بابەشێخ حوسەینی
بابەشێخ حوسەینی
سێ شەممە 8ی ڕێبەندانی 1398 ی کۆچی خۆری، سەرۆک کۆماری ئەمریکا، بە مەبەستی ئاشتی لە نێوان ئیسرائیل و فلستین، مەعامەلەی سەدی ڕاگەیاند،کە ماوەێکی زۆرە بەرپرسانی ئەمریکایی کاری لە سەر دەکەن.
ڕاگەیاندنی مەعامەلەی سەدە هەر بە زوویی لە لایەن مەحمود عەبباس سەرۆکی فلستین و خەڵکی فلستین ڕەدکرایەوە، بەڵام بە پێچەوانەی فلستینیەکان بەشی هەرە زۆری ئیسرائیلیەکان و بە تایبەت لایەنە ڕاستەکانی ئیسرائیل ڕازی بوون و لە کاتی ڕاگەیاندنی مەعامەلەی سەدە لەلایەن ترامپ لە واشنگتۆن بنیامین نەتانیاهۆ ئامادە بوو. نەتانیاهوو لە قسەکانیدا سپاسی زۆری سەرۆکی ئەمریکای کرد و خۆشحاڵی خۆی بۆ مەعامەلەی سەدە ڕاگەیاند.
ئەوەی لێرەدا زیاتر جێگەی مەبەستە، تەنیا باسی پرۆژەی سازان و رێکەوتنی سەدە نیە کە بە پێی ئەو پرۆژەو گەڵاڵەیەی ئەمریکا، ڕێگە بە فلستینیەکان دەدا حکومەتێکی ئابڵوقەدراو لە چوارچێوەو جوغرافیاێکی داخراودا دروست بکەن. حکومەتێک لە چوارچێوەێکدا کە هەر کات حەزیان لێ بوو لە کاری بخەن و ڕیگە لە هەناسەدانی سیاسی و ئابووری بگرن. لە پڕۆژەکەی سەرۆکی ئەمریکادا هاتوە کە 50 ملیارد دۆلار هاوکاری پێشکەش بە حکومەتی فلستین دەکرێ، دیارە ئەو ڕێژە پوڵە بەرچاوە بۆ دڵخۆش کردنی فلستینیەکان و هەروەها بە مەبەستی سەلماندنی ئەو ڕاستیە بە فلستینیەکانە کە حکومەتی ئەمریکا جیددیە لە جێ بە جێ کردنی پڕۆژەی سەدە کە وەک دۆناڵد ترامپ ڕایگەیاندوە 50 بە 50 بۆ فلستینیەکان وئیسرائیلە.
ناوەرۆک و ئامانجی پڕۆژەکەی حکومەتی ئەمریکا بە چ مەبەستێکە بابەتێکی دیکەیەو دەکرێ بە جودا لە سەری بدوێین
، بەڵام ئەوەی مەبەستی سەرەکی ئەم بابەتە ئەوەیە کە هەلومەرجی فلستینیەکان بۆچی گەیشتۆتە ئەم قۆناغە.کاتی خۆی و لە ساڵی ،1947 چ هۆیەک هەبوو کە فلستینیەکان رازی نەبوون ئیسرائیل دراوسێ فلستین بێ، و چ نهێنی و چ گرینگیەکی تێدا بوو کە بریارنامەی 181ی کۆمەڵی گشتی نەتەوە یەکگرتوەکانیان قەبوڵ نەکرد کە لەو بڕیارنامەدا ئەگەر چی مافی تەواو نەدرابوو بە فلستینیەکان، بەڵام بەشێکی زۆر لە ویستەکانیانی تێدا جێ بی جێ کرابوو، کە بێگومان لە ئێستادا بەشی زۆری خەڵکی فلستین و سیاسیەکانی پەشیمانن لە قەبوڵ نەکردنی ناوەرۆکی بڕیاڕنامەی 181 ی نەتەوەیەکگرتوەکان.لە دوای ئەوە جیهانی عەرەب بێ بیرکردنەوەی دروست، کەوتنە بەرپەرچ دانەوەی ئەو بڕیارنامەیەی کۆمەڵی گشتی نەتەوەیەکگرتوەکان کە لە ئاکامدا توندوتیژی و روبەڕوبوونەوی قورس لە نێوان فلستینیەکان و ئیسرائیلدا دروست بوو، کە بەشێکی زۆر لە سەرمایەو شوێنی ژیانی خەڵک سوتاو وێران بوو.
لە 1 ی مانگی مەی ئیسرائیل سەربەخۆیی خۆی ڕاگەیاند و هەر لە 15ی مانگی مای 1348 و ئینگلستان چاودێری خۆی لە سەر فلستین هەڵگرت ئەوەش لە کاتێکدا بوو کە ئیسرائیل تازە پێک هاتبوو، زۆربەی ووڵاتانی عەرەب بە هەلیان زانی و هێرشیان کردە سەر ئیسرائیل بەڵام سەرکەوتو نەبوون.
گومان نیە کە فلستین چەندە بۆتە مۆرەی گەمە کردنی سیاسی دەستی وولاتانی خاوەن هێزی وەک ئەمریکا و ڕوسیە لە هەمانکاتدا بۆتە مۆرەی گەمەی ووڵاتانی ناوچەکەو هەروەها ڕێکخراوە توندڕەوە بێ تەگبیرەکانی عەرەب.
ئەو مەعامەلەیەی چەند ڕۆژ لەوەپێشی دۆناڵد ترامپ ڕایگەیاند روداوێک و مەعامەلەێکی نوێ و جیاوازە لە نەوعیەت و شێوەکەیدا بەڵام لە مێژووی کێشەی فلستیندا مەعامەلەو سات و سەودای زۆری دیکەی لە سەر کراوە. دروشمە زریقەو بریقەدارەکانی سەرۆک و سەرکردەکانی عەرەب بۆ دیفاع لە خەڵکی فلستین تەنیا بۆ مەسرەفی ناوخۆیی خەڵکی ووڵاتەکانیان و ڕاکێشانی پشتیوانی خەڵک لە خۆیان و هەوڵ بۆ مانەوەی حکومەتەکەیان بووە زیاتر. حکومەتەکانی ووڵاتانی عەرەب ئەگەر تەنیا لە ڕۆژانی سەرەتایی پێکهاتنی ئیسرائیل بە شێوەی جیددی دیفاعیان لە فلستین کردبێ دەنا لە ساڵانی دواییدا دیفاع لە فلستین و دژایەتی ئیسرائیل تەنیا لە چوارچێوەی دروشمدا بوەو تەنانەت زۆربەی وولاتانی عەرەب پێوەندی دیپلۆماسی و ئابووریان لەگەڵ ئیسرائیل دروست کردوە.
لە لاێکی دیکەوە ڕێکخراوە توندڕەوە عەرەبیەکان و هەروەها ڕێکخراوە توندڕەوە مەزهەبیەکانیش بە هەڵگرتنی دروشمی گەورە کە کەمتر لۆژیکی و لە چوارچێوەی کردەوەدا بوو، نەک نەبوونە هۆی بەرەو پێش بردنی دۆزی فلستین و گەیشتنی خەڵکی ئەو ووڵاتە بە مافەکانیان بەڵکوو بوونە هۆی تێک چوونی زیاتری هەلومەرجەکەو زیاتر دوور کەوتنەوەی ئاسۆی چارەسەری کێشەی فلستین.
بە هاتنە سەرکاری ڕژیمی ئاخوندی ئێران لە ساڵی 1979 زایینی، دەورێکی نوێ لە دروشمی هەڵخەڵەتاندن و فریو وە چاوبەست، بە ناوی دیفاع لە فلستین هاتە ئاراوە کە دەکرێ قۆناغی بە ناو دیفاعی چل ساڵی ڕژیمی ئێران لە خەڵکی فلستین بە کارەساتبارترین قۆناغەکان بژمێرین.
ڕژیمی ئێران بۆ جوڵاندنی هەستی خەڵکی عەرەب و بە تایبەت فلستینیەکان دەستی دایە پڕوپاگەندەی بە ناو ڕزگاری قودس لە دەست ئیسرائیل و تەنانەت بۆ تەوجیه کردن و ڕەوایی دان بە درێژەدانی شەڕ لەگەڵ عێراق، باسی لە رزگاری قودس لە رێگەی کەربەلاوە دەکرد.
هەر ئەو ڕژیمە بە دروست کردنی چەندین دەستەو تاقمی ترۆریستی لە ناو خاکی فلستین و لە لوبنان، بە ناوی دژایەتی لە ئیسرائیل کارێکی کرد کێشەی فلستین وناسنامەو ڕەوایی ئەو وولاتە زیاتر بکەوێتە گێژاوی گەمەی سیاسی ناوچەیی و جیهانی و ئەو هەلومەرجەی تووش ببێ کە هیچ مرۆڤێکی خاوەن هەست لە جیهاندا و تەنانەت مرۆڤە خاوەن هەستەکان لە ئیسرائیلیش خوازیاری نین.
بێگومان کاتێک ژمارەیەک لە فلستینیەکان هێلکەی خۆیان بخەنە سەبەتەی ڕژیمی ئێران و هەروەها چارەنووسی وولاتەکەیان ببەستنەوە بە ڕژیمی ئێران، نەک داهاتووی خەڵکی فلستین روون نابێ و گەیشتن بە ئامانجەکانیان نزیک نابێ بەڵکو فلستین لە ئێستا زیاتر دابەش دەبێ و هەر ئەوەی کە دەسەلاتێک لە ناوچەی غەززە هەیە بەو نەوعە بیرکردنەوە تایبەتەی و نزیکی لە ڕژیمی ئێران وهەروەها حکومەتێک لە ڕاموڵا هەیە، بەشی سەرەکی دەگەڕێتەوە بۆ زیاتر ئاڵۆز بوونی کێشەی فلستین و نەبوونی سەربەخۆیی و یەک دەنگی سیاسی لە فلستیندا.
لە کۆتاییدا نابێ ئەو ڕاستیە نەخەینە بەر چاو کە تا ئەو کاتەی فلستینیەکان یەکگرتوو نەبن و هەروەها لە بڕیاردان لە چارەنووسی سیاسی خۆیان سەربەخۆ نەبن، بێگومان هەلومەرجیان لەوە باشتر نابێ و هەمیشە وەک هۆیەک دەمێننەوە بۆ مەعامەلەی نێوان ووڵاتانی خاوەن هێزو و هەروەهاحکومەتە عەرەبیەکان کە لە ئێستادا گرینگ ترین ئامانجی ئەو حکومەتانە قازانج ویستی و بەرژەوەندی خوازیە.
دوا ووتە، مەعامەلەی سەدە مەعامەلەێکە کە بەزیانی خەڵکی فلستینەو ئەگەر هەوڵ نەدەن بە شێوەێکی ژیرانە هەڵس و کەوتی لە گەڵدا بکەن، دیسان دەکەونە قۆناغێکی سەخت تر لەوەی لە ئێستادا پێیدا تێ دەپەڕن