عەلی بەهرامی
30 پووشپەڕ یادی نۆیەمین ساڵرۆژی کۆچی دوایی مامۆستا شێخ جەلالی حسەینی یەکێک لە رێبەران و پێشەوایانی کەم وێنەی رێبازی کوردایەتی لە کوردستانی ئێران ک
عەلی بەهرامی
30 پووشپەڕ یادی نۆیەمین ساڵرۆژی کۆچی دوایی مامۆستا شێخ جەلالی حسەینی یەکێک لە رێبەران و پێشەوایانی کەم وێنەی رێبازی کوردایەتی لە کوردستانی ئێران کە لە راستگۆیی و سەداقەت دا بێ وێنە، لە زانست و عیلم دا دەریای بێ بن، لە مقاومەت و خۆراگریدا گوڵی سەرچڵ بوو.
مامۆستا لە شاری بانە و لە خانەوادەیەکی ئایینی و دیاری ئەو ناوچەیە لە 1307ی هەتاوی لەدایکبووە، لە هەڕەتی مێرمنداڵی دا بۆ خوێندن روو لە ناوچەی موکریان دەکاو هەر لەوێیش لەگەڵ کۆمەڵەی ژێکاف ئاشنا دەبێ و دەبێتە ئەندامی ئەو کۆمەڵەیە، لە دوای هەڵوەشاندنی کۆمەڵە و سەپاندنی حیزبی دیموکرات و دامەزرانی کۆمار، دەچێتە مەهاباد و بە شیعر و نووسین بۆ رۆژنامەی کوردستان، وەک دڵسۆزێک بۆ کۆمار و سەرۆکەکەی دەور دەبینێ.
لە دوای کۆمار و لەسێدارەدانی سەرۆککۆماری مەزنی کوردان، مامۆستا لە حوجرەکاندا درێژە بە خوێندنی ئەو سەردەمە دەداو لەگەڵ هەڵکشانی زیاتری تەمەن، زیاتر هەست بە زوڵم و زۆری رژیمی پاشایەتی دەکاو هەر چۆنێکی لە دەستی هاتبێ دژایەتی ئەو دەسەڵاتە داگیرکەرەی کوردستانی کردووە. لە کاتی راپەرینی جوتیاران و کەشاوەرزانی ناوچەی موکریان پشتیوانی لە کەشاوەرزان و جوتیارانی زەحمەتکێش دەکا دژ بە ئاغاوات و فئودالەکان کە لەلایەن دەسەڵاتی پاشایەتیەوە پشتیوانیان لێ دەکرا.
مامۆستا لە دوای گەرانەوەی بۆ بانە، بەشێوەیەکی تایبەت و بە پشتیوانی لە تێکۆشەرانی کورد، بە نووسینی شیعر و پەروەردەی خوێندکارەکانی لەسەر بیری نەتەوەیی و هاندانی خەڵک دژ بە دەسەڵاتی شا، درێژەی بە خەباتی خۆی بۆ گەیشتن بە ئاواتەکانی دەدا، هەر ئەوەش وای کردبوو لای چالاکانی سیاسی و تێکۆشەرانی کورد و ئێرانی جێی متمانە بێ و لە دوور و نزیکەوە پەنایان بۆ دەبرد.
بە کڵپەکردنی رق و توورەیی خەڵک لە حکومەتە گەندەڵ و دیکتاتۆرەکەی حەمە رەزا شا، مامۆستا سەید جەلال بەشێوەیەکی لێبڕاوانە کەوتە رێکخستنی خەڵکی ناوچەی بانە و لە هەر دەرفەتێک بۆ لاوازکردنی پێگەی ئەو دەسەڵاتە لە ناوچەکە کەڵکی وەردەگرت. هاوکات بەشداری کۆڕ و کۆبوونەوەی ناوچە و شارەکانی دیکەی کوردستانی دەکرد و بە وتاری حەماسی و شۆرشگێڕانە هانی جەماوەری دەدا بۆ راپەرین و هەر چۆنێکی بۆ بکرایە کورەی خەباتی دژ بە دەسەڵاتی خانەوادەی پەهلەوی نێڵ دەداو بۆ ئەو مەبەستەش وەک پێشوایەک وەپێش جەماوەر دەکەوت و بە گردبوونەوە و رێپێوانی جۆراوجۆر راپەرینیان لە کوردستان بەگشتی و شاری بانە بەتایبەتی رێبەرایەتی دەکرد.
لە دوای روخانی رژیمی پاشایەتی، هەر زوو شۆرایەکی بەرێوەبەری بۆ ناوچەی بانە پێکهێنا بە مەبەستی رایی کردنی کار و باری خەڵک و رێکخستن و پۆشتەکردنی هێزێکی پێشمەرگە بە مەبەستی پاراستنی ئارامی و ئۆقرەیی ناوچەکە.
لە دوای هاتنەسەرکاری حکومەتی خومەینی و هاتنی هەیئەتی ئەو دەسەڵاتە بۆ مەهاباد بە مەبەستی وتووێژ لەگەڵ کورد، مامۆستا یەکێک لە ئەندامانی هەیئەتی کورد و بەشدار لە کۆبوونەوەکە و پشتیوانی و لایەنگری لە یەکریزی کورد و دوور کەوتنەوە لە چەند دەستەیی و تەفرەقە بەتایبەت لەو سەردەمەدا دەکرد.
لە ساڵی 1358ی هەتاوی دا حیزبایەتی کاریگەری تەواوی لەسەر رەوتی کارەکانی کورد دانا و خەتەکان تەواو لەیەک جیابوونەوە، بۆیە لەگەڵ مامۆستا شێخ عزەدین و عەبدولرەحمانی زەبیحی دا بیریان لە دامەزرانەوەی کۆمەڵەی ژێکاف یان هاوشێوەی ژێکاف کردەوە و بۆ ئەو مەبەستە ئەساسنامەکەشیان نووسیەوە، بەڵام دوای پەشیمان بوونەوەی مامۆستا شێخ عزەدین هەوڵەکان سەرکەوتوو نەبوون. لە دوای ئەوە، مامۆستا سەید جەلال هاوڕێ لەگەڵ ژمارەیەک لە هاوەڵانی و کەسانی نزیک لە مامۆستا شێخ عزەدین، دەفتەرێکیان لە ژێر ناوی دەفتەری مامۆستا شێخ عزەدین دامەزراند و لەو چوارچێوەیەدا درێژەیان بە کاری سیاسی و سەربازی دەدا.
لەدوای شکستی وتووێژی کورد لەگەڵ دەسەڵاتی خومەینی و هەڕەشە و گوڕەشەی رژیم و لەشکەرکێشی بۆ سەر کوردستان، مامۆستا سەید جەلالی حسەینی بریاری بەرنگاربوونەوەی لەگەڵ هێزەکانی رژیمداو شاربە شار و ناوچە بە ناوچە دەگەرا بۆ ئەوەی ویست و مەرامەکانی رژیم بە خەڵک بگەیەنێ. هاوکات سەرکردایەتی هێزی پێشمەرگەی دەفتەری مامۆستا شێخ عزەدینی دژ بە هێزەکانی رژیم دەکرد و لە چەندین ناوچەی وەک کامیاران، دیواندەرە، سەقز و بانە خۆراگری و مقاومەتی بێ وێنەیان نیشانداو توانیان زەربەی گورچ و بڕ لە هێزەکانی رژیم بدەن، بەتایبەت لە داستانی 10ی خەزەڵوەردا توانرا زیاتر لە 80 ماشێن لە هێزێکی تایبەتی رژیم کە زیاتر لە 700 کەس دەبوون بە یەکجاری تەفرو تونا بکەن، کە ئاکامی ئەو زەربە گەورەیە پاشەکشەی سەربازی و سیاسی بۆ رژیم بە دواوە بوو و رژیمی ناچار بە ئاگربڕ لەگەڵ نەتەوەی کورد، کرد.
سەرەتای ساڵی 1359ی هەتاوی مامۆستا شێخ عزەدین راگەیاند کە هێزی سەربازی نیە، وە حاشای لەبوونی ئەو هێزەکرد کە زیاتر لە ساڵێک بوو سازماندەیی کرابوو و چەندین قارەمانەتی گەورەی دژ بە هێزەکانی رژیم خولقاندبوو، هەر بۆیە مامۆستا شێخ جەلال و هاوبیرانی بیریان لە دامەزرانی سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران کردەوە و تێکۆشان و چالاکیەکانیانی خۆیان لەو سازمانە نوێیەدا رێکخستەوە.
بە دامەزرانی سازمانی خەبات کار و خەباتی مامۆستا شێخ جەلالی حسەینی چووە قۆناغێکی نوێوە، سەرەتای کاری رێکخراوەیی، سەرەتای خەباتی پارتیزانی و پێشمەرگانە و دوورکەوتنەوە لە وەڵات و ژیانی ئاوارەیی.
بە دامەزرانی سازمانی خەبات لەلایەن ئەحزابی دیکەوە کۆمەڵێک کۆسپ و تەگەرە و بەربەستی جیددی لەبەردەم کارو چالاکی رێکخراوەیی سازماندا ساز دەکران و رێگەیان نەدەدا جوێ لە ناوچەی بانە لە ناوچەکانی دیکە هەڵسورانی هەبێ، کێشەیان بۆ کادر و ئەندامانی دروست دەکرد و پەلاماری بنکە و مقەراتی سازمانیان دەدا. هەر بۆیە سازمانی خەبات وێڕای دیفاع لە مەوجوودیەتی خۆی لەبەرامبەر پیلانی نەیارانەی ئەو لایەنانە، دەبوو لەبەرامبەر هێزە داگیرکەرەکانی رژیمی ئاخوندیدا دیفاعی لە خاکی پیرۆزی کوردستان بکرادیە، کە ئەوە دۆخێکی تایبەتی بۆ سازمانی خەبات و شەخسی مامۆستا دروست دەکرد کە بە دووری کردن لە شەڕی براکوژی و ئالۆزی زیاتر لە نێو خۆی بزوتنەوەی کوردستان، پلان و بەرنامەیەکی وەها دارێژی بتوانێ سازمانەکەی لەو هەلومەرجانە دەرباز بکات و هاوکات درێژە بە کاری سیاسی و رێکخراوەیی خۆی بدات پارێزگاری لە نیشتمانیش بکات. لە ماوەی رێبەرایەتی کردنی سازمانی خەبات لەلایەن مامۆستاوە سەداقەت و راستگۆیی لە سیاسەت و ئیمان بە رەوایی خەباتەکەی بە شێوەیەک بوو کە کورەکانی خۆی لە کاری پارتیزانی و پێشمەرگانە، لە سەنگەرەکانی هەرە پێشەوەی شەڕدا بوون و فەرماندەیی دەیان قارەمانەتی و داستانی گەورەیان دژ بە هێزە تاریکپەرەستەکانی رژیمی ئاخوندی کردووەو مامۆستا لە خانەوادەکەیدا شەهید و چەندین برینداری پێشکەش بە رێبازی سازمانی خەبات و کورد و کوردستان کردووە.
لەدوای داگیرکردنەوەی کوردستان لەلایەن رژیمی ئاخوندی و دەست پێکی ژیانی تاراوگە، مامۆستا سەید جەلال ژیانێکی زۆر هەژارانە و پێشمەرگانەی هەڵبژارد و وێڕای دەرفەتەکان بۆ ژیانێکی ئارام و خۆش، بۆ ساتێکیش ئامادەنەبوو ریزی پڕ لە شانازی پێشمەرگایەتی بەجێ بێڵێ و تا دوا هەناسە سەربەرزانە سەنگەری پێشمەرگایەتی بەرنەداو سەربەرز و مەرد و ڕەند مایەوە.
مامۆستا شیخ جەلال رێبەرێکی بە زیبک و زاکون و دڵسۆز و راستگۆ، شاعیرێکی هەست ناسک و لێزان، لە باری عیلمەوە خوێندەوارێکی بەتوانا لە مێژووی کورد و ناوچەکە و ئەدیب و شارەزایەکی کەموێنە لە زمانی کوردی و فارسی و عەرەبی بوو. مامۆستا شۆرشگێرێکی نیشتمان خۆشەویست و ئازادیخوازێکی سادق و بێ گرێ و گۆڵ بوو. بیری نەتەوەیی مامۆستا تێکەڵ بە هیچ جۆرە ئیدۆلۆژیەک نەبوو پێی وابوو کە دەکرێ تێکڕای بیر و ئیدۆلۆژیەکانی مەوجود لە کوردستان لە دەوری خەتی نەتەوەیی کە ئامانجی رزگاری خاک و نەتەوەی کورد بێ کۆ بنەوەو هەموو هێز و وزەکان بۆ ئەو مەبەستە تەرخان بکرێ و کارێک نەکرێ بە بیانووی خەباتی فکری و تەبەفاتی و ئیسلامی ریزی شۆرشگێڕانی کورد دابەش بکرێ.
لە کۆنگرەی چوارەمی سازمانی خەباتدا مامۆستا لە وتارێکی تایبەت و مێژووییدا بە روونی ئیشارەی بەو بابەتە کرد و فەرمووی: گەورەترین خەباتی ئێمە خەباتی نەتەوەیی و رزگاری نەتەوەی کوردە، هەر رێیەک تێکڕای نەتەوەی کورد لە خۆ بگرێ و بەتوانن بەشداری تێدا بکەن و ئەو موبارەزە بۆ هەموان بێ، ئەوە رێی ئێمەیە. خەباتی تەبەقاتی و ئیسلامی پێوەندیەکی تایبەتیان بە خەباتی ئێمەوە نیە. ئێمە نەتەوەیەکی کیان مەحفوز و جوغرافیا مەحفوز نین، داگیرکەر لە هەموو لایەکەوە دەمی ژاندۆتە کوردستانەکەی ئێمە، ئێمە دەبێ خەتێک بگرین کە تێکڕای جەماوەر لەگەڵمان بێ.
مامۆستا هەروەها باوەڕی قوڵی بە پلۆرالیسم و تولێرانس هەبوو، پێی وابوو دەکرێ فرەحیزبی و رەقابەتی سالمی حیزبیش بوونی هەبێ، روانگەی جەنابیان بۆ ئەو پرسە بەوشێوەیە بوو کە: کوردستان هی هەموومانە و هەموومان لێی دەژین پێویستە هەموومان هەوڵ بۆ رزگاری کوردستان بدەین، لە دوایی دا لە هەڵبژاردن بکرێ و تیایدا هەموو جۆرە حیزبێک بە حیزبی ئیسلامی و غەیرە ئیسلامیش بەشدار بن، میللەت دەنگی بە کێ دا و بردیوە، ئەو کاتە ئەو حکومەت دەکا و نوێنەری هەموو حیزب و سازمانەکانیش لە پارلماندا دەبن و هەموو کەس شەریکە لە حکومەت و پارلمان دا.
بە حەق مامۆستا سەید جەلالی حسەینی یەکێک لە رێبەر و سەرکردە دیارەکانی نەتەوەکەمان بوو کە هەموو فکر و زکر و هەوڵێکی بۆ رزگاری نەتەوەی کورد و پاراستنی خاکی پیرۆزی کوردستان لە دەست دژمنان و داگیرکەران بوو، هەر بۆیە پێویستە ژیان و سەرگوزەشتە و بیر و ئەندێشەکانی بخرێنە بەردەم نەوەکانی ئێستا و داهاتووی نەتەوەکەمان، بۆ ئەوەی کەڵک لە ئەزمونی زیاتر لە 65 ساڵ خەباتی سادقانە و پاک و لێوانلێو لە فیداکاری ئەو شۆرە سوارەی خەباتی کوردایەتی وەرگرین و بیانکەینە چۆڵەچرای رێگەی خەباتی رزگاریخوازانەی نەتەوەی کورد.