رۆژی سێ شەممە رێکەوتی 15/10/2019 بەرانبەر بە 23ی رەزبەری 1398 شاندێکی سازمانی خەبات ی کوردستانی ئێران سەردانی وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی هەرێمی کوردستانیان
رۆژی سێ شەممە رێکەوتی 15/10/2019 بەرانبەر بە 23ی رەزبەری 1398 شاندێکی سازمانی خەبات ی کوردستانی ئێران سەردانی وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی هەرێمی کوردستانیان کرد.
شاندی سازمانی خەبات بە سەرپەرەستی بەرێز کاک کامیل نورانی فەرد ئەندامی دەفتەری سیاسی و هاورێیەتی بەرێزان خاتوو شیلان محەممەدی و کاک شۆرشی حاجی ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندی، سەردانی وەزارەتی پێشمەرگەیان کرد و لەلایەن بەرێز کاک شۆرش ئیسماعیل وەزیری کاروباری پێشمەرگەی حکوومەتی هەرێم پێشوازییان لێکرا.
لەودیدارەدا وێرای پیرۆزبایی شاندی سازمانی خەبات بەبۆنەی دەستبەکار بوونی کاک شۆرش ئیسماعیل لەپۆستی وەزیری پێشمەرگە، چەندین باس و تەوەری گرینگی کوردستان و ناوچەکە هاتنە بەرباس و ئاڵوگۆری بیرورای لەسەر کرا.
لەشیکردنەوەی دۆخی هەنووکەیی ناوچەکە و رەوشی کورد بەگشتی ئاماژە بە دوایین گۆرانکارییەکان کرا و هەروەها وریایی بۆ رووبەرووبونەوە لەگەڵ هەر ئەگەر و مەترسیەک بۆسەر کوردستان درا. لەدرێژەی باس و تەوەرەکان وێرای چەندین پێشنیار و رێگەکار، دیاریکردنی رۆژێک وەک رۆژی پێشمەرگەی کوردستان لە لایەن شاندی سازمانی خەبات باسی لێوەکرا کە لەلایەن رێزدار وەزیری پێشمەرگە بەهەند وەرگیردرا.
بەرێز شۆرش ئیسماعیل سپاس و پێزانینی خۆی بە بۆنەی بەشداری چالاکانەی سازمانی خەبات لە شەری داعش دەربری و پێداگری لەسەر یەکریزی و تەبایی و بەهاناهاتنی هێزە سیاسیەکانی کوردستان و جەماوەریی کوردستان بەگشتی کرایەوە و لەکۆتایی دیدارەکە دا شاندی سازمانی خەبات بە رێزەوە بەرێکران.