رۆژانی سێ شەممە و چوارشەممە و پێنج شەممە رێکەوتی 20 و 21 و 22ی گەلاوێژی 1394 بە ئامادەبوونی ئەندامانی سەرکردایەتی لە بنکەی ناوەندی سازمانی خەبات چوارەمین پلینۆمی کومیتەی ناوەندی هەڵبژێردراوی کۆنگرەی پێنجەمی سازمانی خەبات ی کوردستانی ئێران بەرێوە چوو.
سەرەتای کاری پلینۆم بە دەقیقەیێک وێستان و فاتیحایێک بۆ رێزگرتن لە روحی پاکی شەهیدان دەستی پێکرد و پاشان بەرێز کاک بابەشێخ حسێنی بەرێوەبەری گشتی سازمانی خەبات ی کوردستان راپۆرتی سیاسی و تەشکیلاتی خۆی بۆ پلینۆمی چوارەم پێش کەش کرد.
راپۆرتی بەرێوەبەری گشتی شیکردنەوە و باسێکی تێر و تەسل لەسەر دوایین ئاڵوگۆر و پێشهات و رووداوەکانی جیهانی و ناوچەیی و کوردستان و ئێران و بزووتنەوەی رزگاریخوازانە و سازمانی خەبات ی کوردستانی لە خۆ گرتبوو کە لەسەر هەر کام لەو تەوەرانە دید و بۆچوون و خوێندنەوەی خۆی پێش کەش بە پلینۆمی چوارەم کرد.
بەرێز حسێنی لە سەرەتای قسەکانی بە ئاوردانەوەیێک لە سەر بارودۆخ و نەخشەی سیاسی جیهان تیشکی خستە سەر سیاسەتی هەنووکەیی جیهانی و بابەتی وەدیهێنانی ئاشتی و سەقامگیریی و بەربەرەکانێی ترۆریزم و دابین کردنی ئەمنیەتی جیهانی و لەو پێوەندییەش دا وێرای بەرز نرخاندنی کۆمەڵیک لەهەوڵە جیهانیەکان، بەڵام بە لەبەرچاو گرتنی زاڵ بوونی سیاسەتی پەیرەوی کردن لە بەرژوەندییەکان و دارشتنی سیاستی گشتی لەسەر ئەو بناغەیە کۆمەڵیک لە خوێندنەوە و هەوڵەکانی بە زیانبار بۆسەر چارەنووسی گەلانی بن دەستی جیهان و دواجار ناتەبا لەگەڵ بایەخە جیهانی و ئەمنیەت و ئاشتی جیهانی لێکدایەوە. بەرێز کاک بابەشێخ حسێنی لەو تەوەرەی باسەکانی دا تیشکی خستە سەر بلۆکبەندییە جیهانیەکان و سەرەرای ئەوەی کە پێی وابوو بە کۆتایی هاتنی سەردەمی دوو زلهێزی ، کاراکتێری نوێ لە پانتایی سیاسی جیهان بوونیان هەیە بەڵام مەیلێک بۆ سەرلەنوێ زیندووکردنەوەی ئەو قۆناغە لە لایەن زلهێزەکانەوە دەبیندرێ و بەشێک لە رەوتی رووداوە جیهانیەکان کاریگەری و باندۆر لەو راستیە وەردەگرن و هەر بۆیەشە بوونی ئەو پێکدادانە شاراوانە بەربەستێکی گەورە بووە بۆ دروست بوونی هاودەنگی جیهانی لەبەرانبەر چەندین روداوی گرینگ و چارەنووس سازدا و یەک لەوان سیاسیەتی هاڕینی بەرژوەندیی گەلانی ژێر ستەم لە نێو بەرداشی بەرژەوەندیی زلهێزەکان هەر وا بوونی هەیە و دەبیندرێ. بەرێز حسێنی لەو بەشە دا ئاماژەی بە سیاسەتی دروستی سازمانی خەبات ی کوردستان و پێداگری لەسەر بەرەوام بوون لەسەر ئەو سیاسەتە کرد و جارێکی تر پێداگریی لەسەر ئەوە کرایەوە کە سەرمایەدانان لەسەر سیاسەتی بەرژوەندیی خوازانەی نێونەتەوەیی هەڵەیە و لەچاوەروانی مانەوە بۆ هاوتەریب بوونی بەرژوەندییەکانیش بەفیرۆ دانی کات و شوێن کەوتنی خەیاڵ و ناراستیە، جیاواز لەوەی کە لەهاتنە ئارای هەر دەرفەتێکی نێونەتەوەیی پێویستە زۆرترین سوود بە قازانجی نەتەوەکەمان وەدست بێنین و رەدکردنەوەی هەر جۆرە دەرفەتێکی لەم شێوەیە لەژێر هەیمەنەی فکری دژی ئیمپریالیستی بەهەمان رێژەی سیاسەتی چاوەروانی هەڵە و ناتەبا لەگەڵ سیاسەتی ژیرانەیە.
بەرێز کاک بابەشێخ حسێنی لەبەشێکی تری قسەکانی دا بە ئاماژە دان بە بەهاری عەرەبی و ئاکامە باش و خراپەکانی و کاریگەرییەکانی و سەرهەڵدانی داعش وەکوو دوایین دەرکەوتەی ئەو قۆناغە، سەرەڕای نەپێکانی ئامانجی دامەزراندنی ئاشتی و دیموکراسی و لەناوچوونی فکری دیکتاتۆریەت لە ناوچەکەدا،بەڵام لە حاستی نەتەوەیی بە دەرفەتێکی نوێ بۆ بردنەپێشەوەی دۆزی رەوای کورد لە ئاستی نێونەتەوەیی و ناوچەیی لێک دایەوە و ووتی: ئەگەر ناوچەکە هەروا لە قەیران دایە و ئاڵۆزی و بشێوییەکان کۆتایی پێنەهاتووە و بە جۆرێک بە هاتنی داعش ئاستی تێچووی ئیرادەی گۆرانی گەلانی ناوچەکە بەرزتر بۆتەوە، بەڵام لەهەمانکاتیشدا ئەو قۆناغە بوو بە دەرفەتێکی نوێ تا کورد بتوانێ کێشەی خۆی بباتە پێشەوە و بە قازانجی خۆی کەڵکی لێوەربگرێ و هەم وەک قوربانیەکی گەورە لێی برواندرێ و هەم وەک لایەنێکی بەرگریکاری شوێندانەر لەبەرانبەر شەپۆلی ترۆریزم حیسابی لەسەر بکرێ و ترافیکی دیپلۆماسی نێونەتەوەیی کورد بباتە سەر. هەر لەو پێوەندییەدا گرینگی رووبەرووبوونەوەی هێزی ترۆریزمی داعش وەبیرهێندرایەوە و تێکەڵ بوونی سازمانی خەبات بەو جەنگە بە سیاسەتێکی دروست و ژیرانە سەرەرای لایەنە نەتەوەیی و مرۆڤایەتیەکانی لێکدرایەوە. هەر لەو پێوەندییەدا زەورەتی یەکریزی نەتەوەیی بیر هێندرایەوە بۆ باشتر بە پیرەوە چوونی ئەو قۆناغە نوێیە.
هەر لە بەشی ناوچەکە بەرێز کاک بابەشێخ حسێنی وریایی لەسەر هەوڵە شەرئەنگێزەکانی رژیمی ئاخوندیی دووپات کردەوە و ووتی: دەوری رژیمی ئێران لە ناوچەکە دا دەورێکی تێکدەرانە و بە پێچەوانەی قازانجی گەلانی ناوچەکەیە و هەموو هەولێکی دەسەڵاتدارانی ئێران ئەوەیە کە جیهان سەرقاڵ بکاو بە دەست تێوەردانەکانی بشێوی ناوچەکە پەرە پێبدەن و ترۆریزم و ئاژاوە بەربلاوتر بکەنەوە. هەر چەند جێگەی خۆشحالیە کە بە وریابوونەوەی گەلانی ناوچەکە ئەو سیاسەتە شاراوانەی دەسەلاتی ئێران رۆژ لەدوای رۆژ ئاشکراتر دەبێ و هەر بۆیە شاهیدی بڕینەوەی دەستی تێکدەرانەی ئاخوندان لە ئاستی ناوچەکەین و دوورکەوتنەوەی لایەنە هاوپەیمانەکانی وەک حەماس و دروست بوونی هاوپەیمانەتی لە بابەتی یەمەن و حوسیەکان لەدژی ئێران و راپەرینی خەڵکی عێراق و ناچار کردنی حکوومەتی عیبادی بۆ چاکسازیی دەکرێ وەک دەرکەوتەکانی ئەو بابەتە تەماشا بکرێن. ئەوەی جێگەی تێرامانە غافڵ نەبوونی جیهان لەراست سیاسەتی پشتیوانی لە ترۆریزمی رژیمی ئاخوندانە و لەدوای رێکەوتنە ئەتۆمیەکەی وەڵاتانی 1+5 لەگەڵ ئێران و ئازاد کردنی پووڵە بلۆککراوەکانی رژیم ئەو مەترسیە زیاتر خۆ دەنوێنی و پێویستە رێگری لە بەرەوپێش بردنی سیاسەتە نگریسەکانی ئاخوندان بکرێ.
لەدرێژەی راپۆرتی سیاسی و تەشکیلاتی بەرێوەبەری گشتی سازمانی خەبات باسی کورد بە گشتی و بارودۆخی سیاسی هەر کام لە پارچەکانی کوردستان کرا و لە بەشی کوردستانی عێراق درێژە خایاندنی پرۆسەی سازان لەسەر یاسای سەرۆکایەتی هەرێم بە زیانبار زاندرا و لەو پێوەندییەدا راگەێندرا کە سازمانی خەبات وێرای ئەوەی هیوا دەخوازێ بۆ چارەسەر کردنی کێشەکان بە زووترین کات لەهەمان کاتیشدا بێ لایەنی خۆی دەپارێزێ و پشتگیری پرۆژەیێک دەکات کە ئەنجامەکەی پاراستنی قازانجی خەڵکی کوردستان و پتەوتر کردنی رێزی هێزە سیاسیەکانی کوردستانی عێراق بێ. لە باسی کوردستانی ترکیا وێرای ئەوەی کە دەرکەوتنی ئەمجارەی کورد لە هەڵبژاردنەکانی ترکیا بە سەرکەوتنێکی گەورە لێکدرایەوە سیاسەتی هێرشبەرانەی دەوڵەتی ترکیا بە زیانبار زاندرا و مەحکووم کرا و هەروەها تێکچوونی پرۆسەی ئاشتی بە مەترسیەک بۆ سەر ناوچەکە و وەلاتی ترکیا لێکدرایەوە و داوا کرا کە گەلی کورد لەو بەشەی کوردستان زۆر بە وریایی مامەلە لەگەڵ ئەو دۆخ و قۆناغە نوێیە دا بکات.
بەرێوەبەری گشتی سازمانی خەبات لە بەشێکی تری راپۆرتەکەی ئاماژەی بە دوایین گۆرانکارییەکانی وەڵاتی ئێران کرد و تێیدا رێکەوتننامەی وەڵاتانی 1+5 لەگەڵ دەسەڵاتدرانی ئێران کرا بە تەوەری ئەو باسە. لەو پێوەندییەدا بەرێوەبەری گشتی سازمانی خەبات ووتی: خودی ئەنجامی ووتووێژەکان سەرەرای ئەوەی کە زۆری خایاند بەڵام شکست و جامێکی ژەهری تر بوو بۆ دەسەڵاتدرانی ئێران چوونکە هەموو شاراوەکاریی و تێچووە گەورەکانی رژیم لە پێوەند بە بەرنامەی ناوکەیی بۆ ئەوە بوو کە ئێران دەستی بە چەکی ناوکەیی بگات و وەدی نەهاتنی ئەو خەونە بە واتای شکستی ئاخوندان دێ. لەگەڵ ئەوەش ئاماژە بەوە کرا کە هێشتا دوورە دیمەنی ئەو رێکەوتنە یەکجار ناروون و لێڵە و هیچ زەمانەتێک لە لایەن دەسەڵاتدارانی ئێران بوونی نییە بۆ پێبەند بوونی ئەو رێکەوتننامەیە و هێشتا لەمپەری زۆر جیددی لە هەر دوو لایەنی رێکەوتنەکە بوونی هەیە. سەرەرای ئەوەش ئەوە پێداگری لەسەر کرا کە گریمانەی کرانەوەی ئێران لە راست خەڵکی ئێران و لاچوونی فشارەکان لەسەر خەڵک وەک چۆن هیندێک لە خەڵک بە رژانە سەر شەقام ویستیان ئەو خوێندنەوەیە بچەسپێنن لێکدانەوە و گریمانەیێکی هەڵەیە و رژیم لە یەکەم کاردانەوە و هەڵوێستەکانی بە راگەیاندنی پووڵە بلۆککراوەکانی بە 29 میلیارد دۆلار لەکاتێکدا کە ئەو رێژەیە بڕی 150 میلیارد دۆلارە، ئەو راستیەی دووپات کردەوە و رژیم لەسەردەمی پێش ووتووێژەکانیش ئەو راستیەی نیشان دابوو کە پووڵە نەتەوەیی و گشتیەکان هەرگیز ناچنە ناو گیرفانی گەلانی ئێران و زیاتر بۆ بردنەپێشەوەی سیاسەتە شەرئەنگێزییەکانی خۆی داهاتی گشتی بە کار هێناوە. باسی خەراپ بوونی رەوشی مافی مرۆڤ و بە تایبەتی پەرەسەندنی رێژەی ئیعدامەکان یەکێکی تر لە تەوەرەکانی راپۆرتی بەرێوەبەری گشتی بوو و لەو بارەوە سیاسەتی رۆژئاوا درایە بەر رەخنە و فەرامۆش کردنی ئەو باسە گرینگە لە ووتووێژ٠‘ەکانی رۆژئاوا لەگەڵ ئێران بە درێژەی سیاسەتی بەرژوەندیی خوازانەی رۆژئاوا لێکدرایەوە و درایە بەر لۆمە. هەر لەو باسە دا بەرێوەبەری گشتی رایگەیاند کە ئەو رێکەوتنە دەستی دەسەلاتدرارانی ئێران بۆ سەرکووت و چەوسانەوەی زیاتری خەڵکی ئێران واڵاتر دەکاتەوە و بێگومان دەبێ چاوەروانی بەرەوسەر چوونی رێژەی پێشیڵکردنی مافەکانی مرۆڤ بین. سیاسەتی نەرم و نیانی لەگەڵ ئێران بە سیاسەتێکی شکست خواردوو لێکدرایەوە و تەنیا رێگەچارە رووخانی ئەو دەسەڵاتە لە لایەن خەڵکی ئێران زاندرا و هەر لەو پێوەندییەش دا یەکگرتوویی و یەکریزی هێزە دژبەرەکانی ئاخوندان بە خاڵیکی گرینگ وەسف کرا و هاوپەیمانەتی سازمانی خەبات و سازمانی موجاهیدینی خەڵقی ئێران بە گرینگ و بەردەوامی و پەرەدان بەو جۆرە هاوکارییانە بە زامنی زاڵ بوون بە سەر دیکتاتۆری ئاخوندان لێکدرایەوە.
بەرێز بەرێوەبەری گشتی لە باسی کوردستانی ئێران و دۆخی سیاسی و ئالوگۆر و پێشهاتەکانی دا ئاماژەی بەوە دا کە سیاسەتی رژیمی ئاخوندی لەبەرامبەر گەلی کورد هیچ گۆرانکاریێکی بە لایەنی باشی دا بەسەر نەهاتووە و ستەمی نەتەوایەتی لە سەرجەم رەهەندەکانیەوە نەک تەنیا وەک خۆی ماوەتەوە بەڵکو زیاتر پەرەی پێدراوە و روانگەی ئەمنیەتی بەسەر کوردستاندا زاڵە. لەبواری سیاسی رێگە بە بچووکترین نارەزایەتی نادرێ و هەر جووڵەێکیش سەپاندنی تاوانی زۆر قورس و لە ئەنجام دا ئیعدام و کوشتنی لێدەکەوێتەوە و هەر لەو پێوەندییەشدا ئیعدامە سیاسیەکان لە کوردستانی ئێران بەرزترین رێژەی تەرخان کردووە بۆ خۆی. دوایین ئیعدامە سیاسیەکانیش لە سێدارەدانی سیروان نژاوی بە تاوانی پێوەندیی بە حیزبە کوردستانیەکانەوە بوو و لەگەڵ ئەوەشدا نزیک بە 30 کەسی تر لە رۆڵەکانی کورد چاوەرێی بەرێوەچوونی حوکمی ئیعدامن. لەگەڵ ئەوەش بەبەردەوامی چالاکانی مەدەنی و کرێکاریی و خوێندکاریی و ژینگە پارێز و هتد.... بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعات دەکرێن و دەخرێنە ژێر چاودێرییەوە و خەسارە کۆمەلایەتیەکانی وەک مادەی هۆشبەر و فەحشا بێداد دەکات و بە نیسبەت بواری ئابووریش سیاسەتی جیاوازیی دەسەڵات لەراست خەڵکی کوردستان ئەوەندەی تر ژیانی خەڵکی تووشی قەیران کردووە و ئەگەر خەڵکانێکیش بە ناچاری روو لە کۆڵبەری لە سنوورەکان بکەن ئەوە لەگەڵ گووللە و دەست بەسەرداگرتنی کەل و پەلەکانیان رووبەروو دەبنەوە. کوردستان لە بواری بێکاری خاوەنی زۆرترین رێژەیە و دەرئەنجامی ئەو بێکاریەش پەرەسەندنی خەسارە کۆمەڵایەتیەکان لە کوردستانە. لەگەڵ هەموو ئەو بێ بەشی و سەرکووت و ستەمانە تەنانەت بچووکترین مافیش بە گەلی کورد رەوا نابیندرێ و رووخاندنی مزگەوتی سووننیەکان لە شاری تاران بە نمونەیێکی بەرچاوی سیاسەتی هەڵاواردن و دژی گەلی بوونی دەسەڵاتدارانی ئێران لێکدرایەوە و مەحکووم کرا.لەئاوا هەل و مەرجێکدا روحانی سەرۆک کۆماری رژیمی ئاخوندی سەردانی پارێزگای سنە دەکات و وا دەنوێنێ کە کوردستان لە لای دەوڵەت بایەخی هەیە و گرینگی پێدەدرێ کە خوشبەختانە وریایی خەڵکی کوردستان جارێکی تر پیلانە شوومەکانی دەسەڵاتداران پووچەڵکردەوە و بە نەچوونە شوێنی قسەکردنی روحانی و بەتاڵ بوونی گۆرەپانی قسەکردنەکەی دەوڵەتیش ئەو راستیەی بۆ سەڵما. هەر لەو پێوەندییەدا بەرێوەبەری گشتی ئاماژەی بە ئاستی بێزاری خەڵکی کوردستان کرد و ووتی کە کوردستان هەروا نمونەی خۆراگری لەبەرانبەر دیکتاتۆری ئاخوندییە و بێگومان بە هاتنی هەر دەرفەتێک کوردستانیان لە ریزی یەکەمی خرۆشان و راپەرینەکان دا دەبن.
بەرێوەبەری گشتی لە پێوەند بە باسی جولانەوەی رزگاریخوازانەش زەرورەتی یەکریزیی و ئامادەبوون بۆ قۆناغی نوێی دوای رێکەوتننامە ئەتۆمیەکەی وەبیر هێنایەوە و بە باس کردن لە پیلانگیرییەکانی دەسەڵات لەراست هێزە تێکۆشەر و بە گشتی جولانەوەی رزگاریخوازانەی نەتەوەیی پێکهێنانی بەرە یان پلاتفۆرمێکی سیاسی بە گرینگترین ئەرکی هێزە سیاسیەکان هێنایە ئەژمار. لەو پێوندییە دا دەسپێکی خولێکی نوێ بۆ وەدی هێنانی بابەتی یەکریزیی و تەبایی و هاوکاریی هێزە سیاسیەکانی بە ئەرکێکی زەروری زاندرا و هەر لەو پێوەندییەش دا ئامادەبوونی سازمانی خەباتی بۆ هەر جۆرە هەولێکی لەم چەشنە دووپات کردەوە.
دوا هەمین برگەی راپۆرتی بەرێز بەرێوەبەری گشتی باسی سازمانی خەبات ی کوردستانی ئێران بوو کە لەم بەشەدا بە تێرتەسلی راپۆرتی کار و چالاکی و هەڵسوورانی سازمانی خەبات لە ماوەی نێوان دووپلێنۆم دا پێش کەش کرا و بە پشت بەستن بەو راپۆرتە گۆرانکاریی و پڕ کردنەوەی کەم کوورییەکان خرایە دەستووری کاری پلینۆمی چوارەمی کومیتەی ناوەندی سازمانی خەبات ی کوردستانی ئێرانەوە. .
لەدوای کۆتایی هاتن بە راپۆرتی سیاسی و تەشکیلاتی بەرێوەبەری گشتی قسە و باسێکی گەرم لەسەر ناوەرۆکی راپۆرتەکە کرا و راپۆرتی بەرێوەبەری گشتی بە کۆی دەنگ پەسەند کرا.
لە پاش پەسەند کردنی راپۆرتی بەرێوەبەری گشتی بەرپرسی هەر کام لە کومیسیۆنەکانی سازمان راپۆرتی کاری خۆیان لەماوەی نێوان دوو پلینۆم پێش کەش کرد و سەبارەت بە هەرکام لە بەشەکان قسە و باسێکی گەرم و تێر و تەسل کرا و خاڵە ئەرێنی و بێ هێزییەکانی بەشەکان و کەند و کۆسپ و رێگەچارەکان لەراست باشتر کردنی کاروباری ئورگانەکانی سازمان پێش کەش کرا و چەندین ئالوگۆر و رێوشوێنی پێویست بە نیسبەت هەر کام لە ئورگانەکان چەسپا.
لەژێر رۆشنایی راپۆرتی سیاسی و تەشکیلاتی بەرێز کاک بابەشێخ حسێنی بەرێوەبەری گشتی سازمانی خەبات بەرنامە و کاریی داهاتووی سازمانی خەبات بۆ بردنە پێشەوەی خەباتی رزگاریخوازانەی گەلەکەمان دیاری کرا و بە بەلێنی بەردەوام بوون لەسەر ئەرک و کارە تەشکیلاتیەکان کاری پلینۆم لە دوای 2 رۆژ و نیو کۆتایی پێهات.