پێنچ شه‌مه‌ 

1 سه‌رماوه‌ز2724
سازمانی خه‌بات ی
کوردستانی
ئێران
sazmanixebat

بڕیاری دەوڵەتی ئامریکا و گوزەرێک بە رابردووی سوپای پاسداران دا؟

بڕیاری دەوڵەتی ئامریکا و گوزەرێک بە رابردووی سوپای پاسداران دا؟

عەلی بەهرامی
بە پێچەوانەی چل ساڵی رابردوو، کەسێک لە کۆشکی سپی دەسەڵات بەرێوەدەبات کە دژ بە دەسەڵاتدارانی رژیمی ئێران هەڵوێستی زۆر توند و بەجێی هەیە، بۆ وێنە وێڕ

 

عەلی بەهرامی
بە پێچەوانەی چل ساڵی رابردوو، کەسێک لە کۆشکی سپی دەسەڵات بەرێوەدەبات کە دژ بە دەسەڵاتدارانی رژیمی ئێران هەڵوێستی زۆر توند و بەجێی هەیە، بۆ وێنە وێڕای نارەزایەتیەکی زۆر، لە رێکەوتن نامەی ناوکەیی کشایەوەو گەمارۆ ئابووریەکانی بە سەر رژیمدا سەپاند کە لە ئێستادا زۆر بە روونی کاریگەری ئەو هەنگاوانە لەسەر ئابووری ئێران دەبیندرێ . سەرۆکی ئامریکا و ستافەکەی بەوەوە نەوەستان و لە هەنگاوێکی دیکەداو لە رۆژی 8ی ئاوریلی 2019دا سوپای پاسدارانی رژیمی ئاخوندییان خستە لیستی تیرۆریستی وەڵاتەکەیانەوە. لێڕەدا وەک پێویستیەک تیشک دەخەینە سەر پێکهاتە و چالاکیەکانی ئەو سوپایە و کاریگەریەکانی ئەو بریارەی دەوڵەتی ئەمریکا بۆ سەر سوپای پاسداران و کۆی پێکهاتەی رژیمی دەسەڵاتدار لە ئێران.
سوپای پاسدارانی رژیمی ئێران بە رێکخراوێکی سەربازی پێناسە دەکرێ کە لە دوای بەدەسەڵات گەیشتنی ئاخوندان لە ساڵی 1357ی هەتاوی بە فەرمانی ئاخوند خومەینی دامەزرا. لە قانوونی بنەرەتی رژیمدا لەبارەی سوپای پاسدارانەوە هاتووە: سوپای پاسدارانی ئینقلابی ئیسلامی لە پاش سەرکەوتنی شۆرش پێکهات و بۆ درێژەدان بە ئەرکی پارێزگاری لە شۆرشی ئیسلامی و دەستکەوتەکانی وەک خۆی دەمێنێتەوە.
وەک ئەوەی کە لە قانوونی بنەڕەتی رژیمدا پێناسەکراوەو بەو جۆرەی مێژووی چل ساڵی رابردووی سپای پاسداران پێمان دەڵێ لە کوردستاندا ئەو هێزەی رژیم دەست کراوە بووە بۆ هەر جۆرە زەبر و زەنگێگ دژ بە خەڵکی کوردستان و بزوتنەوە مافخوازانەکەی. سوپای پاسدارانی رژیمی ئاخوندی هەموو رێکارە سەربازی، ئەمنیەتی، ئابووری، کەلتووری، کۆمەڵایەتی و تیرۆریستی بۆ لێدانی کۆمەڵگەی کوردستان بەکارهێناوەو بە کورتی سوپای پاسداران چواردەیە لەلایەن خەڵکی کوردستان بە چاوی هێزێکی تیرۆریست دەبندرێ.
پێکهاتەی سوپای تیرۆریستی پاسداران بریتیە لە: هێزی وشکانی، هێزی هەوایی، هێزی دەریایی، هێزی مقاومەت "بەسیج" و هێزی قودس. هەروەها ناوەندی هاوبەشی سوپا کە ئەرکی رێکخستن و هاوئاهەنگی و فەرماندەیی بەشەکانی لە ئەستۆیە. لە سوپای پاسدارانی رژیم دا دوو ناوەندی دیکە هەن کە بریتین لە حەوزەی نوێنەرایەتی وەلی فەقیە و رێکخراوی پاراستنی زانیاری (سازمان حفاڤت اگلاعات). حەوزەی نوێنەرایەتی وەلی فەقیە بەتەواوی سەربەخۆیە و لەلایەن وەلی فەقیهی رژیمەوە فەرمان وەردەگرێ، رێکخراوی پاراستنی زانیاریش بە رێژەیەکی زۆر سەربەخۆیە و فەرماندەکەی لەلایەن وەلی فەقیه و بە پێشنیاری فەرماندەی گشتی سوپا دیاری دەکرێ و راستەوخۆ پێوەندی بە نووسینگەی گشتی پاراستنی زانیاری لە دەفتەری تایبەتی خامنەییەوە هەیە و راپۆرتی خۆی بەوێ دەداتەوە.
لە دوای ئەوەی پاسدار محەمەد عەلی جەعفەری کرایە فەرماندەی گشتی سوپای پاسداران چەندین دەستە و ناوەندی نوێی تایبەت بە هەڕەشە نەرمەکان، راپەرینە جەماوەریەکان، هەرەشە ئابوریی و سیاسیە ناوخۆیی و دەرەکیەکان، شۆرشی چەکدرانە و شەری ناوخۆیی و دەرەکی، لەو سوپایەدا پێکهێنا. ناوبراو ئەرکی هەرەشەی نەرمی بە بەسیجی سڤیل و مەدەنی، نیوەسەخت بە بەسیجی چەکدار و سەختی بە هێزی وشکانی سوپا و بەسیجی چەکدار سپارد.
بەپێی مادەی 10ی ئەساسنامەی سوپای پاسداران، سوپا دەبێ بەشدار بێ لە هاوکاری گەیاندن لە کاتی بەڵا و کارەساتی سروشتی، پەروەردەو بارهێنان، وەبەرهێنان و جیهادی سازندگی.
بەپێی لێکۆڵینەوەی دامەزراوەی رەند، لە دوای کۆتایی هاتنی شەڕی ئێران و عێراق، سوپای پاسداران 7650 رێکەوتنی لە رێگەی دامەزراوەکانیەوە لە باری ئابووری ئیمزا کردووە. هەروەها بەپێی ماڵپەری "روزێ‌‌‌‌نلاین" سوپای پاسداران لەو چالاکیە ئابووریانەی لە کەرتە جیاجیاکاندا ئەنجامی دەدا ساڵانە نزیک بە 12 ملیارد دولار دەهاتی هەیە.
سوپای پاسدارانی رژیمی ئاخوندی لە کەرتەکانی نەوت و گاز، رێگەوبان، دروستکردنی بەنداو، تونێل، جوتیاری، پێوەندی، بیناسازی، تەندروستی و کەرتی ترومبێل چالاکی هەیە و خاوەن بەشە.
بەپێی قانوونی بنەڕەتی رژیم و بەپێی فەرمانی خومەینی و ئاخوند خامنەیی سوپاییەکان هەتا لە نێو سوپادا ئەرکدار بن، مافی چالاکی لە کاری سیاسیاندا نیە. بەڵام پاسدار محمەد زولقەدر جێگری فەرماندەی سوپا بوو کەچی لە دەوڵەتی نۆیەمدا کرایە جێگری وەزارەتی ناوخۆ و ئەمنیەتی ئینتزامی ئەو وەزارەتخانەیە، وە هەر ئەو کات بەشی راگەیاندنی وەزارەتخانەی ناوبراو رایگەیاند کە ناوبراو بە فەرمانی عەلی خامنەیی بۆ ئەو پۆستە دیاری کراوە.
هەروەها بەشی زۆری ئەو کەسانەشی لە هەر سێ دەزگای قەزایی، بەرێوەبەری و قانوون دانانی رژیم ئەرکیان پێ دەسپێردرێ دەبێ پێشتر لەلایەن بەشەکانی سوپاوە تەئید کرابن دەنا لەلایەن دەزگا پێوەندیدارەکانەوە وەرناگیرێن.
لە رەشەمەی 1393ی هەتاوی ئاخوند رۆحانی سەرۆککۆماری رژیم بەبێ ناوهێنان لە سوپای پاسداران ئەو ئورگانەی دەسەڵاتی بە سەرچاوەی گەندەڵی ناوبرد و وتی: ئەگەر ئیتلاعات (زانیاری)، چەک، دراو، سەرمایە، ماڵپەر، رۆژنامە و هەواڵدەری هەموو لە شوێنێکدا کۆبکەینەوە ئەبوزەر و سەلمانیش گەندەڵ دەبن. لە ئێستادا سوپای پاسداران دەستی گرتووە بەسەر زۆرێک لە ناوەندە ئابووریەکان، ناوەندە هەواڵگری و هەواڵدەریەکان لە ئێران دا. ناسر موسەوی لارگانی ئەندامی سەرۆکایەتی کومسیۆنی ئابووری مەجلیسی رژیم لەو بارەوە دەڵێ: لە کەرتی ئابووری و هەر شوێنێک وەڵات پێویستی بێ سوپا هەنگاو هەڵدەگرێ بۆ ئەوەی ئابڕوی نیزام بکڕێتەوە و راگرێ.
لە دەرەوەی سنوورەکان و لە وەڵاتانی ناوچەکەش بەردەوام گوێمان لە دەستێوەردانەکانی سوپا لە کاروباری ئەو وەلاتانەدا بووەو گەلێک جار مۆرەکانی سەر بە سوپای پاسدارانی رژیم لەلایەن وەڵاتانی ناوچەوە دەگیرێن و لە راگەیەنەکان دا باسی لێوە دەکرێ.
ساڵی 2010 گروپێکی حەوت کەسی سەر بە سوپای پاسداران لە وەڵاتی کوەیتەوە گیران کە لە ماڵی یەکیاندا کۆمەڵێک بەڵگە، دەزگای پێشکەوتووی پێوەندی گرتن و 250 هەزار دولار دەستی بەسەردا گیرا.
لە 25ی ژوێنی 1996 بە هۆی تەقینەوەی بارهەڵگرێک لە بەردەم بنکەی سەربازانی ئەمریکایی لە شاری خۆبەری عەرەبستان 19 سەربازی ئەمریکایی کوژران و 400 کەسیش بریندار بوون. لە ساڵی 1999دا بیل کلینتۆن لە پەیامێکی نهێنی دا بۆ محمەدی خاتەمی سوپای پاسدارانی بە ئەنجامدەری ئەو تاوانە ناوبردووە و خوزاریاری بەدەستەوەدانی بکەرانی ئەو کردەوە تیرۆریستیە بووە.
مانگی حەوتی 2012 رۆژنامەکانی هیند بڵاویان کردەوە کە پۆلیس رایگەیاندووە کردەوە تیرۆریستیەکەی شاری دێهلی نەو بەمەبەستی تیرۆری دیپلۆماتێکی ئیسراییل بووە کە پێنج کەس لە مۆرەکانی سوپای پاسداران پیلانەکەیان دارشتووە.
22ی گەلاوێژی 1392ی هەتاوی پۆلیسی بەحرەین بە تاوانی کردەوەی تیرۆریستی لە مەنامەی پێتەختی ئەو وەڵاتە پێنج کەسی دەستبەسەر کرد بوو کە پێوەندیان بە سوپای پاسدارانی رژیمی ئاخوندیەوە هەبووە و لەلایەن ئەو هێزەی رژیمەوە پەروەردە کرابوون. پێش ئەم کردەوە تیرۆریستیە دەوڵەتی بەحرەین مافی شارۆمەندی لە ئاخوندێکی شیعە بەناوی شێخ عیسا قاسم سەندەوە کە ئەوە بووە هۆی توورەبوون و کاردانەوەی هەندێ لە بەرپرسانی رژیم، بەتایبەت پاسدار قاسمی سلێمانی فەرماندەی هێزی تیرۆریستی قودس هەڕشەی کاری چەکداری لە بەحرەین و روخانی حکومەتەکەی کرد.
16ی فوریەی 2014 بی بی سی بڵاوی کردەوە کە محەمەد مورسی سەرۆککۆماری پێشووی میسر بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ سوپای پاسداران دادگایی کراوە.
دادستانی میسر محەمەد مورسی و 35 کەسی دیکەی تۆمەتبار کرد بە هاوکاری لەگەڵ بزوتنەوەی حەماس، حیزبوڵای لوبنان و سوپای پاسدارانی رژیمی ئاخوندی.
بەشداری لە شەری سوریە:
لە دوای نارەزایەتیە جەماوەریەکان لە وەڵاتی سوریە، رژیمی ئێران هێزەکانی سوپای ناردە ئەو وەلاتە بۆ سەرکوتی جەماوەری نارازی. ئەوە لە کاتێکدا بوو سەرهەڵدانە جەماوەریەکان لە وەڵاتی دیکەی عەرەبی لەلایەن بەرپرسان و بە دیاری کراویش خامنەیی وەلی فەقیهی رژیم بە بیداری ئیسلامی لە قەڵەم دەدرا و پشتیوانی لێ دەکرد.
کاتی سەرهەڵدانەکانی شاری دەرعای سوریە سوپای پاسدارانی رژیمی ئاخوندی پێکهاتوو لە سەدان کۆماندۆ و بە هێلی کۆپتێر چوونە ئەو شارە و لە پێکدادانەکانی 18ی مارسی 2011دا پێنج هاووڵاتی سوریەیی کوژران. ئوپزسیۆنی بەشار ئەسەد رایانگەیاند کە جوێ لە سوپای پاسداران، حیزبوڵای لوبنان لە سەرکوتی خەڵکدا بەشدار بوون.
چەندین جار بەرپرسانی ئەمریکایی رایانگەیاندووە کە تاران بۆ کۆمەک بە سەرکوتی نارەزایەتیەکان لە سوریە چەکی بۆ بەشار ئەسەد ناردووە. لەو ماوەدا قاسی سلێمانی فەرماندەی هێزی تیرۆریستی قودس چەندین جار لە نزیکەوە فەرماندەیی شەرەکانی لە سوریە کردووە و بە مەبەستی هەستانەوەی حکومەتی بەشار ئەسەد و چەندین گروپ و دەستەی چەکداری لە ئەفغانی و پاکستانیەکان پێکهێناوەو دوای بارهێنان بۆ سوریە بەرێ دەکردن.
سوپای پاسداران لە ماوەی شەری سوریەدا بە دەیان کەس لە فەرماندەکانی لە شەری و ئوپزسیۆن یان بە هۆی هێرشی هەوایی ئیسراییل بۆ سەر بنکەکانی لەو وەڵاتە کوژراون.
لە دوای روخانی حیزبی بەعس لە عێراق و گەراندنەوەی بەشێکی زۆر لەو هێزانەی ساڵانێک بوو لەلایەن رژیمەوە بۆ دژایەتی عێراق راهێنانیان پێ دەکرا، رژیم لە عێراق بەشێوەیەکی زۆر بەرچاو دەستی کرایەوە و هەر ئەو کات کەوتە پەڵاماردانی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و بە دانانی بۆمب و هێرشی خۆکوژی بووە هۆی کوژرانی سەدان سەربازی ئەمریکایی و هەزاران کەس لە خەڵکی سڤیلی ئەو وەلاتە. سوپای پاسداران لە عێراقدا ئەوندە هێژموونی بەهێز بوو کە دەستکاری پرۆسەی دەنگدانەکانی دەکرد و دەوری سەرەکی دەبینی لە دیاری کردنی حکومەت و بەرێوەبەری و دروست کردنی هێزی تایبەت بە خۆی و بە قانوونی کردنی ئەو هێزانە. بۆ وێنە حەشدی شەعبی کە کۆپی کراوی سوپایە لە عێراق.
بەهۆی ئەوەی بەشێکی زۆری خەڵکی یەمەن شیعە مەزهەبن، رژیمی ئێران پشتیوانی راستەوخۆی دەکردن بۆ بە دەسەڵات گەیشتنیان و دروست کردنی دەسەڵاتێکی شیعە مەزهەب لەو وەڵاتە و بۆ ئەو مەبەستە پشتیوانیەکی بەرفراوانی مادی و سەربازی حوسیەکانی دەکرد. لە دوای روخانی دەسەڵاتی عەلی عەبدوڵا ساڵح، حوسیەکان بە هاوکاری عەلی عەبدوڵا ساڵح کودەتایان لە حکومەتی شەرعی ئەو وەڵاتە کرد و دەستیان بەسەر بەشێکی زۆر لە خاکی یەمەندا گرت و مەجبور چەندین وەڵاتی عەرەبی و ئیسلامی پشتیوانیان لە دەسەڵاتی عەبد رەبە مەنسور هادی کرد و هێزیان بۆ پشتیوانی ناوبراو رەوانە کرد بۆ پاشەکشێ بە حوسیەکان و هێزەکانی وەفادار بە ساڵح.
رژیمی ئێران لە یەمەن پشتیوانی موشەکی حوسیەکانیشی دەکرد و لە ماوەی شەری نێوخۆیی ئەو وەلاتە حوسیەکان توانیان دەیان مووشەکی دروست کراوی رژیم بگرنە عەرەبستان.
هەر لە دوای بەدەسەڵات گەیشتنیان لە ئێران ئاخوندان پشتیوانی لە فەلستینان کردە شیعاری خۆیان و گرتنەوەی قودس و لە ناوبردنی ئیسراییلیان بە ئەرکی دینی خۆیان دەزانی، هەر بۆ ئەو مەبەستە سوپای قودسیان دروست کرد کە ئەویش بەشێکە لە سوپای پاسداران و لەو رێگەوە پشتیوانیەکانی خۆیان دەگەیاندە تاقم و گروپە تیرۆریستەکانی سەر بە خۆیان لە فەلستین. ئەو سیاسەتانەی رژیمی ئێران نەک هەر نەیتوانی قودس رزگار بکات و ئیسراییل لەناو بەرێ بەڵکوو بووە مایەی ماڵوێرانی زیاتر بۆ فەلستینیەکان و دابەش بوون و زیاتر کردنی کێشەی نێوخۆییان لەو لاشەوە بە فیرۆدانی سامانێکی زۆر و زەوەندی خەڵکی هەژاری ئێران.
سوپای پاسدارانی رژیمی ئاخوندی هەر زوو لە لوبنان توانی بۆ شیعەکانی ئەو وەڵاتە گروپی تیرۆریستی حیزبوڵا دروست بکات و لە رێگەی ئەوانیشەوە پەڵاماری بنکەی ئەمریکاییەکان لە بەیروت بدەن و لە کردەوەیەکی تیرۆریستی دا ژمارەیەک سەربازی ئەمریکایی بکوژن. رژیم لە رێگەی حیزبوڵاوە دەستی گرتووە بەسەر بەشێکی زۆر لە هێز و دەسەڵات و خاکی لوبنان داو وێرای ئەنجام دانی کردەوەی تیرۆریستی بە ئەندامانی حیزبوڵا لە وەلاتە جیاجیاکان، پەڵاماری خاکی ئیسراییلیشی پێ دەدەن کە تا ئێستا چەندین جار ئیسراییل بە توندی بەپەرچی ئەو کردەوانەی حیزبوڵای داوەتەوە و زیانی زۆر بە ژێرخانی ئابووری لوبنان گەیشتووە.
سوپای تیرۆریستی پاسداران بۆ زیاتر بەهێز بوونی خۆیان گرینگی زۆریان بە بەرنامەی ناوکەیی و مووشەکی داوە و لە دوای رێکەوتنی ناوکەیی و پەکخستنی، سوپا فوکوسی تەواوی کردووەتە سەر بەرنامەی مووشەکی بالستیکی، لە نوێترین هەنگاودا نووسینگەی شۆرای ملی مقاومەت لە واشینتۆن لە کونفرانسێکدا پەردەی لەسەر چالاکیە مووشەکیەکانی سوپای پاسداران لادا و رایگەیاند کە سوپا 42 ناوەندی مووشەکی هەیە کە تیایاندا وەبەرهێنان، تاقی کردنەوە، راگرتن، هاویشتن و فەرماندەیی ئەنجام دەدرێ.
دانانی سوپای پاسدارانی رژیم لە لیستی تیرۆریستی و کاریگەریەکانی
هەر چەند پێشتر و ساڵی 2010 وەزیرانی دەرەوەی یەکیەتی ئوروپا رێکەوتن کە بە شێوەی هاوبەش فشارەکان بۆ سەر رژیمی ئاخوندی پەرە پێ بدەن و بۆ ئەو مەبەستە سەفەر و هاتووچۆی ژمارەیەک لە ئەندامانی سوپا و هاوکارانیان بۆ دەرەوە سنووردار بکرێ و حیسابی بانکیان بلۆک بکرێ. هەروەها ئوستورالیاش یەک لایەنە ناوی رۆستەم قاسمی فەرماندەی قرارگای خاتەمولئەنبیای سوپای پاسدارانی خستە لیستی گەمارۆکانی خۆیەوە، وە وەزارەتی خەزێنەداری ئەمریکاش لە چوارچێوەی جێبەجێ کردنی بریارنامەی 1929ی ئەنجومەنی ئاسایش دژ بە ئێران، فەرماندەی سوپا و وەزیری بەرگری لەگەڵ هێزی هەوایی و فەرماندەیی موشەکی سوپا و شیرکەتی نەوت و گازی سوپانیر و شیرکەتی راه ساحیل سەر بە قەرارگای خاتەمولئەنبیای خستە لیستی گەمارۆکانی خۆیەوەو هێزی قودسی خستبووە لیستی ئیجرایی 13224. بەڵام بە دانانی ناوی سوپای پاسداران لە لیستی تیرۆری ئەمریکا، بە هۆی ئەو دەور و کاریگەریەی سوپای پاسدارانی رژیم لە پێکهاتەی دەسەڵات و کەرتە جیاجیاکانی ئەو وەڵاتە ئیشارەی پێدرا، بە تیرۆریست ناساندنی زەربەیەکی کاریگەر لە پەیکەری دەسەڵاتداری ئاخوندان دەدرێ و ئەو بریارە هێزەکانی ئەمریکا زیاتر دەسکراوە دەکات بۆ لێدانی جموجوڵەکانی سوپا لە دەریای عەمان و کەنداوی فارس، هەروەها کاریگەری زۆری دەبێ لەسەر زووتر وەدەرنانی لە وەلاتانی ناوچەکە بەتایبەت لە سوریە و عێراق و یەمەن. هەروەها بریاری بە تیرۆریست ناساندنی سوپا کاریگەری زۆری دەبێ لەسەر سنووردار کردنی رێژەی ئاڵوگۆری تجاری و چالاکی ئابووری لەگەڵ رژیم و پەرە بە کێشەکانی نێوان ئەمریکا و رژیم دەدا.


5 ساڵ و 7 مانگ و 8 ڕۆژ و 24 خوله‌ک له‌مه‌وپێش‌

بڕیاری دەوڵەتی ئامریکا و گوزەرێک بە رابردووی سوپای پاسداران دا؟

بڕیاری دەوڵەتی ئامریکا و گوزەرێک بە رابردووی سوپای پاسداران دا؟

په‌ڕه‌ تایبه‌تیه‌کانی ماڵپه‌ڕ

په‌یوه‌ندی گرتن


ژماره‌ی ته‌له‌فۆن کوردستان : 07506206655 (00964)
ژماره‌ی ته‌له‌فۆن کوردستان : 07504687209 (00964)
ژماره‌ی ته‌له‌فۆن کوردستان : 07504497138 (00964)
ژماره‌ی ته‌له‌فۆن ئوروپا     : 0767676746   (0046)
ژماره‌ی ته‌له‌فۆن ئوروپا       : 040331264   (0047)



په‌یوه‌ندی ئه‌له‌کترۆنی:



[email protected] 
[email protected]
xebatmedia@sazmanixebat.net
[email protected]om

ئۆرگانه‌کانی سازمانی خه‌بات


ڕێکخراوی ئافره‌تانی خه‌باتی کوردستانی ئێران 

ڕێکخراوی لاوانی خه‌باتی کوردستانی ئێران