هاو نیشتمانیانی تیکۆشەر!
چین و توێژە خاوەن هەڵوێست و نەبەزەکانی کوردستان! ئازادی و بەدەست هێنانی مافە ئینسانیەکان، ئەو پێداویستیە حاشاهەڵنەگرانەن کە مرۆڤەکان بە بێ بوونیان ناتوانن بە بەختەوەری و دڵنیایی و ئاسوودیی بگەن. بێگومان بۆ گەیشتن بەو تایبەتمەندیانە،پێویستی بە خەبات و تیکۆشانی بە بڕیار و پشتگیری و هاوکاری هەمە چەشنە هەیە. بۆ ئێمەی گەلی کورد لە کوردستانی بن دەستی دەسەڵاتی شوومی حاکم بەسەر ئێران دا، بە درێژایی ژیانی بن دەستی و نیشتمان داگیرکراوی و ماف و ئازادی پێشێلکراویدا،دەسەڵات لە دوای دەسەڵات ، تەنها ناو و قەوارە و جۆری حکومکردنی زاڵمانەیان گۆڕاوە، ئەو حکومەتانە لە بەرانبەر ماف و ئازادی و نیشتمانی بێ دەربەت بوون و یەک لە یەکتری خوێنڕێژتر و دیکتاتۆرتر و دڕندەتر بوون و جوابی داوخوازییە ئاشتیخوازانەکانیان بەسەرکوت و داپڵۆسین داوینەوە .
هەر بۆیە ئیمەی کوردیش لە پێناو گەیشتن بە مافە رەوا و ئینسانیەکانمان و بۆ دیفاع لە بوون و مانی خۆمان و نەتەوە و نیشتمانمان خەباتی نەتەوایەتی و نیشتمانیمان، نەوە لە دوای نەوە دریژە پێداوە و هیچکات سەرمان بۆ داگیرکەران و دژمنانی نەتەوایەتیمان دانەنەواندوەو لەو رێبازە پیرۆزەدا سەرەڕای داوای بەئاشتی چارەسەر کردنی کێشە رەواکەمان لە هەموو قۆناغەکاندا، لە هیچ فیداکاری و قوربانی دانێک کۆتاییمان نەکردوە.لە خەباتی ئەم قۆناغەماندا لە دوای هاتنەسەرکاری رژیمی ئاخوندی ویلایەتی فەقیە، کە وڵامی داوخوازییە رەواکانی گەلی بەشمەینەتی ئێمەی بە فتوای جیهاد و هێرشی ناڕوا و وێران کردنی کوردستان دایەوە ، هەر بۆیە دانیشتوانی کوردستان بۆ دیفاع لە بوون و مانی نەتەوە و نیشتمان و ئازادی و ئاوەدانی کوردستانی ئازیز، بە ناچاری تاومان دایەوە چەک و سەنگەری خەبات دژی داگیرکەریمان هەڵبژاردەوە، کۆمەڵانی خەلکی کوردستان و تێکڕای چین و توێژەکانی دانیشتوی نیشتمانمان پشت و پەناو هاوسەنگەر و هاوچارەنووس،تێکڕا یەک ئامانج و یەک هیوا مان هەبوو کە ئەویش خەبات و تیکۆشان بۆ ئازادی و گەیشتن بە مافی ئینسانی و بەرانبەری بوو.
بە درێژایی ئەم چل ساڵ خەبات و راپەرینە گەل و شۆڕشگێڕەکانی، وەک ماسی و دەریا و وەک خوێن و دەمارەکانی یەک جەستە بۆ ساتێکیش بە بێ یەکتری نەبوون. گەلەکەمان هەردەم و هەر کات پشت و پەنا و داڵدەدەر و رێپیشاندەر و مایەی دڵگەرمی و خۆڕاگری خەباتگێڕان و پێشمەرگەکانیان بوون. گەلێک جاران و لە زۆر هەل و مەرج و قۆناغ دا رژیمی خوێنڕیژی ئاخوندی بۆ کەڵین خستنە ناو جەماوەر و هێزی پێشمەرگە و لایەنەسیاسیە کانی هەڵقوڵاوی ناو جەرگەی گەل، پیلانی شووم و گەڵاڵەی نگریسیان داڕشتووە، بەڵام بەخۆشحاڵیەوە چین و توێژەکانی جەماوەر، دڵسۆزانی راستەقینەی بزاڤی رزگاریخوازانەی نەتەوەکەمان، هەموو جاران، پلان و نەخشەکانی دژمنیان کردونەوە بڵقی سەر ئاو و نەیانهێشتووە دژمن بە ئاوات وئامانجە چەپەڵەکانی بگات. نموونەی هەرە بەرچاو و زیندوی ئەو یەکیەتی و هاوکاری و هاوهەڵوێستی گەل بۆ خەبات و خەباتگێڕانی کوردستان ، بەدەنگەوەهاتنی تێکڕای چین و توێژەکانی نەتەوەکەمانە بە گوندی و شاری و بە رووناکبیر و مامۆستا و خوێندکار و جوتیار ەوە ،کە شانۆی هەڵبژاردنەکانی رژیم بایکۆت بکەن و وڵامی داوخوازی و هەڕەشەکانی دام و دەزگا دژی گەلیەکانی نەدەنەوە و بەیەک دەنگ و یەک هەلوێست بڵێن : نا بۆ دەنگدان، نا بۆ درێژەدان بە کوشت و بڕ و ماڵوێرانی و برسییەتی و هەژاری.
کۆمەڵانی بەشەرەفی کوردستان!
ئێوە ئەو گەلە خاوەن هەڵوێست و یەک گرتووەن کە نیشانتان داوە هەرکات بتانەوەێ دەتوانن چۆک بە بەهێزترین هێزی دژی گەلی و یاسای ناڕەوای دژی ئینسانی، دا بدەن. هێز و ئیرادەی پۆڵایین و ورەی بەرزی خۆڕاگری و هەڵوێستی کوردانەتان، ماندویەتی رێگای پڕ هەوراز و نشێوی چل ساڵ خەبات و بەرخودانی لە جەستەی رێبوارانی رێگای رزگاری نەتەوەو نیشتمانی ئازیزمان دەرکرد. ئێوە بەو یەکیەتی و یەکگرتنەتان ورەی خەباتگێڕانتان بەرزو بەرزتر کردەوە و زەندەقی دژمنی کورد و کوردستان و تێکڕای گەلانی بەشخوراوی ئێرانتان برد.نیشانتان دا و سەلماندتان کە ئەم نیزام و دەسەڵاتە خوێنڕێژ و دیکتاتۆرە، هیج رەوایی و پێگەیکی جەماوەری لە ئێران بەگستی و لە کوردستان دا بەتایبەتی نەبووە و نیە.
سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران، کە هەڵقوڵاوی ناو جەرگەی جەماوەری کوردستانە، بەوپەری شانازی و سەرفرازیەوە، رێز بێ پایان بۆ مەزنایەتی و هەڵوێست و بڕیاری مەردانە و مرۆڤانەی ئێوەی پشت و پەنا و خاوەنی خەبات و خەباتگێڕان دادەنوێنێ و خەباتی تێکڕایی و یەکڕیزیتان بۆ گەێشتن بە ئاوات و ئامانجی لە مێژینەی نەتەوەکەمان بەرز دەنرخێنێ. بەم بۆنە پیرۆزەوە وێڕای سپاس و ستایش ، پیرۆزباییتان پێدەڵێ و هیوای سەرکەوتن و هەنگاوی بەرەو پێشتر و هەرچی پتەوتر بوونی یەکیەتی و هاوکاری و هاو هەنگاوی بۆ هەموو لایک دەخوازێ. یەکگرتوتربێ هێزی یەکیەتی و برایەتی چین و توێژەکانی کوردەواری لە کوردستانی بن دەستی رژیمی دیکتاتۆری ئاخوندی. مردن و نەمان بۆ رژیمی دیکتاتۆری مەزهەبی ئاخوندی.
سەرکەوی خەباتی حەقخوازانەی گەلی کورد.
کومیتهی ناوهندی سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران.