پێنچ شه‌مه‌ 

1 سه‌رماوه‌ز2724
سازمانی خه‌بات ی
کوردستانی
ئێران
sazmanixebat

سازمانی خەبات،داهاتوو و ئەرکەکانمان

سازمانی خەبات،داهاتوو و ئەرکەکانمان

بابەشێخ حوسەینی
لە 5ی خەرمانان یادی 39 هەمین ساڵڕۆژی دامەزرانی سازمانی خەبات ی کوردستانی ئێران بەرز ڕاگیرا. ئەگەر بەراوردێکی سەرەتایی بۆ رووداوە سیاسیەکانی

بابەشێخ حوسەینی
لە 5ی خەرمانان یادی 39 هەمین ساڵڕۆژی دامەزرانی سازمانی خەبات ی کوردستانی ئێران بەرز ڕاگیرا. ئەگەر بەراوردێکی سەرەتایی بۆ رووداوە سیاسیەکانی چل ساڵ لەوەپێشی کوردستان بکەین و بە وردی لە فەلسەفەی دامەزرانی سازمانی خەبات بکۆڵینەوە، بە باشی ئەوەمان بۆ دەردەکەوێ‌ کە دامەزراندنی سازمانی خەبات زەرورەتێکی حاشاهەڵنەگرو گەلێک پێویست بوو، لەو سەردەمەدا.
زەرورەتێکی ئەوتۆ کە بە دوای تێ‌ پەڕینی زیاتر لە چل ساڵ تێکۆشان و فیداکاری سیاسی و پێشمەرگانەی دوور لە هەڵپەهەڵپ و خۆ گیف کردنەوە، باشتر لە ڕابردوو دەردەکەوێ‌ کە سازمانی خەبات تەشکیلات و سازمانێکی تەواو جیاوازی سیاسیەو بەدیلی هیچ لایەنێکی سیاسی دیکەی کوردستانی نەبوەو نابێ‌ و، ئەوانەی پڕوپاگەندەی ژەهراویان لە دژی سازمانی خەبات بڵاودەکردەوە، دەرکەوت یا بیریان کورتە و یا هەر بێ‌ هۆ کینەو ڕقیان لە سازمانی خەبات هەیەو ناتوانن بوونی ئەو تەشکیلاتە ڕەسەن و نیشتمانیە ببینن.
بەڵێ‌، دەرکەوت کە سازمانی خەبات، خەت و باوەڕێکی جیاوازەو کۆپی یا بۆ جێگرتنەوەی هیچ لایەنێکی دیکە نیە، دەرکەوت کە سازمانی خەبات خاوەن بیری نیشتمانی ونەتەویی و تەواو کوردستانیە. ئەگەر سەرنجێکی وردی ڕوداوە سیاسیەکان لە کوردستان و ئێران بدەین، دەردەکەوێ‌ کە سازمانی خەبات،بە دروستی بەرنامەو دروشمی داناوەو بە شێوەێکی سەرکەوتوانەو شەفاف کاری کردوەو، تا ئەو جێگەی بۆی کراوە دروشمەکانی بە کردەوە جێ‌ بە جێ‌ کردووە. سازمانی خەبات شێوەێکی نوێ لە کاری سیاسی و شۆڕشگێڕانەی پەیڕەو کردو سیاسەت و کاری سیاسی، بە پێبەندبوون بە پەیمان و بەلێن و سەداقەت و وەفا بەستەوە. سازمانی خەبات سیاسەتی ڕاست و هەڵوێستی سادقانەی کردە بنەما، پشتی لەوانە نەکرد کە دۆستی بوون، تەنانەت ئەگەر دۆستەکان کەم لوتفیان لەگەڵ سازمان کردبێ‌، بەو حاڵەش سازمانی خەبات، چاوی لە کەم لوتفیەکان پۆشیەوەو بەردەوام بووە لە دۆستایەتی،دیارە تا ئەو جێگەی، بێ‌ لوتفی لایەنی بەرانبەر نەگەیشتبێتە ڕادەی زیان گەیاندنی قەرەبوونەکراوە بە ئامانجەکانی جوڵانەوەی مافخوازانەی گەلی کوردو شۆڕشی ڕەوا لە بەرانبەر ڕژیمی دیکتاتۆری ئاخوندی و لە هەمانکاتیشدا، زیانی زۆر قورس و قەرەبونەکراوەی بۆ سازمانی خەبات ی کوردستانی ئێران بە دواوە نەبوبێ‌.
لێرەدا چەند نمونە لە سیاسەت و کارکردی دروستی سازمانی خەبات لە ماوەی چل ساڵ تێکۆشانیدا دەخەمە ڕوو.
1.شۆڕش و تێکۆشانی خۆماڵیانەو نەتەوەیی و دوور لە کاریگەری خەت و بەرنامەی بێگانە.
2.خەباتی نەتەوەیی و نیشتمانی سالم و نەبزڕکاو، بە شێوەێک دانیشتوانی کوردستان بە هەموو بیرو بۆچوون و ئایین و مەزهەبێک و کەمایەتی نەتەوەیی، کەلە سنووری کوردستاندان و خاوەن بەش و خاوەن جێگەن، نامۆیی لێ‌ نەکەن.
3.زۆر بە جیددی و سادقانەو غەمخۆرانە کاری بۆ یەکێتی و تەبایی لە کوردستاندا کردوەو هەوڵی بۆ داڕشتنی بەرنامەو کردەوە بە مەبەستی دۆستایەتی و هاوکاری لەگەڵ هێزو لایەنە سیاسیەکانی کوردستانی ئێران داوە. تەنانەت لەو چوارچێوەداو بۆ گەیشتن بەو مەبەست و ئامانجە گرینگە،زۆر جار لە هێرشی فیزیکی و تەبلیغی ناڕەوا لە دژی سازمانی خەبات و پێشمەرگەکانی، لە سەرەتای جوڵانەوەی مافخوازانەی گەلی کورد لە دژی خۆی پۆشیوە. کە تازەترین نمونەی بڕیاڕی سازمانی خەبات بە کشانەوە لە قەندیل و چیای هەڵگورد بوو لە هاوینی ئەمساڵ(1398) کۆچی خۆری ئەویش بە مەبەستی دوور کەوتنەوە لە ئاڵۆزی لەگەڵ دوو لایەنی حیزبی دیموکرات. بەو بڕیارە جارێکی دیکەش سەلماندمان کە سازمانی خەبات چەندە خاوەن پڕنسیپەو چەند خاوەن ئووسووڵەو ناهێڵێ‌ هەلومەرجە نەخوازراوەکان و هەوڵە نابەجێکان ڕێگەی ئامانجە پیرۆزەکانی لێ‌ وون بکەن.
4. سازمانی خەبات تێکڕای پێکهاتەی دەسەڵاتداریی ئاخوندەکان بە هەموو لق و باڵەکانی، پێ‌ دزێوو قێزەونە،لە کاتێکدا تێکڕای باڵ و مۆرەکانی دەسەڵات لە جینایەت و مرۆف کوژی و ئازارو شکەنجەدان و بە فیڕۆدانی سەرمایەی خەڵک و کردەوەی ترۆریستی و شەڕو ئاژاوە لە ناوچەکەو جیهاندا دەوریان هەبوەو هەیە، لە کاتێکدا کوشتن و سەرکوتی ژنان و منداڵان و هەر تاکێک لە ئێران و کوردستان لە لایەن ئاخوندانی دەسەڵاتدار کارێکی ئاساییە، لە کاتێکدا دژایەتی گەلی کوردو جینایەت لە بەرانبەر دانیشتوانی کوردستان دەبێتە هۆی بەرزکردنەوەی پلەی پاسدارو چەکدارە جینایەتکارانی حکومەت و بە کورتی لە کاتێکدا ئەو دەسەڵاتە هەموو پێوەرە ئەخلاقی و ئینسانی و ئایینی پێ‌ شێل دەکاو تەنیا زمانی هەڕەشەو ئەشکەنجەی لە ماوەی دەسەڵاتداریدا زانیوەو کاری پێ‌ کردوە، سازمانی خەبات بە خوێندنەوەی دروست لە سەر پێکهاتەی دەسەڵات و کۆی جینایەت و مەترسیەکانی بۆ سەرداهاتووی کوردستان وئێران بڕیارێکی ژیرانەی ئەوەیە کە ووتوێژ لەگەڵ ئەو دەسەڵاتە دڕندەیە بە تەواوی ڕەد کردۆتەوەو ئامادە نیە هیچ جۆرە ووتوێژێک لەگەڵ ئاخوندانی ملهوڕو درندە بکات، و لە هەمانکاتدا پێی‌ وایە ووتوێژو دانیشتن لەگەڵ ئەو دەسەڵاتە، نەک خزمەت بە جوڵانەوەی مافخوازانەی خەڵکی کوردستان و شۆڕشی دیموکراسیخوازی لە ئێراندا ناکات، بەڵکو تەواو بە زیانی خەڵکی کوردستان و شۆڕشە ڕەواکەی وبە زیانی ئامانج و خوێنی شەهیدانە.
5.سازمانی خەبات باوەڕی وایە جوڵانەوەی مافخوازانەی کوردستان، دەبێ‌ سیاسەت، ئیستراتیژی و بەرنامەکانی لە سەر بنەمای واقعیەتی سیاسی ناوخۆیی و ناوچەیی و جیهانی دابڕێژی، و پێ‌ وایە دروست نیە کارەکان و سیاسەتەکان، کاتی و لە سەر بنەمای ئیحساسی بنیات بنرێن. هەر لە سەر ئەو بنەمایە، سازمانی خەبات ئیستراتیژی ڕوونی بۆ شێوەی کارو تێکۆشانی خۆی داڕشتوەو پێی‌ وایە شۆڕشی گەلەکەمان نابێ لەسەر دروشمی بێ‌ ناوەرۆک وقسەو هەڵوێستی ئیحساسی دابڕێژرێ‌.
6. هەوڵ بۆ نەهێشتنی فەرهەنگی ناوچەگەرایی و دەستە بەندی لە ناو شۆرش بە گشتی و لە ڕیزی سازمانی خەبات ی کوردستانی ئێران ٠بە تایبەتی و دیاری کردنی خاڵێک لە پەیڕەو پڕۆگرامی سازماندا سەبارەت بەو دیاردە زیانبارە لە بەندی سێهەمی ئەرکەکانی ئەندام هاتووە(هەر جۆرە ناوچەگەرایی،فراکسیۆن ودەستە بەندی لە ڕیزەکانی سازمان بە خەیانەت بە گەلی کورد و سازمانی خەبات دەزاندرێ‌).ئەو خاڵە دەرخەری ئەو ڕاستیەیە کە سازمانی خەبات چەندە پەرۆشی تەبایی و یەکدەنگی و لە هەمانکاتدا هەوڵ بۆ نەهێشتنی ئەو دیاردە قێزەونە لە ناو کۆمەڵگەی کوردەواری وهەروەها لە گۆڕەپانی جوڵانەوەی مافخوازانەی خەڵکی کوردستانە......هتد.
چاوەڕوانی تێکۆشەرانی ڕیزەکانی سازمانی خەبات لە چین و توێژەکانی خەڵکی کوردستان:
ئەو چەند نمونە لە سیاسەت وبەرنامەی سیاسی و کارکردی سازمانی خەبات کە باسم کردوون، نمونەێکی ڕوونن بۆ ئەوەی کە هەر کەسێک بە دروستی خۆێندنەوەیان بۆ بکات، بۆی دەردەکەوێ‌ سازمانی خەبات چەند غەمخۆرانە لە پێناو ئامانجەکانی خەڵک و شەهیدان تێکۆشاوە. هەر بۆیە جێگەی خۆیەتی،وە هەروەها بەرپرسایەتێکی نیشتمانی و نەتەوەییشە کە پشتیوانی و پشتگیری سازمانی خەبات بکرێ‌ و هاوکاری هەمەچەشنەی بکرێ‌ بۆ ئەوەی بە ئامانجەکانی بگات، کە بێگومان سیاسەت و بەرنامەکانی بۆ کوردو بۆ رزگاریی و ئازادیە. گومان لەوەدا نیە کە هاونیشتمانیانی کوردستان هەمیشە پشتیوانی سازمانی خەبات بوون، بەڵام پێویستە لەم هەلومەرجە حەستەمەدا و بە تایبەت بەو جێگەو پێگە سیاسی و بەرنامە دروستانەی سازمانی خەبات کە بۆ ئێستاو بۆ سەردەمی ئازادی ئێران و کوردستان هەیەتی، پشتیوانیە هەمەچەشنەکانیان زیاتر بکەن. پشتگیری سازمانی خەبات دەبێتە هۆی بە توانایی و بە هێزیی، کە بە هێزی سازمانی خەبات بەو گشتە باگراوەندو بنەماو پڕنسیپ و ئوسوڵی شۆڕشگێرانەیەو بەو پێ بەندیانەی بە داب و نەریتی کوردەواریی هەیەتی، پێشڕەوی گەلی کورد بەرەو ئازادیی و رزگاریی یەکجاریی دەبێ‌.
ئەرکی تێکۆشەرانی سازمانی خەبات لە ئێستاو قۆناغی داهاتوو:
هەموو ڕێبوارانی ڕێبازی سازمانی خەبات بەرپرسایەتی گەورەیان لە سەر شانە بۆ بەرەو پێش بردن و گەشە پێدانی ئەم تەشکیلاتە پاک و دڵسۆزەی کوردستان. بە جێگەیاندنی ئەرکی تەشکیلاتی،ڕاگەیاندن، بەرزکردنەوەی توانای ماددی و تەداروکاتی، بەرزکردنەوەی حاستی هۆشیاری سیاسی و فکری و.......هتد دەبێ‌ بە جیددی کاری بۆ بکرێ‌ و پێویستە هەوڵی جیددی بدرێ‌ لە پێناو گەشەپێدان و بەرزکردنەوەی تێکرای ئەو خاڵە گرینگانە.
بەردەوام بوون لە سەر رێبازی سازمانی خەبات شانازیە بۆ هەموان و لە هەمانکاتدا گەشە پێدان و بەرزکردنەوەی تێکڕای هۆکانی کارکردن، هەم ئەرکێکی گرینگەو لە هەمانکاتیشدا وەفایە بە ڕێبازی سازمانی خەبات و خوێنی شەهیدانی سوورخەڵات و ڕێبەری نەتەوەیی دڵسۆزی کۆچ کردووی سازمان مامۆستا شێخ جەلال حوسەینی.
بەو هومێدەی لە داهاتودا شاهیدی گەشەو پێشکەوتنی زیاتری سازمانی خەبات بین.
مەرگ و نەمان بۆ ڕژیمی دیکتاتۆری ئاخوندی
سەرکەوێ شۆڕشی ڕەواو ئازادیخوازیی گەلی کورد و گەلانی ئێران


5 ساڵ و 2 مانگ و 3 ڕۆژ و 23 کاتژمێر و 44 خوله‌ک له‌مه‌وپێش‌

سازمانی خەبات،داهاتوو و ئەرکەکانمان

سازمانی خەبات،داهاتوو و ئەرکەکانمان

په‌ڕه‌ تایبه‌تیه‌کانی ماڵپه‌ڕ

په‌یوه‌ندی گرتن


ژماره‌ی ته‌له‌فۆن کوردستان : 07506206655 (00964)
ژماره‌ی ته‌له‌فۆن کوردستان : 07504687209 (00964)
ژماره‌ی ته‌له‌فۆن کوردستان : 07504497138 (00964)
ژماره‌ی ته‌له‌فۆن ئوروپا     : 0767676746   (0046)
ژماره‌ی ته‌له‌فۆن ئوروپا       : 040331264   (0047)



په‌یوه‌ندی ئه‌له‌کترۆنی:



[email protected] 
[email protected]
xebatmedia@sazmanixebat.net
[email protected]om

ئۆرگانه‌کانی سازمانی خه‌بات


ڕێکخراوی ئافره‌تانی خه‌باتی کوردستانی ئێران 

ڕێکخراوی لاوانی خه‌باتی کوردستانی ئێران