پێوەندیەکانی ئوروپا لەگەڵ ئێران،لەسەر بنچینەی قازانج وبەرژەوەندی ئابووریە. هەتا ڕژیم بۆی دادۆشیبێتن ، ئەوان لەهەمبەر کۆی پرسە ئاڵۆز وئاژاوەگێڕی وترۆریزم ....
بێهروز ئهردهڵان
پێوەندیەکانی ئوروپا لەگەڵ ئێران،لەسەر بنچینەی قازانج وبەرژەوەندی ئابووریە. هەتا ڕژیم بۆی دادۆشیبێتن ، ئەوان لەهەمبەر کۆی پرسە ئاڵۆز وئاژاوەگێڕی وترۆریزم وگەڵاڵەی ئەتۆمی ،هەڵوێستیان نەرم بووە و ویستویانە لەهەر قۆناخ ودەمێکدا بووبێت ڕژیم ڕزگار بکەن ونەهێڵن ئەم شەریکە ئابووریەیان لەکیس بچێت. بەڵام لەدووی لێژبوونی گڵۆڵەی تەمەنی ڕژیم و لەم سات وسەودایانەی ئەم دواییانەدا لە پاش چوونەدەری ئەمریکا لە بەرجام و سەپاندنی گەمارۆی ئابووری و ئاڵۆز بوونی ناووچەی کەنداو بە لەشکرکێشی و هاتنی کەشتیگەلی ئابڕاهام لینکۆڵێن و مانۆڕەکانی ڕژیمی ئاخوندی وخستنە خوارەوەی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی ئەمریکا وجدی بوونی پێک دادانی نیزامی، پێوەندی ئوروپاییەکان لەگەڵ ڕژیم و ڕوانینیان بۆ بەرجام وپێوەندیەکان ،هێماگەلێکی دیکەی لێ بەدیار کەوتووە وبەم جۆرە پێوەندیە ویاریە لەگەڵ ڕژیم و کایەێکی سیاسی بە ڕێکەوتنی بەرجامەکەیان ، ڕێگەێیکی دیکەیان گرتۆتەبەر و وادیارە بە هەنگاونانی ئەسپاییان ڕێگەی ڕەزیل وداماو کردنی ڕژیمیان گرتۆتە بەر. ئەم سیاسەت و ڕوانین وجۆری هەڵس وکەوتە ،ڕژیمیەکانی لەناوخۆدا بەگژیەکدا کردووە و بەسەر بەرەی تەسلیم تەڵەب یان چۆکدانەدان ،دابەشی کردوون.
لەدوایین کۆبوونەوەی کومیسیونی هاووبەشی بەرجام لەویەن ،کە عەباسی عێراقچی جێگری ممدجەوادی زەریف وەزیری دەرەوەی ڕژیم بەشدار بوو، زۆرترین لێکەوتە وکاردانەوەی هەڵوێستی باڵەکانی ڕژیمی لێکەوتەوە و بەبێ گەیشتن بە ڕێکەوتنێک لەهەمبەر سووک کردنی گەمارۆکان ،یان بەڵێنی مانەوەی وەڵاتان لەم ڕێکەوتنەدا ، ڕژیمی بەرەو هەڵدێرو گلانی زیاتری دەرەکی وناوخۆیی پاڵ پێوەنا.
هەواڵدەری سوپای پاسداران ،لەپاش ئەم کۆبوونەوەیەی کومیسیونی هاووبەش ،لەزمان سەرچاوەێیکی ئاگاداری دەسەڵات ،لەسەر ڕێگەی زەربەدان لەخۆ لەڕاستای پێشێل کردنی بەرجام پێداگری کرد ونووسی : بەسەرنجدان بەوەی کە ئاکامی کۆبوونەوەی کومیسیونی هاووبەشی بەرجام لەگەڵ داوخوازیەکانی نیزام ،یەک ناگرێتەوە ودوورە ، بڕیاری کۆتاییمان ئەوەیە کە هەنگاوی کەمکردنەوەی پێبەندیەکان بە بەرجام هەڵبگرین ولەم ڕاستایەدا بە زووترین کات لە ڕێژە وڕەقەمی 300 کیلۆ ئۆرانیومی پاڵاوتەکراو تێپەڕین و حیسابێک بۆ کەس نەکەین..... هتد.
ڕۆژنامەی حکوومەتی ڕەساڵەت نووسی: هەروەک ئەوەی کە کۆتایی کۆڵانەکەی بەرجام ،باغی پڕلە هەرمێ بوو، کۆتایی کۆڵانی ئینستکسیش پڕە لە خواردن وداو ودەرمان و شت ومەک وگەشەی بازاڕی نەووتمان. بەڵام هەر دوو کۆڵانەکە داخراوون، تەنیا کەس گەلێک کە تابلۆی بون بەست دەبینێ دژە ڕۆژئاواییەکانن. دووبارە فریوی فێڵ بازان و بێ بەزەییەکانی ڕۆژئاوا مەخۆن ومەچنە کۆڵانێکی داخراوی دیکەوە..
هەر لەو پێوەندیەدا باڵوێزی پێشووی ڕژیم لەفەڕانسە دەڵێ: بە سەرنجدانی ووتوێژەکە ئەوەمان بۆ دەردەکەوێت کە دەسکەوتێکی ئەوتۆی بۆ نیزام نەبووەو وەک جارەکانی دیکە کڵاویان ناوەتە سەرمان. ڕۆژئاواییەکان ڕایانگەیاندووە کە تەنیا دەتوانین لەدوو بابەتدا پێدا چوونەوە بکەین. ئەو دوو شتەش لەوانەیە شت ومەکی خواردن وکەشاوەرزی وفەلاحەت بێت،کە ئەویش بڕەکەی لەوانەیە زۆر کەم بێت. ئوروپا بۆ کڕینی نەووت و گۆڕینەوە وهەناردە وهاووردە جیدی نیە وگەرەکیانە بەم جۆرە دڵخۆشمان بکەن، ئەوان بەڕاستیان نیەودەبێ ئێمە تێبگەین. سەرانی دیکەی ڕژیم پێیان وایە ئەم جۆرە سات وسەودایە لەگەڵ ئوروپا باش نیە وجوابی نەداوەتەوە و دەبێ هەڵوێست وتاکتیکی دیکەیان هەبێت! ڕژیم لەچەند لاوە کەوتۆتە خۆ و بۆ هێشتنەوەی بەرجام ومانەوەی ئەم دۆخە تەنانەت لە هەڕەشە وپاشەکشێ لەکۆی موعاهدە وڕێکەوتنەکان کەڵک وەردەگرێت. لەدووی پەرەگرتنی کێشمەکێشی بەرجام وبەرتەسککردنەوەی بازنەی گەمارۆکان ،ئاخوند ڕۆحانی مۆڵەتێکی دوو مانگەی دا بە ئوروپا .لەم مۆڵەتەدا پێداگری لەسەر ئەوە کراوەتەوە کە ئەگەر کار بۆ ڕەواندنەوەی گەمارۆکان نەکەن هەڵوێستی جیدیان دەبێت. هەرچەند ئوروپاییەکان وەڵامی ئەم هەڕەشەیان دایەوە و ژێربەژێریش بڕێک دانووستاندیان کرد، بەڵام لەبەر باری ئاڵۆزی ڕژیم لە مەسائیلی دەرەکی وناوخۆیی، هێچ ڕێکەوتنێک نەهاتە ئاراوەو بە گرینگی نەدانی ئوروپا بە ڕژیم وگەڵاڵە دیاری کراوەکانی، ڕژیمی ئاخوندی باسی گوزەر لە 300 کیلۆ ئۆرانیومی پاڵاوتەکراوی هێناوەتە ئاراو بە دانی ئۆڵتیماتۆمێکی چەند ڕۆژە ، خەریکە دۆخەکە بە لایک و بارێکی دیکەدا دەڕوات. توندڕەوی وهەوڵدانی ڕژیم بۆ دەربازبوون و نەچوونەوەی کۆڵانە داخراوەکان لەکاتێکدایە کە زۆرێک لەسەرانی ڕژیم لە ڕێنەکەووتن وئەم هەڕەشانە لەگەڵ ڕۆژئاواییەکان دەترسن ودەڵێن کە ڕێنەکەوتن پاشهاتێکی قورس وقەرەبوو نەکراوی دەبێ.
ئەندامێکی کومیسیونی ئاسایشی ڕژیم دەڵێ ڕێکەوتنی ئینستکێس ڕێکارو سازانێکە کە شوێنەوارە سیاسیەکەی بۆ تێپەڕبوون لە داوی توندڕۆشتن گرینگتر لە کردنەوەی دەرکە ئابووریەکەیەتی، دەبێ بە هەرجور بێت ،مەجالی پێبدەین. لەهەر دوو یاریەکەدا کات بە قازانجی ڕژیم نیە. بەپێی هەڵوێست و نیشانەکان وێ دەێت لەکۆتاییدا ڕژیم کە بەم بێهێزی ئابووری وپێگە نێونەتەوەییەی کەهەیەتی ، مل بدات بە ڕێکەوتنێکی سووک وڕەزیل وزەلیلانە کە هەر ئەمەش بۆ ئاوخوندان چاوەڕێ دەکرێت..