بەرێز بێ ۱۲۲هەمین ساڵیادی یەکەم ڕۆژنامەی کوردی کوردستان
هاو نیشتمانیانی خەباتکار و کۆڵنەدەر!
هۆگران و تێکۆشەرانی رێگای زانیاری و خوێندەواری!
لە مێژووی گەلانی جۆراوجۆری سەر گردە زەوی، پڕ٠ە لە کارەسات و رووداوی خۆش و ناخۆش،هێندێک لەو ڕۆژە بایەخدار و لە بیر نەچوەوانە، بوونە بناغەی پێشکەوتن و رووناکبیری و هەوڵدان بۆ هەڵدان و پێگەیشتن و خۆ ناسین. لە لابەلای لاپەڕەکانی دیرۆکی گەلی کوردیش دا ئەو ڕۆژە مێژوویی و پڕ بایەخ و بەرچاوانە کەم نین کە شیاوی ئەوەن ساڵ بەساڵ و نەوە لە دوای نەوە یادیان بە بەرزی و شانازای ڕاگیرێن. یەکێک لەو شانازی و ڕەمزی بەرەو پێشچون و زانستخوازی نەتەوەکەمان، ڕۆژی دەرچوون و بڵاو بوونەوەی یەکەم ژمارەی ڕۆژنامەی کوردی بە ناوی "کوردستان" که لە کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدەهەم دا رووناکبیر و شارەزایانی بواری زمانەوانی و نووسینی کوردی بە شێوەێکی چالاک و بەر چاو هاتنە ناو سەنگەری خەباتی نەتەوایەتی و نیشتمانی و زانستخوازی و ڕۆژنامە نووسی گەلەکەمانەوە و بە هەست کردن بە پێویستی بەهاو دەوری ڕۆژنامەگەری لە پێناو پێشخستن و ناساندنی خەباتی ڕەوای گەلەکە مان لە ناو خۆ و دەرەوە، بۆیان دەرکەوتبوو کە ڕۆژنامە نووسی و رووناکبیری تا چ رادەێک لە ناو کۆمەڵگا دا پێویستە و ناکرێ پاش گوێ بخرێ و نەکرێتە چەکێکی بەهێز و کاریگەر لەو پێناوەدا.
هەر بۆیە ئەو هەستە هانی رووناکبیران و زانایانی بواری زمان و ئەدەبی کوردی دا تا بکەونە هەوڵ و تێکۆشان بۆ نووسین و بڵاوکردنەوەی وتار و گۆڤار و ڕۆژنامە بە زمانی زگماکی نەتەوەیی. بەڵام لەو هەل و مەرجەی ئەو کاتی کوردستان داو بوونی دەسەڵاتی عوسمانیەکان، بەتایبەت لە ژێر دەسەڵاتی سوڵتان ،،عەبدولحەمید، دەرفەتی ئەوەی نەدەدا کە لە کوردستان یان لانی کەم لە پێتەختی دەسەڵاتیان کە ئەستەنبوڵ بوو، ڕۆژنامەێک بە زمانی کوردی دەر بکرێ.
هەر بۆیە خەمخۆران و دڵسۆزانی کورد هەوڵیان دا ئەم ئەرگە پیرۆز و بەنرخە لە دەرەوەی کوردستان و بە دوور لە دەسەڵاتی داگیرکەرانی کوردستان بە ئەنجام بگەێننن. لەو کات و هەل و مەرجەدا گونجاوترین شوێن بۆ ئەم کارە پیرۆزە وڵاتی میسر بوو کە لەژێر دەسەڵاتی محمد علی کبیر واتە موحەممەد عەلی گەورەدا بەڕێوە دەچوو و ئەویش لە ساڵی ١٨٠ ٥-١٨٤٩ لە ژێر دەستەیی عوسمانیەکان ڕزگاری ببو و بوە مەئوا و شۆێنێک بۆ حەوانەوەی شۆڕشگێڕ و ئازادیخوازانی نەتەوە وەزاڵەهاتوەکان لە حوکم و دەسەڵاتی ئێمپراتۆری عوسمانی و دسەڵاتی تەختی تاوسی قاجاڕیەکان.
هەر بۆیە بنەماڵەی دڵسۆز و خەباتگێری بەدرخانیەکان کە لەو سەردەمەدا خاوەن پلە و پایەی خوێندەواری و رووناکبیری بوون لە ڕۆژی پێنج شەممە ۲۲ی ئاوریلی ساڵی ١٨٩٨ی زایینی، یەکەم ژمارەی ڕۆژنامەی کوردی بەناوی کوردستان لەلایەن رووناکبیر و دڵسۆزی نەتەوەو نیشتمان،، میقداد بەدرخان لە شاری قاهیرەی پیتەختی میسر لە چاپخانەی" ئەلهیلال" دەر چوو. دەرچونی یەکەم ژمارەی ڕۆژنامەی کوردی کوردستان ، بە دوو زمانی کوردی و تورکی، بوە زمانحاڵی گەلی کورد و خەباتە ڕەواکەی لە پێناو ئازادی زمان و نەتەوە و نیشتمان دا و سەرەڕای ئەوەی کە بە ئاوارەیی کاری دەکرد لە ماوەی دوو مانگ دا پێنج ژمارەی لێ چاپ و بڵاوکرایەوە.
بەهۆی فشار و دژایەتی دەسەڵاتی عوسمانی لە رێگەی بەکرێگیڕاوانیانەوە، بەڕێوەبەرانی ئەم ڕۆژنامە تاقانەی کوردی ناچار بوون بۆ درێژەدان بە ئەرکی پیڕۆزیان شوێنی چاپی ئەم ڕۆژنامەیە بگوێزنەوە بۆ شاری ژنێڤ پێتەختی وڵاتی سویس و لەوێ لە لایەن عەبدولرەحمان بەدرخان برای میقداد بەدرخانەوە چاپ و بڵاو دەکرایەوە. پاشان بۆ شاری لەندەن و دوایە بۆ شاری فالکستۆن لە خواروی بریتانیا گوێزرایەوە و لە دوای ماوەێک برایەوە شاری ژنێڤ و تا کاتی بڵاو بوونەوە ژمارە ۳۱ کیش لە ساڵی ۱۹۰۲ هەر لەوێ مایەوە.
لە دوای شۆڕش و ڕاپەڕینی ساڵی ۱۹۰٨ ، سورەیا بەدرخان کوڕی ئەمین عەلی بەدرخان سەرپەرەستی ڕۆژنامەکەی لە ئەستۆ بوو و شاری ئەستەنبوڵی کردە جێگای بڵاوکردنەوەی ، بەڵام لە کاتی شەڕی یەکەمی جیهانی دا ناچار بوو بیباتەوە قاهیڕە و هەر مانگەی دوو ژمارەی لێ چاپ و بڵاو بکاتەوە. لە دوای کۆتایی هاتنی شەڕی یەکەمی جیهانی ، ڕۆژنامەی کوردستان کرا بە گۆڤارێکی نوێی و لە ئەستەنبۆڵ چاپ و بڵاو دەکرایەوە. بە چاوخشاندن بە لاپەڕەکانی ئەم ڕۆژنامە تاقانەیەی کوردی دا بۆمان دەردەکەوێ کە کارێگەری ڕۆژنامە و میدیای دڵسۆز و دوور لە چەواشەکاری و بەرژەوەندیخوازی، چەندە لە سەر پێشخستنی شۆڕش و زانیاری دان بە کۆمەڵانی خەڵک و بردنەسەری رادەی زانستی و پتەوکردنی هەستی نیشتمانی و پێگەیاندنی نەوەی بەرپرس و دڵسۆزدا، دەوری باڵا و بەرچاوی هەیە .
هەر بۆیە لەم بۆنەدا وێڕای پیرۆز کردنی ئەم یادە پیرۆزە، داوا لە تێکڕای میدیای کوردی دەکەین کە لە هەموو بوارەکانی ڕاگەیاندن ، چ دەنگ و چ ڕەنگ و چ نووسین، چ شانۆ و سینەما،ببنە ئاوێنەی ڕاستیەکان و بە دوور لە چەواشەکاری و بزڕکاندنی کلتور و فەرهەنگی کوردی خزمەت بە کلتور و فەرهەنگ و رووناکبیری نەتەوایەتی کورد و کوردستان بکەن. زمان و فەرهەنگی نەتەوایەتیمان لە بژاری نێژراوی دەستی ناحەزانی زمان و فەرهەنگمان ، بپارێزن و نەهێڵن زمان و کلتور و فەرهەنگمان کە شوناس و هۆوییەتی نەتەوایەتیمانن ، لە رێی ڕاستی خۆی هەتڵە بکرین و کەم ڕەنگ و کەم بایەخ وەبن.
پیرۆز بێ یادی ۱۲۲ ساڵەی دەرچوونی یەکەم ژمارەی ڕۆژنامەی کوردی،، کوردستان.
سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران/ ناوهندی ڕاگهیاندن.