__ چارەنووسی گیراوانی کورد لە ئیتلاعاتدا ناڕوونە
__ ٧ کەس لە دەستبەسەرکراوان لە کوردستان چارەنووسیان نادیاره
__ ڕۆژانە پێنج کرێکار لە ڕووداوی کاردا دەمرن
__ چوار زیندانیی سیاسیی کورد لە زیندان ئازاد کران
__ مانگرتنی سەرتاسەری لە زیندانی مەهاباد
__ لاوێکی مەریوانی کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا
__ ئەمریکا: لە هەنگاوەکانی رووسیا نیگەرانین
چارەنووسی گیراوانی کورد لە ئیتلاعاتدا ناڕوونە
وەزارەتی ئیتلاعات بۆ پێدانی زانیاری لەسەر گیراوانی کورد، داوای هاوکاری ئەمنیی لە بنەماڵەکان دەکات. بە پێی هەواڵی هەواڵدەریی کوردپا، بنەماڵەی سێ گیراوی کورد لە ورمێ لەلایەن ئیتلاعاتی ئەو شارەوە پێشنیاری هاوکاری ئەمنییان بۆ کراوە. ئەو سێ هاووڵاتییە کوردە بە ناوەکانی سامان چیڕە، مۆحسێن کەربەلایی و محەممەد یووسفی ڕۆژی ٢٣ مانگی خاکەلێوەی ئە مساڵ لە ڕێگای مەهاباد بۆ میاندواو دەستبەسەر کران. بە پێی ئەم راپۆرتە، ماوەیەک لەمەوپێش هاوسەری یەکێک لە گیراوان بە مەبەستی زانیاری وەرگرتن لەدۆخی سامان سەردانی ئیدارەی گشتی ئیتلاعاتی ورمێی کردووە. لەوێدا هێزەکانی ئیتلاعات بە هاوسەری سامانیان وتووە کە زانیاری لەبارەی سامان بە مەرجی هاوکاری ئەمنییەتی دەکرێت. هەروەها لە ڕاپۆرتی گەیشتوودا باس لەوە کراوە کە ئەو هاووڵاتییە ڕووبەڕووی سووکایەتی و ترساندن بووەتەوە و پێیان ڕاگەیاندووە کە بەدواداچوون بۆ کەیسی هاوسەرەکەت مەکە و جارێک میوانی ئێمەیە.
٧ کەس لە دەستبەسەرکراوان لە کوردستان چارەنووسیان نادیاره
٢ هاووڵاتیی کورد بە شیمانەی ئەوەیکە "چالاکیی تەبلیغییان دژی بایکۆتی هەڵبژاردنەکان" بەڕێوە بردبێت، لە لایەن وەزارەتی ئیتلاعاتی پارێزگای ورمێوە دەستبەسەر کراون. بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی کوردپا، هێزە ئەمنیەتییەکانی ستادی خەبەریی ئیتلاعاتی شاری شنۆ، ٢ هاووڵاتیی کوردیان دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگواستووە.شوناسی یەکێک لەو هاووڵاتییە کوردانە بە "سامان ڕوونەما" خەڵکی گوندی "پۆلێ" ڕاگەیەندراوە. هەروەها وێڕای ئەو لاوە کوردە، لە ڕێکەوتی ١٢ی ڕەشەمەی ساڵی ڕابردوودا، ٥ هاووڵاتی دیکه بە ناوەکانی ڕەزا عێزەتتاج، وەلی شەریفی، سابیر ڕەسووڵپوور، محەممەد ڕۆیان و فاروق شەفاهی، دەسبتەسەر کراون کە ئەو کەسانە سەرەڕای تێپەڕبوونی ٢ مانگ لە دەستبەسەرکرانیان، تا ئێستا چارەنووسیان ناڕوونە. یەکێک لە خزمەکانی ئەو ٧ کەسە دەستبەسەر کراوە گوتوویەتی کەØ› "تاوانی ئەوەیان دراوەتە پاڵ کە لە کاتی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکاندا، بۆ ئەوەی خەڵک دەنگ نەدەن چالاکیی تەبلیغییان بەڕێوە بردووە". ڕێکەوتی ٧ی ڕەشەمەی ساڵی ڕابردوو، هەڵبژاردنەکانی دوو مەجلیسی خۆبرەگان و ئیسلامیی ئێران، بەڕێوەچوو کە زۆربەی حیزبە کوردییەکان داویان لە خەڵک کرد لەو هەڵبژاردنەدا بەشداری نەکەن. هەروەها بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو لە شاری شنۆ، هاووڵاتییەکی دیکە بە ناوی "جەعفەر عەبدوڵڵاپوور" کوڕی "عەلی"، دەستبەسەر کراوە. ناوبراو ڕۆژی ڕابردوو لە لایەن مەئموورانی ئیدارەی ئیتلاعات لە ماڵەکەی خۆیدا دەستبەسەر کراوە. سەرەتای ئەم حەوتوویەش "شەهاب ئەحمەدیئازەر" کوڕی ئەحمەد، یەکێک لە چالاکانی مەدەنی لە نەغەدە، دەستبەرسەر کراوە و پێش ئەو هاووڵاتییە کوردەش ئەفسانە بایەزیدی کچی ئەبووبەکر بۆ سێهەمین جار لە لایەن ئیتلاعاتی بۆکانەوە دەستبەسەر کرا.
ڕۆژانە پێنج کرێکار لە ڕووداوی کاردا دەمرن
نەبوونی مەرجەکانی پارێزراوی لە شوێنی کار، گیان لەدەستدانی یەک هەزار و چوارسەد و نەوەد و چوار کرێکاری لە ساڵی ڕابردوودا لێکەوتەوە. بە پێی راپۆرتی هەواڵدەرییەکان، ساڵی ڕابردوو ١٥ کرێکاری ژن لە شوێنی کارەکانیان بە هۆکاری ڕووداوی کارەوە گیانیان لەدەستداوە. هەرلەو ماوەیەدا، ١٤٧٩کرێکاری پیاو بەهۆی نەبوونی مەرجەکانی پارێزراویی کار(ایمنی)، تووشی ڕووداوی کار هاتوون و گیانیان لەدەست داوە. یاسا باس لەوە دەکات کە ڕووداو دەبێ دوو تایبەتمەندیی سەرەکیی هەبێت بۆ ئەوەی وەکوو ڕووداوی کار هەژمار بکرێت، لەکاتی کاردا یان بە هۆی کارەوە ڕووی دابێت. بە وتەی بەرپرسانی وەزارەتی کار و خۆشبژیوی، زۆربەی ئەو کرێکارانەی کە لە ڕووداوی کاردا گیان لەدەست دەدەن، خاوەنی دڵنیاییکار (بیمە) نین. هەر وەک ساڵانی ڕابردوو، بەربوونەوە لە بەرزایی زیاترین قوربانیی لە کرێکاران گرتووە، بە چەشنێک کە لە ساڵی ١٣٩٤دا، ٦٥٨ کەس بەو هۆکارە مردوون.
چوار زیندانیی سیاسیی کورد لە زیندان ئازاد کران
چوار زیندانیی سیاسیی کورد، دوای تێپەڕاندنی ماوەی حوکمەکەیان لە زیندانی شارەکانی مەریوان و کرماشان ئازاد کران. بەپێی هەواڵی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی یەکشەممە ٥ی بانەمەڕ، دوو زیندانیی سیاسیی کورد بە ناوەکانی "کاوە فەرجی" و "کاوە مورادی" کە پێشتر لە ساڵی ١٣٩٠ ی هەتاوی لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کرابوون، لە زیندانی ناوەندیی شاری مەریوان ئازاد کران. کاوە فەرجی بە تاوانی هەواڵدان دژی تەناهی نەتەوەیی، لە ساڵی ٩٠ ی هەتاوییەوە لە لایەن دادگای ئینقلابی شاری مەریوانەوە ٥ ساڵ زیندانی تەعزیریی بۆ بڕایەوە و هەروەها بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیونی رژێمی ئاحوندی ئێران، ٣ ساڵی دیکەش زیندانی بە سەردا سەپا. کاوە مورادیش هەر بەو تاوانانەوە لە ساڵی ٩٠ ەوە، بە ٥ ساڵ زیندان و ٥ ساڵ زیندانی تەعزیری مەحکووم کرا.ئەو دوو هاووڵاتییە زیندانییە بەپێی مادەی ١٣٤" تجمیع احکام" و تێپەڕاندنی ماوەی زیندانییەکەیان لە زیندانی شاری مەریوان، ئازاد کران. لە لایەکی دیکەوە، ڕۆژی سێشەممە ٧ی بانەمەڕ، فەرزاد مورادینیا چالاکی کرێکاری، دوای تێپەڕاندنی ١١ مانگ، لە زیندانی ناوەندیی شاری سنە بە بێ مەرج ئازاد کرا. هەر لەو پەیوەندییەدا، ڕۆژنامەنووسێکی دیکەی کورد لە شاری کرماشان بە ناوی "فەرزاد پوور مورادی" لە زیندانی ناوەندیی شاری کرماشان ئازاد کرا.
ئەو ڕۆژنامەنووسە کوردە، بەڕێوەبەری ماڵپەڕی "کرماشان پۆست بووە، و لە ڕێکەوتی ١٢بەفرانباری ساڵی ١٣٩٤ی هەتاوی، لە ماڵەکەی خۆیدا، لە لایەن لیباس شەخسییەکانەوە لەو شارە دەستبەسەر کرا.
مانگرتنی سەرتاسەری لە زیندانی مەهاباد
زیندانیانی زیندانی مەهاباد لە کردەوەێکی هاوئاهەنگدا دەستیان دایە مانگرتنی سەرتاسەری لەو زیندانە، بە پێی راپۆرتی هەواڵدەرییەکان، رۆژی رابردوو هەینی 10ی بانەمەری 1395، زیندانیانی راگیراو لە زیندانی مەهاباد بە هۆی زەخت و فشاری زۆری بەرپرسانی زیندان، بە شێوەی گشتگیر دەستیان دایە مانگرتن لە خواردن. بە پێی ئەم راپۆرتە، بەرپرسانی زیندان هەوڵیان دا کە مانگرتنی زیندانیان کۆتایی پێ بێنن کە سەرکەوتوو نەبوون. جێگەی باسە کە دەگوترێت کە گاردی تایبەتی ئەو زیندانە کەوتوونەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە و کەش و هەواێکی ئەمنی بەسەر ئەو زیندانەدا خۆڵقاوە.
لاوێکی مەریوانی کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا
لاوێکی مەریوانی بە ناوی مەحەمەد ئەحمەدپوور کوری ئیبراهیم کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا. بە پێی راپۆرتی هەواڵدەرییەکان، شەوی پێنجشەممە، 9ی بانەمەری 1395، لاوێکی مەریوانی بە ناوی مەحەمەد کوری ئیبراهیم تەمەن 23 ساڵ لە گەرەکی هەژارەی ئەو شارە لە ناو دووکانەکەی خۆی لە رێگای خۆهەڵواسینەوە کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا. بە پێی ئەم راپۆرتە، تا کاتی بڵاو بوونەوەی ئەم هەوالچە هۆکاری خۆکوشتنی ئەم لاوە مەریوانیە روون نیە. جێگەی باسە کە، لە سالچی 1393، بە پیچی ئاماری فەرمی رژێمی ئاخوندی 4055 کەس کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هیچناوە و ئەم ئامارە ساڵ بە ساڵ لە بەرزبوونەوەدایە. بێکاری، ئێعنیاد و کێشە کۆمەلایەتیەکان هۆکاری سەرکی خۆکوشتن لە لایەن کارناسانی ئەو بوارەوە دیاری کراوە.
ئەمریکا: لە هەنگاوەکانی رووسیا نیگەرانین
دوای ئەوەی وەزارەتی بەرگری رووسیا رایگەیاند، چەک و کەرەستەی پێویستی جەنگیان رەوانەی سووریا کردووە، ئەمریکا بە گومان و نیگەرانییەوە دەڕوانێتە ئەم هەنگاوە. بە پێی راپۆرتی هەواڵدەرییەکان، باراک ئۆباما، سەرۆکی ئەمریکا لە پرێس کۆنفرانسێکدا لە ریازی پایتەختی سعودیە رایگەیاند، پێویستە رووسیا نیازی خۆی لە هەنگاوەکانی لە سووریادا روونبکاتەوە. بین رۆدیس جێفری، راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا رایگەیاند، واشنتن نیگەرانە لە ناردنی چەک و کەرەستەکانی جەنگ و پشتگیری نوێی رووسیا بۆ سووریا. "پێمانوایە پێویستە لەم قۆناخەدا رووسیا فۆکەس لە سەر کۆششی دیپلۆماسی بکات نەک بژاردەی سەربازیی و پشتگیریکردنی ئەسەد". ئەو هەنگاوەی رووسیا لەکاتێکدایە کە دانوستاندنەکانی جنێڤ-3 و ئاگربەست لە لێواری هەرەسدایە، جگە لە پارێزگاکانی لازقیە و حومس شەڕی دژ بە داعش، هاوکات لە رۆژئاوای کوردستان لە نێوان شەڕڤانانی یەکینەکانی پاراستنی گەل و سوپای سووریا شەڕ دەستیپێکردووە.