ساڵڕۆژی کۆچی دوایی مەزنە پیاو و رێبەری نەتەوایەتی و ئایینی ،، مامۆستا شێخ عیزەدینی حوسەینی، بهرزو بهڕێزبێ.
مرۆڤە مەزنەکان، رچەشکێنی رێگای رزگاری و بەختەوەری نەتەوە زیندوەکان، لە کۆمەڵگای مرۆڤایەتیدا، ئەوانەن کە سەرەڕای هەموو کەندو کۆسپەکانی سەر رێگەی پێگەیشتن و هەڵدانی خۆیان، لە هەر هەنگاونانێکو بەرەو پێش چونێک دا، زیاتر سەرەنجیان خستۆتە سەر بێ بەشی و ژێردەستەیی گەل و نەتەوەکەیان و لە داڵان داڵانی بیر و ئەندێشەیان دا بە چاوی دڵ و لە بەر رووناکی چرای زانست دا پەیڕەو و پڕۆگرامی خەباتی رزگاریخوازیان گەڵاڵە کردوەو کردویانەتە چەکی دەستی شۆڕشگێڕیان و لە لاپەڕەکانی ئەو پەیڕەوەدا مەنتقیترین شێوازی خەبات و تێکۆشان دژی زۆرداری و دیکتاتۆرانی داگیرکەریان، بۆ بە ئامانج گەیشتی یەکجارەکی هەڵبژاردوە و کردویانەتە رێنوێنی رێبەری شۆڕشگێریان بۆ رزگاری و چارەسەری.
لە لاپەڕەکانی مێژووی خەباتی نەتەوایەتی و نیشتمانی نەتەەی کورد دا ، ناوی مێرخاسان و سەرکردەو رێبەرانی جێی متمانە و باوەڕی چین و توێژەکانی نەتەوەکەمان ، زۆر و بەرچاون و خاوەن دەوری دیار و بەرچاون. لە کوردستانی بن دەستی دەسەڵاتی ئێران دا، لە ناو ئەستێرە درەوشاوەکانی ئاسمانی خەباتی مافخوازی و کوردایەتی کۆتاییەکانی سەدەی بیستەم و سەرەتای سەدەی بیست و یەکەم دا، مامۆستا شێخ عیزەدین حوسەینی، یەکێک لە ئەستێرە بە تیرێژ و درەوشاوەکانە کە بە رووناکی بیرو هزری خەباتگێرانەی خۆی وەک فیلەسوفێکی شارەزا بە هەموو ڕەهەندەکانی مافی مرۆڤ بە هەردوو رەگەزی ژن و پیاویەوە، وەک مامۆستاێکی شۆڕشگێڕی ئاینی زانا بە زانستی یەکتاپەرەستی و دۆزینەوەی مافەکانی مرۆڤ لە دوو توێی یاساکانی ئەو زانستەوە و وەک رێبەرێکی ئاشتیخواز و یەکسانی ویست و رێنیشاندەر بۆ یەکیەتی و هاوکاری و هاودەنگی نێوان تێکڕای مرۆڤە خەمخۆر و خەباتگێڕە سیاسیەکان، بانگەشە و بانگاوازی یەکڕیزی و هاوهەنگاوی و یەکتیر قەبوڵکردنی دا.
مامۆستا شێخ عیزەدین بە ڕاستی سەرەڕای ئەوە کە مامۆستاێکی ئاینی و موجتەهیدێکی بەتوانا بوو، رێبەرێکی ڕاست وێژ و خەمخۆرێکی بەڕاوێژ و خەباتکارێکی پشوو درێژ بوو. لەلای مامۆستا ئازادی و دیموکراسی بنەمای سەرەکی بەختەوەری و رزگاری مرۆڤەکان بوو بە هەر رەنگ و نەژاد و نەتەوەو مەزهەب و دینێکەوە. سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران، لە زۆر بارەوە ئەندێشە و تێڕامان و ڕوانگە فەلسەفی و نەتەوایەتیەکانی ئەو مرۆڤە بەرز و بەوەجە و ئەو مامۆستا خەباتکار و کۆڵنەدەرەی کردوونە پەیڕەوی رێباز و بەرنامەی کاری شۆڕشگێڕانەی خۆی. هەر بۆیە هەمیشە بەڕێزەوە لە بیرو ئەندێشەکانی دەڕوانێ و نەمانی ئەو گەورە پیاوە و ئەو رێبەرە کەم وێنەی نەتەوەکەمان بە خەسارەتێکی قەرەبوو نەکراوە دەزانێ. لە هەمان کاتیشدا بە دڵنیایی و باوەڕ بە خۆ بوونەە درێژە بەخەبات و تێکۆشان لە پێناو وەدی هاتنی ئاوات و ئامانجی ئەو سەرکردە و رێبەرە مەزنە دەدا و هامیشە رێنوێنیەکانی وەک دەرسێکی لە بیرنەچوەوە دەنرخێنێ و سەری ڕێز و نەوازش بۆ ڕۆحی پاکی دادەنووێنێ. بەرز و بەڕێز بێ نۆیەمین ساڵڕۆژی کۆچی دوایی مامۆستا شێخ عیزەدین حوسەینی.
سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران،
کومیتەی ناوەندی 21ی ڕێبەندای 1398 کۆچی خۆری