رۆژی شەممە 28ی خاکەلێوە1395 خەڵکی شارەکانى مەریوان، بانە، سەردەشت، پیرانشار و چەندین شاری دیکە لە کوردستانى ئێران دەستیان دایە مانگرتن و داخستنى دوکان و بازارەکان، ناڕەزایەتیەکانى خەڵکی ئەو شارانە بەهۆی سیاسەتەکانى رژێمى ئێران لە هەمبەر داخستنى سنوورەکان بووە. لە مێژە سات و سەودای سەر سنوور یەکێک لە هۆکانى دابین کردنى بژیوى ژیانی بەشێک لە خەڵکی کوردستان و بەتایبەت شارە سنووریەکانە. بەڵام رژێمی ئێران کە هیچ بایەخێکی بە ژێرخانى ئابووری ناوچە کوردستانیەکان نەداوە و
رۆژی شەممە 28ی خاکەلێوە1395 خەڵکی شارەکانى مەریوان، بانە، سەردەشت، پیرانشار و چەندین شاری دیکە لە کوردستانى ئێران دەستیان دایە مانگرتن و داخستنى دوکان و بازارەکان، ناڕەزایەتیەکانى خەڵکی ئەو شارانە بەهۆی سیاسەتەکانى رژێمى ئێران لە هەمبەر داخستنى سنوورەکان بووە. لە مێژە سات و سەودای سەر سنوور یەکێک لە هۆکانى دابین کردنى بژیوى ژیانی بەشێک لە خەڵکی کوردستان و بەتایبەت شارە سنووریەکانە. بەڵام رژێمی ئێران کە هیچ بایەخێکی بە ژێرخانى ئابووری ناوچە کوردستانیەکان نەداوە و سیاسەتى ئەو رژێمە هەر لە سەرەتاوە بەبرسی هێشتنەوەی خەڵکە، تاونەتاوێ سنوورەکان دادەخا و رێگە نادا خەڵکی هەژار هاتووچۆ و ئاڵوگۆڕی کەل و پەل لە نێوان سنوورەکانى هەرێمى کوردستان و شارەکانیاندا بکەن.
لەگەڵ ئەوەی رژێم لە کوردستاندا هیچ بەرنامەیەکی ئابووری بۆ پێشخستنى ئەو ناوچەیە نەبووە و نیە، هاوکات هەر جارەو بەجۆرێک بەربەستى وەک کوشتنى حەیوانەکانیان، گرتن و لێدان و... بۆ خەڵک و کاسبکارانى سەرسنوورەکان دروست دەکا. ئێستاش کە زۆربەى خەڵکی هەژار کاری کۆڵبەری دەکەن کە کارێکی قورس و تاقەت پروکێنە، بەڵام لەلایەن هێزەکانى رژێمە زۆر بێ رەحمانە دەکەونە بەر دەسترێژی گولەو وەک ئامارەکان نیشانى دەدەن مانگانە بە دەیان کەس لە کۆلبەران لەلایەن ئەو هێزە سەرکوتگەرانەوە شەهید دەکرێن.
رژێمى دژە کوردی ئێران بەوانەشەوە نەوێستاوەو ئەوە چەند حەوتوویە سیاسەتى داخستنى یەکجاری سنوورەکانى پەیرەوکردوە، ئەم سیاسەتەى رژێم لە ئێستادا یەکێکی دیکە لە پیلانەکانى ئەو رژێمەیە بۆ زیاتر برسی کردنى خەڵکی ناوچە جۆراوجۆرەکانى کوردستان، لەگەڵ ئەوەی بەشێکی زۆر لە خەڵکی هەژار بژیوى ماڵو منداڵی بەکار کردن لە سەرسنوورەکان دابین دەکرد، هاوکات هێنانى کەل و پەل لە سنوورەکان رەونەقی دەدا بە بازاری شتومەک لە شارەکان.
رژێم لەکاتێکدا سیاسەتى داخرانى سنوورەکان پەیرەو دەکا کە دەسەڵاتدارانى لەو کوردستان بانگەشەى کردنەەوی ناوچەی ئازادی بۆ بەشێک لە شارەکان دەکرد، بەڵام بەپێچەوانەى بانگەشەکان وەک دەبینین رژێم نەک ئەو مافە بە خەڵکی کوردستان بە رەوا نابینێ کە ناوچەى ئازادى تجاری هەبێ، بە پێچەوانەوە لە هەوڵی ئەوەدایە بەداخستنى یەکجاری سنوورەکان خەڵکی چەوساوەی کوردستان ئەوندەی دیکە نان بڕاو برسی بکا.
جێی خۆشیە کە لە بەرامبەر ئەو سیاسەتە سەرکوتگەرانەى دام و دەزگاکانى رژێم خەڵکی شارەکان بێ دەنگ نەبوون و دەستیان دایە داخستنى دوکان و بازارەکان و مانگرتنى سەرتاسەریان راگەیاند. لەدوای دوو رۆژ لەو مانگرتنە دەسەڵاتدارانی رژێم مەجبوور بوون مل بە داواو ویستى جەماوەر بدەن و بەڵێنیان داوە بە کاتى بۆ ماوەى مانگێک سنوورەکان بکرێنە. لە وەڵامدا جەماوەر داوای کرانەوەی یەکجاری سنوورەکان دەکەن و دەڵێن نابێ چیتر ئەو هێزانە ببنە بەربەست لە بەردەم کاری سەرسنوور و کەسابەتی ئەواندا.
ئەوەی روونە رژێم نەیتوانى لە بەرانبەر بڕیاری جەماوەردا خۆی ڕاگرێ و لە سیاسەت و پیلانەکانى خۆی چەند هەنگاوێک پاشەکشەیان کردوە، ئەو پاشەکشەی رژێم ئەنجامی خەباتى جەماوەری و مانگرتنى تێکڕایی شارە سنووریەکانە. وەک راپۆرتەکان باس دەکەن تا دێ شار و ناوچەکانى دیکەش بە دەم ئەم مانگرتنانەوە دێن و مانگرتنەکە لە کوردستاندا گشتگیرتر دەبێ.
ئەوی تا ئێستا دیارە هەوڵی رژێم بۆ لەبار بردن و شکاندنى مانگرتنەکەیە و کردنەوەی دوکان و بازاری شارەکانە بۆیە تەنیا بەڵێنى کردنەوەی سنوورەکانى بۆ ماوەی یەک بە کاسبکار و بازاریەکان داوە، شکى تێدا نیە لە ماوەی ئەو یەکمانگەدا بەردەوام دەبێ ئازار و عەزیەتى کاسبکاران و لە دوای ئەو کاتەش پیلانى دیکە دژ بە کاسبکاران و جەماوەری کوردستان پەیرەو دەکا.
بۆیە وەک مانگرتوان ئیشارەیان پێداوە تاکە مەرجی کۆتایی هاتنى ئەو مانگرتنەو کردنەوەی دوکان و بازار، کردنەوەی سنوورەکانە بەیەکجاری. دیارە رژێم ناتوانێ خۆ لە بەرامبەر داوای یەکگرتووانەى خەڵکی کوردستاندا ڕاگرێ و زۆری پێناچێ مل دەدا بە داواکانى جەماوەری ناڕازی.
بەهۆی زوڵم و نادادپەروەری دەسەڵاتدارانى ئێران، خەڵکی کوردستان کێردیان بە ئێسک گەیشتووە و ناڕەزایەتى و خەباتى ئەو جارەی جەماوەر خەباتە لە پێناو نان، بۆیە تا وەدیی هاتنى ئامانجەکانیان بەردەوام دەبن و لە بەرامبەردا تەنیا چاری رژێم ملدانە بە ویستى جەماوەر.
یەکگرتن و یەکهەڵوێستى و پشتیوانى شارەکان لە یەکتر، پاشەکشەی رژێمی بەدوای خۆیدا هێنا. کەمێ پشوودرێژى جەماوەر دەتوانێ پاشەکشەی زیاتر بە رژێم بکاو ئەنجامى باشتر بۆ ئەو کاسبکارانە مسۆگەر بکات.
بەڵام ئەوە رژێمى داگیرکەری ئاخوندانە و بڕیاری دژایەتى و قڕکردنى خەڵکی کوردستانە، بێ گوومان تا ئەو رژێمە لە سەر دەسەڵات بێ خەڵکی کوردستان و بەگشتى خەڵکی ئێران نانێکی راحەت بە قورگیاندا ناچێتە خوار. بۆیە تاکە رێگە ئەوەیە جەماوەری کوردستان و باقی گەلانى ژێردەستی ئێران دەبێ پێکەوەو بە یەکگرتوویی قۆلی لێ هەڵماڵن و تا روخان و نەمانى دێوەزمەى ئاخوندان درێژە بە خەبات بدەن. شکى تێدا نیە سەرکەوتن لە یەکبووندایە و بە خەباتێکی جەماوەری و تێکڕایی دەتوانین ئەو رژێمە لە گۆڕنێین.