یه‌ک شه‌مه‌ 

4 سه‌رماوه‌ز2724
سازمانی خه‌بات ی
کوردستانی
ئێران
sazmanixebat

بریارەکەی ترامپ و هێرشی تورکیە بۆ سەر کوردستانی سوریە!

بریارەکەی ترامپ و هێرشی تورکیە بۆ سەر کوردستانی سوریە!

عەلی بەهرامی
درەنگانێکی شەوی یەکشەممە 14ی ڕەزبەری 1398ی هەتاوی، دۆناڵد ترامپ سەرەک کۆماری ئەمریکا رایگەیاند هێزەکەیان لە باکوری سوریە (کوردستانی رۆژئاوا) دەکێشن

عەلی بەهرامی
درەنگانێکی شەوی یەکشەممە 14ی ڕەزبەری 1398ی هەتاوی، دۆناڵد ترامپ سەرەک کۆماری ئەمریکا رایگەیاند هێزەکەیان لە باکوری سوریە (کوردستانی رۆژئاوا) دەکێشنەوە، ئەوان نابنە بەشێک لەو کێشەی ئارادایە، کە مەبەستی کێشەی ئوردوغان لەگەڵ کوردە. ئەو بڕیارەی دۆناڵد ترامپ لە دوای ئەوە دێت کە پێشتر رەجەب تەیب ئوردوغان رایگەیاندبوو لەسەر ناوچەی ئارام لەگەڵ ئەمریکا رێناکەون هەر بۆیە هێرش دەکەن بۆ سەر رۆژهەلاتی فورات (کوردستان). ئەو گۆرانکاریە نوێیەی لەپێوەندی نێوان ئەمریکا و تورکیە هاتە ئاراوە، بەلای بەشێک لە چاودێرانەوە چاوەروان نەکراو بوو لە کاتێکدا کە تورکیە و ئەمریکا لەسەر کۆمەڵێک پرسی گرینگ کێشەیان هەیە و بەردەوام لە هەرشە کردن بوون لە یەکتری، بەتایبەت لەسەر کڕینی سیستەمی مووشەکی ئێس 400ی رووسی لەلایەن تورکیەوە تورەبوون و هەڵچونێکی زۆر لە ناوەندەکانی بریار لە واشتن لە ئارادایە و تازەییش گەڵاڵەیەک لە کونگرە بۆ سەپاندنی سزای ئابووری بەسەر تورکیەدا ئامادە کراوە و ترامپیش دەکرد.
ئەوەی روونە ئوردوغان لە ناوخۆی تورکیە تووشی شکستێکی گەورە هەم لە نێو پارتی داد و گەشەپێدان و هەم لە ئاستی وەڵاتدا بووە، هەر وەک لە هەڵبژاردنی شارەوانیەکاندا دەرکەوت پێگەی جەماوەری پارتەکەی چەندە لە داکشان و ئاستی خۆشەویستی خۆیشی لە شەقامی تورکی دا تا چ رادەیەک لە دابەزیندایە، هەر بۆیە پێویستی بە هەندێ هەنگاوە بۆ پێخۆری نێوخۆیی و گێڕانەوەی متمانەی شەقامی تورکی. بۆ ئوردوغان باشترین رێگە لێدانی کوردە لە دەرەوەی سنوورەکانی تورکیە. بۆیە بۆ دەرەوەی سنورەکانی خۆی، چونکە لە دوای پەکخستنی پرۆسەی ئاشتی لەو وەڵاتە، بە زەبری هێز توانی چەندین و شار و ناوچەی کوردستانی تورکیە کە ببونە سومبولی کوردبوون و کوردایەتی، بە تەواوی خاپوور بکات و خۆی بە سەرکەوتووی ئەو جەنگە نیشانی لایەنگرانی بدات. لە ئێستاشدا لە کوردستانی سوریە کە نزیک بە 10 ساڵە خۆبەرێوەبەریەکی کوردی بوونی هەیەو ئوردوغانیش بەدەوام پروپاگەندەی ئەوەی لە دژ دەکرد کە ئەو خۆبەرێوەبەریە بەشێکە لە پێ کاکای نەیاری و حەساسیەتێکی زۆری بە بوونی هەیە، ئێستاکە بە دەرفەتێکی باش دەزانێ‌ بۆ پەلاماردانی بەتایبەت کە چرای سەوزی لەلایەن ئەمریکاوە پێدراوە.
ئوردوغان لە پەلامار بۆ سەر کوردستانی سوریە چەند ئامانجێک دەپێکێ کە بریتین لە:
بەرزکردنەوەی ئاستی مەحبوبیەتی خۆی لە نێو شەقامی تورکی بە هەڵگێرسانی شەڕێک کە ساڵانێکە بە پروپاگەندە، رای گشتی وەلاتی تورکیەی بۆ ئامادە کردووە و وەک دەبینین نەک لە ئێستادا هیچ دژایەتیەکی ئەم شەرەی دژ بە کورد لە ناوخۆی ئەو وەلاتەدا ناکرێ بەڵکوو نەیارەکانیشی بێ دەنگیان هەڵبژاردووەو خۆ لە دژایەتی ئەو هەنگاوەی دەبوێرن.
پەلاماری کوردستانی سوریە لە ئێستادا درێژەی سیناریۆی هێرشی سەر عەفرینە و تورکیە دەیهەوێ بەبیانووی پەیەدە و هەسەدە پەلاماری ئەو ناوچە کوردستانیانە بدات، کورد دەربکات و عەرەبە ئاوارەکان لە شوێنەکانیان جێگیر بکات. بەوەش بەو ئامانجەی دەگات کە چەندین ساڵە دوبارەی دەکاتەوە کە دەسەڵاتی کوردی لە باکوری سوریە قەبوڵ ناکەن و ئەوانە دژمنیانن و هەر رۆژە ناو و ناتۆرەیەکیان لێدەنان، هەروەها بە جێگیر کردنی عەرەبە ئاوارەکان بە کردەوە سیاسەتی پاکتاوی کورد لەو بەشەی کوردستان بە زەبری هێز جێبەجێ دەکات و مەبەستیەتی کوردستانی بوونی ئەو بەشەی کوردستان بکاتە چیرۆک، گەر ئەو سیاسەتەی ئوردوغان جێبەجێ بکرێ و جێگیربوونی ئەو عەرەبانە درێژە بکێشێ، گێڕانەوەی کوردستانی سوریە بۆ دۆخی ئاسایی خۆی لە دوایی دا حەستەم دەبێ.
ئەوەی ترامپ لە ئێستادا پشتی ئەو هێزە کوردیانەی بەردا کە لە 2014ەوە لە چوارچێوەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش لەسەر ئەرز توانی شکستی گەورە بە هێزە تیرۆریستیەکان بهێنێ و جوێ لە ناوچە کوردستانیەکان، توانیان پانتاییەکی زۆریش لە ناوچەکانی دیکەی سوریە ئازاد بکەن، لەلایەک دەیهەوێ کۆتایی بە فشارەکانی تورکیە بێنێ کە لە داخی پشتیوانی ئەمریکا لە کورد، کۆمەڵێک هەنگاوی نا کە بۆ ئەمریکا گەران تەواو بوو بەتایبەت تورکیە کە ئەندامێکی گرینگی هاوپەیمانی ئاتڵانتیکی باکوورە و ئێستا بە تەواوی لە روسیەی نەیاری ئەمریکا نزیک بووەتەوە و رێکەوتنی گەورەی لەگەڵ واژۆ دەکات، بۆیە ترامپ ناتوانێ‌ چاوپۆشی لەو قازانجانەی ئەمریکا لە تورکیە بکات و لە ئێستاشدا کە بەرەو هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی دەچێ پێویستی بە رێکەوتنێک لەگەڵ ئوردوغان هەیە و بۆ ئەوەی دڵی ئوردغان بێنێتەوە جێ باشترین هاوپەیمانی پێنج ساڵی رابردووی خۆی دەکاتە دیاری و قوربانی. ئەگەر چی لە ئێستادا ترامپ هەندێ بادانەوە بە قسەکانیەوە دیارە بەڵام پێم وایە تەنیا بۆ کەم کردنەوە و هێواش کردنەوەی رەخنەگرانی ئەو بریارەیەتی.
ئەو بریارەی دۆناڵد ترامپ و ئەو شەرە نوێیەی ئوردوغان بە کوردی سوریەی دەفرۆشێ، لە ئاستی نێونەتەوەییدا جوێ لە هەندێ کاردانەوەی لاواز هیچی دیکەی پێوە دیار نیە، لە ئاستی ناوچەییش بە هەمانشێوە بێ دەنگیەکی تەواو هەیە، بەڵام رژیمە داگیرکەرەکانی دیکەی کوردستان بەتایبەت رژیمی ئاخوندانی ئێران، ئەگەری زۆرە هاوکاری ئوردوغان بکەن لەم جەنگە نارەوایەدا.
بە گشتی مەترسیەکان بۆ سەر پرسی نەتەوەی کورد لە هەر کاتێکی دیکە زیاترە. لەو چوارچێوەشدا ئەگەری ئەوە هەیە رژیمی ئێرانیش هەندێ هەنگاو دژ بە هێز و لایەنە سیاسیەکانی کوردستانی رۆژهەلات هەڵگرێ.
لەپێوەند بە سیاسەتی ئەمریکا لە بەرامبەر کورد، ئەو وەلاتە جارێکی دیکەش بێ باری خۆی لەبەرامبەر کورد دا نیشانداو جارێکی دیکە کوردی گورگانخوارد کرد. بەڵام کورد نەتەوەیەکی چەوساوە و زۆر لێکراوەو هیچ بژاردەیەکی دیکەی لە پێوەندیەکانی دا لەبەر دەستدا نیە، هەر قۆناغەو هەوڵ دەدا بە کەڵک وەرگرتن لەو دەرفەتانەی دێنە پێش بۆ سەرخستنی پرسە نەتەوەییەکەی و رزگاربوون لە ژێردەستەیی و زۆرڵم و زۆر لەگەڵ شەپۆلەکان بکەوێ. ئەوەی کە لەو پێوەندیانەدا زەرەری دەکات نیشانەی ئەوەیە کورد لە سیاسەتی زلهێزەکاندا نەبووەتە بژاردە و فاکتەرێکی وەها کە نەکرێتە قوربانی و بەدیلی بۆ نەدۆزرێتەوە.
لەلایەکی دیکە تەبا و رەبا نەبوونی نێو ماڵی کورد و پرش و بڵاویی خۆیشی کاریگەری زۆری هەبووە لەوەی نەبێتە هێزێکی ئەوتۆی سیاسی، ئابووری و سەربازی کاریگەر و شوێندانەر کە زلهێزان و وەلاتان نەتوانن بە ئاسانی پشتی تێبکەن و بیگۆڕنەوە بە نەیارەکانیان.
ئەوەی لە کوردستانی سوریە رووی دا کاریگەری لەسەر هەستی هەموو کوردێک داناوە، بەڵام دەکرێ ئەوە دەرسێکی باش بێ بۆ ئەوەی کورد لە سوریە نێو ماڵی خۆی رێکبخاتەوەو تەباییو یەکریزیەکی نەتەوەیی دروست بکرێ، لەلایەکی دیکە لە ناوەندەکانی بریار بەتایبەت لە ئەمریکا، ئوروپا و روسیە کەوێتە لابی دروست کردن و هەوڵ بدات کاریگەری لەسەر بریارەکان دروست بکات بۆ ئەوەی زیانەکان کەمتر بکاتەوە لەوەی چاوەڕێ دەکرێ. بەتایبەت لە ئێستادا لە ئەمریکا و ئوروپا دا هاوسۆزیەکی زۆر هەیە بۆ شەرڤانان و کورد لە سوریە.
لە کۆتاییدا دەبێ ئیشارەی بەوە بکرێ کە بریارەکەی ترامپ بۆ کشانەوە لە سوریە تەنیا زیانی بۆ سەر کورد نابێ، بەڵکوو سیاسەتی ئەمریکا لە ناوچەکە تووشی شکستی گەورە دەکات و ئەمریکا لە لای هاوپەیمانەکانی لەو ناوچەیە تووشی بێ متمانەیەکی زۆر دەبێ. بەتایبەت هاوپەیمانەکانی ئەمریکا لە ئێستادا هەر یەکە و بە کێشەیەکەوە گیرۆدەن. پاشەکشە یەک لە دوای یەکەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە کاریگەری زۆری هەیە لە هەیبەت و سومعەی یەکەم زلهێزی جیهان و رێگەدانە بە روسیە بۆ دەورگێڕانی زیاتر لە رۆژهەڵاتی ناوەراست. لەکاتێکدا رووسیە هەمیشە پشتیوانی لە دەسەڵات و رژیمە دیکتاتۆر و خۆسەپێنەکان دەکات و ئەوەش نەک خزمەت ناکا بە گێڕانەوەی ئاسایش و ئۆقرەیی بۆ ناوچە بەڵکوو ناوچەکە بەرەوڕووی مەترسی زیاتر و کێشە و ئاژاوەی تازە دەکات.

 

 

 

 


5 ساڵ و 1 مانگ و 14 ڕۆژ و 11 کاتژمێر و 17 خوله‌ک له‌مه‌وپێش‌

بریارەکەی ترامپ و هێرشی تورکیە بۆ سەر کوردستانی سوریە!

بریارەکەی ترامپ و هێرشی تورکیە بۆ سەر کوردستانی سوریە!

په‌ڕه‌ تایبه‌تیه‌کانی ماڵپه‌ڕ

په‌یوه‌ندی گرتن


ژماره‌ی ته‌له‌فۆن کوردستان : 07506206655 (00964)
ژماره‌ی ته‌له‌فۆن کوردستان : 07504687209 (00964)
ژماره‌ی ته‌له‌فۆن کوردستان : 07504497138 (00964)
ژماره‌ی ته‌له‌فۆن ئوروپا     : 0767676746   (0046)
ژماره‌ی ته‌له‌فۆن ئوروپا       : 040331264   (0047)



په‌یوه‌ندی ئه‌له‌کترۆنی:



[email protected] 
[email protected]
xebatmedia@sazmanixebat.net
[email protected]om

ئۆرگانه‌کانی سازمانی خه‌بات


ڕێکخراوی ئافره‌تانی خه‌باتی کوردستانی ئێران 

ڕێکخراوی لاوانی خه‌باتی کوردستانی ئێران