بەهۆی سیاسەتی ناڕەوا و زوڵم و ستەمی ڕژیمی ئاخوندی ئێران لە حاست خەڵکی کوردستان و بێکاری و هەژاری لەسنوری شارەکانی پارێزگای کرماشان، پارێزگای سنە، ورمێ و هەموو
بەهۆی سیاسەتی ناڕەوا و زوڵم و ستەمی ڕژیمی ئاخوندی ئێران لە حاست خەڵکی کوردستان و بێکاری و هەژاری لەسنوری شارەکانی پارێزگای کرماشان، پارێزگای سنە، ورمێ و هەموو شارە سنوریەکانی کوردستان، ژنان و پیاوان بۆ پەیداکردنی بژێوی ژیانی خۆیان و ماڵ و منداڵیان، پەنایان بردۆتە بەر کۆڵبەری کردن. تەقەی ڕاستەوخۆ لەلایەن هێزە ئەمنیەتیەکان و ڕەق هەڵاتن لەناو بەفر و سەرمای زستان و کەوتنە خوارەوە لەسەر شاخەکان، بەشێکی سەرەکیە لە چارەنوس و داهاتووی ئەو کۆڵبەرانە. ئەو کەسانە بە هەموو شێوەیەک مەترسییان لەسەرە، بەڵام سەرەڕای هەموو ئەم مەترسیانە لاوانی خوێندەواریان تێدایە کە بۆ تێچووی زانکۆی خۆی کۆڵبەری دەکا، کەسانێک کەئازیزێکیان نەخۆشە و پێویستیان بە پارەی بەپەلەیە، کۆ دەبنەوە و بە کۆمەڵ دەچن بۆ کۆڵبەری و هەندێ جار ژنانی کۆڵبەریان تێدا دیارە، ژنانێک کە سەرپەرەستی خانەوادەکانیانن و بۆ دابین کردنی ژیانی منداڵەکانیان ڕوو لە شاخە بەرزەکانی کوردستان دەکەن، زۆربەی ئەم ژنانە هاوسەرەکانیان لە شەڕ، لە شەڕی نێوان هێزە ئەمنیەتیەکان و حیزبە کوردیەکان، یان هەر لە کۆڵبەری گیانیان سپاردووە. کۆڵبەری بۆ پیاوان چەندە بە ئازار و ئەستەمە، ئەم ڕەنجانە بۆ ژنان هەمیشەییە، ژنان دەبێ لەگەڵ بیرکردنەوەی خراپی کۆمەڵگەیش ڕووبەڕو ببنەوە، هەربۆیەش هەندێک لەم ژنانە بۆ ئەوەی نەناسرێنەوە سەروچاوی خۆیان لەکاتی کۆڵبەریدا دادەپۆشن، و هەروەها بۆ پاراستنی خۆیان، لەگەڵ کۆمەڵی پیاوان دەچن بۆ کۆڵبەری. بە پێی وتەی سەرچاوەێیک لە ناوخۆ ژنێکی مەریوانی کە لە شاخ لە پیاوان دوور کەوتبۆوە، کەوتۆتە ژێر پەلاماری هێزە ئەمنیەتیەکان و دەسدرێژی سێکسیان کردۆتە سەری، و خانەوادەکەی بۆ پاڕاستنی ئابڕوی خۆیان هەواڵەکەیان بڵاونەکردۆتەوە. ئەو کەسانە لەلایەن حکومەتەوە بە قاچاغچی و هەندێ جار بە دژەئینقلاب ناسراون، هەربۆیەش بێبەشن لە بیمە. ئەو کۆڵبەرانە لەو ڕێگەیەدا توشی هەرجۆرە ڕووداوێک ببن لە ئەستۆی خۆیانە، وەک کەوتنە سەر مین،زۆربەی ئەو ڕێگایانەی کە کۆڵبەری لێدەکەن مینڕێژ کراون. لەهەموو قۆناغێکدا حکومەت بەهۆی سیاسەتە گەندەڵەکانی بەرگری کردووە لەوەی کە کەسانی خاوەن سەرمایە لەم شارانە کارگە و کارخانە پێک بێنن، و زۆربەی لاوانی کوردستان ڕوویان هێناوەتە شارەکانی دیکەی ئێران. ئەوانەش کە لەکوردستان ماونەتەوە دەبێ لەگەڵ ئەم کۆسپانە دەست و پەنجە نەرم بکەن .