هاونیشتمانیانی تێکۆشەری کوردستان!
هاونیشتمانیانی تێکۆشەری کوردستان!
جەماوەری خۆڕاگری ئێران!
کەس و کاری شەهیدانی رێگەی ئازادی!
ڕاپەڕینی پڕجۆشی ئێوە جەماوەری وەزاڵەهاتوو لە چەند ڕۆژی ڕابردوو لە ئێران و کوردستانی ئێران، بەرانبەر حکومەتی ئیستبدادی ئاخوندە دەسەڵاتدارەکان، جارێکی دیکە ناڕەوایی و نامەشروع بوونی ئەو دەسەلاتە خۆسەپێنەی نیشانداو لە بەرانبەریشدا بڕیاری جەماوەری بۆ ئاڵوگۆڕی بنەڕەتی لە سیستم وشێوەی حکومەت لە ئێراندا خستەوە بەرچاو. درود بۆ هیممەت و بڕیاری کۆڵنەدەرانەو تێکۆشان و فیداکاریتان. سڵاوی گەرم بۆ خەڵکی شارەجیاجیاکانی کوردستان و ئێران و درود بۆ ڕۆحی شەهیدانی ڕاپەڕینەکانی ئەم چەند ڕۆژەی شارەکانی کوردستان و ئێران.
جەماوەری ستەملێکراو ڕاپەڕیوی کوردستان!
لاوانی خۆڕاگرو نیشتمان خۆشەویست!
راپەڕینی چەند رۆژەی ئێوە قەڵای دەسەڵاتی دیکتاتۆری لەرزۆک کردوە، ئەم ڕاپەڕینە کە بەدوای گران کردنی نرخی بەنزین لە لایەن دەسەڵاتەوە هاتە ئاراوە، لە ڕاستیدا تەنیا بە هۆی بەرزکردنەوەی نرخی بەنزین نەبوو، بەڵکو بەرزکردنەوەی نرخی بەنزین وای کرد کە ڕقی پنگ خواردوی چەندین ساڵەتان لە ئاخوندانی دەسەڵاتداری تاڵانچی، گەندەڵ، جینایەتکارو دیکتاتۆر، وەک گرکان، وەک بروسکە، لە مەیدانی شارە جیاجیاکانی شارەکانی کوردستاندا،هەرەشە لەقەڵای ستەم و بێدادی حکومەتی ویلایەتی فەقیه بکات و مەترسی جیددیی بۆ سەر داهاتووی خۆیان و دەسەڵاتەکەیان دروست بکات.
لەگەڵ دڵنیابوون بە داهاتووی گەش و رۆژی ڕوون و گەیشتن بە ئازادی و بە مافی ڕەوای جەماوەر لە کوردستانی ئێران و دڵنیا بوون لە ڕوخان و لە ناوچوونی حکومەتی دیکتاتۆری مەزهەبی، داواکارم بە شێوەی دروست و بە ڕێکخستن و بەرنامە، درێژە بە ناڕەزایەتیەکان بدەن، بەردەوام بوونتان لە ناڕەزایەتی شیلگیرانە، دەتانگەێنێتە ئامانج و هێزە سەرکوتگەرەکان لە بەردەوامی ناڕەزایەتی یەکگرتووانەتان، بێ توانا دەبن لە روبەروو بوونەوەوەو سەرکوتی جەماوەر.
ئەرکی ئوستادانی دانشگاو مەدرەسەکان،نووسەران، ڕۆشنبیران،شاعیرەکان و هونەرمەندانی تێکۆشەرە بە بەشداریان لە ڕاپەڕین و هەروەها لە ئاگادارکردنەوەو ووشیارکردنەوەی جەماوەر و زیاتر کردنی هەلومەرجی تەبایی لە ڕیزی کۆمەلانی خەڵکی کوردستان بە هەموو بیروباوەڕو ئایینە جیاجیاکان دەوری گرینگ و چارەنووس ساز بگێڕن. بێگومان دەوری ئێوەی بەڕێز حەیاتی و یەکلایی کەرەوەیە لە گۆڕانکاریەکان لە ئێستاداو لە سەقامگیری لە داهاتوودا.
داوا لە مامۆستایانی ئایینی ئیسلام لە کوردستان دەکەم وەک هەمیشە بەرپرسایەتی مێژوویی خۆیان کە پێشڕەوی کردنی جەماوەرو روبەڕوبونەوەی ستەم و بیعەداڵەتیەکان بە جێ بگەێنن. مامۆستایانی ئایینی لەم هەلومەرجە ناسک و مێژووییەدا ئەرکی گەورەیان دیفاع و پشتیوانی لە جەماوەرو لاوانی شۆڕشگێڕەو، بەرپرسایەتی نیشتمانی و ئایینی یان دەکەوێتە سەرشان و دڵنیام بە هەست کردنیان بەو بەرپرسایەتیەیان، دەوری سەرەکی دەگێڕن لە شۆڕشی ڕەوای جەماوەر بەرانبەر بە حکومەتی دژی دین و دژی مروفایەتی لە ئێراندا.
هەروەها داوا لە ئەندامان و لایەنگرانی تێکۆشەری سازمانی خەبات و تێکڕای دۆستان و ئازادیخوازان لە شارو دێ کوردستان دەکەم بە شێوەی کاریگەرو دوور لە دروشمی تەشکیلاتی و سازمانی و تەنیا لە چوارچێوەی ویستی گشتی جەماوەر، دەوری کاریگەریان هەبێ، وە وەک هەمیشە لە هەوڵەکان بۆ یەکگرتوویی و تەبایی بەردەوام بن.
هاونیشتمانیانی خۆڕاگر!
لەم لە هەلومەرجە چارەنووس سازەدا یەکگرتوویی و تەبایی و هاودەنگی پێویستێکی حەتمی و زەروریە، لە ئێستادا بەکرێگیراوانی رژیم هەوڵ دەدەن بە جیاوازی دانان لە نێوان خەڵکی شارەکانی کوردستان و مەرزبەندی و دروست کردن، دیاردەی دزێوی ناوچەگەرایی و شارگەرایی، یەکێتی و یەکگرتوویی لە نێوان دانیشتوانی کوردستان بشێوێنن. پێویستە ڕەچاوی ئەو ڕاستیە بکەین کە خەڵکی هەموو شارو گوندێکی نیشتمان تێکۆشەرو نەبەزن و هەموو لە خەبات و ڕاپەڕین لە بەرانبەر دەسەڵاتی دیکتاتۆردا هاوبەشن وزوڵم و بێدادی دەسەڵات، ڕوی لە هەموو ماڵ ودێ و شارێکی کوردستان کردوە بە بێ جیاوازی، هەر بۆیە هەموو هاوچارەنووسین و هیچ شارو گوندێکی نیشتمان جیاوازی نەبوەو نەکردوە لە ڕاپەڕین بۆ کۆتایی هێنان بە حکومەتی مرۆف کوژو کورد کوژی ئاخوندی.
هەروەها پێویستە پێوەندی و هاوکاری خەڵکی ڕاپەڕیوی کوردستان لە گەڵ شارەکانی دیکەی ئێران بە شێوەێکی تۆکمە بەردەوام بێ و رێگە نەدەین ڕژیمی ئاخوندی و بەکرێگیراوانی کەلێن و جیاوازی لە نێوان نەتەوەکان لە ئێراندا پەرەپێ بدەن. تێکۆشان و خەباتی تێکڕایی خەڵک لە ئێران و کوردستان بۆ ڕوخانی ئەو ڕژیمە ستەمگەرو دیکتاتۆرەو هێنانە دیی حکومەتی دیموکراتێک لە ئێراندایە کە مافی نەتەوەکانی ئێران دابین بکات.
لە گەڵ سڵاو درود بۆ رۆحی پاکی شەهیدانی راپەڕینی دژ بە ئیستبدای ئاخوندی
سەرکەوتوبێ ڕاپەڕینی تێکڕایی جەماور لە ئێران و کوردستان.
بڕوخی ڕژیمی دیکتاتۆرو ستەمگەری ئاخوندی.
سازمانی خەبات ی کوردستانی ئێران
سکرتێری گشتی
بابەشێخ حوسەینی
28ی خەزەڵوەری 1398 کۆچی خۆری
18ى نوامبری 2019