نارەزایەتی و خۆپیشاندانەکانی بەغدا و هێندێک لە شارەکانی تری عێراق بەردوامیان هەیە و ئەمرۆ پێی ناوەتەوە شەشەمین رۆژی خۆی.
ئاسۆشێتدپرێس لەزاری ووتەبێژی وەزیری عێراقەوە دەڵێت کە لەماوەی ئەو شەش رۆژەدا نزیکەی 104 کەس کوژراون کە هەشت کەسیان لەهێزە ئەمنیەکانی ئەو وڵاتەن و هەروەها 6107 کەسیش برینداربوون کە 1200 کەسیان سەربە هێزە ئەمنیەتیەکانن.
ئەو نارەزایەتی و خۆپیشاندانانەی بەغدا کە لە رۆژی سێشەممە رێکەوتی 9ی رەزبەرەوە دەستی پێکردووە، لەدژکردەوەدا لەبەرانبەر دەست تێوەردانەکان و گەندەڵکاریەکانی رژیمی ئاخوندان لەو وڵاتەدا و پێشێلکردنی ماف و بەرژەوەندیەکانی خەڵکی ئەو وڵاتە لەلایەن دەسەڵاتدارانی زاڵ بەسەریدا سەری هەڵداوەو خەڵکی خوازیاری بەدەست هێنانی مافەکانی خۆیانن.
جێی باسە کە ئەم خۆپیشاندانانە چەندین شاری تری عراقیشی گرتۆتەوە.
ئەو نارەزایەتیانە بەردەوامی هەیە و ئەمرۆ پێی ناوەتەوە شەشەمین رۆژ و شەرو پێکدادانێکی زۆر لەنێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنیەکاندا سەری هەڵداوەو بەردەوام قوربانی لێدەکەوێتەوە، هەروەها خۆپیشاندەران چەندین بنکە و دامەزراوە و دەفتەری کاری سەر بە رژیم و بەنەرەکانی خامنەییان لەوشارەدا سوتاندووە.
لەلایەکی ترەوە هێندێک لە ئەندام پارلمانەکانی عێراق قاسم سلێمانی بە هۆکاری سەرەکی ئەو دۆخە دەزانن و بە بەرپرسی کوژرانی ئەو رێژە لە خەڵکی دەزانن.