. کە لەم بارەیدا خۆیان تاقیکردەوەو بەرگەی فشارە نێودەوڵەتیەکانیان نەگرت و ناچاربوون جامی ژەهر بنۆشن.
لە لایەکی دیکە هەر وەک جان کێری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە بەحرەین ووتی: پاشەکشەی رژێم بە رێکەوتنی ئەتۆمی ناوەستێ، ئەوەی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی دەیانەوەی ئەوەیە کە رژێم هەنگاو بە هەنگاو لە بەرنامەی دەستێوەردانی وەڵاتان و ناوچەکە و بەرنامەی مەترسیداری موشەکی بکشێتەوەو لە دوای ئەوانەش دەبێ گۆڕانکاری لە مەسەلەی مافی مرۆڤێشدا بکرێ. لەو بارەوە خامنەیی دەڵێ: داوامان لێ دەکەن دەست لە پشتیوانی گەلانی مەزڵومی ناوچەکە هەڵگرین، وە ئەگەر ئێمە وازلەوەش بێنین، دیسان ئەوان داوای دیکەی وەک وازهێنان لە بەرنامەی مووشەکی دێننە پێش و دەست هەڵناگرن تا دەگا بە گۆرانکاری بنەرەتی لە جمهوری ئیسلامیدا.
قسەی کۆتایی ئەوەیە کە رژێمی ئێران ئەگەر چی حەزی لە زیادەخوازی و پاوانخوازیە لە ناوچەکە و هەوڵی بەرنامەی موشەکی و... دەدا بەڵام لە بەرانبەر هەر فشارێکی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ مانەوە لە دەسەڵاتدا پاشەکشە دەکەن و هەنگاو بە هەنگاو پێملی داواو ویستەکانی رۆژئاوا دەبن.