پێنچ شه‌مه‌ 

1 سه‌رماوه‌ز2724
سازمانی خه‌بات ی
کوردستانی
ئێران
sazmanixebat

هەواڵەکانی کوردستان، ئێران و جیهان 26ی گەلاوێژی 1394

هەواڵەکانی کوردستان، ئێران و جیهان 26ی گەلاوێژی 1394

 
ئیتلاعاتی مەریوان هاووڵاتییەکی کوردی دەستبەسەر کرد

 ژمارەیەک لەهاووڵاتییانی کورد لەگوندی "نێ"ی سەر بە شاری مەریوان لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە کە دەستبەسەر کرابوون، کەسێکی دیکەشیان پێوە زیاد بوو. بەپێی راپۆرتی هەواڵدەریی کوردپا، هێزە ئەمنیەتییەکانی رژێمی ئاخوندی ئێران سەرلەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە هێرشیان کردووەتە سەر گوندی نێ و هاووڵاتییەکی دیکەی کوردیان بە ناوی "فاتێح مینووی"کوڕی سەید محەممەد دەستبەسەر کردووە. پێشتر و رۆژی چوارشەممە ٢١ی گەلاوێژ، "ئومیدپەرهیزگار"تەمەن ٢٧ساڵە و "ناسیح پەروازە" تەمەن ٤٠ ساڵ خەڵکی گوندی" نێ" لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کرابوون. هۆکاری سەرەکیی دەستبەسەر کردنی فاتێح و ئەو دوو هاووڵاتیەی دیکە هەتا ئێستا لەلایەن ناوەندە ئەمنیەتییەکانەوە بڵاو نەکراوەتەوە.

بەردەوامیی رەوتی تەقەکردن لەکۆڵبەرانی کورد

 هێزە ئینتزامییەکانی رژێمی ئاخوندی ئێران بێ گوێ دان بە یاساکانی بەکارهێنانی چەک، بە بەردەوامی کۆڵبەرانی کورد دەدەنە بەر دەستڕێژ و لەدوایین حاڵەتیشدا کۆڵبەرێکی دیکەی کورد کراوەتە ئامانجی تەقەی ئەو هێزانە. بەپێی هەواڵی هەواڵدەریی کوردپا، "ئەمجەد رەمەزانپوور" ناوی ئەو لاوە کوردەیە کە لەناوچە سنوورییەکانی "سەیرانبەندی" شاری بانە بە تەقەی هێزە ئینتزامییەکان پێکراوە و بریندار بووە.ئەمجەد کە بەمەبەستی دابینکردنی بژیوی ژیانی خۆی و بنەماڵەکەی رووی لەناوچە سنوورییەکان کردبوو، شەوی رابردوو دراوەتە بەر دەستڕێژی گوللە و لەلایەن لاقییەوە بریندار کراوە. پاش بریندارکرانی لەلایەن هێزە ئینتزامییەکانەوە بێ رێزی پێکراوە و دەست بەسەر کۆڵەکەشیدا گیراوە. بەپێی مادەی ٣ لەیاسای بەکارهێنانی چەک لەلایەن هێزە نیزامییەکانی رژێمی ئاخوندی ئێرانەوە، تەنیا هێزەکان لەکاتێکدا دەتوانن چەک بەکار بێنن کە گیانیان لە مەترسیدا دابێت و یان تاوانبار مەبەستی کوشتنی ئەو هێزە نیزامیانەی هەبێت.

دەستبەسەرکردن و گواستنەوەی دوو چالاکی کرێکاری کورد بۆ زیندان

دوو چالاکی کرێکاری کورد دوێنی یەکشەممە 25ی گەلاوێژ دەستبەسەر و بۆ زیندانی ناوەندی سنە گوازرانەوە. بە پێی راپۆرتی هەواڵدەرییەکان، دوانیوەرۆی دوێنی 25ی گەلاوێژ، ئارام و فواد زەندی دوو چالاکی کرێکاری کورد بۆ تێپەراندنی چوار مانگ زیندان کە بەسەریاندا سپاوە، دەستبەسەر کران و بۆ زیندانی ناوەندی سنە گوازرانەوە. بە پێی ئەم راپۆرتە، ئەم دوو چالاکە کرێکارییە، لە رۆژی 25ی گوڵانی ئەمساڵ بە هێرشی هێزە ئەمنییەتییەکان بۆ ماڵەکانیان دەستبەسەر کران و دوایی بە دانانی بارمتەی 100 میلیۆن تمەنی ئازاد کران. جێگەی باسە کە ئارام و فواد زەندی لە لایەن لقی یەکی دادگای شۆرشی سنەوە بە چوار مانگ زیندان بە تۆمەتی بەشداری لە رێورەسمی رۆژی جیهانی کرێکار و رۆژی جیهانی ژنان سزا دران.

ئێعدامی 11 زیندانی لە زیندانی قەزەلحەساری کەرەج

لە ماوەی سێ مانگی رابردوو 77 زیندانی لە زیندانی قەزەلحەساری کەرەج بە تۆمەتی مادەی هۆشبەر لە لایەن رژێمی ئاخوندییەوە لە سێدارە دراون. بە پێی راپۆرتی هەواڵدەرییەکان، رۆژی چوارشەممەی رابردوو 11 زیندانی بە تۆمەتی مادەی هۆشبەر بە شێوەی بە کۆمەڵ لە زیندانی قەزەلحەساری کەرەج لە سێدارە دراون. بە پێی ئەم راپۆرتە، بە وتەی یەکێک لە زیندانییەکانی ئەو زیندانە، لە ماوەی ئەم حەفتە و حەفتەی رابردوو زیاتر لە 40 کەس لەو زیندانە لە سێدارە دراون.

شەپۆلی سێیەمی HIV لەئێران و تووشبوونی ٣ هەزار کەس بەو نەخۆشییە لەکرماشان

 کارناسانی نەخۆشی ئیدز باس لەشەپۆلی سێیەمی ئیدز لەئێران دەکەن، هەروەها دوایین ئامارەکان دەرخەری ئەوەن کە تەنیا لەئوستانی کرماشان سێ هەزار کەس بە دەست ئەو وایرۆسەوە دەناڵێنێ. بەپێی راپۆرتی هەواڵدەریی کوردپا، کارناسێکی ئیدز لەکرماشان رایگەیاندووە، لەپارێزگای کرماشان سێ هەزار کەس تووشی نەخۆشی ئیدز هاتوون و لەکۆی گشتی ئەو رێژەیە تەنیا لەسەدا ١٥یان لەناوەندە پزیشکییەکان دەوا و دەرمانی پێشگیریی وەردەگرن. عەلی کەماسی باسی لەوەش کردووە کە ئەگەر ئەو نەخۆشییە رێگەچارەیەکی گونجاوی بۆ نەدۆزرێتەوە ئەگەری ئەوە هەیە هەتا ساڵی ٢٠ ٢٠  ئەو قەیران و نەخۆشییە بە هیچ شێوەیەک پێشی پێ نەگیردرێت. کەماسی ئەوەشی خستووەتەڕوو، هەر چەندە کە نزیک بە ٥٠  ناوەندی چارەسەریی لە ئوستانی کرماشان کراوەتەوە بەڵام ئەو ناوەندانە وڵامدەری نەخۆشییەکانیHIV نین.  ئەو کارناسە لەوتووێژ لەگەڵ هەواڵدەریی ئیسنا باسی لە دۆخی ئەو نەخۆشانە لەئاستی ئێرانیشدا کردووە و ئاشکرای کردووە، بەپێی ئامارە فەرمییەکان ٢٨ هەزار توشبوو بە وایرۆسی ئیدز لە ئێران هەیە و ئەو رێژەیەش تەنیا لە سەدا ٢٠ ی ئەو تووشبوانەی دەرخستووە. عەلی کەماسی لەدرێژەدا ئەوەشی خستووەتەڕوو، لەئێران شەپۆلی سێیەمی ئیدز وەرێ کەوتووە و رێژەی راستەقینەی تووشبوان لە ٢٨ هەزار کەس زۆر زیاترە.ئامارە نافەرمییەکان باس لەبوونی زیاتر لە ١٠ ٠  هەزار تووشبوو بە HIV دەکەن. بەپێی دوایین ئامارەکان لەکۆی گشتی ئەو ٢٨ هەزار کەسە، یەک لەسەر سێی ژنان پێکیان هێناوە.

نارەزایەتی کۆمەڵێک لە راهێنەرانی مەنداڵان لە مەریوان

راهێنەرانی منداڵانی رەوزەی شاری مەریوان کە زۆربەیان ژن بوون بە واژۆکردنی نامەێک نارەزایەتی خۆیان بە بەرێوەنەچوونی تەرحی مافی وانە وتنەوە و هەڵاواردن لە تەعینیان لە لایەن ئیدارەی راهێنان و پەروەردەوە نیشان دا. بە پێی راپۆرتی هەواڵدەرییەکان، راهێنەرانی رەوزەی شاری مەریوان رۆژی پێنجشەممە 22ی گەلاوێژ، بە چۆنیەتی تەعینیان لە لایەن ئیدارەی راهێنان و پەروەردەوە نارەزایەتییان دەر بری. و رایانگەیاند، زۆربەی تەعینەکانی راهێنان و پەروەردە پیاوان لە خۆ دەگرێت، لە کاتێکدا راهێنەرانی رەوزە دوای پابەندنەبوونی وەزیری راهێنان و پەروەردە بە ئەرکی یاسایی بۆ بە کارهیچنانیان دڵی بە ئازموونی تەعینی ئەو وەزارەتخانەیە لە هاوینی ئەمساڵ خۆش کردووە.

بەحرەین رژێمی ئاخوندی بە دەستێوەردان لە کاروباری وڵاتانیتر تاوانبار دەکات

وەزیری راگەیاندنی بەحرەین رژێمی ئاخوندی ئێرانی بە هەوڵدان بۆ تێکدانی سەقامگیری وڵاتانی کەنداو تۆمەتبارکرد، بە پێی راپۆرتی هەواڵدەرییەکان، رۆژی یەکشەممە 25ی گەلاوێژی 1394، عیسا بن عەبدولرەحمان ئەلحەمادی، وەزیری راگەیاندنی بەحرەین لە لێدوانێکدا لەگەڵ کەناڵی سکای نیوزی عەرەبی، رژێمی ئاخوندی ئێرانی بە هەوڵدان بۆ تێکدانی سەقامگیری وڵاتانی کەنداوی عەرەبی تۆمەتبارکرد، راشیگەیاند" حکومەتی ئێران هەوڵدەدات لەڕێگەی ئاینەوە دەستلەکاروباری نێوخۆیی وڵاتان وەربدات". ئەو بەرپرسەی بەحرەین باسی لەوەش کرد، بەحرەین وەکو وڵاتێکی موسڵمان هەمیشە داوای لە ئێران کردووە، پەیوەندییەکانی لەگەڵ بەحرەین پەیوەندییەکی چاک و بەپێی عورفی نێودەوڵەتی بێت. پێشتریش چەندینجار دەسەڵاتدارانی بەحرەین هۆشداریان داوەتە رژێمی ئاخوندی ئێران، کە دەست لە کاروباری نێوخۆی بەحرەین وەرنەدات، لەبەرامبەریشدا، دەسەڵاتدارانی ئێران بەحرەین بە چەوساندنەوەی شیعە مەزهەبەکان تۆمەتباردەکات.


9 ساڵ و 3 مانگ و 4 ڕۆژ و 3 کاتژمێر و 5 خوله‌ک له‌مه‌وپێش‌

هەواڵەکانی کوردستان، ئێران و جیهان 26ی گەلاوێژی 1394

هەواڵەکانی کوردستان، ئێران و جیهان 26ی گەلاوێژی 1394

په‌ڕه‌ تایبه‌تیه‌کانی ماڵپه‌ڕ

په‌یوه‌ندی گرتن


ژماره‌ی ته‌له‌فۆن کوردستان : 07506206655 (00964)
ژماره‌ی ته‌له‌فۆن کوردستان : 07504687209 (00964)
ژماره‌ی ته‌له‌فۆن کوردستان : 07504497138 (00964)
ژماره‌ی ته‌له‌فۆن ئوروپا     : 0767676746   (0046)
ژماره‌ی ته‌له‌فۆن ئوروپا       : 040331264   (0047)



په‌یوه‌ندی ئه‌له‌کترۆنی:



[email protected] 
[email protected]
xebatmedia@sazmanixebat.net
[email protected]om

ئۆرگانه‌کانی سازمانی خه‌بات


ڕێکخراوی ئافره‌تانی خه‌باتی کوردستانی ئێران 

ڕێکخراوی لاوانی خه‌باتی کوردستانی ئێران