کامیل نورانی فەرد
کامیل نورانی فەرد
لەکاتێدا کە جیهان بە هۆی نەخۆشی کۆرۆنا و سەپاندنی سیاسەتی ناچاری قەرەنتینە و مەودا دانان و پەرەسەندنی بێکاری لە هەل و مەرجێکی نالەباری ئابووری دایە و پرسی دارمان و زیانە ئابوورییەکان دەولەتانی بە خۆیەوە سەرقاڵ کردووە، گەلۆ ئێران بە بوونی هاوکاتی کۆرۆنا و تەحریمە ئابوورییەکانی دوو ساڵ بەر لە ئێستا ئەبێ لە چ دۆخێکدا بێ؟ ئابووری ئێران لە پێش سەرهەڵدانی نەخۆشی کۆرۆناش لە دۆخێکی کارەساتبار دابوو. هەناردە کردنی 2 میلیۆن بۆشکە لە رۆژێکدا گەیشتبوویە چەند سەد هەزار بۆشکە لە رۆژ دا. بە پێی لێکدانەوەی سندووقی نێودەوڵەتی دراو بایەخی قران لەپاش هاتنە دەرەوەی ئەمریکا لە رێکەوتنی ناوکەیی هەموو سالێک زیاتر لە 50 لەسەد دابەزیوە. هەڵاوسان بە خێراییەکی زیاتر گەیشتۆتە 40 لەسەد و شیرکەتە گەورەکانی دەرەوەی وەلاتی ئێرانیان جێ هێشت و بەو پێیە ئابووری ئێران لە ساڵی رابردوو گەشەی پێچەوانەی 10 لەسەدی بینی و بە وتەیێکی تر زۆربەی خەڵکی ئێران 10 لەسەد هەژارتر بوون. لەدوای هاتنی کۆرونا خەسارەتە ئابوورییەکان چەند بەرانبەر بوونەتەوە و بازرگانی دەرەکی ئێران ئەوەندەی تر بەربەستی خرایە بەردەم و سنوورەکان یەک لەدوای یەک بەرووی ئێران داخران، هەر بۆیە هەناردەکردنی نەوتیی و غەیرە نەوتی ئێران بەتەواوی زیانێکی گەورەی بەرکەوتووە و لە 4 دەیەی رابردوو دا بێ وێنە بووە. بە پێی راپۆرتەکانی خودی دەسەڵات هەناردەکردنی ئێران لە سنوورە زەوییەکان، کەمبوونەوەی هاتن و چوونی توریست، دابەزینی نرخی نەوت و داوای جیهانی نەوت و دابەزینی بەرهەمە هەناردەییەکانی ئێران لە پەنا تێکچوونی بازرگانی لەگەڵ چین کە یەکێک لە گەورەترین لایەنە موعامەلییەکانی ئێرانە، لە گرینگترین دەرکەوتەکانی نەخۆشی کۆرۆنا لەسەر تیجارەتی دەرەکی ئێران بوونە. لە ئاستی ناوخۆیشدا داخران و دابەزینی چالاکیە ئابوورییەکان شەپۆلێکی بەرفراوانی بێکاری دروست کردووە و ئەو رەوتە بە بەردەوامی هەر دێت و زیاتر دەبێ و بێگومان خەڵکانێکی زیاتر بە حەشیمەتی بێکاران زیاد دەبێ، بە پێی سەرچاوەکان تەنیا لە ماوەی رۆژانی 25ی رەشەممە تا نیوەی مانگی خاکەلێوە، زیاتر لە 600 هەزار کرێکاری رەسمی بێکار بوونە. زیاتر لە یەک ملیۆن و 500 هەزار کارگەی ڕەسمی و ناڕەسمی داخراون و 4 ملیۆن کاسبی نارەسمی لە ژێر هەرەشەی کەمبوونەوەی حەق دەست و دەرکردن دان و هەروەها باس لەوە دەکرێ کە لە دوای کۆرونا ئەگەری بێکار بوونی زیاتر لە 25 ملیۆن کەس هەیە. بزووتنەوە نارەزایەتیە بەرفراوانەکەی مانگەکانی بەفرانباری 1396 و خەزەڵوەری 1398، کە هەر دووکیان بە هۆی قەیرانی ئابووری و نالەباری بژێویی ژیانی خەڵک سەریانهەڵدا و بە شۆرشی برسیەکان ناسێندرا، بێگومان کۆتاییان پێ نەهاتووە و وەک سکڵی بن خۆلەمێش چاوەریێ باێکی سووک و گەشانەوەی سەر لە نوێیە و زیاتر بوونی نالەباری دۆخی ئابووری لە داهاتوو دا بێگومان بزووتنەوەی نارەزایەتیەکان دەگەشێنێتەوە. هەموو ئەو دۆخە وای لە دەسەڵات کردووە ترسێکی زۆری لەلا دروست بێ و لە پێوەند بە سەرهەڵدانی نوێی جەماوەری نیگەرانیەکانی روو لە هەڵکشان بکات و هەر لەو چوارچێوەیەدا، شۆرای ئەمنیەت لە ماوەی چەند رۆژی رابردوو بە بەشداری دامەزراوە ئەمنیەتی و ئیتلاعاتیەکان کۆبوونەوەیان کردووە و بە وتەی خۆیان رێوشوێنیان بۆ رووبەرووبوونەوەی قەیرانەکانی بەردەم دیاری کردووە. قەیرانەکە بە رادەیێک بەرفراوانە کە رۆحانی سەرۆک کۆماری رژیم لەکاتێکدا کە دەزانێ هەڵوەشانەوەی قەرەنتینە ئەگەری دروست کردنی کارەساتێکی مرۆیی و ستاندنی گیانی هەزاران کەسی بەدوا دێ، بەلام هەر پێداگر بێ لەسەر ئاسایی کردنەوەی بازاری کار و لە چەند وتەیێکدا رایگەیاند کە ئێمە ناچارین دۆخەکە ئاسایی بکەینەوە. لەگەڵ هەموو ئەو رێکار و هەوڵانە دەبێ چاوەرێ بین کە ئایا دەسەڵات توانای روبەرووبونەوەی ڕقی پەنگخواردووی جەماوەری دەبێ و ئەو رێوشوێنانە ئایا دەتوانێ دۆخەکە بەرەو ئەهوەن بوونەوە ببات یان خود وەک هەموو جارێک لە ئاکامی سیاسەتی چارەسەرکردنی قەیران بە قەیرانی نوێ دۆخەکە ئالۆزتر دەکات و کارەساتی زیاتر ئەخولفێنێ.