__ لە ساڵی رابردوو 12 هەزار کەس لە کوردستان دەستبەسەر کراون
__ دۆخی جەستەیی دوو زیندانیی دوورخراوەی کورد مەترسیدارە
__ مانگرتنی کۆڵبەران و کاسبکارانی بانە پێی نایه دووهەمین ڕۆژی خۆی
__ کچە وەرزشوانێکی کرماشانی گەیشتە ئۆلەمپیک
__ ناستانداربوونی ئاسانسۆڕی شوێنە گشتییەکانی شاری کرماشان
__ گواستنەوەی 4 زیندانی بۆ ژوری تاکەکەسی لە زیندانی ورمێ
__ ئۆپۆزسیۆنی سوریا شهڕ دهستپێدهکاتهوهو گفتوگۆ رادهگرێت
لە ساڵی رابردوو 12 هەزار کەس لە کوردستان دەستبەسەر کراون
لە سەرەتای ساڵی 1394، تاکوو سەرەتای ئەمساڵ 12 هەزار کەس لە کوردستان لە لایەن هێزە ئەمنیەتیەکانەوە دەستبەسەر و زیندان کراون. بە پێی راپۆرتی هەواڵدەرییەکان، لە دانپێدانانێکی بێ وێنەدا، سەرۆکی زیندانەکانی رژێمی ئاخوندی لە پارێزگای سنە، رایگەیاند کە لە ماوەی ساڵی رابردوو 12 هەزار کەس دەستبەسەر و رەوانەی زیندان کراون. بە پێی ئەم راپۆرتە، ئەسەدۆڵا گۆرجی رۆژی یەکشەممە 29ی خاکەلێوەی 1395، رایگەیاند کە، لە ساڵی رابردوو 12 هەزار کەس لە پارێزگای سنە دەستبەسەر و زیندانی کراون. جێگەی باسە کە ئەکبەر جەوهەری دادستێنی رژێم لە سنە وێرای پشتراستکردنەوەی ئەم هەواڵە وتی، 60 لەسەدی زیندانیانی پارێزگای سنە لە سەرپەرەستی بنەماڵەکان پێک دێن.
دۆخی جەستەیی دوو زیندانیی دوورخراوەی کورد مەترسیدارە
بەرپرسانی دادوەریی و ئەمنیی رژێمی ئاخوندی ئێران دژایەتی خۆیان لەگەڵ چارەسەریی پزیشکی دوو زیندانیی سیاسی کورد لە نەخۆشخانە دەربڕیوە. بە پێی هەواڵی هەواڵدەریی کوردپا، زیندانیی سیاسی کورد، ئەفشین سوهراب زادە لە گرتووخانەی شاری میناب بە دوورینی لێوی، دەستی داوەتە مانگرتن. ناوبراو لە گرتووخانە تووشی شێرپەنجەی ڕێخۆڵە و خوێنرێژیی هەناو بووە. سەرچاوەیەک لەزاری دایکی ئەو زیندانییەی خەڵکی کرماشان بە کەمپینی بەرگریی لە زیندانییانی سیاسی و مەدەنی گوتووە: دوو ساڵه داوای پێڕاگەیشتنی پزیشکی بە کۆڕەکەم دەکەین بەڵام لەلایەن بەرپرسانی حکوومەتییەوە پێش بەو داوایە دەگیرێت. ئەفشین سوهراب زادەکه حوکمی ٢٥ ساڵ حەبسی هەیە لە ٢٢ی ئەم مانگە مانی لە خواردن گرتووە و داوای هاوکاریی ماڵی بۆ چارەسەریی نەخۆشیەکەی دەکات. لەلایەکی دیکە، ئەیۆب ئەسەدی لە گرتووخانەی شاری کاشمەر سەرەڕای تێپەڕبوونی ٤ ساڵ بەسەر گیرانی، لەهەر چەشنە مەرەخەسییەک بێبەش کراوە. ئەو زیندانییە سیاسییە نەخۆشی دیسکی کەمەری هەیە و دادگوستەری ئەو شارە دژی گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانەی دەرەوەی زینداندان. دەزگای قەزایی ئێران حوکمی ٢٠ ساڵ زیندانییە بۆ ئەو لاوە کوردە بڕیوەتەوە و لەئێستادا بۆ شاری کاشمەر لە پارێزگای خوراسانی ڕەزەوی دوورخراوەتەوە.
مانگرتنی کۆڵبەران و کاسبکارانی بانە پێی نایه دووهەمین ڕۆژی خۆی
مانگرتنی کۆڵبەران، کاسبکاران و دوکاندارانی شاری بانە درێژەی هەیە و پێی نایە دووهەمین ڕۆژی خۆی و هاووڵاتییانی شاری بانە لە کردنەوەی دوکان و پاساژەکانی ئەو شارە خۆیان بوارد. بەپێی هەواڵی هەواڵدەریی کوردپا، بەشێکی زۆر لە کاسبکاران و دوکاندارن لە شاری بانە بە هۆی داخرانی سنوورەکان، بۆ دووهەمین ڕۆژ دەستیان دایە مانگرتن و ڕانگەیاند: هەتاکو بەرپرسانی حکوومەتی وڵامی داخوازییەکانمان کە کرانەوەیی سنوورەکانە، درێژە بە مانگرتنەکەی خۆمان دەدەین. لەو کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەدا، دوکانداران خوازیاری ئەوە بوون کە بەرپرسانی ڕێژیم سنوورەکان بکەنەوە و ڕێگا بە بازرگان و کاسبکارانی ئەو شارە نەگرن. داخرانی سنووەری شارەکانی کوردستان و مانگرتنی خەڵک یەکەم جار نیە و دەسەڵاتدارانی رژێمی ئاخوندی ئێران دیهەوێت کە قازانج و سوودەکانی ئەو سنوورانەی کوردستان بۆ شارە غەیرە کوردنشینەکان بگوازێتەوە. سنوورەکانی کوردستان بۆ دانیشتووانی شارە سنوورییەکانی کوردستان یەکێک لە ڕێگاکانی داهاتی بژیوی ژیانە و مافی بێئەملاوئەملای خەڵکی کوردستانە کە لە قازانجەکانی ئەو سنوورانە کەڵک وەرگرن.
کچە وەرزشوانێکی کرماشانی گەیشتە ئۆلەمپیک
ئێران بۆ یەکەمین جار لە ڕشتەی پینگ پۆنگ سێ پشکی لە ئۆلەمپیکی ٢٠ ١٦دا دەبێت. بە پێی هەواڵی هەواڵدەریی کوردپا، کێبڕکێ هەڵبژاردنی بەشدارانی ئۆلەمپیک لە وشکاڕوی ئاسیا بە ٣ پشک لە ئێرانەوە کۆتایی پێهات. لەو کێبڕکێیەدا کە لە هۆنگ کۆنگ بەڕێوەچوو، ندا شەهسەواری هاوڕێ لەگەڵ برایانی عالەمیان توانییان مۆڵەتی بەشداری لەو ڕووداوە جیهانییە وەربگرن. ئەو کچە کوردە بە بردنەوە لە وەرزشوانانی وڵاتانی قەزاقستان و ئۆزبەکستان توانی ببێتە تەنیا ژنی ناو تیمی پینگ پۆنگی ئێران. ناوبراو ساڵی ٢٠ ١٢ چووبووە کێبڕکێ ئۆلەمپیکی لەندەنیش. ئۆلەمپیکی ڕیۆ دۆ ژانیرۆ کە بە ئۆلەمپیکی سی و یەکەمیش ناسراوە، پانزدە تا ٣١ گەلاوێژی ئەو ساڵ لە وڵاتی برەزیل بەڕێوە دەچێت.
ناستانداربوونی ئاسانسۆڕی شوێنە گشتییەکانی شاری کرماشان
زیاتر له ١٠ ٠ ئاسانسۆڕ لە شاری کرماشان گەواهی نامەیان نیە و ناستانداردن. بە پێی راپۆرتی هەواڵدەرییەکان، بەڕێوەبەری گشتی پارێزگاری پارێزگای کرماشان ڕاگەیاند:" ١١٠ ئاسانسۆڕ لە شوێنە گشتییەکانی شاری کرماشان دانراوە و هیچ کامیان ستاندارد نین. هەواڵدەریی فارس لە کرماشان لە زاری مەحموود رزا نیازی بڵاوکردەوە، ئەو ئاسانسۆڕانە لە شوێنە گشتییە دەوڵەتییەکانی وەک، نەخۆشخانەکان، بینا دەوڵەتییەکان و بەشێک لە کۆمەڵگای خانووبەری مێهر دانراون کەهیچ یەکیان خاوەنی گەواهی نامەی دەوڵەتی نییەن. ناوبراو لە درێژەی لێدوانەکەیدا ئەوەشی خستەڕوو و گوتی، هەتا ئێستا هیچ ڕێوشوێنێک بۆ چارەسەر کردن و لابردنی کەم وکۆڕی ناستانداربوونی ئاسانسۆڕەکان لە لایەن دەزگا پەیوەندیدارەکانی حکوومەتییەوە لە بەرچاو نەگیراوە. ئەو بەرپرسە حکوومەتەیە لە درێژە دا گوتی: تەواوی ئاسانسۆڕی بینا ئیدارییەکان، شوێنە گشتییەکان و یەکەی نیشتەجێبوونی مێهر دەبێ موڵەتی ئیمەنی و گەواهی نامەی ستاندارد وەربگرن.
گواستنەوەی 4 زیندانی بۆ ژوری تاکەکەسی لە زیندانی ورمێ
ئەمرۆ دووشەممە 30ی خاکەلێوەی 1395، چوار زیندانی لە زیندانی ورمێ بە مەبەستی بەرێوەبردنی حوکمەکەیان گوازراونەتەوە بۆ ژوری تاکەکەسی. بە پێی راپۆرتی هەواڵدەرییەکان، چوار زیندانی بە ناوەکانی، عەلیرەزا سارەبان، مەجید، ئەحمەد و مەنووچەهر کە پێشتر بە تۆمەتی مادەی هۆشبەر بە ئێعدام مەحکووم کرابوون، بۆ ژوری تاکەکەسی زیندانی ورمێ گوازراونەتەوە و پێ دەچێت کە سبەینێ حوگمەکەیان جێ بە جێ بکرێت. جێگەی باسە کە سازمانی نەتەوەیەکگرتووەکان لە کۆتا راپۆرتی خۆی لەمەر مافی مرۆڤ لە ئێران رایگەیاندبوو کە لە ساڵی 2015ی میلادی زیاتر لە هەزار کەس لە ئێران ئێعدام کراون.
ئۆپۆزسیۆنی سوریا شهڕ دهستپێدهکاتهوهو گفتوگۆ رادهگرێت
ئۆپۆزسیۆنی سوریا رایگهیاند، لهکاتێکدا رژێمی ئهسهدو هاوپهیمانهکانی بهردهوامن له بۆردوومانکردنی هاوڵاتیانی مهدهنی، نابێت چیتر گفتوگۆکانی ئاشتی له ژنێف بهردهوام بن، گرووپه چهکدارهکانی ئۆپۆزسیۆنیش دهستپێکردنهوهی شهڕ رادهگهیهنن. بە پێی راپۆرتی هەواڵدەرییەکان، ریاز حیجاب وتهبێژ بهناوی بهرهی ئۆپۆزسیۆنی سوریاوه ئهمڕۆ دووشهممه له تویتهری خۆی رایگهیاند "بههیچ شێوهیهک مایهی قبوڵکردن نییه که ئێمه درێژه به گفتوگۆکانی ژنێڤ بدهین لهکاتێکدا رژێمی سوریاو هاوپهیمانهکانی بهردهوامن له بۆردوومانکردنی هاوڵاتیانی مهدهنی"، وتیشی "نابێت گفتوگۆکان بهردهوام بن". هاوکات 10 گرووپی ئۆپۆزسیۆنی سوریا له بهیاننامهیهکدا رایانگهیاند لهبهرامبهر شکاندنی ئاگربهستی سوریا و زۆربوونی توندوتیژییهکان لهلایهن رژێمهوه دهبێت به چهک وهڵامیان بدهنهوه. بههۆی ئاگربهستهکهوه لهسهرتاسهری سوریا تاڕادهیهک توندوتیژی وهستابوو، بهڵام له ههندێک شوێن زۆر به چڕی بۆمباران دهکرێن بهتایبهتی شاری حهلهب که دووهمین شاری گهورهی سوریایه..