جەماوەری ستەملێکراوی کوردستان!
تێکۆشەرانی رێگەی ئازادی!
کەس و کاری شەهیدانی سەرفراز!
بە پێ بڕیاری دەسەڵاتدارانی ڕژیمی خۆسەپێن و دیکتاتۆری ویلایەتی فەقیه لە رۆژی هەینی 2ی رەشەممەی 1398 کۆچی خۆری شانۆی هەڵبژاردنی نۆێنەرانی مەجلیس و شۆڕاکانی شارو دێ لە ئێراندا بەڕێوە دەچێ.
هەر لە چوارچێوەی ئەو نمایش و شانۆگەریەدا، دەیان کەس ناوی خۆیان نووسیوە بۆ ئەوەی لەو دوو شانۆگەریە هاوکاتەدا بۆ نوێنەری مەجلیسی ڕژیم و هەروەها لەشۆ٠رای شارو دێ سەربە ڕژیم سەر لە سندوقی دەنگدانی ساختەکاریدا بهێننە دەر.ئەوەی کە لێرەدا گرینگە ئاماژەی پێ بکەین ئەو ڕاستیەیە کە هێندێک کەس مەبەستیانە بە ناو سەربەخۆ بوون وقسەی بێ کردەوەو هەروەها جیاوازی دانان لە نێوان پاڵێوراوەکانداو دابەش کردنیان، بە دوو دەستەی سەر بە ڕژیم و بە ناو ریفۆرمخواز، بە جۆرێکی دیکە هەوڵ بدەن بازاری شانۆی هەڵبژاردنی ئاخوندان گەرم دابێنن. سازمانی خەبات وەک هەمیشەو بە پێی سیاسەتی دروست و خوێندنەوەی لۆژیکی لە سەر ڕژیمی ناڕەوای دەسەڵاتدار لە ئێران، هەرجۆرە خۆ پاڵاوتنێک بە شانۆکاری و گاڵتەجاری کردن بە دیموکراسی و لەچوارچێوەی خزمەت بە ڕژیمی دیکتاتۆری ئاخوندی دەبینێ و بە هاودەستی کردن و هاوبەشی کردنی جینایەت و مرۆف کوژی ئاخوندان دەزانێ. بێگومان ئەو بۆچوونەی سازمانی خەبات هەڵقولاو لە بیرو هەستی تێکڕای جەماوەری وەزاڵەهاتووی کوردستان و ئێرانە.
سازمانی خەبات هەموو ئەو کەسانەی کە لە کوردستاندا ناوی خۆیان بۆ پاڵاوتن لە شانۆگەریەکانی بە ناو مەجەلیس و شۆڕاکانی شارو دێ نووسیوەو یا مەبەستیانە ناوی خۆیان بنووسن ئاگادار دەکاتەوە کە ناو نووسین و خۆپاڵاوتن بۆ هەر جۆرە شانۆگەریەک لە چوارچێوەی دەسەڵاتی داگیرکەرو دیکتاتۆری ئاخوندی خەیانەتە بە گەل و نیشتمان و هاوبەشی کردنە لە جینایەتەکانی حکومەتی نامەشروعی ئاخوندەکان لە ئێراندا.
سازمانی خەبات ی کوردستانی ئێران
رۆچی پێنج شەممە28ی سەرماوەزی 1398 کۆچی خۆری
19ی دیسامبری 2019