سەروەرانی گەل شەهیدان رەسوڵ حەسەن زادە، عەلی سەعیدی، رەحیم قادری، سەید برایمی نەبیزادە
سەروەرانی گەل شەهیدان رەسوڵ حەسەن زادە، عەلی سەعیدی، رەحیم قادری، سەید برایمی نەبیزادە
خۆم بە پێی خۆم دەچمە سەر پێچاڵی مەرگم بۆ گەلم
قەیدی ناکا نەمێنم باوڵاتم سەرکەوێ
کوری کورد، پێشمەرگەی کوردستان، پاسەوانی شەرەف وناموسی گەلە چەوساوەکەیەتی وهیچ کات لە گیانبازی و فیداکاری رانەوەستاوە و بەهەڵمەتی شێرانەی خۆی وەک کێو لە بەرانبەر هێزە داگیرکەرەکاندا وەستاوە و بە دەنگی دلێری خۆی بانگی ئازادی و سەربەستی و سەربەرزی بەرز کردۆتەوە و بە گوێی هەموو گەلانی جیهانی گەیاندووە، بە خوێنی پاکی خۆی مێژووی گەل و حەقانییەتی شۆڕشەکەی مۆر کردووە. دوژمنانی گەلەکەی کە لە دوژمن تۆقێنی ئەو تۆقیون و لە فیداکاری ونەترسی ئەو زراویان چووە، هەمیشە وایان بۆ داناوە و هەوڵی فەوتاندنی بە کۆمەڵی ئەو گەلەیان داوە وبە چاوێک سەیری بێ دیفاع وبە دیفاعیان کردووە. چاو خشاندنێک بە سەر مێژووی کاروانی شەهیدە نەمرەکانی گەلەکەماندا وێنەی ناوی هەزاران شەهیدمان وە بەرچاو دەکەوێت کە بۆ سەربەخۆیی و سەربەستی ونیشتمان پەروەری گیانی خۆیان فیداکردووەو خەباتی گەلی کوردیان بە قۆناغی ئێستا گەیاندووە کە ئێمە لێرەدا بەو پەڕی ئیحترامەوە یادی گوڵاڵەی باغی خەباتی بێ وچانی ئەم قۆناغەی خەباتمان دەکەین. هەزاران سڵاو لە گیانی پیرۆزیان بێ.
1ــ شەهید رەسوڵ حەسەنزادە:
کوڕی برایم خەڵکی گوندی ماماڵ، کورە کوردێکی هەژار بوو کە لە بنەماڵەیەکی نەداردا چاوی بەدنیای پڕ لە ئازار و ژان هەڵێنا وکەوتە ناو گێژاوی ژیانی نەداری.
شەهید رەسوڵ هەر لە سەرەتای ژیانیەوە هەستی بە زوڵم وسەرەڕۆیی زۆردارانی حاکم کردبوو و هەر بە هۆی ئەوەش لە ساڵی 1360دا بە شانازییەوە هاتە ناو ریزی پێشمەرگەکانی سازمانی خەباتەوە و چەکی تۆڵەی ئەستێنی پێشمەرگایەتی کردە شان. شەهید رەسوڵ لە زۆربەی شەرەکانی ناوچەی بانەدا ئازایانە بەشداری هەبوو, بەڵام بە داخێکی زۆر گرانەوە لە رۆژی 9/10/1362 لە شەڕێکی قارەمانانەدا دوای چەند ساعەت دوژمن تۆقاندن لەساعەتی 5ی دوانیوەڕۆدا لە گردەگوێل پشتی شیوەڵەیی ناوچەی بانە بە گوللەی دوژمنان پێکرا و دڵی پڕ لە ئەوینداری بە گەلەکەی، لەکارکەوت و بۆ هەمیشە لە هاوسەنگەرەکانی ماڵئاوایی کرد
((هەزاران سڵاولە گیانی پاکی بێت))
2ــ شەهید عەلی سەعیدی:
کوڕی عەبدوڵڵا خەڵکی گوندی ئۆغەل سەر بە ناوچەی بانە کورە کوردێکی هەژار بوو کە لە بنەماڵەیەکی ڕەشایی لە دایک بوو لەگەڵ فەقیری و نەداری ژیانی گەورە ببو، لە ساڵی 1360 کە هەستی بە بەشخوراوی کرد هاتە ناو ریزی پێشمەرگەکانی سازمانی خەبات و دەستی کرد بە خزمەت کردنی گەلەکەی، کەبای ئەجەل لە ناکاو هات ودەفتەری ژینی دڕی و گوڵی ژیانی هەڵوەراند، و لە رۆژی 3/10/1360 دا بەهۆی نەخۆشیەوە گیانی پاکی تەسلیم بە پەروەردگاری کورەواری کرد.
((هەزاران سڵاو لە گیانی پاکی بێت))
3 ــ شەهید رەحیم قادری:
کوڕی شەریف خەڵکی گوندی هەورازەی نێوان سەردەشت بانە.
زەحمەتکێشێکی موسڵمان وکوردپەروەر بوو کە لە ساڵەکانی هەوەڵی شۆڕشی خەڵکەکانی ئێران دژی رژیمە بۆگەنەکەی حەمەشای گۆڕبەگۆڕدا نەخشێکی بەرچاوی هەبوو و لە ساڵی 1359دا بوو بە لایەنگری سازمانی خەبات و وەک ئەندامێکی سازمان کاروباری سازمانی بەو پەڕی شانازییەوە رادەپەڕاند. لە کاتێک کە دوژمن بۆ گرتنەوەی جادەی بانە سەردەشت هێرشی کرد بەهۆی تۆپ بارانی وەحشیانەی دوژمن لە رۆژی 13/10/1360 دا شەهید کرا.
4_ شەهید سەید برایمی نەبیزادە
سەید برایمی نەبیزادە پێشمەرگەی سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران، شەوی سێ شەممە 2/10/1365 لە تەمەنی 70 ساڵیدا بە نەخۆشی (سینە پەهلوو) شەهید بوو. شەهید برایم لە پاییزی 1358 دا هاتە ناو ڕیزی پێشمەرگەکانی سازمانی خەباتەوە وبەوپەڕی دڵسۆزی و قارەمانەتی ئەرکی پێشمەرگایەتی بەڕێوە برد. شەهید برایم لەشەڕی 38رۆژەی شاری بانە و زۆر لە شەرەکانی ناوچەدا بەشداری کرد و لەگەڵ هێزی شەهید سەید خەلیل لە بانە و هێزی شەهید وریا لە ناوچەی بانە ئەرکی پێشمەرگایەتی بە ئەنجام گەیاند. سەید برایمی نەبیزادە بەراستی پیاوێکی بە بڕشت و بریار بوو لە کاروباری پێشمەرگایەتییدا. بەراستی شەهید بوونی سەید برایمی نەبیزادە لەدڵی هەڤاڵاندا بەژان بوو.
((هەزاران سڵاو لە گیانی بەرزی و بەرێزی بێت))