یەکێک لە سەرەکی ترین ئەرکی خەباتگێڕان لە پێناو زووتر بەئاوات و ئامانج گەیشتن و کەم کردنەوەی هەڵەو پەڵە لە بەرەو پێش بردنی ئەرک و دیاری کردنی ستراتیژی وخەت و رێباز و رێکاری سیاسیدا، تێگەیشتن و تێگەیاندنی هاوباوەڕ و هاوسەنگەر و کۆڕ و کۆمەڵانی دیار و بەرچاوی ماف پیشێلکراو و ئازادیخواز و، پەلاوێژ وپەرەگرتن و ناساندنی خەت و رێبازی سیاسی هەر لایەنێکی خەباتگێڕ و ئاشتیخواز و بە بڕیارە. بۆ رێکخستن وکارا کردنی ئەو بابەتانە لە لاێک و بەر هەڵست کردن ولە قاودانی سیاسەت و کردەوەکانی دژمن و گەیاندنی دەنگی نارەزایەتی کۆمەڵانی
یەکێک لە سەرەکی ترین ئەرکی خەباتگێڕان لە پێناو زووتر بەئاوات و ئامانج گەیشتن و کەم کردنەوەی هەڵەو پەڵە لە بەرەو پێش بردنی ئەرک و دیاری کردنی ستراتیژی وخەت و رێباز و رێکاری سیاسیدا، تێگەیشتن و تێگەیاندنی هاوباوەڕ و هاوسەنگەر و کۆڕ و کۆمەڵانی دیار و بەرچاوی ماف پیشێلکراو و ئازادیخواز و، پەلاوێژ وپەرەگرتن و ناساندنی خەت و رێبازی سیاسی هەر لایەنێکی خەباتگێڕ و ئاشتیخواز و بە بڕیارە. بۆ رێکخستن وکارا کردنی ئەو بابەتانە لە لاێک و بەر هەڵست کردن ولە قاودانی سیاسەت و کردەوەکانی دژمن و گەیاندنی دەنگی نارەزایەتی کۆمەڵانی وەزاڵەهاتووی خەڵک بە دنیای دەرەوە و راکێشانی سەرنجی ئازادیخوازانی دنیا و پەیدا کردنی دۆست و پاڵپشتی خاوەن ئەزموون و بە بڕیار و دیاری نیونەتەوەیی لە لایەکی ترەوە، ناوەند و ئۆرگانێک پێویستێکی بەر چاو و حاشاهەڵنەگرە تا لە سۆنگەی ئەوەوە زانیاری و هەواڵ و بەرنامەی سیاسی و هەڵوێستەکانی لە هەمبەر هەر کارەسات و رووداو و بابەتێکی رۆژەوە، بگەنە جێگای مەبەست و هەمووان لەسیاسەت و بەرنامە و ستراتیژی ئەو لایەنە، ئاگادار بن، کە ئەویش ناوەند یان ئۆرگانی راگەیاندن و بڵاو کردنەوەیە. سازمانی خەباتی کوردستانی ئێرانه هەرلە سەرەتای دامەزران و هاتنە مەیدانیەوە بە پێی بۆ لوان و ئیمکانات و جێگا و شێوەی کار و چالاکی لە هەر کام لە قۆناغەکانی ئەرکی خەبات و تێکۆشانی بێ وچانی خۆیدا، خاوەنی ئەو ناوەند و ئۆرگانە بووە و دامەزرینەران و بەرێوەبەرانی ئەم سازمانە بێ وچان لە هەوڵی هەرچی کاراتر و پێشخستنی دابوون و لە دژوارترین رۆژەکانی خەباتی شاخ و شاردا و لە سەخت ترین کاتەکانی دەست تەنگی ماددی دا ئەم ناوەند و ئۆرگانەیان چالاک وکارا راگرتوە. ئەوەی کە ئەم سازمانە خاوەن هەڵوێست وکردار و نیشتمان پەروەر و خەباتکارە تا چەندە لە بواری راگەیاندن وچاپەمەنیەوە سەرکەوتوو بوە ، دەگەڕێتەوە بۆ کات و شوێن و شێوازی دەرفەتی کار و هەڵسوڕانی لە هەر قۆناغ و زەمەنێکدا.جیاواز لە هەمووی ئەمانە ئەگەر بە چاوێکی واقیع بینانەوە لێی بڕوانین،سەرەڕای کەم تەمەنی و نەبوونی ئەزموونی پێویستی کاری راگەیاندن،لە چاو هێز و لایەنە سیاسیەکانی تری ناو گۆڕەپانی شۆڕش و خەباتی سەردەمی خۆی،رەنگە لە کاروان بەجێ نەمابێ. بۆ هەر بابەت و رووداوێک لە کاتی پیویست داخاوەنی هەڵوێست وقسەی سیاسی خۆی بوە و ئەم هەڵوێست و قسانەش لە رێگای بەشی راگەیاندنی سازمانەوە گەیشتوونە بەر دەست ودیدەی جەماوەر و خوازیار و خوێنەرانیان.
لەسەر تای دامەزراندنی سازمانی خەباتەوە تا کۆتاییەکانی مانگی خاکەلیوەی ساڵی ١٣٦٣ ی ک.خ، راگەێندراو و وتاری سیاسی و کۆمەلایەتی و باس وخواس و بابەتی چالاکی و قارەمانەتی و حەماسەی رۆڵەکانی کوردەواری لە ریزی پێشمەرگەکانی سازمانی خەبات دا لە شێوەی هەواڵنامە و راگەێندراوی چەند لاپەرەیی دا چاپ و بڵاو دەکرانەوە.لێرەدا پێویستە ئاماژەێک بەوە بکەین کە کەرەستە و ئامرازەکانی نوسین و چاپکردن زۆر سەرەتایی بوون و تەنانەت گرینگترین ئامێری تەکسیر و راکێشانی نووسراوەکان ئامێرێک بوو کە دەستکار و داهێنانی کادرەکانی ئەو بەشە بوو. لەو سەردەمەدا بابەت و وتار و هەواڵەکان لەسەر وەرەقەێک بە ناوی ئیستنسێل کە لە جیاتی کاغەز دەخرایە بەر رۆڵ و تەوەرەی ئامێری نوسین (ماشین تایپ) و ماشین تایپەکە شریت یان نەوار تایپی نەدەخرایە سەر و یەک سەر پیتەکان لەگەڵ لێدانیان لەلایەن کەسی تایپیستەوە یەکسەر دەدرا لە ئیستێنسلەکە و لە شێوەی ئەو پیتانە ئیستێنسلەکە کوون دەبوو، هەر کات پیت یان ووشەێک بە هەڵە بنووسرایە ئەوە یەک سەر بە لاک کە زۆر زوو وشک دەبوەوە شوێنەکەی پڕدەکرایەوە و سەر لەنوێ پیت یان ووشەکە دەنوسرایەوە، پاشان کە ئیستێنسلەکە بە تەواوی دەنوسرا، دوای چاولێکردن و دەست نیشانکردنی هەڵە و پەڵەکان ئامادە دەبوو بۆ چاپ و راکێشان و دەخرایە سەر ئەو ئامێرەی کە داهێنراو و دەستکاری کادرەکان بوو ،کە ئەویش بەم شێوە بوو: لە دار قاپێک کەلە دوو چوارچێوەی لاکێشەیی کە تا رادەێک لە قەوارەی لاپەڕەێکی ،،ئا چوار،،گەورەتر بوو بە دوو لاولاوە لێک بەسترا بوون لە سەر چوار پایە داندرابوو و لاێەکی بە پارچە خامێکی تارادەێک تەنک داپۆشررابوو و لە چوارچێوەکە بە سنجاق قایم کرابوو.ئیستێنسلە نوسراوەکە لە لای پشتەوە بەشیوەی واژوانکە یان بڵێن پشتەوپاش لە پارچە خامەکە دەدراو و دەکەوتە نێوان هەر دوو چوارچێوەکەوە کە بە لاولاوە لێک درابوون. ئەم ئامێرە دەبوو بە ٢ کەس کاری پێبکەن( یەکیان دەبوو وەرەقەکاغەزی سپی بخاتە نێوان هەر دوو چوارچێوەکەوە، نەفەری دووهەم دەبوو جەوهەرە خەستەکە کە لە لوولەی تایبەتی خۆیان دابوون بکاتە سەر رووبەری یەکەمی لاکێشەی سەری سەرەوە و دوایە بە دارێکی وەک تیرۆکی ئەستوور جەوهەرەکە بە فشار بەسەر ئەو رووبەرەدا بڵاو بکاتەوە تالە کوونی پارچە خامەکەوە تێپەڕ بێ و لە ئیستێنسێلە کەوە کە بە پیت و ووشەکان کوون کرا بوو دەرچێ و لە شێوەی ئەون لەسەر لاپەرە سپیەکە چاپ ببێ، ئەم کارە بەردەوام دە بوو تا بە رادەی پێویست بابەت و نووسراو چاپ دەبوو، کە بەراستی کات و ماندوو بوونێکی یەکجار زۆری دەویست و ئەگەر باوەڕ و دڵسۆزی و دڵگەرمی نەبوایە هیچ کات ئەو کارە بەڕیوە نەدەچوو.ئەم ئامێرە بۆ ماوەێک کاری پێکرا تا لە پاییزی ساڵی ١٣٦١ دا سازمان چەند ئامێرێکی باشی بۆ ئەو سەردەمە پەیدا کردن وەک: چەند ماشین تایپ و دەستگاێکی فتوو ئیستێنسێل کە بەراستی بۆ ئەو سەردەمە ئامێرێکی ناوازە و کاری بوو لەگەڵ ئامێرێکی تەکسیر و راکێشانی نوسراوەکان کە مارەکەی ،،ڕێنۆ،، بوو کە لەجیاتی وەزەی کارەبا بە هۆی دەستە یان هەندلێکەوە بەدەست دەسوورا و لەگەڵ هەر دەورێک وەرەقەێکی بە چاپکراوی دەکردە دەرەوە. بەم ئامێرانە و بەو هەست و سۆزەوە کادرەکانی ئینتشارات تا کۆتاییەکانی مانگی خاکەلێوەی ساڵی ١٣٦٣ راگەێندراو و کار و چالاکیەکانی سازمانیان لە شێوەی هەواڵنامە و راگەێندراوی رۆژانە و هەفتانە دا جاپ و بڵاو دەکردەوە . لە خاکەلێوەی ١٣٦٣ دا سەرەرای ئەوەی کە بنکەو بارەگاکانی سازمانی خەبات و لایەنەکانی تری کوردستانی ئێران، کەوتبوونە بەر پەلامار و هێرشی هێزەکانی رژیمی ئاخوندی لە لاێک و گەرم داهاتنی تەندووری شەڕی ماڵوێرانکەری ئێران و عراق لە لایەکی ترەوە،بەشی راگەیاندنی سازمانی خەبات بۆ بەردەوامی کارو راپەراندنی ئەرکەکانی، بە ناچار لە بناری کیوی گمۆ لە نێوان گوندەکانی دارەبەن و میراوێ لە باشووری کوردستان، لە کۆختە روخاوێکی پاشماوەی وێرانکاری و راگوێزانی زۆرەملی خەلکی ناوچەکە لەلایەن رژیمی خوێنڕێژ و دڕندەی بەعسەوە، جیگیر کرا. لە وەها هەل و مەرج و قۆناغێک دا بەشی راگەیاندنی سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران،هەواڵنامە و راگەێندراوە کانی لە بیچم و قەوارەی تەک لاپەڕی و چەند لاپەڕیوە گۆڕی بۆ پەراو و بڵاو کراوەێک لە شێوەی نامیلکە و گۆڤارێکی مانگانە و وەک ئۆرگانی کومیتەی ناوەندی لە ژێر ناوی تێکۆشان دا کردە دیاری ساڵی تازە و وەک میدالێکی شەرەف و شانازی و حەماسە و گیانبازی، دای لە یەخە و سەر سنگی بەرز و پڕ لە سۆزی یەکەیەکەی ئەندام و کادرو پێشمەرگەکانی سازمانی خەبات و کردیە تەتەری خۆش خەبەری سازمانی خەبات بۆ لای کۆمەڵانی بەشەرەفی کوردەواری. دەرچوونی یەکەم ژمارەی تێکۆشان بەو شێوە و قەبارە و ناوەرۆکەوە تارادەێک لەو سەردەمەدا کەم وێنە و پڕ نێوەرۆک بوو. بابەتەکانی باسی سیاسی رۆژ و هەواڵی چاڵاکی و حەماسەی رۆڵەکانی سازمان و رێنوێنی بۆ ئەندام و لایەنگران و دڵسۆزانی خەباتی رەوای گەلەکەمان بوو. تێکۆشان مەکۆ و سەکۆی نیشاندانی راستیەکان و لە قاودانی کردار و جینایەتەکانی رژیمی کۆنەپەرست و خوێنرێژی ئاخوندی بوو. تێکۆشان شانازینامەی خەباتیەکان و تەتەڵەی فێرگە و قوتابخانەی کوردەواری و سەرلەوحەی راگەیاندنی دوور لە چێواشەکاری لە پێناو تێگەیاندن وپێگەیاندنی کادر و پێشمەرگەکانی سازمانی خەبات و باقی رۆڵە خاوەن هەڵوێست و دەربەست بە ماف و ئازادیەکانی نەتەوە و نیشتمان بوو کە ریسالەت و راسپاردەی خۆی بە پێی توانا و بۆ لوان گەیاندوە و ئەنجامداوە .تێکۆشان دوابەدوای دەرچوونی یەکەم ژمارەی، لە ماوەێکی زۆر کەم دا بوە میوانی هەموو ماڵە کوردێک و خۆی خزاندە ناو کتێبخانەی روناکبیر و رۆلەی ژیر و خویندکاری دەربەست بە ماف و ئازادیەکانی نەتەوەکەی و خۆی لە ناو جانتای قوتابیان و سەر رەفە و تاقچەی هەر مرۆڤێکی کوردی خوازیاری کتێب و خوێندنەوە بینیەوە و وەک پەرتوکێکی پیرۆز و بەرێز دەستا و دەستی پێکرا و دڵسۆزانی خاوەن قەڵەم بە بابەتی سیاسی، کۆمەلایەتی،زانستی جۆراو جۆر دەوڵەمەندیان کرد و بە رەخنە و پێشنیارەکانیان، ژمارە لە دوای ژمارە باشتر و پڕ نێوەرۆکتریان کرد. سەرەرای هەموو ئەو کەند و کۆسپ و گرفتە دەرەکی و ناوخۆییانە کە بۆ سازمانی خەبات لە مەودای ئەو ٣ دەیەی تەمەنی تێکۆسان دا هاتوونە پێش، تێکۆشان تارادەێک بە شێوەی بەردەوام چاپ و بلاو بۆتەوە و گەیشتۆتە دەست خوازیاران و رووناکبیران و چین و توێژەکانی کردەواری و ئێستا دوای تێپەڕبوونی ٣٢ ساڵ، وەک رۆژنامەێک لە قەوارە و هێماێکی رازاوە و پڕ نێوەرۆک دا مانگانە وەک ئۆرگانی کومیتەی ناوەندی سازمانی خەبات جاپ و بلاو دەبێتەوە. سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران لە بیرەوەری ٣٢ ساڵەی دەچوونی یەکەم ژمارەی تێکۆشان دا، پڕ بە دڵ پیرۆزبایی لە خەڵکی تێکۆشەری کوردستان وگشت خوێنەر و خوازیارانی بە گشتی وئەندام و کادر و پێشمەرگە و لایەنگرانی سازمان دەکا و لە هەمان کاتیش دا ماندوو نەبوونی بە کادر و کارگێرانی ئینتشارات و بەرێوەبەرانی تێکۆشان دەلێ و هیوای سەرفرازی و سەرکەوتن بۆ هەموی ئەوانە دەخوازی کە لەم بوارەدا دەورو کاریگەریان هەبوە.
پیرۆز بێ یاد و بیرەوەری ٣٢ ساڵەی دەرچوونی یەکەم ژمارەی تێک٠۶شان .
کومیتەی ناوەندی سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران
خاکەلێوەی ١٣٩٥ ک . خ