__ دەستبەسەر کردنی سێ لاوی کورد لە بۆکان
__ چوار هاووڵاتیی لە کوردستان کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێنا
__ یادی مامۆستا هێمن لە مەهاباد بەرز ڕاگیرا
__ مۆگرینی پرسی مافی مرۆڤ لە تاران بخاتە ڕۆژەف
__ لە سێدارەدانی سێ زیندانی لە زیندانی رەشت
__ داعش دزە دەکاتە ناو یەکێک لە هەستیارترین دامەزراوەکانی ئەوروپا
دەستبەسەر کردنی سێ لاوی کورد لە بۆکان
سێ لاوی کورد لە شاری بۆکان لە لایەن هێزە ئەمنییەتیەکانەوە دەستبەسەر کران. بە پێی راپۆرتی هەواڵدەرییەکان، رۆژی چوارشەممە 25ی خاکەلێوەی 1395، سێ لاوی کورد لە شاری بۆکان بە ناوەکانی، ئەفشین حەیدەرزادە، حامد حەیدەرزادە و سەعید حەیدەرزادە لە لایەن هێزە ئەمنیەکانەوە لە ماڵەکەی خۆیاندا دەستبەسەر کران. بە پێی ئەم راپۆرتە، لە کاتی دەستبەسەر کردنی ئەم سێ لاوە کوردەدا ماڵەکەیان لە لایەن هێزە ئەمنیەکانەوە پشکنراوە و دواتر ئەو سێ لاوە بۆ شوێنێکی نادیار گوازراونەتەوە. جیچگەی باسە کە تا کاتی بڵاو کردنەوەی ەئم هەواڵە هیچ زانیاریێک لەمەر شوێن و هۆکاری دەستبەسەر کردنی ئەم سێ هاووڵاتیە کوردە لە بەر دەست دا نیە.
خۆکوشتن و خۆسوتاندنی شارۆمەندان لە مەریوان و کرماشان
بە خۆکوشتنی ئەو چوار هاووڵاتییە کوردە ئاماری خۆکوژییەکان لە کوردستانی ئێران گەیشته ١٢ کەس. بەپێی راپۆرتی هەواڵدەرییەکان، ژنێکی تەمەن ٣٥ ساڵەی خەڵکی شارۆچکەی کانی دینار شاری مەریوان بە ناوی " خەدیجە مورادی" بە هۆی کێشەی بنەماڵەیەوە هەوڵی خۆسووتانی دا و لە ئەنجامدا کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە. دەگوترێت، خەدیجە بەهۆی دەرەجەی سووتانەکەیەوە لە نەخۆشخانەی بوعەلی شاری مەریوان بۆ چارەسەری پزیشکی دەگوازێتەوە بۆ نەخۆشخانەی تەوحیدی شاری سنە لەوی گیانی لە دەست داوە. هەر لەو پەیوەندییەدا، هاووڵاتییەکی دیکە لە شاری بوکان بە ناوی جەمیلە ڕۆستەمی تەمەن ٤٠ ساڵە بە هۆی کێشە لەگەڵ مێردەکەی ئاگری لە جەستەی خۆی بەردا وکۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا. هەروەها ئەمڕۆ لاویکی تەمەن ٢٤ساڵە بە ناوی "فاروق موحبی" لە تایفەی خێڵی نەختە لە گوندی " پێڵایی" شاری جوانڕۆ خۆی هەڵواسیوە کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە. هەروەها لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا پێاوەێکی تەمەن ٥٠ ساڵەی خەڵکی گوندی "جۆجاری" سیا تایەری سەلاسی باوەجانی، لە ڕێگای خۆهەڵواسینەوە بە هۆکاری نادیار کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.شوناسی ئەو هاووڵاتییە کوردە جوانڕۆیە بە ناوی "کەریم" ڕاگەیەنراوە و ئەمڕۆ تەرمەکەی لە تەنیشت پردی "زمکان" دۆزراوەتەوە. کارناسانی بواری ژنان لەو باوەڕەن، هەژار، نایەکسانی ئابووری و کۆمەڵایەتی لە دیارەدە بەرچاوەکانی ڕێژەی خۆکوژییەکان لە کوردستان بە ئەژمار دێن و کێشەگەلێکی وەک"دەمارگرژی مەزهەبی، دەستدرێژی و ئازاری جینسی، بە شوودانی زۆرملی، دردوۆنگی و بەدگومانی بە نیسبەت ژنان و دووبارە پێکهێنانی ژیانی هاوبەشی پیاوان، وباوک سالاری و پیاوسالاری بەرهەم هێنەرەوە بیرۆکەی خۆسووتان و خۆکوشتن لە کوردستانی خۆرهەڵات دان.
یادی مامۆستا هێمن لە مەهاباد بەرز ڕاگیرا
یاد و وەبیرهێنانەوەی ساڵڕۆژی کۆچی دوایی مامۆستا هێمن شاعیری بە ناوبانگی گەلی کورد لە لایەن قوتابیان و ئەدیبانی ئەو شارە بەرز ڕاگیرا. بە پێی راپۆرتی هەواڵدەرییەکان، ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٢٨ی خاکەلێوەی ١٣٩٥،بە بۆنەی ساڵڕۆژی کۆچی دوایی مامۆستا هێمن موزەی مەفاخێری فەرهەنگی و هونەریی مەهاباد "سەرای هێمن"، بە بەشداریی کۆمەڵێک لە هونەرمەندان، ئەدیبان، هاووڵاتیان و ئۆگرانی ئەو شارە یادی ئەو شاعیرە کوردەیان بەرز ڕاگرت. لەو ڕۆژەدا کۆمەڵێکی بەرچاو لە قوتابیانی قوتابخانەکانی شاری مەهاباد بە ڕێز و گەورەییەوە یادی ئەو شاعیرە گەورەیان بەرز نرخاند. هەروەها ژمارەیەکی بەرچاو لە شاعیران، ئەدیبان، هونەرمەندان و فێرخوازانی دامەزراوەی زمانی کوردیی سۆما یادی مامۆستا هێمنیان بەرز ڕاگرت. لە یادی ساڵڕۆژی کۆچی دوایی مامۆستا هێمندا هەروەها "ڕەسووڵ کەریمی" ناسراو بە "سوتاو" شێعری پێشکەش کرد. محەممەد ئەمین شێخولئیسلامی موکری ناسراوبە هێمن یان هێمن موکریانی شاعیر، نووسەر و وەرگێڕیگەورەی گەلی کورد بەهاری ساڵی ١٣٠ ٠ ی هەتاوی، لە شاری مەهاباد سەر بە پارێزگای ورمێ لە دایک بوو و لە ژیانی پڕ بەرهەمی خۆیدا چەندین بەرهەمی بە ناوبانگی تۆمار کردووە. شێعرەکانی هێمن گرێدراوی خۆشەویستی بە خاک و نیشتمانە و ئەوەش بووەتە هۆی ئەوەیکە شێعری هێمن لە ژیانی سیاسی و خەباتی نەتەوەی کورددا بگاتە لوتکە.
مۆگرینی پرسی مافی مرۆڤ لە تاران بخاتە ڕۆژەف
گرینگیدان بە دۆخی مافی مرۆڤ و زیندانییە سیاسییەکان بەتایبەتی بەرپرسی بەندکراوی ڕێکخراوی بەرگری لە مافی مرۆڤی کوردستان لە نامەیەکدا بۆ لێپرسراوی سیاسەتی دەرەوەی یەکیەتیی ئورووپا وەبیری هێنرایەوە. بە پێی راپۆرتی هەواڵدەرییەکان، زیاتر لە ٦٠ نوێنەری پارلەمانی ئورووپا لە فدریکا مۆگرینی دەخوازن کە لە سەفەری ئێرانیدا بە مەبەستی دەرفەتێک بۆ هێنانە بەرباسی پرسی مافی مرۆڤ کەڵک وەربگرێت. نامەکە لەلایەن خاتوو ماریچە ئێسخاکە، نوێنەری هۆڵەندیی پارلمانی ئورووپا داڕێژراوە و ٦٠ نوێنەری دیکەش ئەو نامەیان واژۆ کردووە. سەفەری ٢٤ کاتژمێری لێپرسراوی سیاسەتی دەرەوەی یەکیەتیی ئورووپا و ٧ کەس لە بەرپرسە باڵاکانی یەکیەتیی ئورووپا دوێنێ شەممە، ٢٨ی خاکەلێوە دەستی پێکردووە. ڕێژەی زۆری لەسێدارەکان، دەستبەسەرکردنی ڕەخنەگران، ئازادییە دێمۆکرتیکەکان و پشتیوانی حکوومەتی ئیسلامی لە حیزبۆڵای لوبنان و ڕۆڵی ئێران لە یەمەن" ئەو خاڵانەن کە لەم نامەیەدا ئاماژەیان بۆ کراوە. لەلایەکی دیکە، ڕێکخراوی بەرگری لە مافی مرۆڤی کوردستان بە بڵاوکردنەوەی نامەیەکی سەرئاوەڵا وێڕای پێشوازی لەو سەفەری مۆگرینی، ڕایگەیاندووە کە لێپرسراوی سیاسەتی دەرەوەی یەکیەتیی ئورووپا دەبێ گرینگی بداتە دۆخی جەستەیی و پەروەندەسازیی دژبە محەممەد سدیق کەبوودوەند. مەلاقات و دیدار لەگەڵ بەرپرسی بەندکراوی ڕێکخراوی بەرگری لە مافی مرۆڤی کوردستان یان بینینی بنەماڵەی ئەو چالاکەی مافی مرۆڤ، داخوازی سەرەکی ئەو نامەیەشە.
لە سێدارەدانی سێ زیندانی لە زیندانی رەشت
رژێمی دژە مرۆڤی ئاخوندی سێ زیندانی لە زیندانی شاری رەشت لە سێدارە دا. بە پێی راپۆرتی هەواڵدەرییەکان، سەر لە بەیانی رۆژی شەممە 28ی خاکەلێوەی 1395، سێ زیندانی بە ناوەکانی، ع، م، د، ئا، ف، و، کە تەمەنیان 29، 31 و 51 ساڵ بوو لە زیندانی شاری رەشت لە لایەن بەرپرسانی رژێمی ئاخوندییەوە لەو زیندانە لە سێدارە دران. بە پێی ئەم راپۆرتە، لە ماوەی حەفتەی رابردوو 18 زیندانی لە شارەکانی ئێران لە سێدارە داوە. جێگەی باسە کە،پێنجشەممەی رابردوو ژنێک بە ناوی ئامینەی رەزاییان لە زیندانی کاشمەر لە لایەن رژێمی ئاخوندییەوە لە سێدارە درا.
داعش دزە دەکاتە ناو یەکێک لە هەستیارترین دامەزراوەکانی ئەوروپا
گۆڤارێکی ئەڵمانی بڵاویکردۆتەوە، پەرلەمانی ئەوروپا دوو شۆفێری دەرکردوە ( کە کاریان لەو دامەزراوەیەدە کردووە) دوای ئەوەی ژمارەیەک (سی دی) یان پێگیراوە کە تیایاندا بانگەشە بۆ رێکخراوی تیرۆرستی داعش کراوە. بەرپرسێکی کۆمپانیای " بیربین لیمۆزین"یش کە گرێبەستی لەگەڵ ئەو دوو شۆفێرەدا هەیە، ئەو هەواڵە رەتدەکاتەوە. بە پێی راپۆرتی هەواڵدەرییەکان، گۆڤاری دێر شپیگل-ی ی ئەڵمانی لەزاری سەرچاوەیەکی ئاگادار لەپەرلەمانی ئەوروپا بڵاویکردۆتەوە، لەکاتی گەڕان و پشکنین بە کەلوپەلی تایبەتی ئەو دووشۆفێرەدا کە لە پەرلەمانی ئەوروپا لە برۆکسل و ستراسبۆرگ کاردەکەن، ژمارەیەک (سی دی) بانگەشە بۆ داعش دۆزراونەتەوە، ئەوەش وایکردووە هەردووکیان دەربکرێن. لەلایەن خۆشییەوە بەرپرسێک لە کۆمپانیای " بیربین لیمۆزین" کە کاری دابینکردنی شۆفێرە بۆ پەرلەمانی ئەوروپا لە ستراسبۆرگ و بەرێژەیەکی کەمیش لە برۆکسل ئەوەی رەتکردەوە هیچ شۆفێریکیان دەرکرابێت یاخود شتێکی گوماناوی لەئۆتۆمبێلەکانیاندا دۆزرابێتەوە، هاوکات زانیارییەکانی دێر شپیگل-ی بەناراست وەسفکرد. سەرچاوەیەکیش لەیەکێتی ئەوروپا رایگەیاند، ئەو کەسەی ئاماژەی پێکراوە "نەجم عەشراوی" بەلژیکیی تەمەن 25 ساڵە کە یەکێک بووە لەخۆکوژانی نێو فڕۆکەخانەی برۆکسل.