یه‌ک شه‌مه‌ 

8 ره‌زبه‌ر2724
سازمانی خه‌بات ی
کوردستانی
ئێران
sazmanixebat

شێوازیی کارى رێکخراوەیی

شێوازیی کارى رێکخراوەیی
ئەوین فەرەجى

مرۆڤە تێکۆشەر و خەباتکارەکان هەر ئەو مرۆڤە ئاساییانەی ناو کۆمەڵن کە لە بەرانبەر دەسەلاتی ناڕەوا و یاسای زۆرە ملی و نەخوازراوی داسەپا و بە سەر کۆمەڵگا و دەوروبەریان دا، هەڵوێست دەگرن و دژ کردەوە لە خۆیان دەدەن ، ئامادە نین بۆ ئەو زوڵم زۆر و یاسایانە مل کەچ کەن.لێرە دا ئێمە باسی کەسە تایبەت و دیار و دەگمەنەکان ناکەین، باس لەو مرۆڤانە دەکەین کە بە شێوەێکی دیار و بەرچاو لە ناو کۆمەڵگادا لە گەڵ ئێمە دەژین و

 

مرۆڤە تێکۆشەر و خەباتکارەکان هەر ئەو مرۆڤە ئاساییانەی ناو کۆمەڵن کە لە بەرانبەر دەسەلاتی ناڕەوا و یاسای زۆرە ملی و نەخوازراوی داسەپا و بە سەر کۆمەڵگا و دەوروبەریان دا، هەڵوێست دەگرن و دژ کردەوە لە خۆیان دەدەن ، ئامادە نین بۆ ئەو زوڵم  زۆر و یاسایانە مل کەچ کەن.لێرە دا ئێمە باسی کەسە تایبەت و دیار و دەگمەنەکان ناکەین، باس لەو مرۆڤانە دەکەین کە بە شێوەێکی دیار و بەرچاو لە ناو کۆمەڵگادا لە گەڵ ئێمە دەژین و سەبارەت بە بارو دۆخی دەسەڵات وکەش و هەوای ئەو رۆژگارەی کە تێیدا دەژین، نارازی و نیگەرانن و بە بارتەقای ئەو زانیاریانەی کە دەستیان دەکەوێ دەست بۆ کردەوەی دژ بەرانە دەبەن  و هەر ئەوانەشن کە لە کۆمەڵگادا دەوری سەرەکی خەبات و راپەڕین دەگێرن. ئەوانە هێندێک جار پڕ لە حەماسە و دڵگەرمی و ماندوویی نەناسن و هێندێک جاریش بێ مەیل و سڕ و ماندو و گۆشەگیر دەر دەکەون. بەڵام سەرەڕای هەمووی ئەو کەند و کۆسپ و هەوراز و نشێوانە، ئەم مرۆڤانە دەبنە سەرمایەی نەتەوەیی و نیشتمانی و داینەمۆی بزوێنەری خەبات و تێکۆشانی گەل لە رەوتی بەرەو رزگاری و دژبەری زوڵم و نابەرانبەری کۆمەلایە و دەسەڵاتی داسەپاو لە کۆمەڵگادا. مرۆڤی بە هەڵوێست و کۆڵنەدەر و تێکۆشەر هەمیشە لەگەڵ یاسا و دەسەڵاتی زۆرەملی و نابەرانبەری و پیشێلکاری ماف و ئازادی دا، دەستە و یەخەیە و ئەو بێزاری و هەڵچوون و راپەرینە لە سەر کەسایەتی و تێرامان و هەڵس و کەوتەکانی شوێن دەدەنێ و شێوە و شێوازی رووبەروو بوونەوە و گونجاوترین رێگای چارەسەریان بۆ دەست نیشن دەکا. لێرەدا ئەوەی کە وەک پێویستێکی بەرچاو خۆی دەردەخا ئەوەیە کە ئەو مرۆڤە دەبێ بە چەک و ئامرازی،، زانیاری و باوەڕ و بڕیار و لە خۆ بووردوویی،، خۆی تەیار بکا و بێتە گۆڕەپانی خەبات و تێکۆشانەوە، تا بتوانێ بە سەر هەر بار و دۆخ و هەل و مەرجێکی دژوار و سەخت دا سەرکەوێ. کە ئەمانە  هەمووی کەسایەتی داهاتوو و ئیعتباری کۆمەلایەتی و سیاسی و خەباتگێڕی ئەو مرۆڤە دروست دەکا و کۆمەڵانی خەڵک وەک سەر مەشق و رێ نیشاندەری خەباتی رەوایان بۆ ئازادی و رزگاری نەتەوە و نیشتمانیان دەیناسن و بۆ هەر جۆرە هاوکاری و وبەشداریان لەو ئەرکە پیرۆزە دا پشتی چۆڵ ناکەن. شتێکی تری کە دەبێ لە بەرچاوی بگرین و بەسەریدا تێنەپەڕین ئەوەیە کە، مرۆڤ لە زۆر بار و قۆناغ و هەل و مەرج دا ناتوانێ پێگە و بەرژەوەندی خۆی بە درووستی و وەک پێویست لێک بداتەوە و سەنگەر و شەڕگەی خۆی لەو پانتاییە دا بە شێوەێکی پێویست دەس نیشان بکات. زۆر جار لە هێندێک بوار دا مرۆڤی تێکۆشەر و خەباتکار بەرژەوەندی تاکە کەسی خۆی بە دژایەتی لەگەڵ بەرژەوەندی جەمع و کۆ دا دەبینێ،بەم هۆیەوە ناتوانێ لە گەڵ ئەو جەمع و کۆیە یەکانگیر و یاریدەدەر بێ. ئەم تێڕوانینە لە کاری شۆرش و بەرتەکدانەوەدا جێگای سەرنج و هەڵوێستە لەسەر کردنە، چونکە  مرۆڤ و کەسایەتی خاوەن باوەڕ و بە هەڵوێست و خەباتکاری بەراستی،هەوڵ دەدات کە بە قازانج و بەرژەوەندی تێکڕایی هەڵس و کەوت بکا . لێرەدایە کە جیاوازێکی یەکجار زۆر لە نێوان مرۆڤێکی ئاسایی و بێ دەربەست و بەرژەوەندیخواز و،  مرۆڤ و کەسایەتێکی خاوەن هەڵوێست و بەدەربەست و خەمخۆری ناو کۆمەڵگا خۆی دەردەخا.

ئەوەی کە دیارە و حاشای لێ ناکرێ ئەوەیە کە، مرۆڤ بوونەوەرێکی کۆمەڵایەتی و بە دەر لە کۆمەڵ و جەمع وەک پێویست، وزە و لێهاتوویی بەرەو پێش بردنی هیچ کارێکی بە تەنیا نیە. مرۆڤ بۆ ئەوەی لە ناو کۆمەڵگاکەیدا بتوانێ وەک پێویست بە ئاوات و ئامانج و بەرژەوەندیە تاک و کۆکانی ناو کۆمەڵگا بگات، ناچارە لە گەڵ دەوروبەری خۆی بکڕێ و بفرۆشێ و ببەخشێ و وەربگرێ و بۆ هەر ئەرک و فەرمانێک ،لە گەڵ ژینگەی کۆمەلایەتی و ئابووری و فەرهەنگی و سیاسی خۆی روو بە روو وەبێ، چونکە مرۆڤ کۆمەڵێک پێداویستی و لێپرسیاوی و ئەرک و مافی هەن کە بە تەنیایی دەرەقەتیان نایا و بە هۆی هاوکاری و هاوفکری دەوروبەریەوە دەتوانێ ئەو ئەرک و لێپرسیاویانە بەرێوەبەرێ و بە ئاکامی دڵخوازیان بگەیەنێ. ئەگەر ئەم ئاڵ و گۆڕ و هەڵس و کەوت و بەخشین و وەرگەتن و کڕین و فرۆشتنانە لە هەیئەتی کۆڕ و جەمعێکی خەباتگێر و ئاگا و تێگەیشتوودا بێنە ئاراوە، بەهرە و بەرهەمی گشتگیر و بەرچاوی لیدەکەوێتەوە. کۆمەل و کۆ  سەرەرای ئەوەی کە لە تاک پێک دێن، بەڵام کەسایەتی و سەر بەخۆیی جێ متمانەیی لە تاکەکانەوە وەردەگرێ و یاسا و رێساکانی لە گەڵ یاسا و رێسای تاکە کەسی جیاوازی زۆرە. هەر بۆیە هەمیشە دەبێ ئەوەمان لە بەر چاو بێ کە بەر هەمی کاری بە کۆمەڵ و دەستە جەمعی باشتر و کامڵترە لە بەرهەمی کەسێکی  تاک و دیار، چونکەچەند تێرامان و بیرکردنەوە و بۆچوون، پانتاێکی زیاتر دەبینن و دەنگ و داخوازی زیاتر دەبیسن و لە بڕیاردانیش دا بێ شک کۆڕ و جەمع کەمتر هەڵە دەکەن. کاتێک کە قەرارە لە سەر بابەتێک بڕیار بدرێ دەبێ پێش هەموو ستێک ئەو بابەتە بخرێتە بەر باس و لیکۆلینەوە، ئەم کارە رەنگە برێک کات گیر بێ، لەبەر ئەوەی هەر کەس لەو کۆڕەدا لەسەر ئەو بابەتە تێرامان و بۆچوونی خۆی هەیە کە دەبێ لەلایەن هاو کۆرەکانیەوە هەم گوێی بۆ بگیرێ و هەمیش شیکاری بکرێ بۆئەوەی خاڵە ئەرێنی و نەرێنیەکانی لە بەر چاو بگیرێن.  لە کاری بە کۆمەڵ دا فێر دەبین کە گۆێ بۆ قسە و باس بگرین و بۆ بۆچوون و تێرامانی کەسانی تر رێز دانێن ، فێردەبین کە هەر تێرامان و بیرۆکە و پیشنیارێک بە کۆمەڵ  هەموو لایەنە باش و خراپەکانی لێک وەدەین و بیرو رای جیاواز و هەمە چەشنە بێنینە ناو باس و قسەکانەوە. بەم کارانەمان فێردەبین کە بڕیاری هاوبەش بدین و بە شێوەی هاوبەش کاربکەین .هەروەها فێردەبین لە بەر پرسیاری  راستی و دروستی و هەڵە و ناتەواوی بڕیارێک بە کۆ و دەستە جەمعی لە ئەستۆ بگرین  بۆ ئەوەی لە هەر کۆبەندی و ئاکامی نادروستی کارەکانمان دا یەکتر تاوانبار نەکەین و پێلە بەم و بەو نەگرین. بۆ لێکۆڵینەوە وراوێژ و لێکدانەوەی  ئەرک و فرمانە ئەنجامدراوەکان، یارمەتی لە یەکتر وەرگرین. لە کاری بە کۆمەڵ دا فێردەبین کە کارەکان بەسەر یەکتردا دابەش کەین و لە پێناو بەرپرسیارێک کە پێمان دەسپێردرێ، راپۆرتی کار  بدەینەوە ، فێردەبین لە هەمبەر کار و ئەرکی رانەپەڕێندراوماندا وڵامدەر بین و رەخنە بگرین و و قەبوڵ بکەین.فێر دەبین کە لە کارەکانماند بە نەزم و کەم هەڵەبین. کەوایە کاتێک  کە لە کۆمەڵ و کاری بە کۆمەڵ قسەدەکەین، مەبەستمان تەنیا لەدەوری یەکتر کۆبونەوەی هێندێک کەسی  هاوفکر نییە،بەڵکو سەرەرای ئەو لەدەوری یەکتر کۆبونەوە، هەڵبژاردن و دیاریکردنی ئامانج و ستراتیژێکی شیاوی دەست پێڕاگیشتن و هەڵبژاردنی  رێ و شوێن و شێوەگەل و رێکاری گەیشتن بە ئامانج و داواو ئاواتە. لە پڕۆژەێکی دیاریکراو دا بۆمان دەردەکەوێ کە ئەم جەمع و کۆمەڵ و کۆیە، دەبنە ئامان و دەفر و مەکۆ و مەجالێک تا لەودا  تاک و کەسەکان پەروەردە و بار هێنان و تێگەیشتنی دروستی خەبات و تێکۆشان وەردەگرن .

باوەڕ بە یک بوون و لەهەمان کات دا هوشیاری و وریایی سەبارەت بە دژمن، شتێکی سەرەکی وپێویستێکی بەرچاوە لە کاری خەبات و بەربەرەکانێدا، بە شێوەێک کە هیچ تاکێکی شۆڕشگێڕ ناتوانێ خۆی لێببوێرێ و لەبەر چاوی نەگرێ. کاتێک باس لە باوەڕ و بە یەکتر کردن دەکەین مەبەستمان بێ مبالاتی و کەمتەرخەمی کویر کوێرانە نیە.پێویستی باوەڕ بوون بە تاک و کەسەکان لە کاری خەبات و شۆرش بۆ رزگاری نەتەوە و نیشتمان دا ،هوشیاری و وریایە لەهەمبەر دژمن، چونکە ئێمە باس لە باوەڕ و متمانە دەکەین کە بناغە کەی لەسەر ئاسایش و ئەمنیەت و دڵنیایی راوەستاوە. باوەڕ و متمانە بە یەکتری واتای چێیە؟ هەل و مەرج و قۆناغێک کە لەودا ژیان دەکەین و پێیدا تێدەپەڕین، لە لایەک  هەل و مەرجی سەرکوت و تۆقاندن و پیشێلکاری ماف و ئازادی خەلک لەلەیەن دەسەڵاتەوە و، لە لاێکی ترەوە پەرەگرتن و بەرەو سەر چوون و هەڵدان و بەرەو پیشچوونەکانی ش٠۶ڕشگیری و خەباتی رەوایە لەدژی دەسڵات ودام و دەزگاکانی لە دەرەوە ناوەوە. لەلاێک رژیمی ئاخوندی ئێران لە هەوڵی ئەوەدایە کە ئەم چالاکی و چالاکوانانە لە بەین بەرێ و، لە لاێکی تروە هێزە چلاک و شۆرشگێڕەکان لە هەوڵی ئەوەدان کە کار و چالاکیە سیاسی و سەربازی و پڕوپاگەندەکانی خۆیان،  لە شێوە و شێوازی رێکخاوەیی دا پەرەپێبدەن. لەم نێوانەدا گۆرەپان و مەیدانی شەڕ لە بینی خەلکی بە پەرۆش و راپەریو و رژیمی ئاخوندی حاکم بەسەر ئێاندایە. بۆ چالاکی و خەبات بۆ ئەو مەبەستە دەبێ کۆمەڵ ودەستە و لاێەنێکی دیار و کارا پێک بهێندرێ و بۆ پێک هێنانیشی  پێویستی بە پێوەندی بە کۆڕ و کۆمەلانی هەمەچەشنەوە هەیە تا بتواندرێ ئەم خەبات و تێکۆشانە تێکڕایی و بۆ هەمووان بکرێ. کە کار و ئەساسی ئەم پێوەندیانە دەبێ لەسەر  بناغەی ئاسایشی و دڵنیایەوە بێ. بەڵام کاتێک کە تاک یا تاکەکان لە دوای پرۆژەی پەروەردە و  تاقیکردنەوە هاتە ناو کۆڕی ئەندامانی خەباتکارانەوە ، دەبێ ئەو پیوەندیە لەسەر بنەمای باوەڕ و دڵنیایی تەواو بێ، بە پێجەوانەوە ناتواندرێ کارەکان بەرەو پێش ببرێن و سەرکەوتووبن. متمانە و باوەڕ لە کۆڕ و دەستەێکی سازماندراو و رێکخراو دا کە بەرنامەی دابەش و دیاری کراوەی کاری  هەیە و بەرپرس و ژێر دەستی بەرپرس  دیارە و بەرچاوە و تێکڕای ئەندامەکانی هیچ کات سەبارەت بە راستی و دروستی  قسە و کردەوەی یەکتر دوو دڵ بەد گومان نەبن تا لە بەڕیوەبردنی بەرنامە و خەت و رێباز دا کێشە و گرفت کەمتر بن، پێویستێکی بێ ئەملاو لایە . بەڵام ئەوشمان لە بیر نەچی کە متمانە و باوەڕ  بە زۆری لە بەرهەمی رەوتی کاری سەخت و دژوار و هەوراز و نیشوەکانی هەر قۆناغێک لە خەبات دا  بەدەست دێن. بێ شک دژمن هەوڵ دەدات کە هەم ئەم متمانە و باوەڕ بەیەک بوونە  لە ناوبەرێ ،تا کەسە هاوباوەرەکان زۆر لێک نزیک نەبنەوە و پێوەندی و دڵسۆزی و رۆحی هاوکاری وەک پیویست لە نێوانیاندا جێگیر نەبێ و، هەمیش ئەم متمانە و باوەرە  بکاتە کەرەستە و ئامرازێک  بۆ نفوز و گەرانەوە  خۆی لە ناو ئەو هێز و لایەنە دا. هەر بۆیە دەبێ متمانە و باوەڕ بە خۆیی و دۆست و پشتیوانەکانمان، بە وریایی و زانیاری سەبارەت نفوز و دەسەڵاتی دژمنەوە گرێبدەین. وریایی و هوشیاری سەبارە بە دژمن بەو واتاییەیە کە دژمن بێکار نابێ و نیە و هەموو ئاکار و جووڵەکانمان دەخاتە ژێر چاوەدێری  و هەوڵ دەدات کە بە کرێگیراو و سیخوڕەکانی خۆی لە رێگای جۆراو جۆرەوە بخزێنێتە ناو کۆڕی خەباتکارانی بەرهەڵستکاری خۆیەوە. لێرەدایە کە دەبێ سەبارە بە هەر کەسێک کە نەناسراوە  تا کاتی پەروەردە و تاقیکردنەوە و دڵنیایی بوون لێی، دەبی بە هوشیاری ورییایی ئەمنیەتی و ئاسایشیەوە هەڵس و کەوتی لەگەڵ بکرێ. نابێ هیچ جۆرە زانیارێک سەبارەت بە نەفەرات و رادەیان ،پیلان و بەرنامەی کارەکان، جێگا و رێگا و ... بدرێتێ و بزانێ. هیچ کات لەسەرتا دا لەلای باسی دەستە و کۆڕ و کۆمەل و  شانە و رێکخراو ناکرێ.دەبێ هەنگاو بەهەنگاو لە گەڵێ دەست پێبکرێ  تا ئەو کاتەی کە لە کڵ دەردەچی و جێگاو رێگا و ئەرک و مافی بۆ دیاری دەکرێ.

کاتێک لە بەرێوەبردنی کارێکی تایبەت دا  ئەرکی جۆراو جۆر هەبێ هەر کام لەم کارانە بە کەسێک یان چەند کەسی دیاریکراو دەسپێردرێن، بەم پێسپاردنە دەلێن دابەش کردنی کار و ئەرک و، سەرەکی ترین بنەمای کاری تەشکیلاتی و نەزمی هەر لایەن و سازێکی خەباتکار و بە دیسیپلینە. لە کارێکی جەمعی دا نابێ هەموو قورسایی هەموو کارەکان بخرێنە سەر شانی یەک کەس. ئەگەر لەم کۆڕ و جەمعەدا کەسێک هەبێ کە لە هەموو بابەت و باسە و کارەکان دا دورەی تەوەری سەرکی هەبێ، دەبێ  مەجال بدرێ لە ناو ئەوکۆڕ و دەستەیەدا کەسانێک هەڵبژیردرێن کە کارامەیی بەدەست هێنانی ئەو دەور و کارەکتەرەیان هەبێ . دابەشکردنی کار دەبێتە هۆی پاشەکەوتی کات و وزە لە ئەنجامدانی کارەکاند. هەر وەها دەبیتە هۆی ئەوە کە کەسەکان لە کاری دەستەیی و کۆ دا بەرپرسیاری و رکەبەرایەتی دڵسۆزانە لە هەمبەر راپەراندن و پێشخستن و بەرەو پێشچوونی ئامانجی دیاریکراویان هەبێ. ئەم بەرپرسیاریە دەبێتە هۆی ئەوەی کە کەسەکان لە کار و پیشەکانیاندا کارامەیی و سەردەچویی پێویست پەیدا کەن و بتوانن قورسایی کارو بار لە سەر شان و پیلی جەمع و هاورێی و هاوکارەکانیان کەمتر کەنەوە. راپەراندن و دابەشکردنی کارەکان دەبێ لە بەرزترین پلەی هاوکاری و هاوفکری ویەکگرتوویی و بەرپرسیارەتی دا بێتە ئاراوە بۆ ئەوەی بتواندرێ باشترین ئاکام و ئەنجامی لیوەر گیرێ. ئەم یەکگرتوویی و هاوکاریە دەبێ ببێتە هێز و وزەی راکێشانی خەلک و دەستکەوتی سیاسی و ئابووری بە مەبەستی بەرەو پێش بردنی هەرچی باشتر و بەرهەمی زۆرتری کارەکان. بێگومان هەر بەرپرسیارێکیش پەروەردە و راهێنانی تایبەتی خۆێ  دەوێ کە نابێ پشتگوێ بخرێ و دەبێ بەدەست بێندرێت. ئەم راهێنان و دابەشکردنی کارانە دەبنە هۆی تێکەڵی و هاو فکری و دروست بوونی هەستی  دڵسۆزی و یەکتر خۆشەویستی و عادەتکردن بە یەکتر لە نێوان ئەندامانی ئەو کۆڕ و کۆمەلە دا کە ئەوانەش دەبنە هۆی پتەو بوونی پێوەندی دەروونی هەر لایەن و هێزێکی رەسەن و خەبات کار و بەبەرنامە. نەزم و دیسیپلین لە هەر تەشکیلات و دەستە و گروهێک دا، بە واتای بەرێوەبردنی دروستی بڕیارات و پڕۆژە کانە و بەڕیوەبردنی ئەو ئەرکانەیە کە لە لایەن کۆنگرە و ئۆرگانە پێوەندیارەکانەوە خراونە سەر ئەستۆی ئەندامان و لە پەیرەوی ناوخۆیی دا خاڵبەندی و دیاری کراون. بە بێ رەچاو کردنی ئەو نەزم و دیسیپلینانە ناوتواندرێ لە خەرمانی خەبات و تێکۆشانمان  بەهرە و بەرهەمێک وەک دەستکەوت بێتە ئاراوە و ئەم نەزم و بە بەرنامەییەیە کە پێداویستی کاری بە کۆمەڵە و بە هۆی رێکوپێکی و تێگەیشتن و رووناکبیری ئەندامان دەرواتە پێش . کاتێک کە گروە یان لایەنیکی سیاسی خەباتکار لە سەر ئەو نەزم و دیسیپلینانە گەیشتە رێککەوتن و ساخ بۆوە لەسەریان، دەبێ بە شیوەی گشتی بەڕیوەبچی و وەک ئەسڵێکی نەگۆر و پێویست لە لایەن هەموانەوە چاوی لێبکرێ و هەر جۆرە کەمتەرخەمێک لەم بارەوە لێ پێجینەوەی بەدوادا بێت.

گرینگترین بابەت کە هەر تاکێکی ناو ئەو لایەنە و جەمعە لە گەڵی رووبەروودەبێت، نەزم و بایەخدان بە کارو ئەرکی رۆژانە و حەفتانەیەتی کە دەبێ پابەندبێت پێیانەوە، بۆ ئەم کارە هەر کام لە ئەندامان پێویستە سەعاتی کاریی هەبێ و بە شێوەێکی رێک و پیک  وەک خشتەیک بیان نوسێ و بۆ ئەم کارە دەبێ دەستور و چوارچێوەی کاری هەبێ تا بەهۆیەوە  بابەت و رادەی دەسەڵات و شێوەی بەڕێوەبردنی کارەکانی دیار بێ. هەرچی ئەم بابەت و کارانە وردتر و بەسەرنجەوە لەبەرچاوبگرین، باشتر دەتوانین لە مەیدانی کردەوەدا کارایی و ئەنجامی کارمان هەبێ.بەم شێوەیەیە لە کاتی ئەنجامدان دا بە تێپەڕبوونی کات فێردەبین کە خۆ لە شپڕێوی و پرشوبلاوی بگرین و بەرنامە رێژێکی تۆکمە و تەواوتر بۆ کارەکانی داهاتومان  بکەین. یەکێکی تر لە پایەکانی پتەوی و بە هێزی لایەنێکی سیاسی، رەخنەی بەجێ و بەردەوامە. لە بابەت تاریف و مانای رەخنە و رەخنە لەخۆگرتن دەبێ یەقین و باوەڕمان هەبێ کە بۆ شێوازی سیاسی و پێشبردنی کاری سیاسی و دەست نیشان کردن و دۆزینەوە و زانینی هەڵە و کەمو کوڕی لە کار و چالاکێکی دەستە جەمعی دایە و هەروەها لە ناو بردن و پێشگرتن لە دووبارە بوونەوەیانە بە مەبەستی بە هێز کردنی یەکیەتی ناو ریزەکان و راست و دروست بەڕیوەبردنی بەردەوامی کارەکانە. مەبەست لە رەخنە دۆزینەوەی کەمو کوڕی و ئەنجامدانی کاری خودسەرانە و دەست تێوەردان و خۆتێهەڵقوتاندنی بێ جێ لە کارو باری کەسانی تردایە،بەرگری لە لارێی و کارشکێنی و  کەرەستە و ئامرازێکە بۆ گەیشتن بە ئامانج. ئەم کردار و هەڵە و کەموکوڕیانە دەکرێ دەرئەنجامی کارکرد و هەڵسو کەوتی هەموان بێ، بەو مانایە کە شێوەی کار و کەرەستەی کەڵک لێوەرگرتن  لە گەڵ هەل و مەرج و قۆناغدا نایاتەوە ، یان دەکرێ ئاکامی هەڵس و کەوتی ئەندامی بەرپرسی ئەو کار و ئامراز و کەرەستە کار پێکردنە بێ. لە رەخنە گرتندا دەبێ  ئەو دوو  بابەتە لێک هەلاوێردرێن و بە  هەر کامیان بە شێوەی جیاواز  پێڕاگەیشتن بکرێ بۆ ئەوەی کە هەر کەس پشکی راستەقینەی خۆی بەرکەوێ و بزانێ تا بۆ راستکردنەوەی هەڵەی  کارەکانی کەمتەرخەمی نەکا و هەست بە لێپرسینەوە بەر پرسیاری بکات. 

ئەوەی کە دەبی لە هەموو شت زیاتر گرینگی پێبدرێ ئەوەیە کە هەر دەستە و تاقمیک دەبێ گرینگی بدات بە کۆبەندی و ئاکامگیری کارەکانی لە هەر کات و شوێنێک دا و دەبێ سەرنجی بخاتە سەر دروستی و نادروستی کارەکان و ئاکامەکەی بکاتە ئەزمون و لە بەڕێوەبردنی کارەکانی لە داهاتوودا بەکاری بێنێ. بۆ وێنە ئەگەر ئێمە خۆمان بۆ بەڕیوەبردنی  کارێکی شۆڕش یان چالاکێک لە شێوەی کاری فەرهەنگی لە ناوەوە یان سیمینارێکی سیاسی لەدەرەوە ئامادەدەکەین، بێ گومان گەڵاڵە و بەرنامەێک دادەڕێژین کە بریتی بێ لە : کار، شوێنی و کات، چۆنیەتی بەڕێوەبردن، دروشم و رازاندنەوەی جێگا و رێگا، وتار دەرو بابەتی وتارەکە، پروپاگەندەی لاوەکی و دوایە بەراگەیاندن کردنی، رادەی بەشداربووان و ...هتد. دەبینین بەشێک لەو ئەرک و کارانە بە باشی  دەرواتە پێش و هێندێک لەوانە بەو شێوەی کە بڕیار بوە نەچون و ناچنە پێش. لەم کۆبەندیە دا ئێمە دەبێ لە ئاکام و دەرئەنجامی کارەکەمان بکۆڵینەوە  و بزانین بە شێوەی گشتی بەرنامەکەمان چۆتە پێش یان نا؟ بەو ئاکام و هەدەفەی کە لە پرۆژەکە دا دیاری کرا بوو گەیشتوین؟. کام بەشەی کارەکەمان لەنگی تێدا بووە و لە گەڵ ئامانجەکەی ئێمە یەکی نەگرتۆتەوە و هۆکارەکەی چێ بوە؟.  ئەو کەمو کوریە تا چ رادەێک بۆ بەرنەمە و تا چ رادەێکیش بۆ بەڕیوەبەری بەرنامەکە دەگەێتەوە؟.سەبارەت بەو بەشەی کە  دەقاو دەق وەک بڕیار و بەرنامەکەمان چۆتە پێش، چ شتێک بۆتە هۆ و ئایا دەمانتوانی بەشێوەی باشتر  بەڕێوەی بەرین یان نا؟. چ ئەزمونێکمان بۆ کار و پرۆژەی ئاتی بەدەست هێناوە؟. لە دنیای دەرەوەی ئەو کارەمان، شوێنەواری ئەرێنی و نەرێنیمان لە سەر دۆست و دژمن چ بوە؟.

ئامانج لە لێکۆڵینەوەی بەرپرسیاری تاک، پێشچونی کار و پەروەردە و پیگەیاندنی تاکە و نابێت ئەو لێکۆڵینەوانە ببنە هۆی تێکشانی  ئەو تاکە وای لێبکرێ کە بۆ وەرگرتنی بەرپرسیارەتی تر تووشی ترس و دڵەراوکێ و بێ باوەڕی بە خۆی بێت. دەبێ لە کاتی لێکۆڵینەدە دا لایەنە ئەرێنی و نەرێنیەکانی ئەرک و کەسەکە دەست نیشان بکرێ و لایەنە باشەکانی تەشویق بکرێ و لایەنە نەرێنیەکانی دەبێ بە نیشان  دانی رێگەی چارەسەری دروست ،بخرێنە بەرچاو. تا ئەو کەسە  ئەو هەستەی لەلا دروست ببێ کە ئەزمونی کۆکردۆتەوە و دەتوانی لەداهاتوودا بەکاری بهێنێ.

 


8 ساڵ و 5 مانگ و 2 ڕۆژ و 5 کاتژمێر و 45 خوله‌ک له‌مه‌وپێش‌

شێوازیی کارى رێکخراوەیی

شێوازیی کارى رێکخراوەیی

په‌ڕه‌ تایبه‌تیه‌کانی ماڵپه‌ڕ

په‌یوه‌ندی گرتن


ژماره‌ی ته‌له‌فۆن کوردستان : 07506206655 (00964)
ژماره‌ی ته‌له‌فۆن کوردستان : 07504687209 (00964)
ژماره‌ی ته‌له‌فۆن کوردستان : 07504497138 (00964)
ژماره‌ی ته‌له‌فۆن ئوروپا     : 0767676746   (0046)
ژماره‌ی ته‌له‌فۆن ئوروپا       : 040331264   (0047)



په‌یوه‌ندی ئه‌له‌کترۆنی:



[email protected] 
[email protected]
xebatmedia@sazmanixebat.net
[email protected]om

ئۆرگانه‌کانی سازمانی خه‌بات


ڕێکخراوی ئافره‌تانی خه‌باتی کوردستانی ئێران 

ڕێکخراوی لاوانی خه‌باتی کوردستانی ئێران