کوژرانی لاوێکی کورد بە تەقەی راستەوخۆی هێزەکانی رژێم
لاوێکی کورد خەڵکی شاری کرماشان بە تەقەی راستەوخۆی هێزە ئینتزامییەکانی رژێمی ئاخوندی کوژرا. بە پێی راپۆرتی هەواڵدەرییەکان، ئەمرۆ شەممە 24ی گەلاوێژی 1394، لاوێکی کرماشانی لە کاتی هەڵاتنی لفە دەست هێزە ئینتزامییەکانی رژێم بە تەقەی راستەوخۆی ئەو هێزانە بووە قۆربانی. بە پێی ئەم راپۆرتە، هێزە سەرکوتگەرەکانی رژێمی ئاخوندی بە بیانووی دابین کردنی ئەمنییەت، دەستیان داوەتە دەستبەسەرکردنی لاوان لە گەرەکی 22ی بەهمەنی شاری کرماشان، کە یەکێک لەو لاوانەی کە نەیویست بکەوێتە ژێر دەستی ئەو هێزە بەکرێگیراوانە و رای کرد بە تەقەی راستەوخۆی هێزەکانی رژێمی ئاخوندی بووە قۆربانی.
لە کرماشان مامۆستایانی کورد لەسەر کار لادەبردرێن
لە سەرەتای دەستپێکردنی خوێندنی ئەمساڵ، پێش بە وانە وتنەوەی مامۆستایانی کورد کە خوێندنی کارناسی باڵایان هەیە دەگیردرێت. بەپێی راپۆرتی هەواڵدەرییەکان، بەرپرسی زانکۆی ئازادی شاری کرماشان رایگەیاند کە دامەزراندنی مامۆستایانی زانکۆ کە بڕوانامەی کارناسی باڵای زانکۆی ئازادیان هەیە لە دوای ئاڵوگۆڕە بەرفراوانەکانی زانکۆ و ناوەند بارهێنانی شاری کرماشان دێت. بەرپرسی ئەو یەکەی زانکۆیە لە شاری کرماشان لە رێوڕەسمی رۆژی هەواڵنێران، رایگەیاند کە هیچ بەرنامەیەکیان بۆ دروستکردنی زانکۆیەکی نوێ و یان تێکەڵکردنی یەکەکانی زانکۆکان نییە. قەنبری بە هەواڵنێری "فارس"ی راگەیاندووە: هێنانی هەیئەتی زانستی بۆ زانکۆ، تەنیا پێشگرتن بە وانە وتنەوەی مامۆستایانی "حقالتدریس" کە بڕوانامەی کارناسای باڵایان هەیە لە حاڵێکدایە کە زانکۆ ئازادی کرماشان وەرگرتنی ئەو مامۆستایانەی لە سەرەکیترین چالاکی خۆی دانابوو. دەوترێت، حەقدەستی ئەو مامۆستایانەی کە لە زانکۆ وانە دەڵێنەوە زۆر کەمە و لەگەڵ پێشگرتنیان لە وانە وتنەوە رێژەی بێکاری لە ئوستانی کرماشان زیاد دەکات.
خوێندکارانی زانکۆی پەیامنووری مەریوان بەیاننامەیەکیان بڵاوکردەوە
خوێندکارانی کورد لە زانکۆی پەیامنووری شاری مەریوان بەیاننامەیەکیان سەبارەت بە "کردوە تێرۆریستییەکان"ی سەر بارەگاکانی کۆمەڵە بڵاکردەوە. بە پێی راپۆرتی هەواڵدەرییەکان، خوێندکارانی کورد رایانگەیاندووە کە، لە ماوەی ئەم چەن ساڵەی ڕابردوودا هەندێک گۆڕانکاری لە پارچەکانی دیکەی کوردستان(باکوور، باشوور، ڕۆژئاوا) هاتووەتە ئاراوە و کێشەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوین و هەروەها ئاستی جیهانیشدا پێی ناوەتە قۆناغێکی دیکەوە.دیارە هەرکام لە پارچەکانی باشوور،باکوور و ڕۆژئاوا لەم چەن ساڵەدا ئەتوانین بڵێین هەندێک دەسکەوتیان لێ کەوتووەتەوە و تەنها ڕۆژهەڵاتی کوردستان بووە کە بە نیسبەت بەشەکانی دیکەوە بێدەنگی هەڵبژاردوە. ڕژیم بەپێی ئەو گۆڕانکارییانەی کە لە ناوچەکەدا هاتووەتە ئاراوە، ئەو مەترسییەی بە نیسبەت خۆیەوە هەست پێ کردووە و دیسان دەستی داوەتە کاری چەپەڵی هەمیشەیی خۆی، واتە تێرۆر و تەقینەوە و زەختوگوشاری سێدارەش بۆ چالاکانی ناوخۆ. ئەمجار هەوڵی ڕژیم بۆ تێرۆری کەسایەتیی سیاسی کاک ڕەزا کەعبی، و هەروەها هەوڵی تەقاندنەوەی بارەگای کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کورستان. هەر بەو بۆنەوە ئێمە وەکوو کۆمەڵێک لە خوێندکارانی زانکۆی پەیام نووری مەریوان ئەم کردەوە قیزەونانەی ڕژیمی تێرۆر و سێدارە مەحکووم دەکەین و پێی ڕادەگەیەنین کە ڕۆڵەکانی کورد هیچکات بە کوشتن و لەناوبردن و ئەشکەنجە و تێرۆر و تەقینەوە لە ڕێبازیان وەرناگەڕێن و ڕێبوارانی ڕێگای ئازادی ڕۆژ لەدوای ڕۆژ بەهەستێکی بەخورۆشترەوە ئەم ڕێگایە دەپێون. سەرکەوتن بۆ بزاڤی ڕزگاریخوازیی گەلی کورد
کۆمەڵێک لە خوێندکارانی زانکۆی پەیام نووری مەریوان
بۆکسۆری کوردستانی بانگهێشتی ئۆردووی ههڵبژاردهی نهتهوهیی ئێران کرا
سینا سهحرایی بۆکسۆری گهنجی کوردستانی به مهبهستی ئامادهیی و بهشداریی له پێشبڕکێیه ئاسیایی و جیهانییهکان بانگهێشتی ئۆردووی ههڵبژاردهی نهتهوهیی لاوانی ئێران کرا. بهپێی راپۆرتی هەواڵدەرییەکان، فێدراسیۆنی بۆکس، 18 بۆکسۆری بۆ بهشداریی له پێشبڕکێیهکانی پاڵهوانی ئاسیا و جیهان بۆ ماوهی حهوتهیهک بانگهێشتی ئۆردووی ههڵبژاردهی نهتهوهیی لاوانی ئێران کرد. ههر بۆیه، سینا سهحرایی بۆکسۆری ناوداری کوردستانی له لایهن کادیری تهکنیکی ههڵبژاردهی نهتهوهیی ئێرانهوه بۆ ئهم خوله له ئۆردووی ههڵبژاردهی نهتهوهیی بانگهێشت کراوه. وهرزشوانه بانگهێشت کراوهکان ڕۆژی 26ی گهلاوێژ دهبێ خۆیان به کادیری تهکنیکی ههڵبژادهی بۆکس بناسێنن و له یانهی وهرزشی شههید شههیروودی تاران ئاماده بن. سینا سهحرایی خهڵکی شاری مهریوانه که وهدهست هێنانی چهندین پلهی جۆراوجۆری نهتهوهیی له کارنامهی وهرزشی خۆیدا تۆمار کردووه.
لە ئێران 45%ـــی یەکەکانی وەبەرهێنان کار ناکەن
بەپێی ئاماری ژووری بازرگانیی رژێمی ئاخوندی ئێران رێژەی 45%ی یەکەکانی وەبەرهێنان لەو وڵاتە یان داخراون یان نیوەداخراون. بە پێی راپۆرتی هەواڵدەرییەکان، سەرۆکی ژووری بازرگانیی رژێم دەڵێت" ئابووریی ئێران تووشی نەخۆشییەکی قورس هاتووە، کە لەم ساڵانەی دواییدا بەهۆی گەمارۆکان و رێوشوێنی نەگونجا و خراپتر بووە". موحسین جەلالپوور بڕوای وایە کە گەمارۆ نێودەوڵەتییەکانی سەر ئێران تەنیا لە سەدا 20بۆ 25کاریگەرییان لەسەر کێشە ئابوورییەکان داناوە و دەڵێت: "ئەو قەیرانە ئابوورییەی ئێران تووشی بووە، بەتایبەتی لە بواری وەبەرهێناندا، تەنیا ئەنجامی گەمارۆکان نییە و بیگومان پاش نەمانی گەمارۆکانیش دۆخەکە ئاسایی نابێتەوە". جەلالپوور وتی: "لە دەیەکانی رابردوودا ئاڕاستەیەکی باشمان لە ئابووریدا نەگرتووەتە بەر و ئابووریی پشتبەستوو بە نەوت سەرمایەی نیشتمانیی تووشی قەیران کردووە". هەروەها عەبدولحەمید زاهیدی پارێزگاری رژێم لە کوردستانیش باسی وەستان و داخرانی زیاتر لە 50%ی یەکەکانی وەبەرهێنانی کردووە لەو پارێزگەیەدا.
یۆنان و قەرزبەخشەکان گەیشتنە رێککەوتن
وەزیرانی دارایی 19 وڵاتی ئۆرووپایی واژۆیان لەسەر پلانی سێیەمی دەستگرتنەوەی یۆنان کرد کە لەیەکەم قۆناغدا 26 ملیار یۆرۆ قەرز دەبەخشێتە ئەو وڵاتە. بە پێی راپۆرتی هەواڵدەرییەکان، رۆژی شەممە 24ی گەلاوێژ، پاش پەسەندکردنی پلانی دەستگرتنەوەی یۆنان لەلایەن پەرلەمانی ئەو وڵاتە دوای چەند کاتژێر، 19 وەزیری دارایی وڵاتانی ئۆرووپایی کۆبوونەویەکیان ئەنجامدا و دوای مشتوومڕێکی زۆر، پلانەکەیان واژۆکرد. رێککەتنی نێوان یۆنان و قەرزدەرە ئۆرووپاییەکان و نێودەوڵەتییەکان دوای نزیکەی 6 مانگ دانووستاندنی چڕوپڕ لە نێوان ئەو دوو لایەنە بەدیهات. جێگەی باسە کە، ئۆکلید ساکالۆتۆس، وەزیری دارایی یۆنان لەمبارەیەوە دەڵێ: " دوای شەش مانگ لە دانوستاندنی چڕ و پڕ دواجار ئێمە گەیشتینە رێککەوتن. زۆر کەس هەوڵی زۆریان دا ئەو رێککەوتنە بێتە ئاراوە".
دەستبەسەرکردنی شەبەکەێکی تیرۆریستی سەر بە رژێمی ئاخوندی لە کوەیت
هێزە ئەمنییەکانی کوەیت کۆمەڵێکی بەرچاو چەک و تەقەمەنی کە لە سنووری عێراقەوە بردرابووە کوەیت و لە وشێنێکی نهێنی حەشار درابوو دەستیان بەسەریدا گرت. بە پێی راپۆرتی هەواڵدەرییەکان، وەزارەتی ناوخۆی ئەو وڵاتە رایگەیاند، دەستیان بەسەر دەیان چەک وتەقەمەنیدا گرتووە و لەو پێناوەدا سێ گۆمانلێکراویان دەستبەسەر کردووە کە سەر بە گرووپی حیزبۆڵای لۆبنانن. بە پێی ئەم راپۆرتە، وەزارەتی ناوخۆی کوەیت لە بەیاننامەێکدا رایگەیاندووە کە، توانیویانە شانەیەکی نهێنی دەستگیربکەن، کە لە سێ کەس پێکهاتوون. هاوکات لەڕێگەی ئەو دەستگیرکراوانەش کۆگایەکی نهێنی چەک و تەقەمەنی دەستی بەسەردا گیرا کە بەنیازبوون بۆ کاری تیرۆرستی بەکاری بهێنن". جێگەی باسە کە سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن کە ئەو گرووپە لە لایەن رژێمی ئاخوندییەوە پشتیوانی ماڵی کراون. جێگەی باسە کە، 144 کیلۆگرام ماددەی تی ئێن تی، 19 ئار بی جی، 65 چەکی کلاشینکۆف و بەدەیان جۆری دەمانچە دەستیان بەسەردا گیراوە،