هەروەک چۆن نیشتیمان نیشتیمانی هەموانە و پاراستن و ئازادکردنی لەسەر شانی هەموانە، بوونی پێشمەرگەی هەرکام لە هێزەکانیش لە هەر بستێکی ئەم نیشتمانەدا مافی رەوای هەموانە. بۆ سازمانی خەباتی کورستانی ئێران هەر هێز و لەیەنیک کە لە پێناو رزگاری نەتەوە و نیشتمان دا دژی دژمنانی ماف و ئازادیەکانی گەلی کورد و تەنانەت گەلانی تریش خەباتی کردبێ و خوێنی دابێ و رەنجی و کوێرەوەری چێشتبێ، وەک هێزو لایەنیکی شۆڕشگێر و خزمەتکاری نەتەوە و نیشتیمان چاوی لێکردوە و رێزی لێگرتوە. لەو لاشەوە دژی هەرچەشنە گرژی و ئاڵۆزی و شەڕی براکوژی بوە.
بڕۆن چاوێک بە ئارشیڤی کردار و ووتار و بەرنامەکانی سازمانی خەبات دا بگێڕن، هەمووی هەنگاو بوون بۆ یەکریزی، ووتارن بۆ هاودەنگی و رۆحی برایەتی و یەکتر قەبوڵکردن لە پێناو سەرخستنی بزاڤی رەوامان و پتەو کردنی پێوەندی دۆستانە لەگەڵ هیزە خەباتکارە و نیشتیمان پەروەرەکانی بەشەکانی تری کوردستانی زامدار و داگیر کراومان.
سازمانی خەبات نە لە کاتی ئەوپەری بە هێزیدا خۆی لێ ون بوە و زبری نیشان داوە و نە هەڵس و کەوتی نامەسئولانەی کردوە و، نە لەکاتی لاوازی و بێ دەرەتانیش دا تەسلیمی نارەوایی و هەڵس و کەوتی دور لە ئوسولی شۆڕشگێری و نەخوازراوی خەڵک و لایەنی بەربەست و دژی رەوتی بەرەو پێشچوونی خۆی بوە.
سازمانی خەباتی کوردستان ئێران بە شاهیدی میژوو لە پێناو گەیشتنی گەلی کورد دا گەورەترین حەماسەی پارتیزانی و پێشمەرگانەی لە دژی داگیرکەرانی نیشتیمان خوڵقاندوە و بەخوێنی باشترین رۆڵەکانی ئەو گەلە خاکی ئەم نیشتیمانەی رەنگاندوە و نەمامی داری یەکیەتی و دڵسۆزی بۆ گەل و یەکدەنگی لە نێوان تێکڕای حیزب و لایەنە سیاسیەکانی کوردستان، لە کوردستانی ئێران و بە شەکانی تری کوردستان ئاوداوە.
سازمانی خەبات هیچ کات نەیویستوە و نایەوێت ببێتە هۆی کێشەو نائارامی و دروست بوونی شەڕ و بێ رێزی و زمانشڕی و جنێو فرۆشی، تەنانەت زۆر جار لە جوابی بێ رێزی و تەوهین و نارەوا گوتن و بوختان بۆ هەڵبەستنیشی لەلەیەن کەس و لایەنی ترەوە بەزۆری بێ دەنگی هەڵبژاردوە و لە بەر خاتری رێز بۆ کۆمەڵانی خەلکی کورد و نیشاندانی ئەوپەڕی رێزو ئیحترام، ئەگەر هەڵوێستیشی گرتبێ ، یان جوابی دابێتەوە ئەو پەڕی هەست بە بەرپرسیاری نیشانداوە و بە زمانێکی مەنتیق و سیاسیانە وڵامی داوەتەوە، کە بەداخەوە زۆر جاران ئەم هەست بە بەرپرسیاری و خۆ دور گرتن لە جنێو و زمانشڕیه ، لەلایەن کەس و لایەنی بەرانبەرەوە بە نیشانەی بێ هێزی و لاوازی خەباتیەکان و سازمانی خەبات لێکدانەوەی بۆ کراوە.
ئەوەی جێگای شانازی ئێمەی خەباتیە و بە دڵنیایشەوە بۆ هەمیشە لە مێژووی خەباتی رەوای کورد و کوردستان دا وەک راستێکی درەوشاوەی حاشا هەلنەگر خۆی نواندوە و دەنوێنێ، خزمەتێکی پاکی کوردانە و نیشتمان پەروەرانە و هەبوونی رۆحی برایەتی و هاوکاری و هاو هەڵوێستی بوە و هەیە.
هەر بۆیە لەم بارەوە داوا لە تێکڕای ئەندام و لایەنگرانی سازمان دەکەم کە وەک هەمیشە ئەو پرینسیپە جوان و ئەخلاقیه شۆڕشگێڕیه بپاریزن و له جوابدانەوەی بەرانبەرتان دا سووکایەتی و بێحورمەتی مەکەن، بەتایبەت لەناوهێنانی کەسایەتی و شەهیدانی هەر لایەنیک خۆببوێرن، ئیمە هەموو کوڕ و کچی یەک میللەت و هەموو هاو خوێن و هاوزمان و هاو نیشتیمان و هاوچارەنووسین.
ئەرکی ئێمە خەبات و تیکۆشانی شۆڕشگێرانەیە بە ووتار، بە کردار بە بە راوێژ، بە هەرچی شتی باش و دور لە دڵخۆشکردنی نەیارانی نەتەوە و نیشتیمانە. من لێرەدا روودەکەمە ئەندامان و کادر و پێشمەرگەکانی زۆربەی هەرە زۆری هێز و لایەنەکانی هەر دووبەشی رۆژهەڵات و باشووری کوردستان و دەپرسم : دادەی لە سەرکردەکان و بەرپرسانی سەرەتاکانی هەڵگیرسانی شۆڕشی رەوای گەلی کورد لە کوردستانی ئێران لە دژی رژیمی ئاخوندی بپرسن ئاخۆ سەرکردەو دامەزرێنەرانی ئەم سازمانه ، بە هەڵوێستی کوردانە و سیاسیانەی چەندە هاوکارتان بوون و لە رۆژە سەختەکاندا بەهاناتانەوە هاتوون؟ لێیان بپرسن تەنانەت پێش ئەو قۆناغەش کێ سەرکردە پەرتەوازە و ئاوارەکانتانی کە لە باشووی کوردستان ئاوارە بوون و لەوێش لەگەڵ یەکتر نەدەسازان و بەرنامەی یەکتر لە ناوبردنیان بۆ یەکتر دادەڕشت و یەک یەک و دوو دوو لە دەست یەکتر روویان دەکردەوە وڵات، کێ لەسەر ئیعتیبار و نفوزی کۆمەڵایەتی و سیاسی خۆی، بە نهینی بەناو بازگە و پاسگا و هیزە ئەمنییەتیەکانی ساواک و ئەمن و موخابەراتی بەعسی خوێنرێژدا بۆی دەگەیاندنە شوینی مەبەست. هاوکار و داڵدەدەر و رزگار کەریان بوو؟ دادەی با برادەرانی هەر دووک حیزبی دیموکڕات بچن لە بەرێز مامۆستا مەلا حەسەنی شیوەسەڵی بپرسن و بڵین : مامۆستا لە رۆژی شەری شههید بوونی سەرگورد کەریم عەلیار دا لە دەرگاشێخان و ناوەی بانە ئەوانە کێ بوون کەفیداکارانە و خۆبەخشانە تا رزگاربوونتان و گەیشتنتان بە شوێنی مەبەست، وەک خۆی دەگێڕێتەوە جانانە و پێشمەرگانە دژمنیان بۆ شکاندن و نیشانیان دا کە ئەرکی پێشمەرگەی سازمانی خەبات پاراستنی نیشتمان و خۆبەختکردن لە پیناوی یەکتری دایە؟
بڕۆن لەوانە بپرسن کە کاتی خۆی هێزێکی زۆریان لە هەموو ناوچەکانی کوردستانەوە بە فەرماندەیی شههید سەرگورد جاویدفەڕ ناسراو بە کاک هەژاریان بۆ شەڕ لە گەڵ سازمانی خەبات رەوانەی ناوچەی بانە کردبوو و لە هەمان رۆژدا هێزی بەسیجی و سپای پاسداران هێرشیان هینابوە سەر پێشمەرگە لە پشتی کەندەڵ و یاکوباوای دەشتەتاڵی بانە و بەو هۆیەوە نەپەرژانە سەر شەڕ لەگەڵ سازمانی خەبات، ئەوانەی کە لە کاتی شەهید بوونی کاک هەژار و خالیدی ئیسکۆرتی دا، یەکەم کەس بوون جەنازەی ئەو دوو شەهیدەیان لە میدانی شەرکە دوور خستنەوە بۆ ئەوەی نەکەونە دەست دژمن و بە جامانەکەی خۆیان برینەکانی سەریان بۆ پێچان و بە ماشینی خۆیان رایان گوستن، کێ بوون و پێشمەرگەی کام لایەن بوون؟
لە وەها کاتیک دا کە پێشمەرگەی سازمانی خەبات جەنازەی شەهیدانی حیزبی دیموکراتی لە مەیدانی شەڕ دا بۆ ئهوەی دەست هێزی دژمن نەکەون رادەگواست، هێزێکی تری حیزب لە سەر دیفاع لە تفەنگ دزیکی وەک برایمی مەلا مەحمودی هەڵی دەکوتایە سەر مەقەڕی سازمانی خەبات لە گوندی ساتکێی زمزیران و پێشمەرگە بە ساڵاچوەکانی سازمانی خەباتیان دەدانە بەر تەقە و برینداری دەکردن و مەقەڕەکەیان بە تاڵان دەبرد.!
پێشمەرگەی سازمانی خەبات لە شەڕی شوومی براکوژی نێوان حیزبی دیموکڕات و کۆمەڵە دا بێجگە لە ناوبژیوانی و هەوڵی زۆری سەرکردایەتی سازمان بۆ ئەو دوولایەنە، بە دەیان جار لە زۆر شوێنی ئەو کوردستانەی کە ئێستا مەجال بە بوونیان لە سنوورەکەی نادرێ و چاویان لێ سووردەکرێتەوە و دەوریان دەگیرێ، هێزی پێشمەرگەی هەردوو لایەنی ئەو شەڕە شوومە شەرماویەیان لە هاتووچۆ و گەرانیاندا، رێنوێنیان دەکردن و بۆیان دەبوونە دەلیل و چاوساغ بۆ گەیشتنیان بە شوینی مەبەست تاوەکو بتوانن بەم شێوە بەر لە روودانی شەڕ و تیکهەڵچوونیان بگیردرێ و کوڕانی خەڵکی کورد کەمتر دەستیان بە خوێنی یەکتر سوور ببێ.!
بەدەیان نموونەی لەم جۆرە هەڵسوکەوتانەی پێشمەرگەی سازمانی خەبات، وەک راستێکی حاشا هەڵنەگر لە مێژووی نزیک بە چل ساڵ خەبات و تیکۆشانی سازمانی ئیمەدا تۆمار کراون و کەس ناتوانی ئینکاریان بکات.
لە پێوەندی بە فیداکاری و هاوکاری بۆ لایەنەکانی باشوریش لە هیچ قۆناغ و هەل و مەرجیکدا کۆتاییمان نەکردوە و لەو سەردەمەدا کە دامو دەزگا داپڵوسینەرە خوێڕیژەکانی ئیستیخبارات و موخابەراتی رژیمی فاشیستی بەعس مان و ژیانی لە کورد لە کوردستانی عراق حرام کردبوو و کەس خاوەنی هیچ شتێکی خۆی نەبوو، شەو نەبوو کاروان کاروان گەنجانی سلیمانی و دەوروبەر کە لە خزمەتی سەربازی بۆ بەعس هەلدەهاتن و دەبوونە عەسکەری فیراری،لە لایەن سازمانی خەباتەوە رزگار نەکرێن و لە بنەکە و بارەگاکانی سازمان دا وەک ساحەب ماڵ حیسابیان بۆ نەکرێ و خزمەت نەکرێن و لە کاتی گونجاو دا رەوانەی لای لایەنەسیاسیەکانی ئەو بەشەی کوردستان نەکرێن کە بەشیکی زۆر لەوانە هەر ئێستا لە دام و دەزگا و ئیداراتی ئاسایشی و کۆمەڵایەتی حکومەتی هەریم دا کاربەدەست و بەرپرس و خاوەن دەسەڵاتن.
لە باسکردنی ئەم رووداوانەدا مەبەستم منەت کردن و بە چاوداکوتانەوە نیە، بەڵکو پێناسەێکی بچووکی هەڵس و کەوتی پێشمەرگە و ئەندام و لایەنگرانی سازمانی خەباتە بۆ ئەو کەسانەی کە لە کۆمێنتهکانی فەیسبووکیان دا دەنووسن: سازمانی خەبات چیە و چی کردوە. ههروهها بۆ بیرهینانەویکیش بێت بۆخەڵکی تر کە پێیان وایە ئێمە وەک سازمانی خەبات هیچمان نەکردوە و هەر ئەوان لە مەیدان دا بوون و هەن و هەر ئەوانیش دەبێ بۆ هەموو شتێک بریاردەر و خاوەن ئیختیار بن.
ئەرکی دڵسۆزان و شۆڕشگێڕانی کورد لە کوردستانی ئێران لەم قۆناغە هەستیارەدا باوەش بۆ یەکتری گرتنەوە و هاودەنگی و هاوفکریە لە پێناو دۆزینەوەی باشترین رێکار بۆ بەرەو پێش بردنی داوا رەواکانمان و خۆنیشان دانمان بە گەلانی ئاشتیخواز و ماف پەروەری جیهان، تا وەکوو بمان ناسن و بمان بینن و لە سەرخستنی بزاڤە رەواکەماندا پشتیوان و هاودەنگمان بن. ئێستا کاتی ئەوەیە کە لە ژێر یەک جەتری هاوبەشی بی جیاوازی دا گەڵاڵە بۆ نەمان و رووخانی رژیمی ئاخوندی و هاتنە سەرکاری دەسەڵاتیکی سیکۆلاری دیموکڕات و پارلمانی بە پێی خواستی گەلانی وەزاڵهاتوی دەستی نیزامی خوێنڕێژی ویلایەتی فەقیە و گەیشتنی گەلە بێ کەس و ماف پێشێلکراوەکەی خۆمان گەلی کورد بە مافە نەتەوایەتیەکانی ، دابڕێژین.
کوا ئێستا کاتی وەک دەڵین ئەرزی عەزەڵاتی لایەنیک بە سەر لایەنیکی ترەوەیە؟ ئەم هەستی هەر من منم و تۆ هیچ هی چاغە بەردینەکانی مێژوی مرۆڤایەتیە نەک دەورانی دنیای موردێڕن و سەرهەڵدانی دیموکڕاسی لە سەدەی بیست و یەکەم دا!.
ناوچەکە و جیهان لە روودانی ئاڵوگۆری زۆر لەنەکاو و چارەنووس سازدایە، روودانی هەر ئاڵوگۆریک لە ئێستادا لە ناچەکەدا، کاریگەری بەرچاوی لە سەر نیشتیمان و گەل و شۆڕشەرەواکەمان دا دابێ، کە پێویستە خۆی بۆ ئامادەکرێ و بە هەمووان بەبێ جیاوازی بیر و باوەر و هێز و شێوازی کار و بەرنامەی سیاسی ، لەدەوری یەک کۆوەبین و ئەزموون و سەلیقە و تواناکانمان یەکخەین و بیان کەینە بانکیکی بە هێز بۆ سەرخستنی ئامانجە هاوبەش و جارەنوس سازەکەمان کە رزگاری و ئاشتی و ئاوەدانی گەلان و نەتەوە و نیشتیمانە.
حیزبی دیموکڕات بە هەردووک بەشیەوە مادام پێیان وایە کەلە حیزبەکانی تر بەتەمەنتر و خاوەن نفوز و دەسەڵات و ئیعتیباری زیاترن، دەبوو لە دوای ئەو هەموو تەمەن و تەجروبەوە کارێکیان بکردایە ببونایە پێشەنگی یەکبوون و هاوکاری و یەکتر خوێندنەوە و خۆ دور گرتن لە خۆ فەرز کردن و چاو سوورکدنەوە و خۆ بە مالیک زانینی موتڵەقی کوردستان، نیشتیمانی هەمووان!
دەبوو لە هەر سنوور و ناچەیکی کوردستان کە دەکرێ لەم هەل و مەرجەدا پێشمەرگە لەوێ بوونی هەبێ، داوای لە هەموو لایەنەکانی تر کردبا کە وەرن بە هەموان بیپارێزین و بەرفراوانتری بکەین و لێرەوە خۆ بۆ هەر جوڵە و کاریکی پێویست لە دژی دژمنمان ئامادە بکەین و بە هەموان هێزیکی هاوبەش و فەرماندەییکی واحید پێک بێنین سەرپەرەشتی بکەین. ئەودەم لە جیاتی هەر کردەوەیکی نەشیاو و هاتنی هێزی ئاسایش بۆ ناوبژی وانی، کاروانی میدیا نێونەتەوەیەکان و سەفیر و نوینەری وڵاتان بۆ چاوپێکەوتن وزانیاری وەرگرتن و پرس و راویژ کردن رووی لەو شوینەدەکردو دنیا لە باس و خواس و داوارەواکانمان باشتر و بەرچاوتر تیدەگەیست ودەستی دژمنانی نەتەوە و نیشتمانیشان لە ئەنجامدانی هەموو کردەوە دژی مرۆڤایەتیەکانی کورت دەبوەوە و دەبووینە نموونەی یەکیەتی و خۆراگری و هاوهەڵوێستی بۆ هەموو گەلانی ناوچەکە و جیهان. ئێستاش ئەگەر بمانەوێت لە خەمی نیشتمان و بە ئاوات گەیشتنی گەلەکەمان دا بین، ئەو زەرورەتە داوامان لێدەکات کە دەبێ بەم ئاراستەدا هەنگاو هەڵگرین و لەم راستایەدا یەکتر وەخوێنین .
قۆناغی ئێستا قۆناغی خەباتی هاوبەشە بۆ رزگاری نەک بۆ خۆ بەفەڕزکردن و چێواشەکاری. هەرکات بە ئامنجی تیکڕایی و هەوبەش گەیشتین ئەودەم گەل لە هەڵبژادنێکی تێکرایی دا چارەنووسی خۆی دیاری دەکا و کێ لەلایەن گەلەوە بە شیاوتر زاندرا و لە هەڵبژاردن زۆرینەی هێنا دەبێتە خزمەتگوزاری گەل و نیشتیمان بۆ بە ڕێوە بردنی یاسای پەسندکراوی جەماوەر لە ماوەی دیاری کراوی دەسەڵاتداری خۆیدا.
بژی کورد، ئازاد و ئاوەدان بی کوردستان.
سەرکەوێ خەباتی یەکانگیر و هاوبەشی کورد لە کوردستانی ئێران بروخی رژیمی خوێنریژ و مرۆڤ کوژی ئاخوندی.