وتووێژی رۆژنامەی زاری کرمانجی لەگەڵ شیلان محەممەدی، ئەندامی سەرکردایەتی سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران لەپێوەند بە نارەزایەتی و خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییانەی خ
وتووێژی رۆژنامەی زاری کرمانجی لەگەڵ شیلان محەممەدی، ئەندامی سەرکردایەتی سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران لەپێوەند بە نارەزایەتی و خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییانەی خەڵکی کوردستان و ئێران.
راپۆرت محەمەد ئامۆکەیی- زاری کرمانجی: بەهۆی گران بوونی نرخی سوتەمەنی لە ئێران و کوردستانی رۆژهەڵات چەند رۆژێکە خۆپیشاندان دەستی پێکردوە، کۆماری ئیسلامی لە رێگەی هێزە ئەمنیەکانیەوە بە دەیان خەڵکی بێ تاوانی شەهیدو بریندار کردوە، رۆژ بە رۆژیش بلێسەی ئەو ناڕەزایەتیانەی هاووڵاتیان گەرمتر دەبێت، زاری کرمانجی بۆچوونی چین و توێژەکانی رۆژهەڵات و باشوری لەهەمبەر ئەو دۆخەی ئێستا هەیە لە ئێران بەگشتی وەرگرتوە.
شیلان محەممەدی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران، بۆ زاری کرمانجی ئەوەی خستەڕوو" خەڵکی ئێران ماوەی چوار دەیەیە بەهۆی هاتنە سەرکاری رژێمێکی دیکتاتۆر و سەرکووتگەر، لەگەڵ ژیانێکی پڕچەر مەسەری و نەهامەتی روبەروون و لە ئێستادا دەیان قەیرانی ئابووری و کۆمەڵایەتی و سیاسی خەڵکی ئێران بەگشتی و کوردستانی تووشی دۆخێکی نالەبار و ژیانێکی یەکجار سەخت کردۆتەوە، ساڵانێکی زۆرە خەڵک بەکردەوە دەریانبڕیوە کە ئەو رژێمەیان ناوێ و خوازیاری گۆڕینی دەستەڵاتن، و رژێمی ئاخوندی هیچ جۆرە مەشروعیەتێکی نەماوە و بە زەبری چەک و سەرکووت دەستی بەسەر دەستەڵات دا گرتووە."
دەشڵێت" رژێمی ئاخوندی ساڵانێکی زۆرە خەریکی بەتاڵانبردنی سەروەت و داهاتی ئەو ووڵاتەو خەڵکە کەین، بۆیە خەڵک تەنیا هەفتەیەک نییە کە راپەڕیون و هەستیان بە بێ مافی و چەوسانەوە کردووە، ئەوان ماوەی چڵ ساڵە دەچەو سێندرێنەوە، ئەوان لە تەواویەتی پێکهاتە و ناوەڕۆکی ئەو دەستەڵاتە بێزارن و ئامانجیی سەرەکیشیان رووخانی ئەو دەستەڵاتە و هێنانە سەرکاری حکومەتێکی خەڵکی و دیموکراتیکە، دەتوانم بلێم گران بوونی بەنزین تەنیا هۆکارێکە بۆ ئەوەی خەڵک جارێکی تر هاواری ئازادیخوازانەیان بە گوێی جیهان و دستەڵاتدارانی ملهوری ئاخوندی بگەێنن."
دەربارەی یەک دەنگی حزبەکانی رۆژهەڵات و کورد بەگشتی گووتیشی" بەداخەوە نەتەوەی کورد بە بەردەوامی تاوانی یەکنەبوون و پەرش و بڵاوی خۆی ئەدات، حاشا لێنەکراوە ئەوەی کە ئەمڕۆ لەسەر شەقامەکانی کوردستان و ئێران دژی ئەو رژێمەو سیاسەتە هەڵەکانیان دروشمی مردن بۆ دەستەڵات دەدەن ، کەسانێکن خۆشەویستیان بۆ حیزبەکان هەیەو لەو سۆنگەوە بێگومان یەکڕیزی و یەکگووتاری هێزە دژبەرەکانی رژێم بە گشتی و بەتایبەتیش هێزە کوردستانیەکان لە ئێستادا یەکێک لە فاکتەرە سەرەکیەکانی گەشەسەندنی جوڵەی نارەزایەتی جەماوەر و رێکخستن و پەرەدان بە پانتایی مەیدانی رووبەڕوو بوونەوەی دەستەڵاتە، ئەوەی کە دەیبینین ئەو یەکگووتاری و هاوئاهەنگیە بوونی نیە لە نێو هێزە کوردییەکان و لە هەر ئەگەرێکیش زیانەکانی ئەو دۆخە روبەروومان دەبێتەوە، پێویستە هێزە کوردستانیەکان بە بەرپرسیارەتیەکی زیاترەوە لەو دۆخە ناسک و هەستیارە بڕوانن و لە پێناو یەکخستنی هێز و تواناکانیان هەنگاو هەڵگرن."
شیلان محەممەدی لە دوا پەیڤەکانیدا ئاماژە بەوەدەدات" زیاتر لەوەی کە باس لە ئەگەرەکانی سەرکەوتن و بە ئەنجام گەیشتنی جوڵە ناڕەزایەتیەکانی خەڵک بکەین، پێویستە ئەو لایەنە بخەینە بەر سەرنج کە ئێران کەوتۆتە ناو قۆناغێک کە لە پڕۆسەیەکی زەمەنی دا حەتمەن شکانی گەورە بۆ دەستەڵات دێنێتە بەرهەم، لەوانەشە جوڵەی ناڕەزایەتی ئەمجارەش کپ بکرێتەوە، بەڵام هەرگیز ئەو دۆخە پڕ لە بێزاری و ناڕەزایەتی و کێشەیەی ئێستا ناگەڕێتەوە بۆ دۆخی ئاسایی و پێش ناڕەزایەتیەکان و ئیتر خەڵک ناتوانن چیتر بێ دەربەستی و نەزانکارییەکانی رژێم قبووڵ بکەن، لەگەڵ ئەوەش دا پێوەندیدار بوونی زۆربەی هۆکارەکانی ناڕەزایەتی بە بەشی ئابووری و هۆکارەکانی گرانی و نەبوونی کار و بژێوی شتێک نییە کە خەڵک بتوانن بە ئاسانی لەبەرچاوی نەگرن و رۆژانە لەگەڵ ئازار و ناخۆشیەکانی دەست و پەنجە نەرم دەکەن، ئەوەی کە شیمانە دەکرێ سیاسەتە زێدەخوازییەکانی رژێمە کە بوونە هۆی سەپاندنی تەحریم و گەماڕۆکان لەلایەن ئامریکا و رۆژئاوا، هەروا بەردەوام دەبێ و بەو پێیەش فشارە ئابوورییەکان بۆ سەر ئێران زیاتر و پەرەسەندووتر دەبن، بێگومان ئەو جوڵە ناڕەزایەتیانە بەوەندە کۆتاییان نایە و بەردەوامی بەخۆیەوە دەبینێت.