دووشه‌مه‌‌ 

11 پووشپه‌ڕ2724
سازمانی خه‌بات ی
کوردستانی
ئێران
sazmanixebat

هەواڵەکانی کوردستان و ئێران و جیهان (22ی گەلاوێژی 1394)

هەواڵەکانی کوردستان و ئێران و جیهان (22ی گەلاوێژی 1394)

کرماشان/ مامۆستایانی کورد لەسەر کار لادەبردرێن


لە سەرەتای دەستپێکردنی خوێندنی ئەمساڵ، پێش بە وانە وتنەوەی مامۆستایانی کورد کە خوێندنی کارناسی باڵایان هەیە دەگیردرێت. بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، بەرپرسی زانکۆی ئازادی شاری کرماشان رایگەیاند کە دامەزراندنی مامۆستایانی زانکۆ کە بڕوانامەی کارناسی باڵای زانکۆی ئازادیان هەیە لە دوای ئاڵوگۆڕە بەرفراوانەکانی زانکۆ و ناوەند بارهێنانی شاری کرماشان دێت.بەرپرسی ئەو یەکەی زانکۆیە لە شاری کرماشان لە رێوڕەسمی رۆژی هەواڵنێران، رایگەیاند کە هیچ بەرنامەیەکیان بۆ دروستکردنی زانکۆیەکی نوێ و یان تێکەڵکردنی یەکەکانی زانکۆکان نییە.قەنبری بە هەواڵنێری "فارس"ی راگەیاندووە: هێنانی هەیئەتی زانستی بۆ زانکۆ، تەنیا پێشگرتن بە وانە وتنەوەی مامۆستایانی "حق‌التدریس" کە بڕوانامەی کارناسای باڵایان هەیە لە حاڵێکدایە کە زانکۆ ئازادی کرماشان وەرگرتنی ئەو مامۆستایانەی لە سەرەکیترین چالاکی خۆی دانابوو.دەوترێت، حەقدەستی ئەو مامۆستایانەی کە لە زانکۆ وانە دەڵێنەوە زۆر کەمە و لەگەڵ پێشگرتنیان لە وانە وتنەوە رێژەی بێکاری لە ئوستانی کرماشان زیاد دەکات.پێشتر، ئەندامی کۆمیسیۆنی وزە، فراکسیۆنی فەرهەنگیان و بارهێنانی باڵا لە پەیوەندی لەگەڵ حەقدەستی مامۆستایانی زانکۆ راگەیاندووە: "ئەو رێژە حەقدەستە جۆرێک بێحورمەتی بەو خوێندەوارانەیە کە ساڵیانێکی زۆر بۆ بەدەست هێنانی بڕوانامە زەحمەتیان کێشاوە".

ئیتلاعاتی مەریوان دوو هاووڵاتیی کوردی دەستبەسەر کرد

هێزەکانی سەر بە ئیتلاعات لە شاری مەریوان دوو هاووڵاتیی کوردیان دەستبەسەر کرد.بەپێی راپۆرتی هەواڵدەریی کوردپا، رۆژی چوراشەممە ٢١ی گەڵاوێژ، دوو هاووڵاتیی کورد خەڵکی گوندت "نێ"ی سەر بە شاری مەریوان بە ناوەکانی ئومید پەرهیزگار تەمەن ٢٧ساڵە و ناسیح پەروازە تەمەن ٤٠ ساڵە لەلایەن ئیتلاعاتی ئەو شارەوە دەستبەسەر کراون.ئومید پەرهیزگار لە چەند مانگی رابردوو، بۆ چەند جارێک لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتەوە بانگهێشت کراوە.بنەماڵەی ئومید پەرهیزگار بۆ بەدواچوونی چارەنووسی کوڕەکەیان سەردانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارەیان کردووە، بەڵام ئیدارەی ئیتلاعات لە دانی هەر چەشنە زانیاریەک سەبارەت بە ئومید خۆیان بواردووە.هەروەها ناسیح پەروازە بۆ دووهەمین جارلەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری مەریوانەوە بانگهێشت کراوە.، ناسیح پێشتر لەلایەن مەئمورانی ئەمنیەتییەوە بە هاوکاری کردن لەگەڵ حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیونی حکوومەتی ئێران تۆمەتبار کراوە.

ژنێک لە شاری بانە بووە قوربانیی تێزاب پرژاندن

ژنە کوردێکی دیکە ئەمجارە لە شاری بانە بەرەوڕووی دیاردەی تێزاب پرژاندن بوویەوە.بە پێی راپۆرتی سەرچاوەکانی هەواڵ، رۆژی سێشەممە 20ی مانگی گەلاوێژ، ژنێکی خەڵکی شاری بانە بە ناوی”ئەفسانە قادری” تەمەن 37 ساڵ لەلایەن 4 کەسەوە لە شەقامی کەمەربەندی هێرشی کرایە سەر و تیزابیان پێدا پژاندووە و بەشێکی زۆر لە روومەت و جەستەی بریندار بووە و ئێستا لە نەخۆشخانەی شاری سنە لە ژێر چاودێریی پزیشکی دایە.جێگای وەبیرهێنانەوەیە، رێکەوتی 23ی مانگی پووشپەڕی ئەمساڵ لەشاری بۆکان   7 کچ و ژنی کورد لە سێ رێیانی سەنگینی بۆکان تێزابیان پێدا کرا و بەرەوڕووی خەساری گیانی بوونەوە.هەر بەم بۆنەوە چەند رۆژ دواتر خۆپیشاندانێکی مەدەنی لە شاری بۆکان سازدرا و رێکخراوە و چالاکانی بواری مافی مرۆڤ و بەتایبەت مافی ژنان ناڕەزایی خۆیان بەرامبەر بەم دیاردە دژە مرۆییە دەربڕی.

شاخەوانێکی کورد توانی بەسەر گەورەترین لووتکەی جیهاندا سەرکەوێت

شاخەوانێکی کورد لە درێژەی چالاکیەکانی خۆیدا بەسەر گەورەترین  لووتکەی”7546″متری “موستاق ئاتا”ی چین سەرکەوت.بە پێی راپۆرتەکان لەمبارەوە،”سەعید مەجیدی” شاخەوانی کوردی خەڵکی شاری دیواندەرە توانی یەکەم سەرکەوتنی خۆی بۆ سەر لووتکەی”7546″متری موستاق ئاتای چین کە ناوبانگی “باوکی شاخی یەخ لە جیهان”ی هەیە، مسۆگەر بکات.لووتکەی موستاق ئاتا لە زەنجیرە شاخەکانی کونلون لە بیابانی تاکلاماکانی پارێزگای سینجیانی چین لە بەشی باکووری دەشتی تەبەت و خاون چەندین رووباری بەناوبانگ لەوانە”کاراکاش_ ورونگاش”ە و ئەم زەنجیرە کێوە بە پانتایی زیاتر لە “33700” کیلۆمتر بووە و یەکێکە لە گەورەترین بیابانەکانی چین و دوهەمین بیابانی جیهان بە ئەژمار دێت.

فەرماندەیەک و 5 ئەندامی بەسیج لە کوردستان کوژران

شەوی سێشەممە 20ی مانگی گەلاوێژ فەرماندەیەکی پلە بەرزی بەسیج بە ناوی “تیجر مەزدگیر” کوڕی خالید خەڵکی ئاوایی “ئەنبی” سەر بە ناوچەی مەرگەوەڕی ورمێ لە لایەن کەسانێکی نەناسراو لە نزیک ئاوایی “کەچەڵە” کوژرا.یەکێک لە کەسە نزیکەکانی تیجر مەزدگیر وتوویەتی: لە ماوەی چەند مانگی رابردوو چەندین جار ناوبراو لە لایەن کەسانێکەوە هەڕەشەی لێکراوە کە دەبێ کردەوەکانی دژبەرانەکانی خۆی دژی خەڵکی ناوچەکە و بەتایبەت کۆڵبەران و هێزە سیاسیەکان کۆتایی پێ بهێنێت و دەنگۆی ئەوە هەیە کە ئەم کەسە لە لایەن پێشمەرگەکانی حیزبی دیموکراتەوە کوژرابێت.هەروەها لە لایەکی دیکەوە، سەرهەنگ “ئیبراهیم حسێن” جێگری هاوئاهەنگیی سەپای بەیتولموقەدەستی پارێزگای سنە ئەمڕۆ چوارشەممە رایگەیاندووە کە 5 کەس لە ئەندامانی بەسیج بە دەستی هێزەکانی پژاک له شاری کامیاران کوژراون.شایانی باسە، لە ماوەی رابردوو نزیکەی 30 کەس لە ئەندامانی سپا و بەسیجی کۆماری ئیسلامی لە شارە جیاجیاکانی کوردستان بە هۆی شەڕ و تێکهەڵچوون لەگەڵ هێزە کوردییەکان کوژرا و بریندار بوون.

تەقینەوه‌ی بۆمب لە ورمێ 5 کوژراو و برینداری لێکەوتەوە

تەقینەوەیەک لە کتێب فرۆشییەک لە شەقامی باکری شاری ورمێ، کوژرانی کەسێکی لێکەوتەوە.بە پێی راپۆرتەکان لەمبارەوە، ئەمڕۆ پێنجشەممە 22ی مانگی گەلاوێژ، بەهۆی تەقینەوەی بۆمبێکی دەست ساز لە نێو کتێبفرۆشیەک کوژرانی کەسێک و بریندار بوونی 4 کەسی دیکەی لێکەوتەوە.“عەباس حەسەنخانی” فەرمانداری ورمێ بە هەواڵنێریی حکومەتیی تەسنیمی راگەیاندووە، کە کەسێک لەو پەیوەندەدا دەستگیر کراوە.حەسەنخانی وتی: پێدەچێ هۆکاری ئەو رووداوەی کێشەی شەخسی و کێشەی بنەماڵەی بێت. پێشتریش لە نێوان کەسی گومان لێکراو و کەسە کوژراوەکەدا روویدابوو.عابد فەتاحی” فەتاحی یەکێک لە نوێنەرانی ورمێ لە مەجلیسی کۆماری ئیسلامیش وتی: ئەم رووداوە کێشەیەکی بنەماڵەیی و شەخسی بووە و هیچ پەیوەندییەکی بە بابەتە ئەمنیەتیەکان و کێشەکانی سەر سنووری ئێران و تورکیە و تەنانەت داعشەوە نیە.جێگای وەبیرهێنانەوەیە، شەوی سێشەممەش 20ی مانگی گەلاوێژ فەرماندەیەکی پلە بەرزی بەسیج بە ناوی “تیجر مەزدگیر” کوڕی خالید خەڵکی ئاوایی “ئەنبی” سەر بە ناوچەی مەرگەوەڕی ورمێ لە لایەن کەسانێکی نەناسراو لە نزیک ئاوایی “کەچەڵە” بە دەستی چەند چەکدارێکی نەناسراو کوژرا.

شێوەزاری سۆرانی بۆ فەیسبووک زیادکرا

لە هەنگاوێکی نوێیدا کۆمپانیای فەیسبووک شێوەزاری سۆرانی لە فەیسبووک زیادکرد و ئێستا بەکارهێنەرانی کورد دەتوانن بە رێنووسی سۆرانی فەیسبووک بەکاربهێنن.فەیسبووک کە بە زیاتر لە 70 زمانی جیاواز بەکاردەهێنرێت لە رۆژی 12-08-2015  بە شێوەیەکی فەرمی زمانی کوردی (سۆرانی) بۆ فەیسبووک زیادکرد، ئەمەش دوای پێنج ساڵ لە زیادکردنی زمانی کوردی (کورمانجی) دێت بۆ فەیسبووک.فەیسبووک کە یەکێکە لە گەورەترین تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان خاوەنی 1.44 ملیار بەکارهێنەرە و، ژمارەیەکی زۆری خەڵکیش لە کوردستاندا بەکاری دەهێنن.

زوو دەستنیشانکردنی سەرەتان شانسی ژیان سێ هێندە دەکات

ئامارە نوێیەکان دەڵێن ئەگەر شیرپەنجە لە قۆناخە سەرەتاییەکانیدا دەستنیشانبکرێت، ئەوە شانسی زیندوومانەوەی کەسێک دوای تووشبوونی بەو سەرەتانە سێ هێندە زیاد دەکات لەچاو ئەوانەی درەنگ حاڵەتەکەیان دەستنیشاندەکرێت.دامەزراوەی توێژینەوە لە شیرپەنجە لە بریتانیا (Cancer Research UK) لە ئەنجامی شیکارییەکانیدا گەیشتۆتە ئەو راستییەی کەوا ئەوانەی تووشبووی یەکێک لە  شیرپەنجە باوەکانن، ئەگەر هەر زوو حاڵەتەکەیان دەستنیشانبکرێت ئەوە شانسی زیندوومانەوەیان بۆ 10 ساڵ دەگاتە 80%.بەڵام ئەگەر کەسێک کاتێک بە شیرپەنجەکەی زانرا کە بۆ سی و جگەر و مێشک و ئێسکی بڵاوبوبووەوە ئەوە شانسی مانەوەی بۆ 10 ساڵ بە زیندوویی لە هەمان جۆری شیرپەنجەدا بۆ 25% دادەبەزێت. توێژەرەکان سەرنجیان داوەتە شیرپەنجە باوەکانی وەک شیرپەنجەی مەمک. سییەکان، کۆڵۆن، هێلکەدان، رێکە و گەدە. لە بەریتانیا و لەچاو وڵاتانی پێشکەوتوودا، شیرپەنجە درەنگ دەستنیشاندەکرێت، بۆیە بەگشتی تووشبووانی شیرپەنجە لە بریتانیا کەمتر دەژین لەچاو ئەوانەی ئوسترالیا، کەنەدا،  سوید و نەرویج.پسپۆڕانی تەندروستی بەریتانی دەڵێن ئەوەی ئەو جیاوازییەی درەەستکردووە، پەیوەندی بە کەمتوانایی پزیشکی بریتانی یان بەتوانایی پزیشکی وڵاتانی دیکەوە نییە، بەڵکو پەیوەندی بە سیستمی تەندروستی بەریتانیاوە هەیە کە هەم بودجەیەکی کەمتری تێدا بەگەڕدەخرێت هەم نەخۆشەکانیش درەنگتر دەستیان بە رێوشوێنەکانی دەستنیشان و چارەسەری سەرەتان دەگات.

ئێران داوای پێداچوونەوە بە رێککەوتننامەی جەزائیر دەکات

وەزیری دەرەوەی ئێران داوای پێداچوونەوەی بە رێککەوتننامەی جەزائیر کردووە، بەڵام لەلایەن حەیدەر عەبادییەوە رەتکراوەتەوە.رێناس جانۆ، ئەندامی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوە لە پەرلەمانی عێراق بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند، لە دوایین سەردانیدا بۆ عێراق، محەممەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران، داوای پێداچوونەوە بە رێککەوتننامەی جەزائیری کردووە، بەڵام لەلایەن حەیدەر عەبادی، سەرۆکوەزیرانی عێراق ئەم داوایە رەتکراوەتەوە.رۆژی دووشەممە 27ی تەمموزی 2015، محەممەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی رژیمی ئێران بەسەردانێک گەیشتە شاری نەجەف و لەگەڵ عەلی سیستانی، مەرجەعیەتی شیعەکان کۆبووەوە، پاشان گەیشتە بەغدا و لەگەڵ گەورە بەرپرسانی عێراق کۆبووەوە.رێناس جانۆ، کە پەرلەمانتاری فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستانە، ئاماژەی بەوە کرد، دکتۆر ئیبراهیم جەعفەری، وەزیری دەرەوەی عێراق لە کۆبوونەوەی دوێنێ چوارشەممەی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوە، ئەمەی بۆ باسکردوون و بە گوتەی خۆی عەبادی بە زەریف-ی راگەیاندووە، کە ئەو رێککەوتننامەیە لەلایەن عێراقەوە هەڵوەشاوەتەوە و کاری پێناکرێت.رێککەوتننامەی جەزائیری نێوان عێراق و ئێران، لە (6)ی ئاداری ساڵی (1975) لەنێوان سەدام حوسێن، جێگری ئەوکاتەی سەرۆککۆماری عێراق و محەممەد رەزا بەهلەوی، شای ئێران بەمەبەستی چارەسەرکردنی کێشەی سنووری نێوان هەردوو وڵات واژۆکرا.  بەهۆی ئەو رێککەوتنەوە شکست بە شۆڕشی ئەیلوول لە باشووری کوردستان هێندرا، کە لە ساڵی 1961 هەڵگیرسا.لە دانیشتنی رۆژی سێشەممە 16/12/2014 ، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاریدا وەزارەتی دەرەوە سەرپشک بکرێت لە دانوستاندنەکان بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی کۆتایی بۆ کێشەی سنوور لەگەڵ ئێران، بێ ئەوەی بگەڕێنەوە سەر رێککەوتننامەی جەزائیر.

بەهۆی بەرزی پلەی گەرما 62 کەس لە میسر گیانیان دا

بەهۆی‌ گەرما لە میسر 62 کەس گیانیان لەدەستداوە و نزیکەی 800 کەسیش رەوانەی نەخۆشخانەکراون، دەستەی‌ کەشناسی‌ و ژینگەی میسر دەڵێ " بەرزبوونەوەی پلەی شێداری میسر تاکو 3 رۆژی دیکە بەردەوامدەبێت".د. محەمەد لاشین، بریکاری وەزارەتی‌ تەندروستی‌ میسر لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند: " بەهۆی بەزربووونەوەی پلەی گەرما و گۆڕانی کەشوهەوا و بەرزبوونەوەی پلەکانی شێداری 22 کەسی دیکە بەهۆی کاریگەرییەکانی تیشکی خۆر و نەمانی هەناسە گیانیان داوە و هاوکات دەیانی دیکەش کەوتوونەتە نەخۆشخانە بەمەبەستی چارەسەکردن".بریکاری وەزارەتی‌ تەندروستی‌ میسر گوتیشی "  بە گیانلەدەستدانی‌ ئەو 22 کەسە، ژمارەی‌ ئەو کەسانەی‌ کە لە رۆژی‌ شەممەوە تائێستا بەهۆی‌ گەرماوە گیانیان لەدەستداوە، گەیشتووەتە 62 کەس و هاوکات نزیکەی 800 کەسیش رەوانەی نەخۆشخانەکراون و چارەسەر وەردەگرن".دەستەی‌ کەشناسی‌ و ژینگەی میسر ئاماژەی بەوەکردووە، شەپۆلی گەرما و بەرزبوونەوەی پلەی شێداری میسر تاوەکو 3 رۆژی دیکە بەردەوامدەبێت و لەهەندێک پارێزگا پلەی گەرمی دەگاتە 47پلەی سەدی.


8 ساڵ و 10 مانگ و 17 ڕۆژ و 6 کاتژمێر و 19 خوله‌ک له‌مه‌وپێش‌

هەواڵەکانی کوردستان و ئێران و جیهان (22ی گەلاوێژی 1394)

هەواڵەکانی کوردستان و ئێران و جیهان (22ی گەلاوێژی 1394)

په‌ڕه‌ تایبه‌تیه‌کانی ماڵپه‌ڕ

په‌یوه‌ندی گرتن


ژماره‌ی ته‌له‌فۆن کوردستان : 07506206655 (00964)
ژماره‌ی ته‌له‌فۆن کوردستان : 07504687209 (00964)
ژماره‌ی ته‌له‌فۆن کوردستان : 07504497138 (00964)
ژماره‌ی ته‌له‌فۆن ئوروپا     : 0767676746   (0046)
ژماره‌ی ته‌له‌فۆن ئوروپا       : 040331264   (0047)



په‌یوه‌ندی ئه‌له‌کترۆنی:



[email protected] 
[email protected]
xebatmedia@sazmanixebat.net
[email protected]om

ئۆرگانه‌کانی سازمانی خه‌بات


ڕێکخراوی ئافره‌تانی خه‌باتی کوردستانی ئێران 

ڕێکخراوی لاوانی خه‌باتی کوردستانی ئێران