پێنچ شه‌مه‌ 

1 سه‌رماوه‌ز2724
سازمانی خه‌بات ی
کوردستانی
ئێران
sazmanixebat

سیناریۆکانی ئەمریکا بۆ داهاتووی ئێران

سیناریۆکانی ئەمریکا بۆ داهاتووی ئێران
عەلی بەهرامی

لە بانەمەڕی ساڵی 1397ی هەتاوی دا دۆناڵد ترامپ سەرۆککۆماری ئەمریکا لە رێکەوتنی ناوکەیی نێوان وەڵاتانی 5+1 لە گەڵ ڕژیمی ئێران کشایەوە بە مەبەستی پێمل کردنی ئەو..



لە بانەمەڕی ساڵی 1397ی هەتاوی دا دۆناڵد ترامپ سەرۆک کۆماری ئەمریکا لە رێکەوتنی ناوکەیی نێوان وەڵاتانی 5+1 لە گەڵ ڕژیمی ئێران کشایەوە بە مەبەستی پێمل کردنی ئەو ڕژیمە بۆ وتووێژ و رێکەوتنێکی نوێ لەگەڵ ئەو وەڵاتە 12 شەرتی بۆ رژیمی ئێرانی دیاری کرد. بۆ هێنانەدیی ئەو مەبەستە، بە چەند قۆناغ گەمارۆکانی ئەو وەلاتە، بۆ جارێکی دیکە بە سەر رژیمی ئێراندا سەپێندرا و لەوەش بەرینتر بەشێکی بەرچاو لە سەرچاوەکانی داهاتی رژیم لە نەوت و گاز، کانزاکان و پێترۆشیمی کرانە ئامانج و گەمارۆیان خرانە سەر. لە هەنگاوێکی تری بێ پێشوونەدا سپای پاسدارانی رژیمی ئاخوندی کە بەشێکی گرینگی ئەو دەسەڵاتەیە خرایە لیستی تاقمە تیرۆریستیەکانەوە.

لە بەرامبەردا و لە ساڵرۆژی کشانەوەی ئەمریکا لە رێکەوتنەکە، ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی رژیم بە کاردانەوە لە بەرانبەر ئابڵوقەو فشارەکانی کابینەی ترامپ، رایگەیاند کە پابەندی هەندێ خاڵی رێکەوتنەکە نابێ و بەشێک لە بەرنامە ناوکەیەکەی وەگەر دەخاتەوە و مۆڵەتی 60 رۆژیشی بە وڵاتانی ئوروپایی دا کە ئەگەر لەو ماوەدا رێگەیەک بۆ دەرباز کردنی رژیم لە فشارەکانی ئەمریکا نەدۆزنەوە ئەوە بە یەکجاری لە رێکەوتنی ناوکەیی دەکشێتەوە. بە پێ‌ زانیاریەکانی بەرپرسانی حکومەتی ئەمریکا، رژیم و تاقم و دەستە تیرۆریستیەکانی خەریکی جموجوڵی مەترسیدارن و لە هەوڵی زەربە وەشاندنن لە قازانجەکانی ئەمریکا ناوچەکەدا.

لە بەر ئەو مەترسیانە و بە مەبەستی ڕێگەگرتن لە مەترسیەکانی سوپای تیرۆریستی پاسداران و تاقم و گروپە نزیکەکانی، حکومەتی ئەمریکا هێزی سەربازی زیاتری بۆ ناوچەکە نارد و وریایی ئەوەی بە رژیم دا کە هەر کردەوەیەک دژ بە بەرژەوەندی و هاوپەیمانەکانیان لە ناوچەکە، بە توندترین شێوە وەڵام دەدەنەوە. ئەمریکا بە سەپاندنی فشاری هەمە لایەنە بۆ سەر دەسەڵاتدارانی تاران، ئامانجی ئەوەیە کە ڕژیم مل بە داواکانی بدات. وەک دیارە ئەگەر ڕازی نەبێ‌ بە داواکانی ئەمریکا ، فشارەکان لەوەی ئێستا زیاتر دەبن و هەموو سەرچاوەکانی داهاتی رژیم دەکرێنە ئامانج . لەو دۆخەی ئێستادا زۆرێک پێیان وایە ئەگەر حکومەتی ئێران بەردەوام بێ‌ لە سەرکێشیەکان، ئەگەری هەیە ئەمریکا بە هێنانی ئەو هەموو کەرەستە و هێزە بۆ ناوچەکە مەبەستی سەرەکی وەشاندنی زەربەی سەربازی لە ئێران بێ‌. لە بەرانبەریشدا هەندێ خاوەن نەزری دیکە پێیان وایە ئەمریکا بە دانووستانی نوێ‌ لەگەڵ رژیم رازی دەبێ بە شەرتێک دەسەڵاتدارانی ئێران بە چەند خاڵ لە داواکانی ئەمریکا ڕازی بن. وەک دیارە حکومەتی دۆناڵد ترامپ دەیهەوێ کێشەی رژیمی ئاخوندی لە کۆڵ خۆی و هاوپەیمانەکانی لە ناوچەکە بکاتەوە، بۆ ئەوەش دوو بژاردەی هەیە یەکەم ئەوەی کە بە فشارە ئابووریەکان گەورەترین زەربە لەو دەسەڵاتە بدات و ئابووری رژیم لاواز بکات کە ئەوە کاریگەریی لەسەر پەرەسەندنی نارەزایەتیە جەماوەریەکان لە ئێران بکات و بە کەمترین تێچوو رژیمی ئاخوندی لە سەر دەسەڵات لابەرن، خۆ ئەگەر رژیم بیهەوێ راستەوخۆ یان ناراستەوخۆ مەترسی لەسەر بەرژەوەندیەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لە ناوچەکە دروسکا، ئەوا بەو هێزە ئامادە و پۆشتەی ئەمریکا لە هەرێمەکەدا جێگیری کردووە بەرەورووی رژیم دەبێتەوە و بە گشتی مەجال و دەرفەتی هیچ کارێک بۆ رژیم و هێزەکانی ناهێڵێتەوە. بژاردەی دووهەمی ئەمریکا بۆ رژیمی ئێران پێ مل کردنی ئەو رژیمەیە بە تێکڕای ویستەکانی، واتە رژیم بە یەکجاری دەست لە بەرنامەی ناوکەیی و مووشەکی خۆی هەڵگرێ، کۆتایی بە دەستێوەردان لە ناوچەکە بێنێ، نەبێتە مەترسی بۆ سەر وەڵاتان، پشتیوانی لە هێز و تاقمە تیرۆریستیەکان نەکات و کۆتایی بەو یاخی بوونە چەندین ساڵەی لەبەرامبەر ئەمریکا بێنێ، لە وەها حاڵەتێکدا ئەگەری هەیە رێکەوتنی نێوان ئەمریکا و رژیمی ئێران بێتە ئاراوە. لەو حاڵەتەشدا ئەگەر ڕژیم بە داواکانی ئەمریکا ڕازی بێ‌ بە مەعنای شکستی گەورە بۆ دەسەڵاتی ئاخوندەکان و روخان و لە ناوچوونی حەتمی دەبێ‌ بە دەستی جەماوەری بێزار لە زوڵم و زۆری ئێران. وەک دیارە حکومەتی ترامپ دەیهەوێ بەبێ گەرانەوە بۆ هاوکاری ووڵاتە زلهێزەکانی دیکە هەیبەت بۆ ئەمریکا بگێڕێتەوە و پلانەکانی ڕێژیمی ئاخوندی پوچەڵ کاتەوە.

یەکێکی دیکە لەمەبەستەکانی ئەوەیە لە هەڵبژاردنی داهاتووی سەرۆکایەتی ئەمریکا لە ساڵی 2020 دەنگی دەنگدەری زیاتر وەدەست بێنێ و چوار ساڵی داهاتووش لە کۆشکی سپی بمێنێتەوە. هەرچی رژیمی ئێرانە سەرمایەگوزاری لەسەر شکستی دۆناڵد ترامپ لە هەڵبژاردەکانی داهاتوو دەکات و پێی وایە بە شکستی دۆناڵد ترامپ، دیموکراتەکان کۆشکی سپی دەگرنەوە دەست و رێکەوتنی ناوکەیی لەسەر دەستی ئەوان جارێکی دیکە وەگەر دەخرێتەوەو گەمارۆکانی سەر رژیم کۆتاییان پێ دێ، بە خەیاڵ تا ئەو کاتە لەبەرامبەر گەمارۆکاندا خۆراگری بکاو لە هەر جۆرە پێکدادانێکی سەربازی لەگەڵ ئەمریکا دەربازی ببێ‌، هاوکات لە ناوخۆشدا بەر بە هەر جۆرە راپەرینێکی جەماوەری بگرێ و نەهێڵێ دۆخەکەی لە دەست دەرچێ. سیناریۆکانی ئەمریکا بۆ رووبەرووبوونەوەی رژیمی ئێران ئەگەر چی تا ئێستا هاوشێوەی پلانەکانی ئەو وەڵاتە بۆ لێدانی تاڵیبان و سەدام حوسێن نین، بۆیە ئەگەری هەیە رژیم بەو زووانە پێملی داواکانی ئەمریکا نەبێ و لە ئاکامدا ئەمریکا ناچار بێ‌ کردەوەی سنوورداری سەربازی لە ئێران و بۆ سەر بنکە ئەتۆمی و مووشەکیەکانی ڕژیم ئەنجام بدات.

ئەگەر رژیم بەو فشارە سەرەتاییانەی ئەمریکا خۆی بە دەستەوە نەدا بژاردەی دیکەی ئەمریکا هەوڵ بۆ نزیک بونەوەو کۆکردنەوەی ئۆپزسیۆنی و جێگرەوەی رژیمی ئێران دەبێ‌ و ئاڵترناتیوی رژیم بە فەرمی دەناسێ‌ و کاری لەگەڵ دەکا. ئەوەی دەکرێ لە هەرکاتێکی دیکە زیاتر چاوەڕێی بکەین و هەوڵی بۆ بدەین و بەبێ دەستێوەردانی سەربازی ئەمریکا سەر بگرێ، روخانی رژیمە بە راپەرینێکی بەرفراوانی جەماوەریی. بەتایبەت کە لە ئێستادا خەڵکی ئێران بە دەست فشار و قەیرانی هەژاری و نەداریەوە دەناڵێنن و رۆژ لە دوای رۆژ دۆخەکەیان حەستەم و ناخۆشتر دەبێ و نارەزایەتیە جەماوەریەکان رۆژانە لە زۆر شار و ناوچەی ئەو وەڵاتە بەرێوە دەچن. خەڵکی ئێران کەلە رەقی، نەزانی و دەستێوەردان لەکاروباری ووڵاتان و بێ دەربەستی دەسەڵاتداران لە حاست جەماوەری ئێران بە هۆی سەرەکی کێشە و قەیرانەکانیان دەزانن.


5 ساڵ و 6 مانگ و 8 ڕۆژ و 19 کاتژمێر و 2 خوله‌ک له‌مه‌وپێش‌

سیناریۆکانی ئەمریکا بۆ داهاتووی ئێران

سیناریۆکانی ئەمریکا بۆ داهاتووی ئێران

په‌ڕه‌ تایبه‌تیه‌کانی ماڵپه‌ڕ

په‌یوه‌ندی گرتن


ژماره‌ی ته‌له‌فۆن کوردستان : 07506206655 (00964)
ژماره‌ی ته‌له‌فۆن کوردستان : 07504687209 (00964)
ژماره‌ی ته‌له‌فۆن کوردستان : 07504497138 (00964)
ژماره‌ی ته‌له‌فۆن ئوروپا     : 0767676746   (0046)
ژماره‌ی ته‌له‌فۆن ئوروپا       : 040331264   (0047)



په‌یوه‌ندی ئه‌له‌کترۆنی:



[email protected] 
[email protected]
xebatmedia@sazmanixebat.net
[email protected]om

ئۆرگانه‌کانی سازمانی خه‌بات


ڕێکخراوی ئافره‌تانی خه‌باتی کوردستانی ئێران 

ڕێکخراوی لاوانی خه‌باتی کوردستانی ئێران